پێشەکی:
لەوەتەی زانست پێشکەوتووە، دیاریکردنی ناسنامەی نەتەوایەتی وەکوو هەر بەشێکی تر لە زانست چەند مەرج و سیفاتی دیاریکراو و چەسپاوی بەخۆیەوە گرتووە. لە ڕێگەیانەوە دەتوانرێ دەستنیشانی ناسنامەی نەتەوایەتی هەر گروهێکی مرۆیی پێ بکرێت. ئەو مەرجەکانەش زمان، مێژوو، ئابووری، بیروباوەڕ، داب و دەستووری هاوبەش. سەرەڕای پێکهاتنی سایکۆلۆژی و بیروبۆچوونی هاوبەش.
مێژوو بەتایبەتی مێژووی نوێی مرۆڤ، لە ڕێگەی خەباتی گەلانی مەڵبەندە جیاجیاکانی پێنج کیشوەرەکانەوە، سەلماندوویەتی کە گەڕانەوە بۆ سەر ئەو مەرجانە تاکە ڕێگای دیاریکردنی ڕەگەز و ڕەچەڵەکی هەموو گروهێکی مرۆیی یە.
ئەو ئاگر و ئاسن و ڕاگواستن و دەربەدەركردن و کوشتارەش کە هەندێ لایەن بۆ دژایەتی کردنی ئەم زانست و ڕاستیانە سەرفی دەکەن لە پارەوپول بە فیرۆدان و خەڵک بە خۆڕایی بە کوشت دان بەولاوە، ئەنجامێکی تر نادا بە دەستیانەوە.
ئەم نامیلکەیەی بەردەستت زنجیرە  وتارێکە، لە ڕادیۆی دەنگی شۆڕشی عێراقەوە بڵاوکرایەوە. لەبەر گرنگی باسەکە و لەپێناوی ئەوەی زیاتر بخرێتە پێش ڕای گشتی و جەماوەری گەلەکەمان و ڕۆشنبیران، چاپ کرا.
بە هیوای ئەوەی دەرگایەکی بچووک لەسەر ئەو مەسەلە گرنگ و زیندووە بخاتە سەر پشت کە هەردەم یەکێک بووە لە خاڵەکانی جیاوازی، هەوڵدانێک بۆ بە ئاشتی چارەسەرکردنی مەسەلەی گەلی کورد.



تەمەنی درۆ لە مێژوودا کورتە
پاش داهێنانی نووسین، مێژوو لەوە دەرچوو کە بە شێوەی سەرگوزشتە و چیرۆک دەماودەم بگێڕدرێتەوە. بە هۆی نووسینەوە، ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سروشتییەکان، لەسەر لاپەڕەی کتێب تۆمارکران، بێ ئەوەی ئەو ڕووداوانە بە گێڕانەوەی دەماودەمی، تووشی زیادی و کەمی ببن.
گەلان خۆیان خاوەنی ڕاستەقینەی مێژوون. هەرچەندە لە زووەوە بە حوکمی دەسەڵاتداریتی، دەستە و تاقم و چینی زۆردار زۆر جار درۆو دەلەسە بە پێی حەزی ئەوان خزێنراوەتە ناو مێژووەوە، بەڵام هێندەی نەبردووە ڕووی ڕاستەقینەی مەسەلەکان لە لایەن گەلانەوە خراوەتە ڕوو. بەمجۆرە تەمەنی درۆ لە مێژوو درێژ نەبووە.
زانستی مێژوو کاتێک دەکەوێتە بەردەستی بۆرژوا و تاقمانێ دەسەڵاتدار وەک زانستێکی تر دەیشێوێنن. چی لە بەرژەوەندییان دابێت فەرمانی تۆمار کردنی ئەو دەدەن.

ئاوڕێک لە مێژووی ناوچەی شنگار و شێخان
چیای شنگار تاکە بەرزاییە کە لە ناوچەیێکی دەشتایی و بیابانی ئەوتۆدا کە ئەو ناوچەیەی کردووەتە مەڵبەندێکی سەربازیی ستراتیژی ئەوتۆ بەڕادەیەک، هەر لە شەڕ و شۆڕەکانی پێشانەوە هەرچی چیاکەی بە دەستەوە بووبێ، خاوەنی پێدەشتەکانی خوارەوەشی بووە.
هەر لە سەردەمی ئاشووری و حەیسی و میتانی و کلدانییەکانەوە تا دەگاتە سەردەمی فارس و ڕۆم، ئەم ناوچەیە مەیدانی شەڕ و پێکدادانێکی بێ ئامان بوو.
لە نزیکەی ناوەڕاستی دووهەزار ساڵ پێش زایین ناوچەی شنگار بوو بەبەشێک لە (دەوڵەتی میتانی) کە پایتەختەکەی لەسەر ڕووباری خاپووری سەروو بوو. پاشان ئاشوورییەکان کە مرخیان لە دەشتی بەپیت و بەرەکەتی ناوچەکە خۆش کردبوو، داگیریان کرد و ئاوەدانیی خۆیان لێ دامەزراند.
پاش لەناوچوونی دەوڵەتی ئاشووری لە ساڵی (٦١٢) لەسەر دەستی (ماددەکان). ئەو ناوچەیە بووە موڵکی خۆیان. پاشان دوای چەند شەڕو شۆڕێک، ڕۆمانییەکان چیای شنگاریان داگیرکرد. بەم شێوەیە ناوچەکە تا پەیدابوونی دەوڵەتی ئەمەوی کەوتە ژێر دەستی چەندین دەوڵەت و ئیمپراتۆرییەت.
پاش پەیدابوونی ئاینی ئیسلام و هێرشەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و دوابەدوای ئەوە کوردستان، هەندێ لە هۆزەکانی ناوچەی شنگار هاتنە سەر ئاینی ئیسلام، ئەوانی تریش لە چیای شنگاردا بەرەنگاریان کرد و لەسەر ئاینی یەزیدی خۆیان مانەوە. بەڵام وەک ناوچەکانی تری کوردستان کەوتە ناو دەوڵەتی ئیسلامییەوە. (ئیبن بەتووتە) کە لە نێوان ساڵانی (١٣٠٣-١٣٧٧)ی زایینی ژیاوە لە گەشتەکەیدا بۆ ناوچەی شنگار دەڵێ: ((پاشان گەیشتینە شاری شنگار کە شارێکی فرە مێوە و دارودرەختە و سەرچاوەی ئاوی زۆرە، بە شێوەیەک لە دیمەشق دەچێ)). ئینجا دەڵێ: ((خەڵکی شنگار کوردن و دەست بڵاوو ئازان)). ئەمە بەڵگەیەکی مێژوویی گرنگە، نیشانی دەدات لە سەدەی چواردەهەم دا کێ بوون ئەوانەی لەسەر خاکی ئەو ناوچەیە ژیاون و خاوەنی بوون.
ناوچەی شنگار بەم حاڵە مایەوە تا هێرشەکەی مەغۆلیان، کە دواھەمینیان ئەوەی تەیموری لەنگ بوو لە ساڵی (١٤٠١) و (١٤٠٢)ی زایینییدا بۆ سەر کوردستان.
کەتێیدا تووشی بەرگری و شکستی یەکی ئەوتۆ بوو لە تەواوی هێرش و پەلامارەکانی ناوچە و نەتەوەکانی تر تووشی نەهاتوون. لە کاتێکدا تەیمووری لەنگ لە شاری بەغدادا (١٢٠) تەپۆڵکە و گردی لە کەللـەسەری خەڵکەکە دروست کرد، لە کوردستاندا و لە چیا سەرکەشەکانەوە لە ئەنجامی بەرگری قارەمانانەی خەڵکەکە پاشەوپاش کشابوونەوە. ئەم تێ شکانەی تەیمووری لەنگ بەرامبەر بە کورد هەمان تێ شکانی باپیرانی بوو (جەنگیز خان و هۆلاکۆ) کە ئەوانیش لە هەموو هێرشەکانیان نەیانتوانی تەواوی ناوچەکانی کوردستان داگیربکەن، ئەمە وایکردبوو ترسێکی زۆر لە دڵی مەغۆلییەکان بەرامبەر بە کورد پەیدا ببێ لە هێرشەکەی تەیمووری لەنگ بۆ سەر ناوچەی شێخان دەگێڕنەوە (٤٠٠) خێزانی کوردە یەزیدیەکانی ناوچەی شێخان ڕوویان لە چیاکانی شنگار کرد، پاشان خەڵکێکی زۆر لە یەزیدیانی جزیرە و دیاربەکر و حەوزی دیجلە و بتلیس و ناوچەی تر ڕوویان لە شنگار کرد.
ئەم شەڕ و پەلاماردانە وایان لە کوردە یەزیدیەکان کرد دەربارەی ئاینەکەیان هیچ شتێک لە سەر کاغەز تۆمار نەکەن، تەنانەت شێخ و موریدەکانیشیان دەربارەی ئەو ئاینە هیچ بە کەس نەڵێن.





چەند نموونەیەک لە گوشار و پەلاماردانی
دڕندانە بۆ سەر یەزیدییانی شنگار و شێخان
مێژووی دەوڵەت و میرنشینەکانی کوردستان وەک (ئەردەڵان، بابان، سۆران، بادینان، جزیر و بۆتان و دەوڵەتی دۆستەکی) نیشانی دەدەن کە کوردستان لە سەردەمی ئەوپەڕی بەهێزی دەوڵەتی عەباسی و عوسمانیش دا سەربەخۆیی خۆی پاراستووە و هەرگیز پاروویەکی چەور و ئاسان نەبووە وەکوو ناوچەکانی تر قووت بدرێ. سوڵتان و خەلیفەکان لە هەوڵی باج و خەراج کۆکردنەوەیاندا، جاری وا هەبووە تاکە لیرەیەکیان لە کوردستان پێ نەسەندراوە ناوچەی شنگار و شێخان شان بەشانی ئەو ناوچانەی تری کوردستان و بگرە زیاتریش بە خوێنی ڕۆڵەکانیان بەرگرییان لە خۆیان و ناوچەکانیان کردووە دژی دەسەڵاتە یەک بە دوای یەکەکانی ناوچەی مووسڵ وەک (قەرەقۆیل و ئاق قۆیلەکان) و باقی هێز و دەسەڵاتەکانی تر وەستاونەتەوە کە دژ بە ئاینەکان وەستاونەتەوە و هەوڵی لە ناوبردنیان داوە. مێژووی ناوچەی شنگار و شێخان گەلێ پەلامار و قەتڵ و عام و ماڵ سووتانی خەڵکی بێ تاوان و بێ دەسەڵاتی ئەو ناوچانەی تێدایە. دەمێ بە بیانووی غەیرە دینی و دەمەکیش بۆ ڕاکێش کردنیان بۆ سەربازی و بەرەی شەڕی ناڕەوای دەوڵەتان. تەنانەت ژمارەی ئەو قوربانیانەی لە (٧٠٠) ساڵی ڕابردوودا داویانە، دادەنرێ بە دوو ملیۆن کەس.  ئەم ڕابردووە پڕ خەبات و تێکۆشانەی برا یەزیدییەکانمان وای کردووە خەڵکی ئەم ناوچانە بە گەورە و بچووکەوە لەشکرێکی هەردەم ئامادە و تە‌یار بێ بۆ وەڵام دانەوەی هەر شەڕێک کە لە وەخت و ناوەختدا بەردەرگایان پێ دەگرێ. ئەمەش باسی تەنها چوار پەلامارە بۆ سەر یەزیدییانی شنگار و شێخان:
یەکەم: هێرشەکەی (بدرالدین لولو) و سووتاندنی ئێسقانەکانی شێخ عودەی:
ساڵی (١٢٥٤)ی زایینی (بدرالدین لولو)ی حاکمی مووسڵ سەرەڕای باج و سەرانە بە ناوی یارمەتییەوە داوای پارە و پوولیشی لە یەزیدییەکان دەکرد لە کاتێکدا یەزیدییەکان نەک هەر باجیان نەدەدا، بەڵکو ئیعترافیشیان بە حاکمییەتەکەی نەدەکرد. ئەمە وای کرد بەدرەدین لولو لەشکرێک بکاتە سەر کوردەکانی ناوچەکە و پاش ماڵ کاولکردن دەغڵ و دان سوتاندنی خەڵکە بێ تاوانەکە ژمارەیەکی زۆری بە ڕەشبگیری لێ بە دیل گرتن. سەد کەسی لەو دیلانە بە سێدارەوە کرد و سەدی تریشی سەر بڕی و دەست و قاچی میرەکەیانی بڕیەوە و بەسەر دەروازەی شاری موسڵ بۆ تۆقاندنی کوردەکان هەڵیواسی.
سەربازانی لەشکری داگیرکەر هەر بەوە نەوەستان بەڵکو گۆڕەکەی شێخ عودەیشیان هەڵدایەوە و ئێسقانەکانیان بە بەرچاوی دەروێش و موریدەکانییەوە ئاور تێ بەردا.
دووهەم: قەتڵ و عامەکەی شنگار و بەدیل گرتنی خەڵکەکەی لە ساڵی (١٧١٥)ی زاینی دا:
هەروەک پێشتر باسمان کرد، ئاینی یەزیدی هەردەم جێگای بێزاری و ناڕەحەتی خەلیفەکان بووە. بۆیە هەر کاتێ جەنگە گەورە و دەرەکی یەکان سەریانی هەندێک سووک دەکرد، ئاوڕێکیان لە یەزیدی یەکان دەدایەوە و لەشکریان بۆ ڕەوانە دەکردن.
لە ساڵی ناوبراوا خەلیفەی عوسمانی بە ناوی غەزاوە لەشکرێکی زۆری کردە سەر کوردەکانی ئەو ناوچەیە.
بە گەیشتنی سوپاکە دانیشتوانی هەردەم ئامادەی شنگار بەرەنگاریان بوونەوە. پاش شەڕێکی توند و گەیاندنی زیانێکی زۆر بە دوژمن شەڕەکەیان گواستەوە بۆ چیاکان و لەشکری عوسمانی نەیتوانی چیتر شەڕیان بکات و دوایانکەوێ، بۆیە گەڕانەوە و کەوتنە گیانی ئافرەت و منداڵی بێ پیاو بەجێ ماو.
سەربازانی خەلیفەی ئیسلام بەناوی غەزاوە قەتڵ و عامیان کردن، (شێخ عەبدولڕەحمان سویدی) لە کتێبەکەیدا بەناوی (حدیقە الزورا)، وە لە ساڵی (١٧٨٥)دا لەو بارەیەوە دەڵێ: (یەزیدی یەکان ئیسلامیان بە کۆمەڵ پێ دوژمنە، بە گوێی هیچ حاکمێک ناکەن) پاشان دێتە سەر باسی چۆنێتیی شاڵا‌و و پەلامارەکەی ژن و مناڵانی کوردی ئەو ناوچەیە و دەڵێ: (حیزبی خوا سەرکەوت، دوژمنانیشی ڕایان کرد و ماڵ و پارە و خانووبەرە و هەرچی هەیانە و نیانە بەجێیان هێشت.)  بەم شێوەیە نووسەر دەیەوێ بیانوویەکی ڕەوا بۆ قەتڵ و عامەکانیان بهێنێتەوە بەوەی کەوا یەزیدییەکان دژی ئیسلامن، بەڵام لە لایەکەوە ئیسلام هەرگیز کاری وا بەرامبەر بە غەیرە دینان ناکا و لە لایەکی تریشەوە ڕاستە ئاینی یەزیدی لە ئیسلام جیایە بەڵام دژی نەوەستاوەتەوە بگرە ئەگەر داگیرکەران کۆڵیان لێ بدەن و فیتنە لە ناویانا نەنێنەوە، وەک برا پێکەوە دەژین، هەر وەک لە کۆنەوە ئیسلام و یەزیدییانی ئەو ناوچانە ژیاون. تەنانەت ئەوەی هەندێ ئاگاداری ئەحواڵی یەزیدی یەکان بێت ئاگای لەمەسەلەی (کریڤ) هەیە کە پەیوەندییەکی برایانەی ڕووحیی پتەوە لە نێوان موسڵمانێک و یەزیدی یەکدا دەبەسترێت و (کریڤ) مانای برای خوێن دەگرێتەوە.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved