بیری سۆشیال دیموكراتەكان بەتەنها قەتیس نەماوە لە ئەوروپادا، بەڵكو باڵی كێشاوەتە سەر تەواوی جیهان، بەتایبەتیش ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێبازی سۆشیال دیموكراتی وەكو رێبازێك هەڵبژارد، بەهۆی گونجاوی و مرۆڤدۆستانەیی ئامانجەكانییەوە لە سیستمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئابووری و بازرگانی و خۆشگوزەرانی كە تیایدا تاکەکانی كۆمەڵگە هەست بە لێپرسراوێتی خۆیان و ئەرك و مافەكانیان دەكەن لە ئازادی، دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، یەكسانی و كاری پێكەوەییەوە، بۆ بەڕێوەبردنێکی تەندروستی کۆمەڵگە.
  سۆشیال دیموكراتەكان مێژوویەكی نزیكەی 200ساڵەیان هەیە و خەباتی بێوچانیان کردووە لەسەر هەموو ئاستەكان و دژایەتیش كراون، بەڵام كۆڵنەدانیان بۆ گەشەپێدانی بیرۆكە و رێبازەكەیان خۆشبەختانە ماوەی زیاتر لە 100ساڵە لە ئەوروپادا بۆ ماوەی جیاواز و لە زۆرێکی ئەوروپا، دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، هەمووشی دەگەڕێتەوە بۆ متمانەبوونی جەماوەر و گونجاوی ئامانج و پلانە واقعییەكانیان بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگەکانیان و دووركەوتنەوە لە توندوتیژی و چەقبەستوویی و پیرۆزكردنی  مەركەزیەتی دەوڵەت.
دابەشكردنەوەی خێر و بێری وڵات بۆ هەموان لەسەر بنەمای لێهاتوویی و پێویستییان و پیادەكردنی سیستمی وەرگرتنی باج بە شێوەی هەڵكشان و دواتریش پێدانەوەی بە چین و توێژە جیاوازەكان وەك بیمەی بێكاری و نەخۆشی و خوێندن و خانەنشینی و ...هتد.
ئەمە سەرەڕای گرنگیدانیان بە تەكنۆلۆجیا سەرسوڕهێنەرە زیرەكەكان و گەشەپێدانی بەردەوام و گرنگیدان بە بابەتە ژینگەییەكان وەكو دیاردەی جیهانی و مەترسیدار بۆ ئێستا و ئایندەی تەواوی مرۆڤایەتی.
 هەر لەبەر ئەم هۆكارانە بیری سۆشیال دیموكراتەكان بەتەنها قەتیس نەماوە لە ئەوروپادا، بەڵكو باڵی كێشاوەتە سەر تەواوی جیهان، بەتایبەتیش ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
 لە كۆمەڵگە عەرەبی و ئیسلامییەکاندا، چەندین پارتی سیاسیی سۆشیالیست و چەپ و دیموكرات و سۆشیال دیموكرات هەن كە هەموویان كەوتونەتە خولگەی بیری سۆشیال دیموكراتەكان و خۆشەبەختانەش ئەو پارتە سۆشیال دیموكراتە عەرەبی و كوردییانەش ئیلهام و رێنیشاندەریان، پارتە سۆشیال دیموكراتە خاوەن ئەزموونەکانن، وەكو پارتی سۆشیال دیموكراتی سویدی و نەرویجی و دانیماركی و ئەڵمانی و ...هتد.
چەندین رایەڵەی پەیوەندیی سیاسی و حزبی و ئابووری و كۆمەڵایەتییان لە نێواندایە و بوونەتە هۆی گۆڕانكاری لە ئایدیای زۆرێك لە سیاسەتمەداران و رۆشنبیرانی ئەو كۆمەڵگانە.

سوشیال دیموکرات وەک رێباز
لە هەرێمی کوردستان و لەدوای راپەڕینی ئازاری 1991، لە كۆنگرەی یەكەمی خۆیەوە ی.ن.ک، وەك یەكەم پارتی سیاسیی كاریگەر  و خاوەن پێگەی جەماوەریی، رێبازی سۆشیال دیموكراتی كردۆتە شاڕێگەی خەباتی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی خۆی.
لەساڵی 2012ەوە ی.ن.ک، بۆتە ئەندامی هەمیشەیی رێكخراوی سوشیالیست ئەنتەرناسیوناڵ، مام جەلال بوو بە یەكێك لە جێگرەكانی سكرتێری گشتی ئەو رێكخراوە گەورە و جیهانییە.

قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان
 یەكێتی مافی خۆیەتی لە چوارچێوەی كاری ئەو رێكخراوەدا لەگەڵ پارت و رێكخراوە چەپ و سۆشیال دیموكراتەكاندا پەیوەندیی ببەستێت و هاوكاریی نێوانیان لەڕووی فكری و سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە پتەو بكات، چونكە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بۆخۆی ناوچەیەكی گەورە و گرنگە و هەمیشە گۆڕانكاریی گەورەشی تیادا روودەدات، بۆیە گرنگە ی.ن.ک، پەیوەندیی ئۆرگانی لەگەڵ ئەو پارت و سەركردە سیاسیانەدا پتەو بكات كە هاوڕان لەگەڵیدا و هەڵگری بنەما و دروشمەكانی سۆشیال دیموكراتن، دواتریش پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتە سۆشیال دیموكراتەكانی جیهان و بەتایبەتیش ئەوروپییە بەهێز و دەسەڵاتدارەكاندا بەهێزتر بكات و سوود لە ئەزموونەکانیان وەربگرێت.
گرنگ پەیوەندییە ناوچەییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە لەگەڵ پارتە سۆشیال دیموكراتە عەرەبییەكانی ناوچەكەدا، چونكە ئەمانە باكگراوندی یەكێتین و نزیكن لێیەوە لەڕووی كەلتور و مێژوو و تێكەڵاویی كۆمەڵایەتییەوە.
 بۆ ئەمەش پێویستە ی.ن.ک ئەم هەنگاوانە بنێت:
-1 كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ هەموو پارتە سۆشیال دیموكراتەكانی ناوچەكەدا، بۆ پەیداكردنی پشتیوانی بۆ یەكێتی و دواتریش بۆ مەسەلەی كورد لەناو كۆمەڵگە عەرەبییەكاندا.
-2 ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی فكری و سیاسی و كاری رێكخراوەیی لەنێوان خۆی و ئەو پارت و سەركردە سیاسیانەدا.
-3 ئاڵوگۆڕکردنی سەردانەکان بۆ لای یەکتر.
-4 سازدانی سمیناری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و كاری حزبی و هەڵبژاردن لەنێوان یەكتریدا و ئاشناكردنی كادرانی هەردوولا بە بەرنامە  و كێشەكانی یەكتر.
-5 چاپكردنی ئەدەبیات و فكری سۆشیال دیموكرات، بە زمانی كوردی و عەرەبی و ئاڵوگۆڕكردنی كەلتوری و رۆشنبیری لەنێوان خۆیاندا.
هەموو ئەم هەنگاوانەش بۆ ئەوەیە لەكاتی هاتنە سەر دەسەڵاتی هەریەكە لەو حزب و پارتانە لەوڵاتانی خۆیاندا، یەكێتی دەتوانێت سوودیان لێوەربگرێت بۆ دۆز و دۆخی كورد.
 دواتریش دەكرێت هەموو پارتە سۆشیال دیموكراتەكانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێكەوە و بەمەبەستی كاری پێكەوەیی و بەهێزبوونیان و دروستكردنی پێگەیەكی دیار لەناو كۆمەڵگەكانی ناوچەكەدا، لە چوارچێوەی رێكخراوێكی ئیقلیمی سۆشیال دیموكراتدا و پەیوەندیەكانیشیان دەچێتە ئاستێكی باڵاترەوە لەگەڵ پارت و سەركردە سیاسییە سۆشیال دیموكراتەكانی جیهان.

لە کۆنگرەکەدا سەرۆک بافڵ هەڵبژێردرا
لە كۆنگرەی پارتە سۆسیالیست و سۆشیال دیموكراتەكانی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوین و باكووری ئەفریقادا كە لە رۆژانی 4و5/10/2024 لە شاری سانتیاگۆی پایتەختی چیلی لە ئەمریكای باشوور بەسترا، خۆشبەختانە سەرۆك بافڵ تاڵەبانی وەك یەكێك لە 9 سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراتی هەڵبژێردرا، كەوا بڕیارە لەسەرەتای ساڵی 2025دا یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی هاوپەیمانییەكە لە ئەڵمانیا بکرێت. هاوپەیمانیی پارتە پێشكەوتووخوازەكان لە 119 پارتی سۆشیال دیموكرات پێكدێن كە لەساڵی 2013دا دامەزراوە و 30 پارتیان بەشداری دەسەڵاتن لەوڵاتەكانیاندا. 
ی.ن.ک، یەكێكە لە پارتە دامەزرێنەرەكانی ئەم هاوپەیمانییە لەگەڵ سێ پارتی كوردستانیی تردا كە ئەمەش مانای گەورەی هەیە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە یەكێتی قورسایی لەم رێكخراوەدا هەیە و دەتوانێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە بۆ خستنەگەڕی هەوڵ و رۆڵی خۆی، بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی ئەوان لە دۆزی رەوای گەلەکەمان.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved