بیرۆکەی شۆڕش و رزگاریی نەتەوەیەک لە پراکتیکدا
ناساندن و خستنەڕووی کتێبی (شۆڕشی نوێ لە پراکتیکدا)ی سەرۆک مام جەلال
هاوار نەسرەدین
ناونیشانی کتێب: شۆڕشی نوێ لە پراکتیکدا؛ لە سۆنگەی دیدارێک و کۆبوونەوەی کادرانی خەتێ (1983)
ناوی نووسەر: جەلال تاڵەبانی
ساڵی چاپ: 2024
نۆرەی چاپ: چاپی یەکەم
ئەم کتێبە وەک لە ناونیشانی دووەمدا دیارە بریتییە لە دیدارێکی رۆژنامەوانی و وتنەوەی وانە بە چەند کادرێک. ئەم کتێبە جیاواز لە کتێبەکانی دیکە، مام جەلال خۆی قەڵەمی نەخستووەتە سەر کاغەز، یان لە ژوورێکدا دانەنیشتووە بە شێنەیی بیروبۆچوونەکانی خۆی بنووسێتەوە، بەڵکو قسەی کردووە و بابەتەکان شی دەکاتەوە و دواتر کەسانی تر قسەکانیان نووسیوەتەوە. بۆچوونەکانی نووسەر لەمەڕ کۆمەڵێک پرس و بابەتی جۆراوجۆر، جگە لەوەی گرنگ و وردن، هاوکات لەگەڵ ناوەڕۆکی کتێبەکانی دیکەی نووسەردا تەبا و یەکسانن.
کتێبەکە تێكڕا 172 لاپەڕەیە و لە دوو نامیلکە پێکهاتووە. مێژووی قسەکانی مام جەلال دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1983، بەڵام ساڵی 2024 بۆردی هۆشیاریی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی (ی.ن.ک) لە چوارچێوەی پرۆژەی چاپکردنەوەی کۆبەرهەمی سەرۆک مام جەلال، لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
بەشی یەکەمی کتێبی (شۆڕشی نوێ لە پراکتیکدا) دیدارێکی رۆژنامەوانییە و مام جەلال وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ دەداتەوە. دیدارە رۆژنامەوانییەکە لە بنەڕەتدا بە زمانی فارسییە و وەفا کرماشانی ساڵی 1983 لەگەڵ مام جەلال سازی داوە، دواتر لەلایەن (مەنسوور تەیفوری)یەوە کراوە بە کوردی و (رەفعەت مورادی) پێیداچووەتەوە. لەو دیدارەدا مام جەلال بەشێوەیەکی تیۆری و ورد تیشک دەخاتەسەر مێژووی پێکهاتنی حکومەتی عیراق و هۆکاری جووڵانەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی و بزووتنەوەی کوردایەتی روون دەکاتەوە. پاشان ئاماژە بە هۆکاری دامەزراندن و دروستبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدات و پێناسەیەکی روونی یەکێتی دەکات. هەروەها بەشێوەیەکی تیۆری و زانستی وەڵامی پرسیاری چیەتی شەڕ و شۆڕش دەداتەوە. لێرەدا نووسەر جۆرەکانی شەڕ و ئاستەکانی شەڕ روون دەکاتەوە و باس لەوەش دەکات شەڕی پێشمەرگە لەچوارچێوەی خەباتی نەتەوەییدا لەکام پێگە و ئاستدایە. هەروەها شەڕ بە درێژکراوەی جۆرێکی سیاسەت لێکدەداتەوە. پاشان دەپەڕژێتە سەر شۆڕشی نوێی کوردستان بە رابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیشک دەخاتەسەر خەباتی جووتیاران و لادێکان، خەباتی هونەری و ئەدەبی کورد لەسەردەمی شۆڕشدا. پرسی شەهید و کەسوکاری شەهیدان و پرسی چەکهەڵگرتنی گەنجان و رێکخستنیان تاوتوێ دەکرێت.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، مام جەلال وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، کە بۆچی یەکێتی لەگەڵ حکومەتی عیراقدا وتووێژ دەکات. لێرەدا ئەو هۆکارە بابەتیانە روون دەکاتەوە، کە بۆچی حکومەتی بەعس خواستی دانوستانی هەیە. دواتر ئاماژە بە پەیوەندیی نێوان یەکێتی و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەدات و باسی سەرەتاکانی هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات. لە بەشێکی دیکەدا، نووسەر باسی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و حکومەتەکانی سووریا و لیبیا و هەڵوێست بەرامبەر گەلی فەلەستین دەکات.
مام جەلال بەشێوەیەکی تیۆری و ورد تیشک دەخاتەسەر مێژووی پێکهاتنی حکومەتی عیراق و هۆکاری
جووڵانەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی و بزووتنەوەی کوردایەتی روون دەکاتەوە. پاشان ئاماژە بە هۆکاری دامەزراندن و
دروستبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدات و پێناسەیەکی روونی یەکێتی دەکات
بەشی دووەمی کتێبی (شۆڕشی نوێ لە پراکتیکدا)، بریتییە لە کۆمەڵێک قسە و وانەی مام جەلال بۆ کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگەی یەکێتی، ساڵی 1983 لە خەتێ وتراوەتەوە. لە بنەڕەتدا وانەکە لەسەر کاسێت ریکۆرد کراوە و نێردراوە بۆ رێکخستنەکانی یەکێتی لە سنووری هەولێر. کاسێتەکە چەند ساڵێکە لە ئەرشیفی (جەعفەر خۆشناو) پارێزراوە و دواتر لەلایەن (رەنج جەعفەر)ەوە سەرجەم قسەکانی مام جەلال، کە بریتییە لە چوار کاسێت، نووسراوەتەوە و لە دووتوێی ئەم کتێبەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
مام جەلال لەو کۆبوونەوەیەدا، وەڵامی پرسیاری چیەتی شۆڕش دەداتەوە و روونی دەکاتەوە خەڵکی کوردستان بۆچی شۆڕش دەکەن و چۆن شۆڕشیان دەوێ. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک شۆڕشگێڕ دەبێ چۆن بن. لەگەڵ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، پرسی چارەکردنی دیاردەی جاشایەتی لە کوردستان و مەترسییەکانیان تاوتوێ دەکەن. پاشان دەپەرژێتە سەر مەسەلەی وتووێژی نێوان شۆڕشی نوێ لەگەڵ حکومەتی عیراق، کە لەو کاتەدا یەکێک بووە لە پرسە گرنگ و هەستیارەکانی شۆڕش و یەکێتی. لەوێدا مام جەلال هۆکاری وتووێژەکان و ئاماژەکانی شکستی وتووێژەکان بۆ کادر و پێشمەرگەکان روون دەکاتەوە و باسی دەستکەوتەکان دەکات.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، مام جەلال تیشک دەخاتەسەر پرسێکی تر، کە ئەویش پرسی هاتنەئارای رابەر سیاسییەکانە لەناو هێزی پێشمەرگەدا. ئەوەش لەو سەردەمەدا وەک بابەتێکی نوێ مامەڵەی لەگەڵ دەکرا و رابەر، یان رێبەری سیاسی لەناو هێزی پێشمەرگەدا، نوێ بوو. لەوێدا مام جەلال رۆڵ و گرنگی رابەر سیاسی روون دەکاتەوە و ئاماژە بە ئەرک و دەسەڵاتیان دەدات. لە کۆتایی قسەکانیدا، مام جەلال لەبارەی چەند بابەتێکی ئەو سەردەمەوە قسە دەکات و لەگەڵ کادرەکاندا دەکەوێتە وتووێژەوە.