ئامادەکردنی: حەمە دۆستان
یۆنان
دیموکراسیەت بۆ یەکەمین جار پێش لەدایکبوونی مەسیح بە (300-200) ساڵێك، وەکو سیستمێك بۆ ڕێکخستنی کاروباری ژیان لەشاری ئەسینا دامەزرێندراو سیستمێك بۆ رێکخستنی کاروباری ژیان لەشاری ئەسینا دامەزێندراو شانبەشانی زانستە ئازادەکان و چالاکییە جۆراوجۆرەکانی ئەو سەردەمە لەگەشە کردندابوو. دەسەڵاتی کاروباری رێکخستن بەدەستی ئەنجومەنی هەڵبژاردەی شارە سەربەخۆکانەوە بووە (stads statterna). هەریەکێ لەم شارە سەربەخۆیانە دانیشتوانی شارو دێهاتەکانی دەوروپشتیان دەگرتەوە بچوکترین شاری سەربەخۆ ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی دووهەزار بووەو گەورەترینیشیان شاری ئەسینا بووە، کەژمارەی دانیشتوانی نزیکەی پەنجاهەزار کەس بووە. ژمارەی دانیشتوان لەکەم بوون و پەیوەندی راستەوخۆیان بەڕادەی نەخۆشی و شەڕو کارەساتەوە بووە، هەموو کەس مافی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شاری نەبووە (کۆیلەو ئافرەت و منداڵ مافی دەنگدانیان نەبووە). تەنیا ئەو پیاوانەی کەئازادو لەخێزانێکی نەجیب زادەو ناسراو بوون و تەمەنیان لە (21) ساڵ کەمتر نەبووبێ، مافی دەنگدانیان هەبووەو توانیویانە کار بکەنە سەر هەڵبژاردنەکە. جۆری هەڵبژاردنەکەش بەشێوەی دیموکراسی راستەوخۆ بووە. گشت خەڵکی شار کۆبوونەتەوە (ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە) لەشوێنك. ئەنجومەنیان هەڵبژاردووە یاخود بڕیاری خۆیان داوە. ئەوکەسانەی، کەمافی دەنگدانیان بووە بەهۆی ناوڕاکێشانی راستەوخۆوە بوونەتە ئەندامی ئەنجومەنەکە. دە ژەنەرال و ئەمیراڵ راستەوخۆ لەنێو خەڵکەکەدا هەڵبژێردراون. ئەو کەسەی هەڵبژێردرابێت بەئەندامی ئەنجومەن تەمەنی لەسی ساڵ کەمتر نەبووە. سەرۆکی ئەنجومەن خۆی ئەندامی ئەنجومەنەکەش بووەو تەنیا یەك ڕۆژ مافی ئەوەی هەبووە سەرۆکایەتیی بکات، دوی ئەو ڕۆژە، بەنۆرە یەکێکی تر هاتۆتە شوێنی. لەو سەردەمەی کە ئەفلاتوون لەژیاندا بوو. کۆمەڵ و گروپی سیاسی لەدەوری ئەنجومەنەکەوەو دەوری پارتی ئەم سەردەمەیان بینیو. بۆ نموونە کاتێك دەسەڵات لەدەستی دیموکراتەکاندا بووە، باری رێکخستن و گەشەکردنی یۆنان بەجۆرێکی تر بووە. بەبەراورد بەو سەردەمەی کەدەسەڵات لەدەستی پاشا پەرستەکاندا بووە. بەلای دیموکراتەکانەوە ئازادی و یەکسانی زۆر گرنگ بووە، بەلای ئەوانەشەوە، کەسەر بەپاشایەتی بوون، تەندروستی و خوڕەوشت و بڕیاردان و چارەنووس دیاریکردن.
لەم سەردەمانەدا خەڵکی لەرووی یاساوە یەك یەك سیرکراون کۆیلە تارادەیەك باشتر ژیاوەو بۆی هەبووە پارە کۆبکاتەوەو خۆی بکڕێتەوە. ئەم جۆرە ئەنجومەن و شارە سەربەخۆیانە وەکو شتی گشتی بۆ گشت خەڵك چاك بوون، بەڵام لەڕاستیشدا زیاتر لەخزمەتی خەڵکی دەسەڵاتدارو دەوڵەمەندا بوون. ئەفلاتون لەسەردەمی خۆیدا راستەوخۆ بەشداریی ناکۆکییە سیاسیەکانی نەکردووەو باوەڕی بەپارت و گرووپی سیاسی نەبووە. هەرچەندە بەشی هەرە زۆری نوسینەکانی سەبارەت بەسیاسەتن. بۆنموونە چۆن دەوڵەت، دیموکراسی ، رێکخستن و هەڵبژاردن لەنێوکۆمەڵدا پەیدا دەبێت. کاتێك ئەفلاتون باسی وڵاتە ئیدیالەکە دەکات مەبەستی ئەنجومەنێك بووە لەپاشا فەیلەسوفەکان کەتوانای بڕیاردانیان لەسەر هەموو کاروباریك هەبێ. بەلای ئەفلاتونەوە خوێندن و خزمەت تەنیا رێگایەکە بۆ ئەوەی خەڵکی پلەو پایەیات دەست دەکەوێت. (خەڵکی چاك بۆ جێگای چاك) ئەوکەسەشی کەگەشتبێتە پلەی مەلیکی فەیلەسووف نزیکەی (٤٠ساڵ) دەبێ بەدوای زانست و زانیاریدا گەڕابێ و بێ مووچەو پارە، جل وبەرگی زۆر لەهی خەڵکی سادەتر بووەو، هەقی ئەوەی نەبووە هیچ ماڵ و سامان و موڵکێك بەیەکەوە نێ. لەوڵاتەکەشدا وادانراوە منداڵ لەنێو داموو دەزگاکاندا بەخێو بکرێت. ژن هێنان و خێزان دروست کردن مەسەلە نەبێت. (گرنگ ئەوە بێت هەموو وەکو لەخێزانێکی گەورەدا بژین). هاوجووتبوونی ژن و پیاو بەناو راکێشان بێت. منداڵەکان خۆیان بەبراو خوشکی یەك بزانن. ئەفلاتون بەروونی باسی ئافرەت مافی مرۆڤانەی بەگشت کەس داوەو هیچ جیاوازیەکی لەنێوان پیاو ژن و مرۆڤی کۆیلەو ئازاددا نەکردووە.
سویسرا
هەروەها سویسرا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی، کەداب و نەریتی دیموکراتیانەی دەمێکە تێدا چەسپاوەو بەهێزە. خەڵکی ئەم وڵاتە شەیدای ئازادین و توانیویانە بیپارێزن. سویسرا وەختی خۆی لەسێ بەش : (ئوری و شڤێس و ئولتەرولدن) پێکهاتبوو هەر لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی رۆمانیەوە ئازادییان بۆ خۆیان دابین کردبوو.ساڵی (١٢٥٠) کەئیمپراتۆرییەتی ناوبراو هەڵوەشایەوە، ئازادی ئەم سێ وڵاتە کەوتە مەترسیەوە، بۆیە ساڵی (١٢٩٠) هەرسێ لایان پەیمانێکی سوپاییان لەگەڵ یەك ئیمزاکردو بەگوێرەی ئەم پەیمانە، دەبوایە لەکاتی هێرشی دەرەکیدا، بۆسەر هەر لایەکیان، ئەوانی تر لەسەری بێنە دەنگ و بەرگریی لێ بکەن. سویسرا بیست هەرێمی هەیە، هەر دەستوری تایبەتی و دام ودەزگاکانی کاربەڕێوەبردن و راپەڕاندنی خۆی هەیە. نزیکەی سێ هەزار شارەوانیی سەربەخۆی هەیە، کەهەریەکەیان دەوڵەتی بچکۆلەیەکن بۆ خۆیان و چارەنووسیان بەدەستی خۆیانەوەیە. دەسەڵاتی سەرەوەو ناوەند لەم وڵاتەدا هیچ بایەخێکی ئەوتۆی نەماو. بەشی هەرە زۆری شارەوانیەکان بەشێوەیەکی دیموکراسی و دەنگدان بڕیار دەدەن و کاروبار بەڕێوەدەبەن. زۆرجاریش دەنگدان راستەخۆ کراوەیە، هەرچەندە ئەم شێوەیە بۆ شارە گەورەو قەرەباڵغەکان زۆر شیاوو گونجاو نییە. شایانی باسە، تەنانەت لەسویسرا تا ئەم ماوانەی دووایی ئافرەت مافی دەنگدانی نەبوو، دووا شارەوانی ساڵی (١٩٩١) بڕیاری ئەم هەقەی بەئافرەتان دا.
دیموکراسیەت لای ژان ژاك رۆسۆ
رۆسۆ دەورێکی باڵای هەبووە، لەبانگەشە کردن بۆ ئەم بیرەداو بەهەموو تواناو بلیمەتییەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەو چەسپاندنی دیموکرسیەتی داوە. رۆسۆ باوەڕی بەوە نەبووە، کەخەڵك نوێنەری هەبێت و دەسەڵات لەچنگ کۆمەڵی خەڵکدا گیربخوات. ئەم پێی وابووە، خەڵك دەبێ بزانن چییان پێویستەو دەبێ خۆیان بڕیاری لەسەربدەن و بەدەنگدانی گشتی و ئازادانە خەڵك ژیانی خۆیان دابین بکەن و بگەنە ئامانجەکانیان.
پێناسەیەکی دیموکراسیەت
دیموکراسیەت وشەیەکی یۆنانییە، بەمانای دەسەڵاتی میللەت، یا ئەنجومەنی دەسەڵاتداری گەل، یاخود هەڵبژاردەکانی میللەت. یۆنانەکان، کەباسی دیموکراسیەتیان کردووە، مەبەستیان لەسیستمێکی سیاسی بووە، بۆ کاروبار بەڕێوەبردن و رێکخستن. کاتێك خەڵك لەکۆمەڵێکدا پێکەوە دەژین، بەرەنگاری کۆمەڵێ گیروگرفت و کاروباری هاوبەش دەبنەوە، کەیاسایەك دەبێ بەڕێوەیان ببات. بۆ ئەم رێکخستنە پێویستە ئەنجومەنێك هەڵبژێردرێت، کەتوانای بڕیاردانی هەبێت .دیموکراسیەت هەر لەسەرەتاوە هەڵگری مانایەکی چاك بووەو هەمووکارێکی پەسەند دراوەتە پاڵ ئەم چەمك و بیرە. لەم رۆژگارەی ئێستادا، دەرفەت و شوێن هەر لەکارگەو قوتابخانەو ماڵ و خەستەخانەوە بیگرە تاخەیاڵ بەرەوژوور دەچێ... دیموکراسیەتی پێوە دەلکێنرێت... بۆ نموونە، دیموکراسیەتی کارگە ، قوتابخانە ... هتد .
دیموکراسیەتی ئیدیاڵ
تۆماس مۆر ساڵی (1916/5/5) کتێبێکی لاتینی بەناوی (UTOPIA) وە نوسی وئەمەش هەر وشەیەکی یۆنانییە لە (TOPOS)ەوە هاتووە، واتە ئەوجێگەیەی وجودی نییە، یان کەس پێی ناگات، بەڵام خەڵك دەتوانێ لێی نزیك ببێتەوە. دیموکراسیەت چوارچێوەیەکی دەستوری و سیاسیەکی مرۆڤایەتی و ئەخلاقییە ، هەروەك مافەکانی تاك، ئاوەهاش ئەرکی سەرشانیان لەکۆمەڵدا دیاردەکات، ئەمەش بەئارداوێژی خۆڕایی نابێ، کەدیموکراسیەتبەئازادییەکی موتڵەق لەقەڵەم بدرێ. نمونەیەکی ساکار، ئەویاسایانەیە بۆ زامنکردنی ژیانی ژیانی خەڵك لەهاتووچۆکردندا دانراون، ئەگەر پشتگوێ بخرێن، ئەوە وەکو رۆژگاری رابردووی لێدێ، کەهەرکەس عەرەبانەکەی گەورە تر بوایەو ئەسپی زۆر تر رایانکێشایە دڕی بەئوەوانی تر دەداو دەبوایە ئەوان لەقەراغ جادەدا چاوەڕێیان بکردایە، تا (باسیعاتی) تێپەڕ دەبوو. گرانە بەشەو.. تەعریفی دیموکراسیەت بکرێت دیموکراسیەت چەمکێکی بەرفراوان و قووڵی هەیەو ئاسان نییە، بەوشە گەورەکەی روون بکرێتەوە، هەروەك چۆن منداڵێك فێری زمان دەبێت. ماوەیەکی دیاری کراوو تایبەتیی دەوێ بەو ئیشارەت و دووپات کردنەوە راهاتن و بەسەرچوونی هەندێ کات ئەمەی بۆ دەرەخسێت ئاوەهاش دیموکراسیەت پێویستی بەتێگەیشتنێکی بنەڕەتی هەموو لایەن و سیماکانی هەیە، بۆ پێناسە کردنیشی دەبێ تێیدا بژین و بەشداری پرۆسە دیموکراسیەکە ببین و هەستی پێ بکەین و بتوانین دیموکراس بین. مێژووی دیموکراسیەت لەهەرکۆمەڵ و وڵاتێکدا بگرین، مێژووییەکی پڕکۆسپ و گیروگرفت و گرانی هەبووە، نەك تەنیا وەختی ویستوە، بەڵکو لەسەرەتادا بەدەیان هەڵەو ناهەقیشدا رۆیشتووە، بەڵام کاتێ پێی ناوەتە قۆناغی پێگەیشتن و کامڵبوونەوە گۆڕانی بەڕێگەی ئاشتی و لەسەرخۆ بنەڕەتی پڕۆسەکە بوون، ئەنجامی بەکەڵکی بۆ کۆمەڵەکە بووە. ئەگەر ویستمان لەدیموکراسیەت بدوێن دەبێ شارەزای وشەو زاراوەکانی، چەمکەکانی لایەنە تیۆری و پراکتیکیەکانی، سیماکان و هەموو ووردو دریشتییەکی بین ... هەروەك چۆن شەترەنج زانێك لەهەموو ووردیاتێکی بابەتەکەی دەزانێ و ئەگەر یەکێك ئەم یارییە نەزانێ و ئەوا بەقسەوباس کردن ناتوانن تێی بگەیەنن... هەروەهاش دیموکراسیەت. نوسەر شارە نموونەییەکەی ئەفلاتوون بۆ ئەم مەبەستە بەنموونە دەهێنێتەوە .
دیموکراسیەتی نوێ یا ناڕاستەوخۆ دیموکراسیەتی نوێ ئەو جۆرەیە، کە لەرێگەی پارت و گرۆکە سیاسیەکانەوە خەڵکی نوێنەرایەتی لێ دەکرێت و لەهەڵبژاردنی گشتیدا ئەم نوێنەرانە هەڵدەبژێرێن. ئەوەی شایانی باسە ئەم جۆرە نوێنەرایەتی کردنە بەوە پاساو دراوە، کەخەڵکی وڵاتێك یاخود شارێك ناتوانێت لەشوێنێکدا هەموو جارێك کۆبکرێنەوە بۆ
ئەوەی بڕیار لەسەر چالاکییە هاوبەشەکانیان بدەن. هەروەها لەشوێنانەی کەدیموکراسی ناراستەوەخۆ پەیرەوکراوە، ئەوکەسانەی کەنزیکی بارەگای کۆبوونەوەکە ژیاون زۆرترهاتوون و بەشداریی کۆبونەوەکانیان کردووە. ئەوانەی تر، کەدوور بوون یاخود لەدێهاتەکاندا ژیاون کەم بەشداری کۆبوونەوەکانیان کردووە. جگە لەوەی، لەڕووی ئابووریشەوە زۆری تێدەچێت ئەگەر هەمووجارێك خەڵك کۆبکرێتەوە، بۆیە دیموکراسی ناڕاستەوخۆ یاخود بەنێنەرایەتی لێ کردن لەزۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکاندا هاتە کایەوە.
هەڵبژاردنی رێژەیی
لەساڵی ١٩٩٨دا بۆ یەکەم جار لەبەلجیکا ئەم جۆرە هەڵبژاردنە هاتە کایەوە. ئێستا لەبەشی هەرەزۆری وڵاتە ئەوروپیەکاندا باوە. لەم هەڵبژاردنەدا پارتییەکان (پارتییە بچکۆلەکان) چاکتر نوێنەرایەتییان لەپەرلەماندا لێ دەکرێت و کورسیەکانی پەرلەمان بەگوێرەی رێژەی. دەنگ وەرگرتن دابەش دەکرێن. کۆمەڵێك پارتی لەپەرلەماندا کۆدەبنەوە. لەجیاتی یەکدوو پارتی (هەرچەندە لەم هەڵبژاردنەشدا کۆسپێك دانراوە لەرێگای پارتە هەرە بچوکەکاندا بۆ نموونە پارتێك لەدانیمارك %2 لە سوید 4% دەنگ نەهێنێ بۆی نییە بەشداری پەرلەمان بێت) دابەش کردنی کورسی پەرلەمان، پەنا دەبرێتە بەر پشکی هەڵبژاردن و رێگای پرۆفیسۆر هوندت چاك و خراپی ئەم دوو سیستێمی هەڵبژاردنە .لە هەڵبژاردنی زۆربەدا پارتە بچکۆلەکان ناتوانن دەورێکی چالاك لەمەسەلەی بڕیاردان و کاروباری تردا ببینن و نوێنەرایەتیەکی بەهێز ناکەن. بەپێچەوانەشەوە، ئەمە لەبەرژەوەندی پارتە گەورەکانە. یەکێك لەلایەنە باشەکانی لەناو پەرلەندا ئەوەیە، کەئەوەندە سەرقاڵیی دروست نابێت لەبڕیاردان و پێشنیارەکانداو حکومەتیش لەهەنگاوەکانیدا راشکاو زاڵتر دەبێ.
کەموکوڕی هەڵبژاردنی رێژەیی.
ئەگەر حکومەتەکە هەڵوێستی زۆربەی ئەندامانی نەبێ، ئەوا دەبێ هەموو کاتێك بۆ ئەوەی پێشنیارو بڕیارەکانی سەربگرن، دەبێ لایەنگیریی لایەنێك، پارتێك ، یان چەند لایەکیان بۆخۆی مسۆگەر بکات و بەلای هەنگاوەکانیاندا رایان کێشێ... ئەگینا نابن بە یاساو راناپەڕێندرێن... بێگومان ئەمەش دەرگای سازشکاری و رازیکردنی ئەم لاو ئەولا بەکراوەیی دەهێڵێتەوە .
لایەنە باشەکانی ئەم جۆرە هەڵبژاردنە
بەشێوەیەکی بنەرەتی لایەنە باشەکانی ئەم جۆرە هەڵبژاردنە ئەوەیە، کەپارت و رێکخراو لایەنە بچووکەکان دەوریان لەکارو بڕیارداندا بەهێزتر دەبێ و دەتوانن لەسەرگرتن یان رەتکردنەوەی زۆر پرۆژەی پەرلەماندا دەورببینن. هەروەها قۆڵ و بەرەی ئەو پارتیانەی، کە لەدەوری جوغزی (چەپ و راست)ەوەن، بەچاکی لەکاروباری پەرلەمان و راپەڕاندنی بڕیارەکاندا دەردەکەوی.
ماف و دیموکراسیەت :
کاتێ باسی دیموکراسیەت دەکەین، یەکسەر پرسیارێك لەزەینماندا قووت دەبنەوە. ئایا دیموکراسیەت چییە؟ خەڵکەکە چۆن لەمافی دیموکراسیەت گەیشتوون؟ کێن ئەولایەن و بەشانەی کۆمەڵ، کەسوود لەم مافە وەردەگرن؟ یان چ لایەك و تۆقێك لەم مەیدانەدا بێدەنگن و جوڵەیان لێوە نایەت ؟ ئایا پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، وریایی و پلەو پایەی ناو کۆمەڵ و خێزان، چ کارێك دەکەنە سەر مافە دیموکراسیەکان؟ ئایا سیستمی دیموکراسی بەهێزەکانی ناو کۆمەڵ هێندەی تر بەهێز دەکات، یاخود چۆن؟ هەوڵ دەدەین لەمەودوا، بەگوێرەی توانا، لەم باسە بدوێین.
دیموکراسیەتی بچوك:
ئەم جۆرە دیموکراسیەتە پەیوەندی بە تاکەکەس، یان کۆمەڵە خەڵکێکەوە هەیە، بۆ نموونە کرێکارێك بۆی هەبێت، هەندێ شت، کەپەیوەندیی بەکارەکەیەوە هەیە،
خۆشی بەشدار بێت لەبڕیاردان لەسەری، وەك مۆڵەتی پشوودان، مافی پاراستنی نهێنیەکانی لەدام و دەزگاکاندا،... فەرق و جیاوازی لەگەڵدا نەکرێت. کۆمەڵێ خەڵك هاوبەشی راستەوخۆی ئەمەیان بۆ لواوە. لەم وڵاتەدا خەڵکەکە کۆدەبنەوەو، بەشدارن لەبڕیاردانی ئەو کارانەدا ، کەپەیوەندی بە بەرژەوەندییانەوە هەیە... قسەکانیان سەنگ و کێشی خۆی هەیەو لەمەیانی کاردا جێ دەگرێت... بۆ نموونە لەچۆنییەتی کردنەوەی قوتابخانە، نەخۆشخانە، باخچەی منداڵان ، قیرتاوکردنی رێگاوبانی گەڕەک و ناوچەکەیان... هتد بەکورتییەکەی ئەوەی لای تاکەکەس مەبەستەو گرنگە، کارو وەختی نەخۆشی و مافی نارەزایی و سکاڵاو رەخنە گرتنی بۆ زامن بکرێت. هەروەها ئەمەش، هەر نابێ (کاڵەك خۆربێ) دەبێ (بێستان رنیش بێت)... ئەوئەرك و کارو بەرپرسییەی کەکۆمەڵ دەیدا بەسەریداو چوارچێوەیەکی یاسایی دیاری کراوی هەیە، دەبێ لێیان لانەدات و جێ بەجێیان بکات .
دیموکراسیەتی گەورە
دامودەزگا سیاسییەکان ئەوانەی کاروباری کۆمەڵ بەڕێوەدەبەن، ئەم ئەرکە دەگرنە ئەستۆی خۆیان ئەم دامودەزگایانەش، لەلایەن جەماوەرەوە هەڵدەبژێردرێن و چاودێری لەکارو هەڵسوکەوتیشیان دەکرێ و لێیان دەپرسنەوە. واتە دەبێ دەزگایەکی کۆنترۆل و پشکنین هەبێ و بزانێ تا چ رادەیەك ئەمانە لەئاستی ئەو ئەەکەدان، کەهەیانەو چۆن فەرمانڕەوایی دەکەن و کاروبار بەڕێوەدەبەن. بێگومان ئەمەش لەوکاتانەدا دەبێ، کەهاووڵاتیان حکوومەت هەڵدەبژێرن و لەم مەیانەشدا ئازادیی بیروباوەڕو هڵبژاردن هەیە. بەشداری کردنی دەنگدان بایەخێکی گرنگی لەنوێنەرایەتی کردنی جەماوەردا هەیە... بۆ نموونە لەوڵاتێکی وەك سوید 10% کەمتر یاخود زیاتر خەڵك لەهەڵبژاردندا بەشدار نابێ و لە 10% باوکان و دایکان ناچن بۆ کۆبوونەوەی قوتابخانەو خێزان و نازانن کاروباری قوتابخانە چۆنەو چۆن نییە، لە 50%ی کرێکاران پەیوەندیی پتەویان بەنەقابەوە نییەو هەر ئەوەیە تیایدا ئەندامن. وەك دەردەکەوێ، نزیکەی لە 10%ی خەلك دەنگ نادەن و دوورە پەرێزی ژیانی سیاسین و بەواتایەکی تر بەم سستییەیان کارێکی باش لەباری
کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵەکەیان ناکەن، هەروەك مانای ئەوەش دەگەیەنێ ، کەلە 10% خەڵك لەداموودەزگاکانی دەوڵەتدا نوێنەریان نییەو نوێنەرایەتیان ناکرێ. چالاکیی سیاسی ئەو بەشداربوونە دەگەیەنت، کە بەچ رێگایەك بتوانێ کار بکەیتە سەر سیستێمەکە. ئەم جۆرە بەشداربوونەش شێوەی جیاواز جیاوازی هەیە، هەر لەبەشداربوونی راستەوخۆوەو بەئەندام بوون لەپارتێکدا تا ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان و مانگرتن و لەچاپەمەنیدا نووسین . بەشدار نەبوونی جەماوەرو سستی خاویی لەم مەیدانەدا، بۆشایی ماوەی نێوان سەرکردەو جەماوەر فراوانتر دەکات. جەماوەر لەپلەیەکی پەستی بێزاریدایەو تەنانەت خەڵك وای لێهاتووە، قێزی لەناوی سیاسەتمەداران دێتەوە .
پەرلەمان تاریزم :
نیشانەی گرنگەکانی پەرلەمان تاریزم ئەمانەی خوارەوەن :
١- سەرۆکی وڵات (مەلیك یاخود سەرەك کۆمار) دەسەڵاتی سیاسی نییەو تەنها رەمزێکە بۆ وڵاتەکە (کاری هەر پێشوازی کردن و سەردانی وڵاتان)
٢- دەسەڵاتی حکوم بەڕێوەبردن بەدەستی سەرەك وەزیرو راوێژکارەکانیانەوەیە.
٣- پەرلەمان دەبێ دان بەحکومەتەکەدا بنێ و متمانەی پێ بکات.
٤- حکومەت (سەرەك وەزیر)مافی هەڵوەشادنەوەی حکومەت و دیاری کردنی کاتی هەڵبژاردنی گشتی هەیە.
٥- دادگاکان رۆڵی سیاسیان نییە. خاڵی 3,2 گرنگترین نیشانەی ژیانی پەرلەمانین، بنەڕەتەکەشی خاڵی سێیەمە بەتایبەتی وهەر ئەویشە دەبێتە بناغەی دروست بوونی پەرلەمان تاریزم. بۆ ئەوەی حکومەت فەرمانڕەوایی خۆی بکات پێویستی بەمتمانەو دان پێدانانی پەرلەمان هەیە، باشتریشە ئەگەر حکومەتەکە زۆربەی پەرلەمانی لەگەڵدا بێت. هەرچەندە ئەمە مەرج نییە. بۆ نموونە حکومەتی کەمینە لەپەرلەماندا زۆربەشی نییە بۆ کاروبار بەڕێوەبردن پەنا دەباتە بەر بەرەدروستکردن لەگەڵ پارتییەکانی تردا ( واتە، پارتییە بەرهەڵسکارەکانی نێو پەرلەمان).
ئەم بابەتە لە کتێبی کۆمەڵ و سیستەمی دیموکراتی وەرگیراوە کە ساڵی 2005 لە مەکتەبی بیروهۆشیاری چاپکراوە.