ئەم کتێبە لە نوسینی (نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا)یە یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران کە لە ساڵی ٢٠١٢ چاپ کراوە، لە چەند بەشێکی سەرەکی پێکدێت ئێمە لێرەدا بە کورتی هەندێک لە بابەتەکان ئەناسێنین. ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵێکە بۆ کردنەوەی دەروازەیەک بۆ چوونە ناو جیهانی بازرگانیی چەک و دوورنماکانی ئەو بازاڕە کە لە ژێر ئاڵای (ئاشتی)دا کڕیار و فرۆشیارەکان تیایدا کۆدەبنەوە، قاوە دەخۆنەوە و سەوداکان بەڕێوە دەبەن و ئامڕازەکانی لەناوبردنی مرۆڤ بە هەموو قوژبنێکی جیهاندا بڵاودەکەنەوە.
بازرگانی چەک: چەمک و پێناسە
سەرەتا پێویستە لە چەمکی بازرگانیی چەک وردبینەوە. وەک هەر بازرگانییەکی تر بریتییە لە وەبەرهێنانی سەرمایە لە بواری بەرهەمهێنانی جۆرەکانی چەک و پێداویستییەکانیان بە مەبەستی خستنە بازاڕ و فرۆشتن و بەدەستهێنانی قازانج.
لە ڕووی چۆنایەتییەوە ، جیاوازی نێوان بازاڕی کاڵا ئابوورییەکان و بازاڕی چەک زەق و ئاشکرایە. لە بازاڕی کاڵا ئابوورییەکاندا (لە رووی پرەنسیپەوە) ئەو کاڵاو بەرهەمانە دەفرۆشرێن و دەکڕدرێن کە کەڵکی ئابوورییان هەیە چ بەوەی راستەوخۆ لە لایەن بەکاربەرانەوە بەکارببرێن، یان بۆ بەرهەمهێنانی کاڵای تر بە کەڵک بن و بەکارببرێن. ل٩
مێژووی بازرگانیی چەک
ئەگەر یەکەمین چەکی بەردین کە لە لایەن مرۆڤەوە داهێنرا بۆ ئەوە بووبێت لە دژی ئاژەڵێکدا بەکاربهێنرێ و راوی پێبکرێ، ئەمێستاو لە سەرەتای شارستانییەتەوە کە لەسەر بناغەی دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا دامەزراوە، چەک لە ماهییەتیدا لە دژی مرۆڤ دروست کراوە و ئەکرێت نەک بۆ ژێردەستەکردنی سروشت. لە سەدەی نۆزدەهەمدا چەند وڵاتێک پێشڕەییەکی گەورەیانکرد لە بەرهەمهێنانی چەک و بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ لە بواری بەرهەمهێنانی چەک و پێداویستییە سەربازییەکانی تردا. ل١٩
لەسەدەی بیستەمدا بازرگانیی چەک گۆڕانکاری گەورەتری بەسەرداهات چونکە وڵاتانی پیشەسازیی ئەو سەردەمە دەیانەویست کارخانەو پیشەسازی چەکی خۆیان هەبێت بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییە سەربازییەکانیان تا نەکەونە ژێر کاریگەریی وڵاتانی ترەوە، بە تایبەتی کە ئەگەری جەنگی گەورە بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە لە ئارادابوو. ل٢١
بازاڕی چەک
کڕین و فرۆشتنی چەک و زەخیرە جەنگییەکان لە شوێنە هەرە هێمن و بێدەنگەکان ئەکرێن. بەڵام کارخانەکانی چەکسازی لە زۆر شوێنی ئەم جیهانەدا ساڵانە بۆرسەی چەک و پێشانگای فڕۆکە رێک ئەخەن وەکو بازاڕی کڕین و فرۆشتنی راستەوخۆی چەک. ئەگەر چەکێک لە جەنگێکی راستەقینەدا بەکارهێنرابێ و تاقی کرابێتەوە و لە پێشانگایەکدا بۆ فرۆشتن دانرابێ، فرۆشیارەکەی بە شانازییەوە پیایدا هەڵئەدا و دەڵێت (( ئەو بەرهەمە بەهای خۆی لە پراکتیکیدا سەلماندووە)). ل٢٩
لەو بازاڕە ئازادو ئاشکرایانەی کڕین و فرۆشتنی چەکدا زۆربەی لایەنە فرۆشیارەکان بە ناوی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانەوە بەشداری دەکەن. بەڵام لەو وڵاتانەدا کە بەرهەمهێنانی چەک تیایایدا تەنها لە لایەن دەوڵەتەوە دەکرێ، بەشداریکردنیان بە ناوی دەوڵەتەکانیانەوە دەبێ، لە چەشنی چین و هیند و ئیسرائیل. ل ٣١
بازرگانی و بازرگانانی چەک
لەبەر ئەوەی نزیکەی لەسەدا نەوەدی ئەو پارانەی لە بازرگانیی چەکدا دەستاودەستیان پێدەکرێ بە رێگای رەسمییەوە تێدەپەڕن، وا باوو پەسەندە لە دۆکیومێنتی تایبەتیدا تۆمار بکرێن و بە شێوەی راپۆرت بدرێن بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. ل٣٧
لە بازرگانی چەکدا هەمیشە سەودای قاچاخ هەبووە و بۆ ئەو مەبەستەش دەڵاڵ و مافیای نێودەوڵەتی هەبوونە کە شارەزای رێگا قاچاخەکانی کڕین و فرۆشتنی چەکن. بێگومان ئەو جۆرە بازرگانییەی چەک کە لە رێگای نا فەرمییەوە ئەنجام ئەدرێن پێویستاییان بە کاری پسپۆرانەی شارەزا هەیە. ل٣٨
بازرگانی چەک و ئابووری
دەڵێن بازرگانی چەک سوودی بۆ ئابووری هەیە. (( بەراوردی بکە لەگەڵ سودی جگەرە بۆ ئابووری کە دەیان ملیۆن کەس لە جیهاندا لەو بوارە پیشەسازی و کشتوکاڵییەدا کار ئەکەن، بەڵام زیانە ئابوورییەکانی زۆر لەو قازانجەی زیاترن))، بێگومان خاوەن کارخانەیەکی چەک وبازرگانانی چەک هەرگیز ئەوەیان بەلاوە مەبەست و گرنگ نییە سەرمایە گوزارییەکەیان جەنگ و کوشتنی یەک ملیۆن کەسی لێ دەکەوێتەوە ((ئەوە تێکڕای ناونجی ساڵانەی قوربانیانی جەنگن لە سەدەی رابردوودا)). ل٧١
لە لایەکی تروە لایەنگرانی بازرگانیی چەک پێیان وایە لە ئەنجامی سەودا گەورەکانی کڕینی چەکدا وڵاتانی کڕیار دەتوانن ئابووری خۆیان بەرەو بوژانەوە هانبدەن و بجوڵێنن. لێرەدا مەبەستمان دوو رێگایە بۆ کڕینی چەک. یەکەمیان کڕینی چەکە بە ئاڵووێری کاڵا بە کاڵا، واتە لە جیاتی پارەی کاش یان قەرز، چەکەکان دەگۆڕدرێنەوە بە کاڵاو بەرهەمە لۆکاڵییەکانی وڵاتانی کڕیار. دووەمیان بریتییە لە گواستنەوەی بەشێک لە پرۆسەکانی دروستکردنی چەکە فرۆشراوەکان بۆ ناو وڵاتانی کڕیار کە گوایە بەو جۆرە پیشەسازی لەو وڵاتەدا گەشە دەکا و هەل و دەرفەتی کارکردن زیاد دەکات و پیشەی نوێ پەیدا دەبێت. ل ٧٣
بازرگانی چەک و دیپلۆماسییەت
دیپلۆماسییەت بە سادەترین پێناسە بریتییە لە ئەنجامدانی گفتوگۆ لە نێوان وڵاتان و حکومەتە جیاجیاکاندا بە مەبەستی سەلماندنی بەرژەوەندییەکانی یەکتر. هۆیەکی گرنگی بازرگانی کردنی وڵاتێک بە چەکەوە بۆ بەستنەوەو پابەندکردنی وڵاتانی ترە بە خۆیانەوە لە ژێر ناونیشانی دۆستایەتی و هاوپەیمانێتیدا. ئەوە بە تایبەتی بۆ وڵاتە زلهێزەکان مەبەستێکی سەرەکییە بۆ فرۆشتنی چەک. ل٨٣
کۆنترۆڵکردنی بازرگانیی چەک
هەندێ چەک هەن دەچنە خانەی ئەو چەکانەوە کە بە پێی نەریتێکی نێودەوڵەتی نابێ بگەنە دەستی ئەو دەوڵەتانەی کە نییانەو بۆخۆشیان ناتوانن دروستیان بکەن. واتا ئەو چەکانە دەبێ تەنها وڵاتە دیاریکراوانەدا بمێننەوە کە دروستیان کردون و کۆنتڕۆڵی توندیان بەسەرەوەیە. ئەوە هەموو چەکە کۆمەڵکوژەکان دەگرێتەوە سەرەڕای تەکنەلۆجیای مووشەکسازی. بەڵام لە چوارچێوەی بازرگانی چەک و بازاڕی رەشدا زۆر جاران ئەو پابەندیانە پێشێلکراون و ئەو چەکانە یان بەشێک لە تەکنەلۆجیای دروستکردنیان کەوتۆتە دەستی هەندێ رژێمەوە کە مایەی هەڕەشەن بۆ ئاشتی. ل١٠٥
دۆسێی مینە زەمینییەکان
هەندێ چەکی سووک کۆنترۆڵی زیاتریان لەسەرە لە چاو هەندێکی تریان، بە تایبەتی چەکی مینە زەمینییەکان کە حەق وایە بە چەکی (کوێر یان نابینا) ناوببرێ چونکە جیاوازی لە نێوان چەکدارو بێ چەک، سەربازو سیڤیلدا ناکات بۆ کوشتن و لەناوبردن، تەنانەت ئاژەڵیش. بەڕای ئێمە ئەو چەکە کوێرە لەبەر ئەو هۆیەی کە باسمان کرد دەچێتە خانەی چەکە کۆمەڵکوژەکانەوە، واتە ئەو چەکانەی هیچ جیاوازییەک لە نێوان هێزە چەکدارەکان و خەڵکی مەدەنی و ئاژەڵدا ناکەن و هەموو زیندەوەرێک لەناو دەبەن و تاوانی جەنگیان لێدەکەوێتەوە. ل١١٣
فایلی بازرگانی چەک لە جیهاندا هەر بەوەندە تەواو نابێت کە ئێمە هەوڵماندا لەم چەند وتارەدا کۆیکەینەوە، چونکە بەشی زۆری لایەنە دزێوەکانی ئەو بازرگانییە پەنهان و شارراوەن و لە پشتی پەردەوە ئەنجام ئەدرێن و زیاتر دوای روودانی کارەساتە جەنگییە مرۆییەکان ئاشکرا دەبن. لەبەر ئەوە مەبەستی ئێمە لەم فایلەدا تەنها ئەوەندە بووە دیمەنێکی گشتی بخەینە بەرچاوو بیروڕا جیاوازەکان بخوێنینەوە و لە گۆشە و کەناری باسەکانیشدا رای تایبەتی خۆمان دەربڕین لە دژی بازرگانیی چەک کە لە راستیدا بازرگانییەکی دژە مرۆییە و ئاکامەکەی هەر ئەوە بووە خوێن و رەنجی مرۆیی تیادا بکرێت بە دۆلار لە پێناوی سەرخستن و راگرتنی دەسەڵاتی ئەملا یان ئەولا ! . ل١٣٠