دکتۆر حەمید عەزیز

١. لەمێژووی فەلسەفەدا هەر لە سەردەمی کۆنی یۆنانەوە کە فەلسەفە تێیدا سەری هەڵداوەو گەشەی کردووە تاوەکو ئەم سەردەمە، دوو دیاردەی سەرنج ڕاکێش، کەوا بە ئاسانی نە لێکدەدرێنەوەو نە یەکلایی دەکرێنەوە، بەرچاو دەکەون، لە دەرفەتی مەزەندەکردن بەولاوە لەکردن نایەت:
- پەیوەندی نێوان سوکرات و ئەفلاتون لەسەردەمی یۆنانی پێش زایین.
- پەیوەندی نێوان کاڕل مارکس و فرەدرێش ئەنگلس (Friedrich Engels) لە سەدەی نۆزدەدا.
لە ڕەوشی دیاردەی یەکەمدا پەیوەندییەکە ئەوەندە توندوتۆڵ بووە، سروشتێکی ئەفسانەیی پێ بڕاوە، چونکە ئەو جۆرە دڵسۆزییەی قوتابی بۆ مامۆستاکەی وا بە ئاسانی پاساو نادرێتەوە! ئەگەرچی سوکرات هیچ بەرهەمێکی نووسراو و تۆمارکراوی لەپاش بەجێ نەماوە کەچی ئەفڵاتون (لە دڵسۆزییەوە) لەهیچ بەرهەمێکیدا ناوی خۆی نەهێناوەو نەنووسیوە، هەرچی نووسیویەتی و تۆماری کردووە داویەتە پاڵ سوکرات! توێژینەوە شیکارییە فیلۆلۆجیەکان ساغیان کردۆتەوە کە ئەگەر دەسپێکی نووسینەکانی ئەفڵاتون جێ دەستی سوقراتیان پێوە دیاربێ ئەوا ئەوانی دواتر نووسراون بەبێ ئەگەرو گومانێک بەرهەمی زادەی بیرو خامە رەنگین و بەپێزەکەی ئەفڵاتون خۆین.
- دیاردەی دووەم کە کەمتر جێگای سەرسوڕمان نییەو مەبەستی ئەو نووسینەمانە وەنەبێ لێکدانەوەی وا سوک و ئاسان بێت، پەیوەندی چارەنووس سازی ئەنگلس بە مارکسەوە چونکە:
یەکەم: ئەنگلس خۆی لەچەند بۆنەیەکدا بە نووسین دەری بڕیوە کە لەو جیهاندیدە فەلسەفیە، سیاسیە ئابورییە کۆمەڵایەتیەی ڕەنگی ڕێژراوەو ناوی مارکسیزمی لێنراوە ئەندازیارەکەی مارکس بووەو ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە. ئەو تەنیا یارمەتی دەرێک بووە، ((ئەگەرچی داتاکان بەتەواوەتی بەپێچەوانەی ئەو قسەیەی ئەنگلس دێنە بەرچاو!)) .

دووەم: هەردوو سیاسەتمەدارو هزرمەند مارکس و ئەنگلس بە درێژایی ژیانیان پێکەوە چالاک بوون و کۆشاون بەجۆرێک هیچ جیاوازی لەنێوان کردارو بیرو بۆچونیاندا هەستی پێ نەکراوە، نە ئەنگلس دانی پیاناوە، ئەو رەوشە پتر ئەرکی نووسینەکەمان سەختر دەکات.
سێیەم: لەبلۆکی جاران ناسراو بە سۆسیالیستی (ڕوسیای جاران و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا) کۆشش کراوە فەلسەفەی مارکس، کە کۆششی لینینی خراوەتە سەر، بەیەک ڕەنگییەکی پتەو قایم نیشان بدرێ. لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەدا نووسەرو ئەکادیمی و سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا بە دەگمەن نەبێ بیریان لەو بابەتە نەکردۆتەوە، لەچەند بەرهەمێکی کەم کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن هیچی تر لە کتێبخانەکاندا بەرچاو ناکەوێ.

١. ئەو گریمانەی لە ناونیشانی نووسینەکەدا هاتووە ئەو بۆچوونەی تێدایە کە ئەنگلس ڕۆڵی تایبەتی خۆی هەبووە ئەگەرچی خۆی ئەو ڕۆڵەی بەهەند نەزانیبێ. بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە کە ئەنجامەکەی ڕوونکردنەوەی ئەو ڕۆڵەی ئەو ڕابەرە سیاسیە دەبێ لە چوارچێوەی فەلسەفەی مارکسدا واپێویست دەکات لە سەرەتاوە بزانین ئەنگلس چ کەسێکە؟ چۆن مارکسی دیتوەو چی وای کردووە هەردووکیان بەدرێژایی ژیانیان لێک دانەبڕێن و پێکەوە لەپێناو ئامانجێکدا کاربکەن و دوای نەمانی یەکێکیان ئەوی تریان جێگای بگرێتەوە؟

٢. فرەدریش ئەنگلس (Friedrich Engels) (١٨٢٠ . ١٨٩٥ز) لەبارمن ناوچەی ڤوپەرتاڵ. هەرێمی نۆرد ڕاین ڤیستیڤاڵن. ئەڵەمانیا لە خانەوادەیەکی دینداری دەست ڕۆیشتوو هاتۆتە دنیاوە. ئەو ناوچەیە لەو دەڤەرانەی ئەڵمانیا بووە ئەو سەردەمە پیشەسازییەکی پەرەسەندووی پێشکەوتووی تێدابووە بۆیە لە بەرامبەر ئەو ڕەوشەدا دۆخێکی سیاسی سەرنج ڕاکێشیش لە ئارادا بووە.
لەکۆڕو کۆمەڵە ئاکادیمیەکاندا فەلسەفەی ئایدیالیستی ئەڵەمان کە هیگڵ ڕابەرێتی کردبوو لەوپەڕی برەودا بووەو فەلسەفەی باوی زانکۆکان بووە. ئەنجام و دروشمەکانی شۆڕشی فەرەنسا بە لەبارو نالەبارەوە بە ئەرێ و نەرێیەوە گەرم و گوڕیی خۆیان لەدەست نەدابوو. ئەو شۆڕشە بوو کە بەردی بناغەی بزاڤی سەرتاپاگیری سۆسیالیزمی بە هەموو بەرەو ڕەهەندەکانییەوە دانابوو.
لە بەریتانیا کە مەڵبەندو لانکەی ڕاستەقینەی شۆڕشی پیشەسازی و پەیدابوونی سەرمایەداری بووە، پەرەسەندنی شۆڕش ئامێز ئەو کۆمەڵگایەی هەژاندووەو چەندین کێشەو بەرەی کۆمەڵایەتی بۆ دروستکردووە. کۆمەڵگا بەتەواوەتی دابەش بووە بە دووچینی دژبەیەک و لەیەکتر جیاواز:
- سەرمایەدارە خاوەن پیشەو فابریقەو کارخانەکان کە هەرچی ئامڕازی بەرهەمهێنان بووە لەژێر دەستیاندابووەو بەبێ ئارەقەکردن ئەوپەڕی خۆش ژیاون.
- چینی کرێکاران کە زۆربەیان جوتیاری کۆچکردوو بەرەو شارو باژێڕەکان بوون. لەڕەوشێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و دەرونی و سیاسی ئەوپەڕی ناهەموارو ناشایستە بە مرۆڤ دا ژیاون.
لەهێزو بازوی کارکردن بەولاوە هیچی دیکەیان شک نەبردووە. لەو رەوش و کەش و هەوایە هەمەڕەنگ و بەبڕشت و پێزەدا، سەرەڕای پەروەردەی ماڵەوەو دەوروبەر خوێندن لاوی هەڵکەوتەی ڕۆژگار فرەدرێش ئەنگلس ژیاوەو پێگەیشتووە :
شۆرشی پیشەسازی (سنعاتی) ئەنگلس چینی سەرمایەدارو پرولیتاری لێکەوتۆتەوە.
- شۆڕشی مەزنی فەڕەنسا (١٧٨٩ز) کە پتر بەلای سیاسەتدا شکاندویەتی و ئەو بزوتنەوە سیاسیە ئابورییانەی لێ پەیدابوون کە بە بزوتنەوەی سۆسیالیستی سۆسیالیزم ناسراون.
- ئینجا شۆڕشی ئایدیۆلۆجی ئەڵەمان کە داهێنەرانەو بەجۆرێک دەرفەتی هیچ گومان کردنێک نەدات. دروشم و ئەنجامەکانی هەردوو شۆڕشی پێشتر (ئەنگلس و فەرەنسای) لەچوارچێوەی فەلسەفەی ئایدیالیستی رەهادا داڕشتۆتەوەو وەک کەرەستەیەک کردویەتی بەبنەماو ڕەنگی جیهاندیدێکی سەرتاپاگیرانەی لێ ڕشتووە.

٣. ئەگەر مرۆڤ بە وردی سەرنجی ئەو بەرهەمانە بدات کە ئەنگلس بە ناوی خۆیەوە بڵاوی کردونەتەوە، هەر لەسەر خێزان و موڵکدارێتی تایبەتی تاوەکو دەوڵەت و ڕەوشی کرێکارانی بەریتانیاو ئەنتی دۆهرینگ ئەو ڕاستیەی بۆ ڕوون دەبێتەوە تا چ ئەو هەلومەرج و ڕەوشەی باسمان کرد کاریان تێ کردووەو تا چەند سودی لێ لێوەرگرتون و کردونی بە بنەمای ئەو نەزمەی کە لەگەڵ هاوڕێی خەباتی ژیانیدا مارکس ناوی دیالێکتێکی مەتریالیزم و مەتریالیزمی مێژوویی لێ نراوە .
- ئەگەرچی ئەنگلس لە بۆنەی تایبەتی و لەو نامانەدا نووسیونی ڕۆڵی سەرەکی داوەتە پاڵ مارکس و خۆی وا نیشانداوە کە لە یارمەتیدەر بەولاوە نەبووە، ئەگەر ئەو قسەیە بە جۆرە دڵسۆزییەک لە بەرامبەر مارکس دا دابنرێ و والێکبدرێتەوە کە ئەو سیاسەتمەدارە بەدوای شکۆو ناوو پایەدا نەگەڕاوە بەڵکو مەبەستی سەرەکی جێگیربوونی بیرو باوەڕەکەو ڕزگاربوونی ئەو چینە بووە کە بە پرۆلیتار نابراوە، دەکرێ دوو بۆچوونی جیاواز لە بارەیەوە قسەی لێ بکرێ.
یەکەم: هەندێک نووسەر کە چاویان بە مارکس و ئەنگلس و فەلسەفەکەیان هەڵنەهاتووە وایان داناوە کە ئەنگلس تەنیا پرو پاگندیستیک بووەو بەدرێژایی ژیانی بانگەشەی بۆ بیروڕاکانی مارکس کردووە و هەوڵی بڵاوکردنەوەیانی داوە سەرەڕای ئەوەی باوکی دەوڵەمەند بووە.
- کارگەی لە مانچستەری بەریتانیا هەبووە بەپارە یارمەتی مارکسی داوەو لە بەریتانیا جێگای حەوانەوەی بۆ دابین کردووە.
دووەم: لەو باوەڕەدابوون کە ئەو جیهاندیدەی بە مارکسیزم ناسراوە کەرەستەکەی ئەنگلس دابینی کردووەو دەستەبەری بووە مارکس تەنیا ڕۆڵی ئەندازیاری گێڕاوەو بە نەخشە ڕێک و پێکی کردووە و دایمەزراندووە.

٤. ئەو نووسەرانە پاساوی ئەو بۆچونەیان کە ((ئەنگلس دامەزرێنەری ڕاستەقینەی جیهاندیدەکەیە)) بەوە دەدەنەوە کە بیرۆکە سەرەکیەکان ڕێبازەکە تاوەکو شاکاری سەرمایە (کە مارکس نووسیویەتی) خۆی، ئەنگلس بە شێوەیەک لەشێوەکان لە بەرهەمەکاندا، جا بەشێوەیەکی سادەش بووبێ، پێشتر نووسیونی و لە نامیلکەداو لە نووسین بۆ ڕۆژنامەکان بڵاوی کردونەتەوە! ئینجا مارکس دوای ئەوەی خوێندنەوە لەگەڵ ئەنگلسدا قسەی لە بارەیانەوە کردووە کردوونی بە کەرەستەی ئەو کتێبانەی بڵاوی کردونەتەوە. تەنانەت هەر لەو سەرچاوانەدا کە ئەو نووسەرانە نووسیویانە ئەوە هاتووە گوایە ئەنگلس خۆی لەنزیکەوە لە کارگەکەی باوکی لە مانچستەری بەریتانیا ئاگای لە بارودۆخی کرێکاران هەبووەو شارەزایی لە نووسینی ئابوریناسەکانی ئینگلتەرا هەبووەو بە دوورو درێژیی مارکسی لەبارەیانەوە ئاگادار کردۆتەوە !! .
جگە لەوەی گوایە مارکس تەنیا هەر زانیاری و شارەزایی تیۆریانەی هەبووە، ئەو بابەتانەی لە زانکۆ خوێندویەتی. ئیتر لایەنە پراکتیکیە ئابورییەکە هی ئەنگلس بووەو مارکس ڕێک و پێکی کردوون!
- بە باوەڕی من و ئەوەندەی من ئاگاداری بابەتەکە بم و ئەوەندەی من لە کتێبخانەکانی ئەڵمانیا (زانکۆی مونیستەر، گۆتنگن، هانۆڤەر) شارەزا بم، هەردووک بۆچوونەکە لەجێگای خۆیاندا نین و تا ڕادەیەک لەڕاستی دوور کەوتونەتەوەو زوڵم لە هەردوو سیاسەتمەدار مارکس و ئەنگلس دەکەن:
نە مارکس بە تەنیا تیۆرست بووەو لە رەوشی ئابوری و کۆمەڵایەتی کرێکاران بێ ئاگا بووەو نە ئەنگلس پروپاگەندیست و لە فەلسەفەو سیاسەت و ڕەوشی کۆمەڵایەتی سەردەمی خۆی بێ خەبەر بووە. لێرەوە هەوڵی وەڵام دانەوەی پرسیارەکەمان دەدەین کە بریتیە لە دیاریکردنی ڕۆڵی ئەنگلس لە جیهاندیدی فەلسەفەی ناسراو بە مارکسیزم .
گومان لەوەدا نییە کە ئەو بەرهەمانەی مارکسیزم بەرجەستە دەکەن .

سێ جۆرن :
یەکەم : ئەو بەرهەمانەی کە تەنیا هەر ناوی مارکسیان پێوەیە .
دووەم : بەرهەمی تر هەن ناوی هەردووک سیاسەتمەدار مارکس و ئەنگلسیان لەسەرە .
سێیەم : ئەو بەرهەمانەی تەنیا بەناوی ئەنگلسەوە بڵاوکراونەتەوە. ئیتر لەبەرئەوەی هیچ بەڵگەیەکی پێچەوانە لەبەردەستدا نییە بۆیە دەبێ بڵێین و وای دابنێین کە گروپی یەکەم هی مارکسن و سێیەمیان هی ئەنگلسن و دووەمیان هی هەردووکیانە.
یەکەمیان بابەتی ئێمە نییەو دووەمیش ناکرێ بڕیاری لەبارەوە بدەین بەشداری هەریەک لەو دوو سیاسەتمەدارە چییەو چەندەو چۆنە چونکە هیچ بەڵگەیەک بە بوون و نەبوون و بەهیچ زمانێکی ئەوروپایی، ئەوەندەی من ئاگاداربم، لەبەردەستدا نییە، بۆیە هەردەبێ بگەڕێینەوە بۆ سەر ئەو بەرهەمانەی بەناوی ئەنگلسەوە بڵاوکراونەتەوە، ئەو گەڕانەوەیە دوو خاڵمان بۆ ساغ و پشت ڕاست دەکاتەوە:
یەکەم: ئەوانەی ئەنگلس خۆی نووسیونی بەرهەمی  زادەی بیرو بۆچوونی خۆین و گومان هەڵناگرن.
دووەم: ئەگەر جۆرە لەیەک چوونێک لە قسەکانی ئەنگلس لەگەڵ بابەتی گروپی دووەم، کە هاوبەشی هەردووکیانە لەگەڵ گروپی سێیەمدا، بەرچاو بکەوێ یان سەرنج ڕابکێشێ دەکرێ بڕیار لەبارەیەوە بدرێ کە هی ئەنگلس خۆیەتی و هەردووکیان پێکەوە نووسیویانە یان مارکس پەرەی   پێداوەو بەناوی خۆیەوە تۆماری کردووە، ئایا ئەو بڕیارە ڕەوایەو پاساو دەدرێتەوە؟!
- وەک ڕوون و ئاشکرایە، لەڕوانگەی فەلسەفەوە – ئەو جیهاندیدە دەکرێ بە دوو بەشەوە :
یەکەم: دیالێکتێکی مەتریالیزم، بەپێی پێناسەی مارکسیستەکان بریتیە لە یاسا گشتییەکانی پەرەسەندن و بزوتنەوەی بیر (هزر) و سروشت.
دووەم: مەتریالیزمی مێژوویی، لەپیادەو جێبەجێ کردنی یاساکانی دیالێکتێکی مەتریالیزم بەسەر کۆمەڵگادا. ئەگەر بێتو ڕەهەندە مێژووییەکەی ئەو جۆرە میتۆدەیە لەبەرچاو بگرین کە لەسەرەتای مانیفێستە هاوبەشەکەی مارکس و ئەنگلسدا باسی پەرەسەندنی میژووی کۆمەڵگەیان کردووە : مێژووی کۆمەڵگا لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی چینایەتی بەولاوە نییە، سێ چەمکی سەرەکی کە گەوهەری ئەو میتۆدەیە پێکدەهێنن بەرچاو دەکەون :
- مەتریالیستی و مەتریالیزم: ئەمە خەسڵەتێکی سەرەکی ئەو جیهاندیدەیە، بەو واتایەی هۆکاری سەرەکی گۆڕان و بەرەوپێش چوون و پەرەسەندن فاکتەرێکی ماددیە، بنەمای ئابوری بنەڕەتی هەموو جۆرە دەستنیشان کردنێکی کۆمەڵایەتی و کولتورییە. لەو ڕەوشەدا فرە ڕەنگی دەبرێتەوە سەر یەک ڕەنگی، بۆسەر بنەمایەک ئەویش ماددە-ئابورییە.
- مێژوویی: پەرەسەندن ڕەهەندێکی مێژوویی هەیەو ئەو ڕەهەندە هەموو شتێک دەگرێتەوە بۆیە شیکردنەوەی مێژووییانەی پەرەسەندن و گەشەکردن پرۆسەیەکی ناوەندییە Zentral بۆ تێگەیشتنی کۆمەڵگاو دیارو دەستنیشان کردنی ئاڕاستە دواڕۆژییەکانی .
- دیالێکتیک: بنەمای پەرەسەندنە، چونکە بزوتنەوەی مێژوو بەجۆرە بەرەوپێشچوونێک دادەنێ و ئەو بەرەو پێشچونەش بە پەرەسەندن و بەلایەکداخستنی ناکۆکیەکان تێدەگات.
ئەگەر پشت ئەستوور بەوەی گوترا ئینجا سەرنجی ناوەڕۆکی ئەو بەرهەمانە بدەین کە ئەنگلس نووسیونی و بڵاوی کردونەتەوە دەگەینە چ ئەنجامێک و دەرفەتی چ جۆرە بڕیاردانێک دێتە پێشەوە؟!

٥. بەرهەمێک لەو بەرهەمانەی ئەنگلس کە سەرنج ڕادەکێشێ و دەکرێ بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری سەرەکی ئەو بابەتە پشتی پێ ببەسترێ کتێبی ((ڕەوشی چینی کارگەرانە لە ئینگلتەرا)). لەو کتێبە تۆوی ئەو شاکارە ئابورییانە هەبووە کە نەمامەکانیان دواتر لە کتێبە ئابورییە سیاسیەکانی مارکس دا شین بوون و هاتوونەتە بەر. ئەنگڵس بە ڕەوانی و بێ گرێوگۆڵ و بێ تەمومژ ڕەوشی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی چینی کرێکاری ئەنگلس لە سایەی ڕژێمی چەوسێنەری سەرمایەداری ئەنگلسدا باس دەکات و ڕەهەندە فرە ڕەنگییەکانی چۆنیەتی ڕزگاربوونی ئەو چینەو داهاتەکانی دواڕۆژی تێکۆشان و چەندین گریمانەی ئابوری کە دواتر لە سەرمایەی مارکسدا تیۆریزە کراوە، دەخاتە ڕوو توێ توێیان دەکات. بەڵگەیەک کە پتر ئەو بۆچونە پشت ڕاست دەکاتەوە ئەوەیە: مارکس بەشی یەکەمی سەرمایەی نووسیوەو کۆچی دوایی کردووە. دەکرێ ئەوە بەو لێکبدرێتەوە کە هەر لەسەرەتاوە ئەنگلس لە ناوەرۆکی ئابوری ئەو بەرهەمە گرنگە ئاگادارو شارەزا بووبێ ئەگینا پێی تەواو نەدەکرا یان هەرنەبێ لە ناوەرۆک و شێوازی بەشی یەکەم و بەشەکانی تریدا جۆرە جیاوازییەک هەست پێدەکرا. ئەو جیاوازییە نییەو ئەگەر ئاگادارن ئەو ڕاستیەیان نەدرکاندبایە بە تایبەتی (کاڕل گاوتسکی) دوور نەبوو کەس نەیزانیبایە کە ئەنگلس دوای مردنی مارکس ئەو کتێبەی تەواو کردووە.
لەکتێبی چینی کارگەرانی لە ئینگلتەرادا ئەنگلس زۆر بە وردی (لەساڵی ١٨٤٥ز) هەندێک چەمک و بابەتی بەکارهێناوە لە دواییدا لە شاکارەکانی مارکسدا بوون بە بابەتی سەرەکی بۆ نموونە بۆ یەکەم جار ((ناکۆکی چارەنووس سازی نێوان سەرمایەدارو کرێکاری)) باس کردووە کە ئەو دوو وشەی ئەڵمانی بەکارهێناوە واتای ((خاوەندارو بێ بەش)) بەکارهێناوە. ئەو ناکۆکییە چارەنوس سازەی نێوان ئەو دوو چینە پێش ئەنگلس لەلایەن سیاسەتمەدارو ئابووری ناسانی ئەنگلس بەپێچەوانەوە سروشتێکی سۆزو ئاکاریان پێ بەخشرابوو بەتایبەتی لەلایەن ڕۆبەرت ئۆیین و بزوتنەوەی چارتی. ئەنگلس وردبینانە بۆچوونی ئەو دوو سیاسەتمەدار و ئابوریناسەی شیکردۆتەوەو کۆشاوە هەردوو بۆچونەکانیان زانستیانە ئاوێتەی یەکتر بکات و لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە ئاوێتەی یەکترییان بکات و چەمک و ناوێکی ڕاستەقینەیان بۆ بدۆزێتەوە ناوێک جیهاندیدەکەی بە سۆسیالیستی یۆتۆپی ناوبردووەو داوای کردووە لەو بزوتنەوەیەدا چینی کرێکار دەستپێشخەری بکات و ببێ بە هێزێکی کاریگەر. بە واتایەکی دیکە ئەنگلس پێش دەرچوونی شاکارە سەرەکییەکانی مارکس ئەو ڕەوشەی سیاسی لە ئارادابووی وڵاتی ئینگلیز و ئەوروپا بە پەیوەندی ناکۆکی نێوان چەوسێنەرو چەوساوەکان لەچوارچێوەی سۆزو ئاکارو یۆتۆپیاوە خستۆتە نێو چوارچێوەیەکی ڕاستەقینەی ڕیالیستی زانستییەوە ئەویش بەوەی کە سروشتە ڕاستەقینە ئابورییەکەی پێ بەخشیوەو لەچوارچێوەی خەبات و تێکۆشانی پەرلەمانتاری هێناونیەتە دەرەوە. چارەنوسی کرێکارو پەیوەندی بەو چەوسێنەرانەوە – لە دیدی ئەنگلسەوە – هیچی تر لەچوارچێوەی سەندیکاو پەرلەماندا چارەسەر ناکرێ بەڵکو بەهۆی خەبات و تێکۆشانی چینایەتییەکی پشت ئەستوور بە هۆشیاری چینایەتی و هۆکاری سەرەکی ئابورییەوە دەبێ. ئەو ناکۆکییە بەپێوەری فەلسەفە لەچوارچێوەی هەست و سۆزو بابەتی ئاکاری مرۆڤانەدا دەرهێنراوەو خەسڵەتێکی بابەتی ئابوری ناچاری
لەلایەن ئەنگلسەوە پێ بەخشراوە.

٦. شان بەشانی ئەو دەستپێشخەرییە ئابورییە زانستیەی ئەنگلس کە کەرەستەی هاوردەی شۆڕشی سەنعاتی ئەنگلس و بۆچوونی ڕۆبرت ئۆیین و بزوتنەوەی پارتی و پەرلەمانتاری شیکردۆتەوەو تاوتوێی کردووە و دەستی خستۆتەسەر لایەنە سەرەکییەکەی : ناکۆکی چینایەتی و هۆکاری ئابوری و خەبات و تێکۆشان و هۆشیاری چینایەتی و ئەرکی میژوویی سەرشانی پرۆلیتار، لەلایەن تیۆرییەوە سەرکەوتووانە هەوڵی داوە یاساکانی دیالێکتیک بەسەر کۆمەڵگادا پیادەو جێبەجێ بکات لەوەش باڵەکەی تری مارکسیزم کەوتۆتەوە کە مەتریالیزمی دیالێکتیکی بووە.ئەو هەوڵە سەرکەوتووە لە شاکاری بنەمای خێزان و موڵکدارێتی تایبەتی و دەوڵەتدا هاتۆتە بەر خێزان یەکەی سەرەکی کۆمەڵگایە. توێژینەوەی کۆمەڵگاش ئیتر لە هەر ڕەهەندێکەوە وەربگیرێ و بایەخی پێبدرێ لە خێزانەوە دەست پێدەکات. خێزانیش لەلای خۆیەوە یەکەیەکی کاکڵەیی بچووکە تێیدا پەیوەندی ئەندامانی تاڕادەیەک پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە دواڕۆژییەکان دەردەبڕێ و بەرجەستەی دەکات.
بۆ تاوتوێ کردنی ئەو لایەنە لەسۆنگەی دیالێکتیکی پشت ئەستوور بە ڕێبازی مەتریالیستی سەرکەوتوانە توانیویەتی، جۆرە یەکڕەنگییەک لە هەردوو بابەتی بیرو هزری ڕەخنەگرانەو خواستی ئازادی سیاسییانە ڕەنگبڕێژێ، ئەو جۆرە بەرامبەر بەیەکتری دانانی بیرو خواست، زانین و کردار لە بۆچوونی فەلسەفەی سیاسیەوە کە (بە دەستکەوتێکی ئەنگلس دادەنرێ) خۆی لەخۆیدا پرۆسەی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بەرجەستە کردووە کە بارگۆڕینێک لە هۆشیاری کۆمەڵایەتی و هەلومەرجەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا بەدی دەهێنێ، بارگۆڕینێک ئاسۆی دواڕۆژ دیارو دەستنیشان دەکات کەوابوو پەیوەندی ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتیە بە بیرۆکەی کۆمۆنیزم و دیموکراتی و ڕزگاربوونی پرۆلیتاریەوە چییەو ئەو چەمک و بابەتانە کە لە دواییدا بوون بە کەرەستەی سەرەکی قاموسی مارکسیەت چین؟! هیچ گومان لەوەدا نیە کە ئەو چالاکیەی ئەنگلس کە لەشاکاری بنەمای خێزان و موڵکدارێتی تایبەتی و دەوڵەتدا خەت و خاڵی داوە بە تەواوەتی سروشتی ئەو ڕەخنە ئایدیولۆژیەی دەستنیشان کردووە کە ئەو کەڵە نووسەرە لە کۆمەڵگاو دەوڵەتی گرتووەو کە بە ڕەخنەگرتنی ئایدیۆلۆژییانەی کۆمەڵگا ناسراوە.
ئەو لایەنەش وەک لە سەرچاوەکان دەردەکەوێ، ڕەخنەگرتنی کۆمەڵگاو دیاردە کۆمەڵایەتیەکانی تایبەتی ئایین، لەگەڵ دەوڵەت هەر لە سەردەمی هیگڵەوە ئەرکی سەرەکی ئەو ڕەخنەیە بووە کە فەلسەفە کردویەتی بە شاچالاکی خۆی.
چارەسەکردنی کێشەی خێزان و کۆمەڵگاو هێنانەوەی دەوڵەت بۆسەر ڕێگای ڕاستی خۆی بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەبێ شۆڕشێک چینی کرێکار سەرپەرشتی بکات و بە رزگارکردنی خۆی تێکڕایی کۆمەڵگا ڕزگار دەکات هەر لێرەوە ئەنگلس کێشەی کرێکاری لە چوارچێوە نەتەوەییەکەیەوە دەرهێناو سروشتێکی جیهانی چینایەتی پێ بەخشیوە.

٧. لەهەردوو شاکاری ئەنتی دۆهرینگ و دیالێکتیکی سروشت دا ئەنگلس کۆشاوەو سەرکەوتوانە دیالێکتیکی لە چوارچێوەو کایەی کۆمەڵگاو پەیوەندییە ئابورییەکانەوە بردووە بۆ دیاردەکانی سروشت و بەو هەنگاوە هەردوو کایەی زانینی دیاردە سروشتیەکان و دیاردەکانی هزری (لوژیکی) بەدیالێکتیک کردووە.
دیالێکتیک خۆی لەخۆیدا وشەیەکی یۆنانی لاتینیە لە سەردەمی (کۆنی پێش زایین) لەلایەن هیراکلیتسەوە بەکارهاتووەو بایەخی پێدراوە. میتودەیەکی چالاکی فەلسەفەیە لەلای هیگڵ ''لەبیرو هزردا'' گەیشتۆتە چڵە پۆپەی پەرەسەندن و گەشەکردنی :-
پرۆسەی بیر بەشێوازێکی دیالێکتیکی، پشت ئەستوور بە ناکۆکەکان – چالاک دەبێ، بە بیرۆکەیەکی ئەرێ دەست پێدەکات، بە بیرۆکەیەکی نەرێ بەرپەرچی دەداتەوە، لە هەردووکیان بیرۆکەی سێیەم دێتە کایەوە (تێزە-ئەنتی تێزە-سونتێزە). ئەو پرۆسەی بیرە، بیر وەک بیرکردنەوەو جارێکی دیکە وەک بوون بەرجەستە دەکات، ئەگەر قسەکەی هیگڵ لێرەدا بەکاربهێنین دەڵێین: بیر (گیان) بەخۆی ناکۆک دەبێ سروشت بەدەردەکەوێ سروشتی ماددی ڕەتکردنەوەی رەوشی بیر لە قۆناغێکی دیاریکراوی پەرەسەندنی گیان – ژیردا. ئەو قسەیەی هیگڵ ئەگەر تۆزێک ساکارتر دەرببڕدرێ دەکرێ بگوترێ : دیالێکتیک میتودەی پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونی بیر – هزرە کە جارێکیان لە کایەی خود، جارێکیان بابەت (بووندا) دەبێ و جاری سێیەمیان خودو بوون دەگرێتە خۆی.
-ئەگەر مارکس بە دەگمەن نەبێ باسی دیالێکتیکی نەکردووە ئەوی بایەخی بەو لایەنە داوە ئەنگلس بوو، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە مارکس دیالێکتیکی لە کایەی پەیوەندییە ئابورییەکاندا بەکار بردووە بە تایبەتی ((لە ڕەخنەگرتنی ئابوری سیاسی))و لە شاکاری (سەرمایە)دا .
لە هەردوو شاکاری ئەنتی دوهرینگ و دیالێکتیکی سروشتدا یاساکانی دیالێکتیکی بەوپەڕی ڕوون و ڕەوانی بەسەر پەرەسەندنی دیاردەکانی گۆڕانی مرۆڤ و پەیوەندییە مرۆڤیەکان و سروشت و زانستی سروشت دا جێبەجێ و پیادە کردووە و ساغی کردۆتەوە کە زانینی مرۆڤ وەک پرۆسەیەکی هەمەرەنگ سروشتێکی دیالێکتیکی هەیە .
ئەو ئەنجامەش ئەنگلس پێی گەیشتووە ئەوەیە کە نەک هەر مێژوو کۆمەڵگا بەڵکو پەرەسەندنی سەرجەم ژیان و جیهان بە هەموو بوارەکانیانەوە پەرەسەندنەکانیان پابەندی یاساکانی دیالێکتیکن. ئەو یاسایانەش بوونی کارای سەربەخۆی خۆیانیان هەیەو لە خواست و بڕیاری مرۆڤ بەدەرن .
ئەنجام
وەڵامدانەوەی پرسیاری سەرەکی ئەو بابەتە کە دەربارەی ڕۆڵی فرەدرێش ئەنگلسە لەچوارچێوەی جیهاندیدی مارکسیەتدا، ئەگەر چی وا سوک و ئاسان نییە، بەڵام دەکرێ پشت ئەستور بەو سەرچاوانەی کە لە پەنجەی دەستێک تێناپەڕن (بە ئەڵمانی) لەسەر بەشداری ئەو سیاسەتمەدارە نووسراون و ئەو بەرهەمانەی خۆی نووسیونی یان ناوی ئەویان لەسەرە دەکرێ تا ڕادەیەک ئەو ڕۆڵە مەزەندە بکرێت.

بۆ ئەو مەبەستە ئێمە سێ بەرهەمی (ئەنگلس) مان هێناوە :
یەکەم: ڕەوشی چینی کارگەران لە ئینگلتەرا .
دووەم: بنەمای خێزان و موڵکدارێتی تایبەتی و دەوڵەت.
سێیەم: ئەنتی دوهرینگ – دیالێکتیکی سروشت .

لەهێنانەوەی ئەو سێ نمونەیەوە – کە لەو نوسینەوەیەدا باسکردنی ناوەڕۆکەکانیمان بە پێویست نەزانی. گەیشتینە ئەو ئەنجامەی ئەو مەزەندەیە بکەین کە ئەنگلس لە شاکاری یەکەمدا زانیاری تەواوەتی دەربارەی ڕەوشی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و چینایەتی چینی کرێکاری ئەنگلس داوەتە دەست مارکس واتە ئەو سیاسەتمدارە پێشوەخت ئەو بابەتانەی نووسیوەو پێشکەشی کردووە کە مارکس لە شاکاری – سەرمایەداریدا- تیۆریزەی کردووەو بەشێوەیەکی زانستی ڕێک و پێک تۆماری کردووە. لە شاکاری بنەمای خێزاندا ئەنگلس سەرکەوتوانە یاساکانی دیالێکتیکی بەسەر دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگادا پیادەو جێبەجێ کردووە بەوە بە دامەزرێنەری ڕاستەقینەی مەتریالیزمی میژوو ناودەبرێ.
تەنانەت هەندێک نووسەرو سەرچاوە پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە کە ئەنگلس بەردەوام لە قسەکردن و نووسینەکانیدا باسی هەردوو چەمکی دیالێکتیک و لێکدانەوەی مەتریالیستیانەی مێژوو بەگشتی و مێژووی کۆمەڵگای بەتایبەتی کردووە. جیاوازییەکەش لەنێوان هەردوو نووسەردا لەچۆنیەتی توێژینەوەو باسکردنەکەدا دەردەکەوێ. ئاشکرایە کە مارکس ئەکادیمی بووەو دکتۆری فەلسەفە بووەو ئەنگلس ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخساوە ببێ بە دکتۆر .
لە هەردوو بەرهەمی ئەنتی دوهرینگ و دیالێکتیکی سروشتدا پرۆسەی زانینی مرۆڤی بەدیالێکتیک کردووە بەتایبەتی دیاردە سروشتیەکان بەو پێیە ئەنگلس ئەندازیارێکی لەژێر پەردەی مارکس داو لەسێبەرەکەیدا ئارام گرتوو بووە.
بەهێمنی و لەسەرخۆ ئەو کەرەستەیەی ئامادەو پێشکەش کردووە کە مارکس کۆشکی جیهاندیدەکەی لێ دروست کردووە. هەروەها لەچەند نامەیەکدا ڕوون بۆتەوە کە مارکس بەوردی شتەکانی ئەنگلسی خوێندۆتەوەو وەک ئەکادیمیەک مشت و ماڵی ناوەڕۆکەکەیانی کردووەو ڕوخسارو ناوەڕۆکی پێ بەخشیون.
ڕۆڵی ئەنگلس بەهیچ جۆرێک لە هی مارکس کەمتر نەبووە، جگە لەوەی کە چالاکانە لەژیانی ڕۆژانەدا هەوڵی پیادەکردنی جیهاندیدەکەی داوەو دوای کۆچی دوایی مارکس بەشی دووەم و سێیەمی شاکاری (سەرمایە)ی تەواو کردووەو بووە بە ڕابەری چالاک و کارای سۆسیالیستی ئینتەرناسیۆناڵ.
لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێ و ناشێ بوونی هەر یەکێک لەوان بەبێ ئەوی تر لەمێشک و بۆچووندا وێنا بکرێت.
دۆستایەتی و چالاکی هەردووکیان شانبەشانی سوکراتی مامۆستاو ئەفلاتونی قوتابی ئەو دیاردەیەیە کەوا بە ئاسانی یەکلایی ناکرێتەوە بەڵام مەزەندە دەکرێت، ئەوە بوو کە ئێمە کردمان .

ئەم بابەتە لە ژمارە (١٠) گۆڤاری کەلتور لە تەموزی ٢٠١٣ ساڵی چوارەم، بڵاوکراوەتەوە.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved