لیبرالیزم و دیموکراسی
ئەم کتێبە لە نوسینی (نۆربێرتۆ بۆبیۆ)، وەرگێڕانی فارسی بۆ کراوە لە لایەن (بابەکی گولستان)، وە (رێباز مستەفا) وەرگێڕانی کوردی بۆ کردووە، ئەم کتێبە یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی گەشەپێدانی بیروهۆشیاری کە لە ساڵی ٢٠٢١  چاپکراوە. بۆبیۆ سەبارەت بە چۆنێتیی هێنانەدیی دیموکراسی، پێی وایە کە ئازادییە بنچینەییەکانی هاوڵاتییان پرەنسیپی سەرەکیی دیموکراسین، ئەو ئازادییانەی کە بە زۆری لە رێڕەوی خەباتی تاکەکان لە پێناو هێنانەدیی مافەکانیان بەرەو خەبات بۆ دیموکراسی وەردەچەرخێن.
ئەندێشەی کۆن و نوێ دەربارەی ئازادی
کۆنستان دەنوسێت: لە دنیای کۆندا، خەڵک خوازیاری دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان هەموو هاوڵاتیاندا بوون و ئازادی لای ئەوان ئەو مانایەی هەبوو.
لە دنیای نوێدا: خەڵک خوازیاری دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی دارایی تایبەتیانن و ئازادی بە دابینکەرێک دەزانن بۆ پاراستنی ئەو داراییەی کە لە دامەزراوەکانی خۆیان بەدەستی دێنن. کۆنستانی تاسەر ئێسقان لیبراڵ، لەو باوەڕەدا بوو، کە ئەو دوو داخوازییە لەگەڵ یەکدا ناکۆکن : بە بڕوای ئەو بەشداریکردنی  ڕاستەوخۆ لە بڕیاردانە گشتییەکاندا، سەرەنجام تاک بەرەو پاشکۆیەکی لە دەسەڵاتی دەستەبەندی ڕادەکێشێ و لەو ڕێڕەوەدا ئازادیی تایبەت و تاکەکەسیی خۆی لە دەست دەدا، ئەمە لە کاتێکدا ئازادیی تاکەکەسی هەمان ئەو شتەیە کە هاووڵاتی ئەمڕۆ لە دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی داواکاریەتی.
مافەکانی مرۆڤ
بنچینەی فەلسەفەی دەوڵەتی لیبراڵ وەک دەوڵەتێکی سنووردار لە بەرامبەر دەوڵەتی رەها، دەبێت لە رێبازی مافە سروشتییەکاندا بدۆزینەوە، رێبازێک کە ئەندیشمەندانی قوتابخانەی مافی سروشتی (یان یاسای سروشتی) دایان هێناوە. بەپێی بەرنامەی ئەو ریبازە، هەموو خەڵک هەندێک مافی بنچینەییان هەیە، وەک مافی ژیان، ئازادی، ئاسایش، بەختەوەری و دەوڵەت( یان دەربڕینێکی ڕونتر، هەموو ئەو کەسانەی بۆ ناچارکردنی خەڵکی دی، کە ملکەچ و بەرفەرمان بن سوود لە دەسەڵاتێکی یاسایی وەردەگرن)، دەبێت ئەو مافانە بپارێزن و پێشێلیان نەکەن و لە دەستێوەردانەکانی ئەوانی دی بپارێزن.
سنووری دەسەڵاتی دەوڵەت
تا ئێستا سەبارەت بە چەمکە گشتییەکانی دەوڵەتی سنووردار، یان سنووردارییەکانی سەر دەوڵەت قسەمان کرد، ئێستا دەبێت روونی بکەینەوە کە ئەو چەمک و دەربڕینانە دوو لایەنی جیا لە مەسەلەکە بە خۆوە دەگرن، کە هەندێک جار پێویستە بەم شێوەیە لە یەکدییان جیا بکەینەوە:
١-سنووری دەسەڵاتی دەوڵەت.
٢-سنووری کارکردن و چالاکییەکانی دەوڵەت.
کەچی دەشێت جیاجیاو بەبێ پێکبەستنەوەی هەریەک لەو دوو لایەنە لەویدی بکۆڵینەوە، بەڵام جێی باسە کە تیۆری لیبڕاڵ دوو جۆرە سنووربەندییەکە، چ ئەوەی پەیوەستە بە سنوورو دەسەڵاتەکانی دەوڵەت و چ ئەوەی پەیوەستە بە کارکردەکانی، دەگرێتەوە. ئەمڕۆ دەوڵەتی خاوەن ئیختیاراتی سنووردار، بە دەوڵەتی دامەزراو لەسەر بنەمای مافەکان ناو دەبرێت و ئەو دەوڵەتەش کە چالاکی و کارکردەکانی سنووردارە، بە دەوڵەتی کەمینە ناو دەبرێت.
ئازادی لە بەرامبەر دەسەڵاتدا
مەبەست لە بەکارهێنانی رێوشوێنی یاسایی، کە بە تایبەتمەندێتیی دەوڵەتی دامەزراو لەسەر بنەمای مافەکان دەژمێرێت، بریتییە لە پشتیوانیکردن لە تاک لە بەرامبەر خراپ کەڵکوەرگرتن لە دەسەڵات، بە واتایەکی دی، ئەو رێوشوێنانە بە مانای دەستەبەرکردنی ئازادییەکان دەژمێررێن، تێڕوانینێک سەبارەت بە ئازادی کە بە (ئازادیی نێگەتێڤ) ناسراوە: بوارێک لە کارکردو چالاکیی تاک کە دەسەڵاتداران مافی ئەوەیان نییە رێی لێبگرن لەو کارەی خۆی حەزی لێیەتی، بیکات یان ناچاری بکەن بە کردنی کارێک کە پێی خۆش نییە بیکات.
ئاوێتەکردنی لیبرالیزم لەگەڵ دیموکراسی
ئامانجەکانی لیبراڵ و شێوازو ریبازەکانی دیموکراتی و وردە وردە تێکهەڵکێش کراون، هەروەها  لە سەرەتادا کە مافی ئازادی مەرجێکی پێویست بووە بۆ جێبەجێکردنی راست و دروستی ( بنەماکاری) دیموکراتیك، پێشکەوتنی دیموکراسییش بە تیپەڕکردنی کات بووە بە ئامرازی سەرەکی بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی. ئەمڕۆ تەنها ئەو دەوڵەتانە دیموکراتین کە لە نێو هەناوی شۆڕش و وەرچەرخانەکانی لیبڕاڵدا پەیدا بوون و چەکەرەیان کردووە، هەر تەنها لەو دەوڵەتانەشدایە کە مافەکانی مرۆڤ دەپارێزرین. لە دنیای هەنووکەدا هەر دەوڵەتێک کە دەسەڵاتخوازە، ئەوا دژی لیبراڵ و دژی دیموکراتیشە.
دیموکراسیی نوێنەرایەتی
هاوبەشی و بەشداریی هەموان بۆ سود وەرگرتن لە خێروبێرەکانی ئازادی، کاکڵی ئامانجەکانی حکومەتی ئازادە."میل لە داکۆکیکردنی ئەو دەربڕینەی خۆیدا دەڵێت:" تا زیاتر تاک، جا ئەو تاکە هەرکێ بێت، لە خێروبێرەکانی ئازادی بێبەش بکرێت، ئەوا بەرژەوەندییەکانیشی لە بەرامبەر بەرژەوەندیی ئەوانی دیکەدا کەمتر دابین دەبن و کەمتر ئەو بوارەی بۆ دەڕەخسێت کە تواناو بەهرەکانی لە پێناو خحشیی خۆی و کۆمەڵگەکەیدا بەکار بێنێت". ئەم وەسفە روونترین وەسفە دەربارەی پەیوەندیی نێوان لیبرالیزم و دیموکراسی ، یان دەربڕینێکی وردتر، پەیوەندی نێوان تێڕوانینێکی تایبەت لەسەر دەوڵەت و شیاوترین شێوازی بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ جێگیرکردنی ئەو تێڕوانینە لە بواری پراکتیکیدا.
دیموکراسی و پەیوەندی بە سۆسیالیزمەوە
گەرچی ئامانجەکانی لیبڕاڵ و دیموکراتیک لە میانەی مێژووی پڕ لە هەڵبەزودابەزی خۆیاندا، هێواش هێواش ئاوێتەی یەکدی بوون. بەڵام رووبەڕووبونەوەی نێوان لیبرالیزم و دیموکراسی هەروەک رابوردوو هەر توندەو تەنانەت رەنگە بتوانین بڵێین ئەو رووبەڕووبونەوەیە لەم ساڵانەی دواییدا توندتر و دژوارتریش بێت.
لە دوانەی (لیبرالیزم - دیموکراسی)دا دیموکراسی واتە دەستەبەربوونی مافی دەنگدان بۆ هەموان و دوا جار ئامرازێکە بۆ دەربڕین و خستنەڕووی ئازادانەی خواستی هەر تاکێک.
لە دوانە ( سۆسیالیزم دیموکراسی)یشدا، دیموکراسی واتە ئامانجی یەکسانیخوازانە ، کە بەدەستهێنانی تەنها لە رێی ریفۆرمی سۆسیالیستانەی خاوەنێتییەوە مەیسەر دەبێت.
لیبرالیزمی نوێ
پەیوەندی نێوان لیبرالیزم و دیموکراسی، گومانی تێدا نییە کە پەیدابوون و پەرەسەندنی تیپرو بزاڤە سۆسیالیستەکان، هەروەها یەکێتییە ئاشکراکانی سەر بەو بزاڤانەو حزبە دیموکراتییەکان ، بوونە هۆی ئەوەی کە کێشمەکێش و زۆرانبازییە دێرینەکانی نێوان لیبرالیزم و دیموکراسی سەرهەڵبدەنەوە.
ئەو راستیەی کە لیبرالیزم و سۆسیالیزم چ لە رووی هزری و چ لە خستنەڕووی بەرنامەوە، بە دوو ئایدۆلۆژیای دژ بە یەک دەژمێرێن ، بەڵام هەمیشەش هەوڵ دراوە ئەو ناکۆکی و دژ بە رییە کۆتای پێ بهێنرێت و رێگەیەکی مامناوەندی، یان هەماهەنگی و تێکەڵەیەک لەو دوو رێبازەدا بهێنرێنە کایە.
دیموکراسی و رەتکردنەوەی حکومەت
پەیوەندی نێوان لیبرالیزم و دیموکراسی، هەمیشە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و پڕ کێشمەکێش بووە ئەم دوانە نە بەیەکەوە دەسازێن و نە بەبێ یەکیش هەڵدەکەن، ئێستا کەوا پێدەچێت جارێکی دیکە لیبرالیزم بە لای داکۆکیکردن لە دەوڵەتی کەمینەدا شکابێتەوە (مەبەست نکۆڵیکردن لەو گونجاویەی نێوان داکۆکیکردنی ئێستای لیبرالیزم  لە دەوڵەتی کەمینە و چاکترین نەریتی لیبراڵ نییە)، پەیوەندی نێوان لیبرالیزم و دیموکراسی لە هەر کاتێکی رابردوو زیاتر ئاڵۆز بووە. بەم دواییانە باس و مشتومڕێکی زۆر لە بارەی رەتکردنەوەی حکومەت هاتووەتە گۆڕێ.


 بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیک لەم لینکە بکە :
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved