رانان : تاژان عومەر

ئەم کتێبە لە نوسینی (نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا)یە، یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی (کەوانە)، ساڵی ٢٠١٢ چاپکراوە. ئەم کۆمەڵە وتارەی لە دووتووێی ئەم کتێبەدا چاپ و بڵاویان دەکەمەوە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٢ دا نوسراونەتەوە کە هەموویان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەو ناونیشانەی کتێبەکەوە هەیە. سەرجەمی ئەم وتارانە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە کەیسی دەوڵەتی کوردییەوە هەیە کە لەم چەند مانگەدا زۆر بە گەرم و گوڕی لە میدیا لۆکاڵی و دەرەکییەکاندا باسی لێوە دەکرێ. ئەوەش هۆکارێکی تری سیاسی – پراکتیکیەوە بۆ گرنگیی کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە وتارانە کە هیوادارم یارمەتیدەرێک بن بۆ خوێنەران بە مەبەستی بەشداریکردنێکی هۆشیارانە لە بیناکردنی دواڕۆژێکی گەش بۆ ئەم گەلە.

یاخیبوون لە بازنەی (دەسەڵات) دا
خولیای سەربەخۆیی بۆئازادی دیاریکردن و بڕیاردانی چارەنووس بە واتا بەرتەسکەکەی بەستراوەتەوە بە کەیسە سیاسیە نەتەوایەتیەکانەوە، بەڵام بە واتا گشتییەکەی، تایبەتمەندی و خەسڵەتێکی جەوهەری و جیا نەکراوەیە لە پێکهاتەی مرۆیی مرۆڤ. یاخیبوون بەسەر دەسەڵاتدا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆ، یان هەڵبژاردنی چارەنووسێکی تر، یان بۆ گۆڕینی دەسەڵات، خەسڵەتێکی جیانەکراوەیە لە پێکهاتەی مرۆیی مرۆڤ، چ لەسەر ئاستی تاک بێت یان لەسەر ئاستی کۆمەڵ. ملکەچبوون و ڕازیبوون بە دیفاکتۆی ژێر دەستەیی هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت کە مەیلی یاخیبوون و ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی ئەوی تریان ئەوانی تر (زاڵبووەکان) لە ئارادا نەماوە، بەڵکو ئەوە نیشانەی خەفەکردنی کاتیی ئەو مەیلە و نیشانەی کەمدەسەڵاتیی ژێر دەستەکانە سەبارەت بە دەربڕینی مەیلی سەربەخۆیی بڕیاردان لە شێوەی یاخیبووندا بۆ گۆڕینی ئەو دیفاکتۆیەو هێنانەدی سەربەخۆیی.
بڕیاردانی چارەنووس لە نێوان ماف و ئازادیدا

(بنەما پراکتیکیەکان)
تاکو ئێستاش زۆر بە وردیی و هەمەلایەنە ئەوە بۆ هزری مرۆیی ساغ نەبۆتەوە لە چ کات و شوێنێکدا بۆ یەکەمین جار دەسەڵاتی پیاو بەسەر ژندا پەیدا بووە و برەوی سەندووە و ڕەگەزی مێینەی مرۆڤ بووە بە ژێر دەستەی رەگەزی نێرینە. هەروەها ژێردەستە کردنی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە (بە گشتی) لە ڕووی کات و شوێنی پەیدابوونی دیاردەکەوە بۆ هیچ لێکۆڵیارێک ساغ نەکراوەتەوە و ساغیش ناکرێتەوە. زانینی ئەو سات و شوێنەش لە باری مێژووی و شیکارییەوە هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نییە و کاری شیکردنەوەی فۆرمالیستیە. ئەوەی لەم بارەیەوە گرنگیی خۆی هەیە چۆنێتی سەرهەڵدانی دیاردەکەو هۆکارەکانی سەرهەڵدان و هەلومەرجەکانی دووبارە بوونەوەو بەرهەمهێنانەوە و درێژەکێشانی ئەو ژێر دەستەکردنە یە لەگەڵ ئاکامە جیاجیاکانیدا. لێرەدا پێویستە دووپاتی بکەینەوە کە نەفیکردنەوەی هەمەلایەنە و ڕەها یان نەفیکردنەوەی ڕێژەیی ماف بە گشتی و مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی کوردستان لە دەستووری دەوڵەتی تایفەگەریی عێراقدا پرنسیپی یەکەمی هەموو شێوازەکانی دەسەڵات بووە بە دەسەڵاتی ئێستاشەوە کە دەسەڵاتدارانی ژێر دەستیش بەشدار و هاوکارن تیایدا.
(ئازادی) بڕیاردانی چارەنووس تا ڕادەی جیابوونەوە پرنسیپی چارەسەرکردن کێشەی ژێردەستەیی نەتەوەییە و ڕێگای پراکتیکیە بۆ جێبەجێکردنی (ماف)ی بڕیاردانی چارەنووس تا ڕادەی جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ.

جەنگی ئاڵاکان: زەنگی کۆتایی پشووی ئاشتی
دەڵێن مێژوو بریتییە لە زنجیرەیەکی نەپساوەی جەنگ. ماوەی ئاشتی نێوان جەنگەکانیش بریتی بووە لە خۆ ئامادەکردن بۆ جەنگێکی تر.
داروینیزمی کۆمەڵایەتی کە بریتییە لە بەکارهێنانی میتۆدی داروینی لە بواری سۆسیۆلۆجیدا و لەسەر پایەی گریمانەی (مانەوە بۆ بەهێزترین) دامەزراوە، لێکدانەوەی تایبەتی خۆی هەیە بۆ دیاردەی جەنگ و پێی وایە بەشێکی جیانەکراوەیە لە پێکهاتەی کۆمەڵگای مرۆیی و هۆکاری پێشکەوتنی مرۆی و کۆمەڵایەتیە.

٢٤/٧/١٩٢٣ : یادێکی ڕەش
پێم وانییە لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد دا لەو یادە شووم و ڕەشەی ٢٤/٧/١٩٢٣ یادی ڕەشتر هەبێت، مەگەر یادی کیمیابارانی هەڵەبجەو قڕکردنی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوەکان ڕەشتر و کارەساتبارتر بووین، تەنانەت ئەم جینۆسایدەش کە بەسەر کورددا هێنراو ڕەشترین یادیان لە یادەوەری گەلەکیی کوردەواریدا جێگیر کرد، لە دواشیکردنەوە دا هەر دەبنە دەرەنجام و بەشێک لەو ڕۆژە شوومەی ٢٤/٧/١٩٢٣، چونکە ئەگەر ئەوەیان ڕووینەدایە ئەم جینۆسایدەش ڕووی نە ئەدا.
لە ٢٤/٧/١٩٢٣ دا کۆنگرەی لۆزان بەسترا و ئەو ڕێکەوتننامەیەی لێکەوتەوە کە ڕێکەوتنامەی سیڤەری بە تەواوەتی هەڵوەشاندەوە و مافی مێژوویی و سروشتی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی لە نەتەوە ژێردەستەکانی تورکیا ( بە تایبەتی کوردو ئەرمەن) سەندەوە و زۆر بێباکانە و دڵڕەقانە پێشێلیان کرد. تێرمی (کوردو ئەرمەن) لە ڕێکەوتنامە تازەکەدا شوێن بزر کران، تەنانەت وەکو کەمینەش ئاماژەیان پێنەکرا، بەڵکو بە شێوازێکی پڕ لە شەرمەزاری ئاماژەیەکی رەگەز پەرستانە و تایفەگەریانە بۆ ( کەمینە نا موسڵمانەکان) کراوە.
مافی بڕیاردانی چارەنووس: نیوەی دروشمێک
بەڵێ: ئەوە نیوەی دروشمێکی سیاسی مێژوویی و ڕەوایە بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی مەسەلەی نەتەوایەتی و میللەتانەی ژێر دەستەکراوان و لە مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان بیبەشکراون. تەواوی دروشمەکە بەمجۆرەیە : (مافی بڕیاردانی چارەنووسی میللەتان تا ڕادەیەک ئازادی بڕیاردان بۆ جیابونەوەو پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ).
مافی بڕیاردانی چارەنووس مافێکی سەرەتایی، سروشتی و یاسایی هەموو میللەتانە کە دەشێ تەنانەت داگیرکەرو سەردەستەکانیش دانی پێدا بنێن بێ ئەوەی ئازادی بڕیاردانی چارەنووس بسەلمێنن. ئەو مافە وەک هەر مافێکی تر ئەگەر (ئازادی بڕیاردانی چارەنووس)ی لەگەڵدا نەبێت، کەوابوو هیچ هێزێکی پراکتیکی نابێ و دەبێتە دروشمێکی پووچ و بێ عەمەل. ئەمە وەک ئەوە وایە مافی تەڵاقدان لە باری یاساییەوە بۆ ژنان دابینکرابێ و دانێ پێدا نرابێ، بەڵام لە کردەوە دا ( ئازادی بڕیاردانی تەڵاق)ی لێ زەوت کرابێ و ئەو ئازادیە تەنها بۆ پیاو دابین کرابێت.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved