ئەم کتێبە لە نوسینی (د.موکەڕەم تاڵەبانی)یە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ چاپ کراوە، یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیرو هۆشیاری.
ڕاپەڕینی جەماوەری
لە بەهاری ١٩٩١، ڕاپەڕینێکی چەکداری لە سەرانسەری کوردستان ڕویدا، وەنەبێ ئەمە ڕوداوێکی سەردەستی بێت، بەڵکو بەرهەمی ئەم خەباتە دورودرێژەی جەماوەری کوردو پلانی هێزە نیشتمانییەکان بوو، کە لەشکری بێ شماری عێراق لە وێرانکردنی کوردستاندا بە خەڵکیان دەوت "ولک" کەچی لە "کوێت" بەرامبەر لەشکرانی هاوپەیمانان هەڵاتن و هەموو چەک و جبەخانەیەکی قورسیان بەجێهێشت.
بەرەو کوردستانی ئازاد
من ئەم دوو وشەیەم هەزاران جار بیست، کوردستان.....ئازاد.. بەڵام لە هەموو تەمەنمدا پێکەوە نەمان بینیبوو. ئایا کوردستان و ئازاد یەک بگرن چۆن دەبێت؟!
لە بەیانی رۆژی ٢٧/٣/١٩٩١، ئەفسەرێک لە ئۆتۆمۆبیلێکەوە هاتە بەر دەرگامان، منیش خۆم ئامادە کردبوو (ڕزگار)ی برازاشم لەگەڵ خۆم دەبرد. ئەفسەرەکە وتی من تاکو دوا سەنگەری سەربازی دەتان بەم و ئیتر خۆتان دەچن. ئەفسەرەکە ئۆتۆمۆبیلەکەی لێدەخوڕی، لە ڕێگای بەغداد- تکریت- کەرکوک کەوتە ڕێ.
گەیشتینە سەر پرۆژەی ئاوی کەرکوک لە (حەویجە)، گەیشتینە سەر پردی جۆگەکە، ئەفسەرێکی عەقیدی لێ بوو ووتی: قەدەغەیە ، کەس ناڕوات. ئەفسەرەکەمان ووتی :ئەمە (موکەڕەم تاڵەبانی)یە لەلایەن سەرۆک سەدام حوسێنەوە نێردراوە. لە لاپەڕە ٢٠ تا ٢٥ بە وردی باس لەوە دەکات کە چۆن ئەو ڕێگایەی بڕیوە.
کەساسی میللەتی کورد هەر ماوە
هێشتا لە سەیتەرەکە بووین دوو لۆری زیلی سەربازی هاتن، پڕ بوون لە ژن و منداڵ و پیاوی پیرو وەکو مەڕو ماڵات لەو دەشتە هەڵیان ڕشتن. ئەمانە لە دوزەوە هێنرابوون. دەبێت بە پێ بچنە ئاوەدانییەکی کوردستانی ئازاد، بەڵام دەبێت چەند کیلۆمەتر بەبێ نان و ئاو ئەم ڕێگایە بدەنە بەر. تاکو دەگەنە قادر کەرەم، وادیار بوو پیاوانی گەنج، یان چوبونە ڕیزی شۆڕش و یان لە لایەن حکومەتەوە بۆ کوشتنیان دەسگیر کرابوون. ئێمە لە یەکەم هەنگاودا ئەم پانۆرامایەی کوردستانی ئازادمان بینی. بەرەو قادر کەرەم کەوتینە ڕێ تاکو ئێرە، نە حکومەت و نە پێشمەرگەی لێ نەبوو. قادر کەرەممان بەجێهێشت و بەرەو بانی مەقان دەچوین.
بانی مەقانمان بەجێهێشت و بەرەو سلێمانی دەچوین، بە درێژایی ڕێگا وێنەکانی سەدام تێکدرابوون و ئاڵاو دروشمی پارتی کوردستانییەکان دانرابوو.
بڕیار درا لەگەڵ کاک سەڵاح تاڵەبانی بچمە هەولێر، هەتا چوینە پێچەکانی چیای (هەیبەت سوڵتان) هیچ نیشانەیەکی شەڕی ڕاپەڕین نەدەبینرا. بەڵام لە پێچەکانی هەیبەت سوڵتان گەلێک تانکی سوتاوو تۆپی بەجێماو دەبینرا. لە هەیبەت سوڵتانەوە، بە ناو شاری ڕۆڵەی ئازای کۆیەدا بەرەو هەولێر چوین. هەولێر بە دروشم و ئاڵای سەرکەوتن رازبوەوە- لەو مەیدانەی، کە بارەگای پارتەکانی بەرەی کوردستانی تێدابوو، تانکێکی گەورە دانرا بوو.
لە بەیانی رۆژی ٢٩/٣/١٩٩١ لەگەڵ کاک سەڵاح تاڵەبانی و شاڵاوی کوڕی و چەند ئۆتۆمۆبیلێکی پێشمەرگە، لە ڕێگا (عشائر السبعة)وە دەچوین بۆ دهۆک، ئەم ڕێگایە زۆر دوور بوو بەڵام چارە نەبوو.
گەشتینە ناحیەی عشائر السبعة، جگە لە هاوڵاتی بەتەمەن کەسی وای تێدا نەمابوو. ئیتر لە تۆپبارانی چیای (پێرس) نەماندەتوانی بەرەو ژوور بڕۆین. وا دەردەکەوت هێرشی سەربازی حکومەت بەرەو هەولێر و بەرەو دهۆکیش دەستی پێکردبوو. ئیتر ڕێگای ئەوە نەدەما بەرەو دهۆک بڕۆین. چونیشمان بێ سوود دەبوو چونکە مام جەلال نەیدەتوانی بگاتە ئەوێ. بە ناچاری بەرەو هەولێر گەڕاینەوە.
چۆن لە مردن ڕزگار بووین؟!
ئەگەر ئاوڕێک بدەینەوە، دەبینی چەند هۆیەک ڕێگای خنکاندنی ئەو ڕاپەڕینەی کردەوە:
١-ئەمریکا بە هیچ جۆرێک نەیدەویست ئەو ڕاپەڕینەی لە سنووری ئێرانەوە هاتە ناو عێراق، لە باشوورو باکور، سەرکەوێت. لەبەر ئەوە بە هەموو توانەیەوە پشتگیری لە حکومەتی سەدام حوسێن کردو ئەو لەشکرەی کە هەموو چەکی قورسی بەجێهێشت و هەڵات ڕێگای کۆکردنەوەی بۆ ئامادەکردو بەو چەکە بەجێماوانە دووبارە پڕ چەکی کرد، کە بتوانێت ڕاپەڕینی باشوورو باکوور سەرکوت بکات.
٢-هەر لە سەرەتاوە بەرەی کوردستانی داوای لە جەماوەر کرد کە بە ڕاپەڕینێکی ئاشتیانە بێنە سەر شەقامەکان و داوای مافی رەوای کورد بکەن. وای دەزانی لە دۆڕاندنی شەڕو ڕاپەڕینی شیعە لە باشوور وبوونی هێزی سەربازی لە کشانەوەی کویت، ئیتر توانای ئەوەی نەماوە بەرهەڵستی ڕاپەڕینی جەماوەرو داواکەیان پێشێل بکات، لەبەر ئەوە هێزی پێشمەرگە تەنها لەو جێگایانەی کە هێزی ئاسایشی حکومەت بە هێزی چەک بەرگریان کرد ، پێشمەرگە بۆ بەرژەوەندی و سەرکەوتنی جەماوەر هاتە ناو کۆڕی بەیەک دادان و بارودۆخی بۆ جەماوەر گۆڕی.
٣-لەو کۆبونەوەیەم لە (سەڵاحەدین) لەگەڵ سەرکردەکانی بەرەی کوردستانیدا، هیچ باس لەوە نەدەکرا کە چۆن ئەو هێرشەی حکومەت راگرن. داوایان لە من کرد، کە بە زوترین کات بگەڕێمەوە بەغداو داوای گفتوگۆی ئاشتی بکەم. نەیاندەزانی سەدام حسێن ئەگەر بە جۆرێکی ئاشتیانە گفتوگۆش بکات، دەیەوێت لە هەڵوێستی بەهێزیەوە بیکات.
کوردستان بەوە ئازاد نەبوو بەڵام هەنگاوێکی زۆر گرنگ بۆ فێربوونی جەماوەر، کە دەتوانی، لە دەرفەتێکی تردا کوردستان ئازاد بکات.
لێرەدا بە کورتی ئەم کتێبەمان ناساند کە بە وردی لە کتێبەکەدا باس لەوە دەکات کە چۆن هەوڵی ڕاپەرین و ئازاد کردنی کوردستانیان داوە.
بابەتی زیاتر