پرۆسەی سەرژمێریی، لە وڵاتە پێشكەوتووەکان، بۆتە ئەركێكی گرنگی حكومەتەكان بەمەبەستی دانانی پلان و بەرنامەی بەڕێوەبردنی وڵات.
سەرژمێریی، هێندەی گرنگی زانستی و ئابووری هەیە، هێندە گرنگیی سیاسی نییە، چونكە لە بناغەدا پرۆسەكە پرۆسەیەكی ئامار و سەرژمێرییە بۆ دانیشتوان و كۆكردنەوەی زانیارییە لە هەموو سێكتەرەكانی ژیانی كۆمەڵگەدا، هەر لە كشتوكاڵ و پیشەسازی و كۆمەڵایەتی و دانیشتوان و ئاژەڵداری و گەشتوگوزار و جێگەی نیشتەجێبوون و تەندروستی و خوێندن و كار و ....هتد.
هەموو ئەمانە، دەبنە داتابەیسێكی گرنگ لانیكەم بۆ 10 ساڵ جارێک، چونكە ئەو زانیارییانە بەرچاوڕوونییەكی تەواو دەداتە حكومەت بۆئەوەی پلانی ستراتیژی دابڕێژێت.
بەداخەوە لەوڵاتانی دواكەوتووی ناسەقامگیر، لەجیاتی ئەوەی پرۆسەكە بە ئاراستەی ئاسایی و زانستی خۆیدا بڕوات، دەسەڵاتدارە خۆسەپێن و تاكڕەوەكان دەیانەوێت ئەو ئامار و زانیارییانە بەكاربێنن بۆ دژایەتیكردنی ناوچەیەك یان نەتەوەیەکی ناو وڵاتەکە.
لەم سەرژمێرییەدا، دووخاڵ بوونەتە جێگەی رەخنەی كورد لەسەر پرۆسەكە كە بریتین لە:
 وابڕیارە هاووڵاتیان لەكاتی سەرژمێریییەكەدا لە چ پارێزگایەك دانیشتبن، لەسەر ئەو پارێزگایە تۆمار بكرێن كە ئەمەش لەدوولاوە زیان بە ژمارەی كورد دەگەیەنێت لە هەرێمی كوردستان، چونكە زۆرینەیەكی عەرەب و ئەوانیتر هاتوونەتە هەرێم و نیشتەجێن. 
ئەگەر لێرە تۆماربكرێن ئەوا دەبنە بناغەیەك بۆ مانەوە لە هەرێمی كوردستان و ژمارەی كورد كەمتر دەبێت.
ژمارەیەكی زۆری كوردی ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێم، هاتوونەتە هەرێم و تیایدا نیشتەجێن، ئەگەر لێرە تۆمار بكرێن، ئەوا ژمارەی كورد لەو ناوچانە كەم دەكەن لەبەرامبەر نەتەوەکانی تردا.
هەرێمی كوردستان داوایكردوە كە نوێنەری هەبێت لە سەنتەری داخڵكردنی زانیارییەكان لە بەغدا بۆ ئاگاداربوون لە نزیكەوە لە تەواوی پڕۆسەكە.
بۆیە ئەم سەرژمێرییە لەگەڵ ئەو گرنگییەیدا كە هەیەتی، بەڵام لەلای كورد و كەمینەكانی تریش، جێگەی گومانە، چونكە ئەگەر ئەو داخوازییەی كورد بەهەند وەرنەگیرێت، ئەوا كورد بۆ دەیان ساڵی ئایندە زەرەرمەند دەبێت و ئەم سەرژمێرییە دەبێتە بنەمایەكی رەسمی و دانپیادانراو، هەروەكو چۆن سەرژمێریی ساڵی 1957 بۆ كورد بۆتە بناغەیەكی رەسمی و دەستیان پێوەگرتووە بۆ سەلماندنی ژمارە و قورساییان لەناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش كەركوك و خانەقین و جێگەکانی تر.
لە كۆبوونەوەی رۆژی 31/10دا لە كۆشكی كۆماری کە لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەكاندا کرا، باس لە نەهێشتنی كەموكوڕی و خاڵە ناكۆكەكان و تێبینییەكانی هەرێمی كوردستان و سەرخستنی تەواوی پرۆسەکە بە شەفافی کرا. 
پرۆسەی سەرژمێریی بەتایبەتی لە عیراقدا و لەسەردەمەكانی پاشایەتی و كۆماریشدا هەمووكات وەك چەكێكی سیاسی بەكارهاتووە، لەجیاتی ئەوەی ببێتە مایەی خۆشگوزەرانیی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئاوەدانكردنەوە و جێبەجێكردنی پڕۆژە ئاوەدانییە هەمەجۆرەكان لە وڵاتدا.
بۆیە گرنگە دڵنیایی بدرێتە هەموان کە ئەمە لە خزمەتی هەموو گەلانی عیراقدایە. 
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved