فەرید ئەسەسەرد
لەمێژوودا هەمیشە وەک روداوێکی نەگۆڕ دەمێنێتەوە. بەڵام جۆری تێڕوانین بۆ روداوەکە هەمیشە جیاواز دەمێنێتەوە و لەم سۆنگەیەوە هەر روداوێک دەشێ بۆچوونی جیاواز لەبارەیەوە پەیدا ببێ. لێرەدا فاکتەری کات رۆڵێکی لەپەیدابوونی تێڕوانینی جیاوازدا دەبێ و لەم سۆنگەیەوە دەشێ تێڕوانینی بیست ساڵ لەمەوبەر بۆ روداوێکی دیاریکراو، جیاوازبێ لە تێڕوانینی ئەم سەردەمە و دەشێ بیست ساڵی تر تێڕوانینی تر لەبارەیەوە پەیداببێ. ئەمە خۆی لەخۆیدا مێژوو لەدۆخێکی دینامیکی و جوڵاودا دەهێڵێتەوە و لەم نێوانەدا کات رۆڵێکی گەورە لە ڕؤشنکردنەوەی لایەنە شاراوە و باسنەکراوو تەمومژاوییەکاندا دەگێڕێ.
ئەم لێکۆڵینەوەیە پەیڕەوی لە میتۆدێکی شیکاری – ڕەخنەگرانە دەکا و مەبەستێتی هەندێ مەسەلە دەربارەی کاریگەری سیاسی ئارام لەماوەی نێوان کۆتایی ساڵی ١٩٧٥ و سەرەتای ساڵی ١٩٧٨ بوروژێنێ، ماوەیەک کە لەمێژووماندا بەهەستیارترین ماوەی جوڵانەوەی سیاسیی کوردایەتی دەژمێردرێ.
ژیانی سیاسی ڕاستەقینەی شاسوار جەلال (ئارام) لە ٦-٧ ساڵ زیاتر نییە و ژیانی وەک رابەرێکی سیاسی دوو ساڵ و چەند مانگێکە. هەڵسوڕانی سیاسیی لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان بەهەردوو باڵی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی و مەکتەبی سیاسییەوە و هەڵسوڕانی گەرم و گوڕی لەناو یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی دیموکراتی لاوانی کوردستان بایەخێکی ئەوتۆی نییە.
لەڕووی بابەتییەوە، ئارام لەڕێی بەگەڕخستنی تەواوی وردەکارییە پێویستەکان و بەکارهێنانی ئامرازەکانی پێشووەوە و بە پشتبەستن بەویستی مانەوە. زیاتر لەهەر ویستێکی تر، کۆمەڵەیەکی تازەی دروست کردو بەم کارەی، چانسێکی نوێی ژیانەوەی بۆ کۆمەڵە دابین کرد.
گومان لەوەدا نییە کە ئایدیۆلۆژیا بەسەر بیرکردنەوەی ئارامدا زاڵە. لەسەردەمێکدا کە بە سەردەمی ئایدیۆلۆژیا ناسراوە، ئەمە بەشتێکی نامۆ دانانرێ. شێوەی بیرکردنەوەی ئارام جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ شێوەی بیرکردنەوەی هەر شۆڕشگێڕێکی تر نییە و لەم ڕووەوە گوتاری سیاسیی زاڵ بەسەر بیرکردنەوە و نوسینەکانیدا گوتارێکی تەقلیدییە کەتێیدا دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم بەچەشنێکی زۆر ڕاشکاوانە گوزارشت لەخۆی دەکا.
ئارام لەتەمووزی ١٩٧٦. لە دووتوێی وتارێکدا بەناونیشانی "باری ئێستای کوردستان" کە ناوی خۆی لەسەر داناوە و بەناوی لیژنەی سەرکردایەتیی دەستە چەکدارەکانەوە نووسیویەتی، گوزارشتی لەم بیرۆکەیە کردووە. لەم وتارەدا ئەم چوار چینە بە "چینە چەوساوەکان" ناودەبا و بانگەشە بۆ ئەوە دەکا کە بەبێ یەکگرتنی ئەم چوار چینە سەرکەوتنی شۆڕش مەحاڵە.
لەناوەڕۆکدا، ئەوەی کە لێرە ئارام باسی دەکا هەمان تیۆرییە ماوییەکەیە کە گەل بەسەر چوار چیندا دابەش دەکا، کە بریتیین لە کرێکاران، جوتیاران، وردە بورژوازی و بورژوازیی نیشتمانی. وەک سەرنج دەدرێ، لیستەکەی ئارام هیچ جێیەکی بۆ بورژوازیی نیشتمانی نەکردۆتەوە
ئارام بڕێکی زۆر نوسینی لەپاش خۆی بەجێ نەهێشتووە. نووسین بەلایەوە پیشە نەبوو، بەڵکو ئامرازێک بوو بۆ گواستنەوەی بیرو بۆچونەکان بۆ دەوروبەری کۆمەڵایەتی.
ئەمە وادەکا لەڕوانگەی پێداویستییەکانی راگەیاندنی سیاسی و مەرجە ئایدۆلۆژییەکانەوە تەماشای نووسینەکانی بکرێ.
ئارام وەک ئینتەرناسیۆنالیستێکی شۆڕشگێڕ، ئەوەندە دەمارگیر نەبووە کەدژی بەکارهێنانی وشەی عەرەبی بێ لە نووسین و قسەکردندا. ئارام بە گونجاوو بەئەرکی خۆی نەزانیوە بەرامبەری نامۆ بۆ دەستەواژە باوەکان بدۆزێتەوە. بەڵام  لەهەمبەریشدا، دەستەواژەی وای لەهەندێ شوێندا بەکارهێناوە کەزمانی نووسینی پێ دەوڵەمەند بووە، وەک بەکارهێنانی وشەی ((تیرۆر))، کە رەنگە ئارام یەکەم کەس بێ لە نووسینی کوردیدا بەکاری هێنابێ.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved