عبید مام رسول
زیاتر لە سێ دەییە لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵێک ئاڵانگاری تێکەڵاو و بەیەکەوە گرێدراو کە بەردەوام هەڕەشەی جدی و لەمپەربوون لە بەردەم گەشەسەندنی (ئابووری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی).
ئەم ئەم ئاڵنگاریانە بریتین لە (خراپ بەڕێوەبردنی هەرێم و داتەپینی ئابوریەکەی) . بەدرێژایی ئەم سێ دەیەیە گەندەڵی دارایی فراوان و بەرزی بێکاری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری ) سەرەڕای بوونی سەروەتی سروشتی بەرفراوان و داهاتی جۆراوجۆر ، بەتایبەتی نەوت و غازو داهاتی ناخۆیی جۆراو جۆرو ، بەڵام سەرمایەیی ئەم سەرچاوانە بۆ گەشەی هەرێم و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی کەڵکی لێوەرنەگیراوە.
ئەم شیکارییە تیشکدەخاتە سەر ڕەگ و ڕیشەی ئاڵنگاریە ئابوری و کارگێڕیەکان و خستنەڕووی کۆمەڵێک سیاسەت و ڕێکاری چاکسازی بۆ چارەسەرکردنیان و گەیشتن بە سەقامگیری و گەشەسەندنی درێژخایەن.
یەکەم: گەندەڵی دارایی و کارگێڕی : گەندەڵی تەنیا دیاردەیەکی بەڕێکەوت نییە، بەڵکو قەیرانێکی سیستماتیکە کە بە قووڵی ڕۆچۆتە ناو دامەزراوە کارگێڕیەکان و لە سیاسەتە ئابوورییەکاندا چەسپاوە.
بەپێی پێوەرەکانی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ گەندەڵی، مەزەندە دەکرێت لە ماوەی سێ دەیەیی ڕابردوودا سەدان ملیار دۆلار بەهۆی گەندەڵیەوە بەفیڕۆچووبێت، ئەمەش هەرێمی بەرەو قەیرانێکی قوڵی ئابوری بردووە.
گەندەڵی بەجۆرێکە کە خەزێنەی هەرێمی داڕزاندووە، بەهیچ شێوەیەک توانای دابینکردنی بودجەی نییە بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کەرتە گرنگەکانی، وەک تەندروستی، پەروەردە، ژێرخانی و پیشەسازی، بەهۆی گەندەڵی و کۆمپانیاکانی سێبەرو گروپی بەرژەوەندی لەداڕوخاندان. تۆڕەکانی گەندەڵی پەیوەستن بە پارتە سیاسییەکان و گروپە بازرگانیەکانەوە، کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهات و دامودەزگاکانیان کردووەو سەروەری یاسا تێکدەدەن و ڕێگری لە چاودێری کاریگەر دەکەن.
دووەم: خراپ بەڕێوەبردن و ئابووریی لەرزۆک ئابوری هەرێم بەنزیکەیی لە ٩٥٪ پشتی بە نەوت بەستبوو کە زیاتر لە 95%ی . ئەم مۆدێلە لەدابینکردنی بودجەو داهات هەرێمی ڕوبەڕوی چەندین ئاڵانگاری کردووە وەک ناکۆکی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕال لە سەر شێوازی گرێ بەستی نەوت و بەبازاڕکردنی ئەمە سەرەڕای ناجێگیری نرخی نەوت و نەبوونی شەفافی لە گرێ بەستەکاندا ، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری توند .
پشت بەستن تەنها بەیەک سەرچاوەو پەکخستن و بێ بەهاکردنی سێکتەرەکانیتر بەواتای نەبوونی پلانی ستراتیژی بۆ گەشەی ئابوری و ئەمەشوادەکات کە ژینگەیەکی ناسەقامگیرو ناجێگیر دروست بێت و ئابووری گشتی بەرەو داڕمان ببات. حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان نەیانتوانیوە سەرچاوەی داهات هەمەچەشن بکەن بە پەرەپێدانی کەرتە گرنگەکانی وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار.
سێیەم: بێکاری و بڵاوبوونەوەی هەژاری : ئەم دیاردەیە بەوە پێناسە دەکرێت کەخاوەن بەهرەو بڕوانامەکان بە شوێن کاردا دەگەڕێن و کاری شایستەیان دەست ناکەوێت ئەم دۆخەش پێی دەوترێت بێکاری،دیاردەی بێکاری، دیاردەیەکی جیهانیەو ،بە پێی جیاوازی گەشەی ئابوری ووڵاتەکان ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە دەبنەوە ،ئابوری ناسان ڕێژەی ستانداردی بێکاریان دیاریکردووەو لەسەر ئەوە کۆکن کە ڕێژەی %5 تێپەڕنەکات، واتە گەر ئەو ڕێژەیەی تێپەڕاند دۆخەکە ناسروشتیە و دەبێت ڕێی لێ بگیرێت.
لە دوای راپەڕینەوە حکومەتی هەرێمی کورستان بە دەیان هەزار کەسی لە فەرمانگە و دامودەزگاکان دامەزراند، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، کەلەسەر بنەمای تواناو لێهاتوویی و پێویستی نەبوو، دواتر ئەمە بوو بە سەرەتایەکی پڕ مەترسیدار بۆ زیادبوونی دیاردەی بێکاری و گورز وەشاندن لە هێزی کاری ڕاستەقینەو سامانی مرۆی بۆ هەرێمێک کەدانیشتوانەکەی شەش ملوێن کەسیە، ١٫٢٩٥٫٠٠٠ هەزار موچە خۆری هەیە، واتە ڕێژەی ٪٢٢ دانیشتوانی هەرێم موچە خۆرە.
لەلایەکیتریشەوە ساڵانە دەرچونی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەزانکۆو پەیمانگاو خوێندنە پیشەییەکان و نەڕەخساندنی هەلی کار بۆیان بەهۆی نەگونجانی پسپۆڕیەکانیان لەگەڵ خواستی ئێستا ،له گرنگترین هۆکارە زیندوەکانی ئەم دیاردەیەن، بەپێی ئامارەکان ژمارەی دەرچوانی بێکار نزیک دەبێتەوە لە (٤٠٠) هەزار ، بازاڕی کاری هەرێم پێشتر زۆر پشتی بە دامەزراندنی کەرتی گشتی بەستبوو بەشێوەیرکی هەڕەمەکی ئەم کەرتە کەرتێکی هەڵئاوساو و بێبەرهەمە ، بەفیڕۆدان و گەندەڵی زۆری تێدایە .
لەلایەکیتریشەوە کەرتی تایبەت بەهۆی خراپی ژێرخانی ئابووری و گەندەڵی کارگێڕی و دەست بەسەرداگرتنی لەلایەن گروپە بەرژەوندی خوازەکانەوە لاواز و سنووردارە. خاوەن بەهرەو بڕوانامەکان لەم دۆخەدا ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆچکردن و ناڕەزایەتی و توندڕەوی زیاد دەکات.
چوارەم: بەرەو ئابوورییەکی هەمەچەشنی خاوەن ئیرادە : بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاڵانگاریە جۆراو جۆرانە، پێویستە هەرێم ستراتیژی هەبێت بۆ چاکسازیی ڕیشەیی و بەکردار هەوڵبدات بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و بنیاتنانەوەی دامەزراوەکان بەگەڕ خستنی تەواوەتی .
چەندین ڕێگاو شێوازهەن کە دەتوانرێت کەڵکیان لێوەربگیرێت ، بۆ ڕوبەڕوبووبەوەی گەندەڵی و کاراکردن و بەگەڕخستنەوەی دامەزراوە کارگێڕییەکان ، لێرەدا بەکورتی گرنگترینیان دەخینە ڕوو:
١- ڕوبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی: دامەزراندنی ناوەندێکی سەربەخۆی دژە گەندەڵی کە دەسەڵاتی دادوەری هەبێت هيزی جێبەجێکار پشتیوانی بکات.
آ- بە ئەلیکترۆن خزمەتگوزارییە حکومییەکان و کاروبارە گشتیەکان بەئامانجی بەدیهێنانی شەفافیەت.
ب- ناچارکردنی ئاشکراکردنی سامانی دارایی بەرپرسان و ئەنجامدانی وردبینی.
٢- هەمەچەشنکردنی ئابووری وەبەرهێنان لە (کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک گەشەدان بەکەرتی گەشت و گوزار) بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی هاوردەکردن.
آ-پشتگیری لە کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان بکەن و پەرە بە پرۆژەی مام ناوەند بچوک بدرێت لە ڕێگەی بەرنامەکانی پشتیوانی دارایی دارایی ئامانجدارەوە.
ب- پەرەپێدانی پیشەسازییە ستراتیژییەکانی وەک ، تەکنەلۆژیا، و بیناسازی. خۆراک.
٣- ئەنجاندانی چاکسازی بچینەیی:
آ- گۆڕینی فەلسەفەی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی ،بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ.
ب- پشتگیریکردنی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری تێکەڵ لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت بۆ دابینکردنی هەلی کاری گونجاو بۆگەنجان.
٤- چاودێری کۆمەڵایەتی:
آ- پاراستنی خێزانە هەژارو خاوەن پێداویستیەکان لە ڕێگەی تەرخانکردنی منحەی مانگانە.
ب- گەشەپێدانی کەرتی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییە بنچینەیەکان بۆ ناوچە هەژار نشینەکان.
ج - پشتیوان حکومەت بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت، و بێوەژن و خاوەن پێویستیە تایبەتەکان.
٥- چاکسازی لە سیاسەتی بودجە و دارایی هەرێم: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە تا ئێستا، هیچ پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە بودجەی ساڵانەی خۆی ئامادە نەکردووە و نەیناردووەتە پەرلەمانی کوردستان.واتا بە تێکڕایی ١٢ ساڵە هەرێم بودجەی تایبەت بە خۆی نییە کە داهات و خەرجییەکانی بە ڕوونی تێدا دیاری بکرێت. سەبارەت بە خەرجی و مووچەش، هەرێمیش ئەم ڕونکردنەوەیە دەخینە ڕوو لە مێژووی دانانی بودجە لە هەرێمی كوردستان بەپێی دیکۆمێنتەکان دەركەوێت کە حكومەتی هەرێم و پەرەلەمانی كوردستان بە درێژای ماوەی (٣٥)ساڵی حكومڕانی (٢٣) بیست و ساڵ یاسای بودجەی نەبووە ، کەبریتین لە ساڵەکانی (١٩٩٢، ١٩٩٤ و ١٩٩٥ ،١٩٩٩، ٢٠٠٠ ، ٢٠٠٢ ، ٢٠٠٣ ،٢٠٠٤ ، ٢٠٠٥ ، ٢٠٠٦ ، ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦ ، ٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩، ٢٠٢٠،٢ ، ٢٠٢١ ، ٢٠٢٢ ، ٢٠٢٣ ، ٢٠٢٤ ، ٢٠٢٥ ، ٢٠٢٦) بە دریژایی ئەو (٣٥ ) ساڵە تەنها (12)ساڵ یاسای بودجەی هەبوە كە پێك دێت لەم ساڵانە ( ١٩٩٣ ، سێ مانگی ساڵی ١٩٩٦ ، ١٩٩٧ ، ١٩٩٨، ٢٠٠١، ٢٠٠٧ ، ٢٠٠٨ ، ٢٠٠٩، ٢٠١٠، ٢٠١١، ٢٠١٢ ، ٢٠١٣).
دووبارە ئامادکردنەوەی بودجەی گشتی تا لەڕێگەیەوە گرنگی بە وەبەرهێنانی سەرمایە بدرێت سیاسەتی نوێش بۆ خەرجییەکانی کارکردن. دابنرێت.
هەرێمی کوردستان لەبەردەم چەندین ئاڵانگاریدایە ،كەخراپترینیان ئەو ئاڵانگاریە ناوخۆیانەن کە پەیوەندییان بە گەندەڵی و بێکاری و خراپ بەڕێوەبردنەوە هەیە، بەڵام زاڵبوون بەسەریاندا مەحاڵ نییە، ئەگەر ئیرادەی سیاسی ڕاستەقینە بۆ چاکسازیی هەمەلایەنە و دیدگاو ڕوئیای ڕون بۆ بوژانەوەی ئابوری و بەدیهێنانی دادپەروەری هەبێت.
دەتوانێت سەرەتایەکی نوێ بەرەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و بنیات نانەوە دەست پێبکات ، ئەمەش پێویستی سەرکردایەتییەکی ئازاو بەشداری پێکردنی جەماوەر هەیە .
*ئۆفیسی ئەمریکای باکور بۆ توێژینەوەی ئابوری
*سەنتەری الرواتب بۆ توێژینەوەی ستراتیژی
بابەتی زیاتر