د.نوری تاڵەبانی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: شاناز رەمزی
ڕژێمی عێراقی چەندین تاوانی دژی رۆڵەکانی کوردستانی عێراق ئەنجامداوە، زۆربەیان دەچنە چوارچێوەی چەمکی جینۆسایدەوە (Genocide)، کە لە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا دیاری کراوە و بە تایبەتی ئەو رێککەوتننامەیەی کە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی (١٩٤٨) لەسەری رێککەوتوون و رێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید لە ساڵی ١٩٥٤ کە لە دواییدا عێراقیش چوە ریزیەوە.
پرۆسەکانی دەرکردن و راگواستنی بە کۆمەڵ و دەستبەسەر کردنی هەزاران مەدەنی و پاشان کوشتنیان بە کۆمەڵ و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی ئامانجە مەدەنییەکان، بێجگە لە وێرانکردنی هەڕەمەکی شوێنە مەدەنی و داراییەکان و مومارەسەکردنی پاکتاوی رەگەزی، ئەمانە هەمووی نموونەی دیاری مومارەسەکردنەکانی رژێمی عێراقن دژی گەلی کورد لە ماوەی چەند دەیەیەکەیدا.
ڕژێم هەر لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٣وە دەستی کرد بە جێبەجێکردنی سیاسەتێك، کە ئامانجەکەی گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی بوو لە شاری کەرکوک، ئەوەش بەهۆی سامانە نەوتییەکە و پێدەشتە فراوان و بەپیتەکەی، لە پاشان ئەم سیاسەتە بوو بە ڕێبازێکی جێگیری ڕژێمی عێراق و لە ناوچە کانی خانەقین و مەندەلی لە پارێزگای دیالە و مەخموور و دیبەگە لە پارێزگای هەولێر و ناوچە کانی شێخان و زمار و سنجار لە پارێزگای موسڵ پیادە کرا. ئەم سیاسەتەی پاکتاوی ڕەگەزیە تا ئیستاش بەردەوامە و جێبەجێش دەکرێت بە سەرپەرشتی گەورە بەرپرسانی ڕژێم، چونکە ئەم ناوچانه هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمدان.
ئەم سیاسەتە بە دوو قۆناغ جێبەجێکرا و تەواوکەری یەکتربوون، لە سەرەتادا ڕژێم دەیان خێزانی کوردی دانیشتووی ئەم ناوچانەی ناچارکرد ناوچەکە چۆڵ بکەن و لەشوێنی تر نیشتەجێ ببن، کەچی لەقۆناغی دووەم: ژمارەیەکی زۆری خێزانی عەرەبی سەر بە رژێم بەشێوەی پۆل پۆل هێنران و لەم ناوچانەدا نیشتەجێ کران، پاش دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و کارکردن بۆ تاکەکانی لەرێگەی دامەزراندنیان لەدەزگا ئەمنی و پۆلیسی و هەواڵگرییەکان و رێکخستنەکانی رژێمی بەعس یان لەرێکخراوە پیشەییەکانی سەر بەرژێم. یان لەکۆمپانیای نەوت و دامەزراوەو فەرمانگە جیاوازەکانی حکومەت، یان بەبەکارهێنانیان وەک (جیش شعبی) لەرەبایەی دەوروبەری شار، یان ئەوانەی بەرگری لەسەرەرێگاو دامەزراوەکانیان دەکرد لەم ناوچانەدا دادەمەزران.
بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجە لەئەوپەڕی باکووری ڕۆژھەڵاتی کوردستانی عێراق کە ژمارەی دانیشتووانەکەی لە کاتی بۆردوومانەکە بە زیاتر لە (۷٠,٠٠٠) کەس مەزەندە دەکرا. شایەتحاڵێکی تری تاوانەکانی سیاسەتی لەناوبردنی بە کۆمەڵی دانیشتووانی مەدەنی کوردە لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە، چونکە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ ژمارەیەک لە فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقی بەسەر ئاسمانی ئەم شارە خولانەوە و بە چەند بۆمبێکی ژەھراوی (ژەھری سیانید) و گازی مێشک بۆردوومانی ئەم شارەیان کرد و بووە ھۆی کوشتنی نزیکەی پێنج ھەزار مەدەنی و برینداربوونی زیاتر لە دە ھەزار کەس تر، کە زۆربەیان منداڵ و پیر و پەککەوتە بوون. ھەروەھا ئەم بۆردومانە بووە ھۆی ژەھراویکردنی ژینگەی ئەم ناوچەیە و کوشتنی باڵندە و ئاژەڵ و ھەر زیندەوەرێکی تر، کە پێشوازییان لە وەرزی بەھار دەکرد.
شاری هەڵەبجە تاکە شار نەبوو، کە فڕۆکەی جەنگی عێراقی بە چەکی کیمیایی بۆردوومانی بکات، بەڵکو پێش ئەو، چەندین گوندی تری ناحیەی (ئاغجەلەر) لە پارێزگای کەرکوک و ناحیەی قەرەداغ لە سلێمانی و دۆڵی بالیسان لە هەولێر و چەندین گوندی تری پارێزگای دهۆک بۆردوومان کران. بەڵام لێدانی شارێک پڕ لە دانیشتوان بە چەکی کیمیایی بە فەرمانێکی ڕاستەوخۆی سەرانی ڕژێم پێشهاتێکی ترسناک بوو، تاوانبارنەکردنیشی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕای گشتی جیهانی بە شێوەیەکی جدی وای لە ڕژێم کرد، دووبارە ئەم چەکە لە ناوچەی هۆرەکانی باشووری عێراق لە سەرەتای نەوەدەکان بەکاربهێنێت.
........................................
لەڕاستیدا سەوداکردن لەگەڵ رابردوویەک کە پڕ تراژیدیاترین مێژووبێ و ئەم تراژیدیایەش ئەو پنتە مێژووییەبێ، کە کەڵەکەی داهاتومانی لەبونیاتنان و دروستبوندا داکوتابێ، نەک هەر نابێ نادیدە بیگرین، بەڵکو دەبێ وەک رەمزی ڕەسەنایەتی پیشانی دەرەوەی خۆمانی بدەین و ئەو نەریتەش دابهێنین، کەدەسەڵاتی ناوەند هەمیشە لە حزوری قوربانییەکانی ئێمەدا لەهەر بۆنەو هاتن و سەردانێکدا سەردانەوێنێ
بابەتی زیاتر