نوسینی/ برایان ماگی
لەسویدییەوە/ عوسمان گورون
فۆرمی شارەزاییەکانمان، لەلایەن ئۆرگانەفیزیکییەکانى مەعریفەوە دادەڕێژرێن. هه‌ر لەو فۆرمانەوە ئێمە دەتوانین وێنەی هه‌رشتێك، کە بوونی هەبێت، لای خۆمان دروستبکەین.
لەلایەن شارەزایانی بواری فەلسەفەوە، زۆرجار ئیمانوئێل کانت ١٧٢٤ - ١٨٠٤ بە یەکەم کەڵە فەیلەسوفی دوای سەردەمی دێرینی گریکییەکان داده‌نریت. ئەم لەدایک بووی شاری Köngsberg ی ڕۆژهەڵاتی پروسیایه. بەدڕێژایی هەموو ژیانی هه‌رگیز ئەم زێدەی خۆی بەجێنەهێشتووه. هه‌رگیز ژنی نەهێناوه. بەڕووکەش ژیانێکی سادەو ئاسایی و ڕێك و پێكی هه‌بووه. دانیشتوانی شارەکەى دەیتوانی، کاتی تێپەڕبوونی ئەم بەبەڕپەڕەی ماڵەکانیاندا، بۆ پیاسەکردنی ڕۆژانەی، سەعاتەکانیان میقات بکەن. ئەم مرۆڤێکی دوورەپەرێز و بێزار نەبوو، بەڵکو روخۆش رێکپۆش کۆڕی قسە گەرمکەر و خۆش مەشرەب بووە. هەرگیز بەتەنیا نیوەڕۆ خوانی بنەخواردووە.
درەوشاوەیی وانە گوتنەوەکانی ناوبانگیان دەرکردبوو. گەرچی هەرگیز لەشارەکەی دوورنەکەوتبۆوە بەڵام خۆی لەژیاندا مابوو کەناوبانگی بە جیهاندا بڵاوببۆوە.
ئەکادیمیستێکی دیار‌و لێهاتوو
لەچاخەکانی ناوەڕاستەوە کانت یەکەم کەڵە فەیلەسوفه، کە ئەکادیمی و پرۆفیشینال بووه. دوای ئه‌م ئیتر هیچ سەیر نەبوو گەر فەیلەسوفێکی ناودار پرۆفیسۆری زانکۆ بوایه. بەڵام بەر لەئەم کەس وانەبووه. دیارەدوای ئەویش زۆر فەیلەسوف هه‌بوو پرۆفیسۆری زانکۆ نەبوون. بۆ یەکجار لەسەدەی بیستەوە وایلیهات زۆربەی هه‌رەزۆری فەیلەسوفە ناوبانگەکەکان کەسانی ئەکادیمیست بن. ئەم بە پرۆفیشینال کردنەی فەلسەفەهه‌ر زوو لەلایەن شۆپینهاوەرەوە ڕەخنەی ئاراستەکراوه، بەلای ئه‌وەوە بەبەختی و نەگبەتییە بۆ فەلسەفه. هه‌رده‌م ئه‌م بابەتە دژ‌و لایەنگری هه‌بووه. بەڵام ئێستا بەتەواوی لەزانکۆ و پەیمانگاکاندا جێگیربووە و لەوەناچێت بواری گەڕانەوەی هه‌بێت.
تا سەردەمی پیری ناوبانگی کانت تە نیا وە ك هه‌ر مامۆستایەکی لێهاتووی زانکۆ بوو، ئه‌م ناوبانگەش جارجارە لەبەرزی و نزمیدا بوو. بەڵام دوای دەساڵ بێدەنگی، لەتەمەنی پەنجاو حەوت سالیدا، لە ۱۷۸۱دا، کتێبێکی بڵاوکردەوە کە لەڕاستیدا یەکێکە لەکتێبە مەزنەکانی فەلسەفه، بەناوی (Kritik der reinen vernunft) ڕەخنە لەعەقلی پەتی. دوای ئه‌وە ساڵی ۱۷۸۸ کتێبی (Kritik der Praktischen vernunft) ڕەخنە لەعەقلی پراکتیکی و سالی ۱۷۹۰ کتێبی (Kritike der urtheils kraft) بڵاوکردەوە.
هه‌روەها سالی ١٧٨٥ کتێبێکی زۆر کورتی بەناونیشانێکی زۆر درێژ (Grund legung zur Metaphysik der sitten) بڵاوکردەوە. ئیتر لێرەبەدواوە بەتەواوی ناوی دەرکرد. کە لەتەمەنی هه‌شتا ساڵیدا کۆچی دوایی کرد خەریکی نووسینی کتێبێکی تری گەورەبوو. نووسینەکانی سەردەمی پیریی، ئه‌وەندە قووڵ و چڕ داڕێژراون تێگەیشتنیان ئاسان نیه. یەکەم جار کانت پێی وابوو خەڵکی بەهەڵە لێتێگەیشتوون. هه‌ر بۆیە دوو ساڵ دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی (ڕەخنە لەعەقڵی پەتی) کورتکراوەیەکی بابەتەکەی بەزمانێکی ئاسان سەبارەت بەبیرۆکەکانی ناو ئه‌و کتێبەى خستەبەردەستی خوێنەران. ئه‌م کتێبە بچووکە کە وە ك پێشەکی یان دەروازە باس دەکریت تا ئێستاش باشترین پێشەکییە بۆ چوونەناو شاکارەگەورەکەوه. هه‌روەها هه‌ر بۆ ئه‌وەی بەهەڵە لێیتێنەگەن، ساڵی ۱۷۸۷ کانت نوسخەیەکی تەواو کورتکراوەی کتێبە سەرەکییەکەی بڵاوکرده‌وه. دەبێت ئه‌وە بگوترێ کە هه‌رچەندە ئه‌و وە ك مرۆڤ خۆش مەشرەب بووە بەڵام وە ك نووسەر تێگەیشتنی ئاسان نەبووه. ئه‌م دوو هۆکارە بەیەکەوە، واته، سەختی شێوازی نووسینەکانی و قووڵی بیر، خوێندنەوەی قورس کردووه. بەڵام خوێندنەوەی نووسینەکانی ئه‌م شایانی ئه‌و ماندوبوونەی خوێنەرە. نووسینەکانی کلیلی پیشکەوتنی پرپایەخی فەلسەفیەکە لەدوای (هیوم)ەوە ڕویدابێت.
ئێمەچۆن دەتوانین شتێك بزانین؟
پێش کانت، زۆر، گەر نەڵێین زۆربەی بیرمەندەکان، بە زاناکانیشەوە بێگومان بوون لەوەی سنووری دیاریکراو، بۆ ئه‌وەی ئایا مرۆڤ توانای زانینی چیی هه‌یه، بەو شتانە دەستنیشاندەکرێن کە بوونیان هه‌یه: ئێمەدەتوانین، لەڕووی پرنسیپەوە بەردەوام بین لەزانینی زیاتر‌و زیاتر تا ئه‌وکاتەی هیچ نامێنێت کە بەدوای زانینیدا بگەڕێن. کانت گەشەی بەبیرۆکەیەکی هیومدا کە دەلێت زانیارییەکانمان ژێر دەستەی جۆرێکی تری سنووردار کردنن. هه‌رچی ئێمە بەشێوەیە ك لەشێوەکان تێگەیشتنێکمان بۆی هه‌بێت، ئه‌وە ئه‌گەر سەرنجێک یان هه‌ستێك یان یادێك یان بیرێك یان هه‌ر شتێکی تر بێت ئێمە لەڕێگەی ئۆرگانە زانیاری وەرگرەکانی لەشمانەوە پێماندەگە ن. واتە بەڕێگەی پێنج هه‌ستەکەمانەوە، بەهۆی مێشك و دەماره‌کانی هه‌ستەوە. هه‌رچی لەتوانای وەرگرتنی ئه‌م ئامێرەدابێت، ئێمە دەتوانین شارەزاییان لەباره‌وە بەدەستبهێنین.
بەڵام ئه‌و شتەی ئه‌م ئامێرە نەتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات ئێمەهه‌رگیز ناتوانین لێی شارەزابین. چونکە هیچ توانای تێگەیشتنیمان نیه.
شتێك هه‌بێت و شتێك ڕەنگبێت هه‌بێت. خاڵی سەرەکی ئه‌وەیه، هه‌موو ئامێرێك، چ لەشی ئێمە یان هه‌ر شتێکی تر، بۆ هه‌ندێ مەبەست باشەو بەکاردێت و بۆ هه‌ندێك مەبەست ی تر بەکەڵك نایەت و کاری پێناکرێت. سروشتی ئه‌و ئامێرە سنوور دادەنێت بۆ ئه‌وەی چی دەتوانێت و چی ناتوانێت بیکات. مرۆڤ نا‌توانیت بە ئامێرێکی قوت‌و هه‌ڵپچڕین وێنەبگرێت یان بەمەکینەی ئۆتۆمبێل هه‌مبەرگەر دروستبکات.
کامێرا دەتوانێت وێنەی دیمەنێك بگرێت، بەڵام ناتوانێت دەنگەکانیش تۆمار بکات، ڕیکۆردەرێك دەتوانێت دەنگەکانی هه‌مان شوێن تۆمار بکات، بەڵام ناتوانێت وێنەی شوێنەکە بگرێت. (هه‌ڵبەتە مەبەست لەئامێرەکانی ئه‌م سەردەمەی ئێمە نییە کە کۆمەلێك کار پێکەوە ئەنجامدەدەن. وەرگێر) ئه‌گەر شتێك هه‌بێت نەببینرێت و نەدەنگی ببیسرێت، (بۆ نموونه، بابلیین گازێکی بێ ڕەنگ) نەدەکرێت وێنەی بگیرێت و نەدەنگەکەی تۆمار بکرێت، گەر لەو شوێنە وێنەش بگریت لەجامەکەدا هیچ دەرناکەویت و گەر ڕیکۆردەریش بەکاربهێنریت لەکاسیته‌کەدا هیچ تۆمار نابێت. بەڵام ئه‌مە مانای ئه‌وە ناگەیەنێت کە گازەکە بوونی نییه. بوونی هه‌یه، بوونه‌کەش بۆ ئێمە بایەخدارو گرنگەو دەلوێ تەنانەت کوشندەش بێت. بەڵام نەدەبینرێت و نەدەبیسرێت. نەبەهۆی کامیراو نەبەهۆی ڕیکۆردەره‌وە ناتوانرێت بوونه‌کەی بسەلمێنرێت. گەر مرۆڤ نەتوانێت بەئامێرێکی تری جیاواز بوونه‌کەی ئاشکرا بکات ئه‌وا بۆ ئێمە بە نەزانراوی دەمینێته‌وه.
تارمایی و هەقیقەت
سروشتی تایبه‌تی ئامێرێك سنووردانەرە بۆ تواناکانی. وێنه‌گرتن به‌رجه‌سته‌کردنی دیمه‌نێکە بەشێوازێکی تایبه‌تی، نەك پراوپر وەك خۆی. کانت هه‌مان بۆچوونی هەیەبۆ سنوورداربوونی شارەزاییەکانی مرۆڤ.
ئەم تێبینییانه، بەلای کانتەوە، بۆ جەستەی ئێمەیە، چاوەکانمان دەتوانن هه‌ندێك کاری گرنگ ئەنجام بدەن، بەڵام ناتوانن سنووری خۆیان ببه‌زێنن. گوێ توانا‌و جۆرە کارێکی تری هه‌یە کە لەتوانای چاودانییه. هه‌ستی تامکردن لەزماندا زانیاری وامان پێدەگە یەنیت کە نە گوێ و نەچاو ناتوانن بەلایاندا بچن. میشك دەتوانێت کاری جیاواز لەهه‌موویان ئەنجامبدات... هتد. کاتێك هه‌موو ئۆرگانەکانمان بەیەکەوە حساب بکەین، کۆی ئه‌و زانیاریانەی دەتوانن مامەلەی لەگەڵدا بکەن یەکسانە بەو زانیاریانەی دەتوانن بەهه‌موویان پێکەوە وەریبگرن. ئه‌وە بەو مانایە نییە ئیتر هیچى تر بوونی نییه.
بەدەر لەو زانیاریانەی ئیمە وەرمانگرتوون، هه‌موو شتێکی تر قابيلى بوونه.
بەڵام گەر شتێکی تر هه‌بێت، هه‌رچییەك بێت، ئێمە هیچ توانای د‌رك پێکردنیمان نییه.
هه‌روەها دوو جۆر سنووردارکردن بۆ ئه‌وەی دەتوانین چی بزانین هه‌یه، نە ك تە نیا یەك سنوور. یەکەم سنووردارکردن بریتییە لەچی بوونی هه‌یه؟ کۆی هه‌موو ئه‌و شتانەی کە هەن. تەنانەت بەبوونی خواوەند یان گیانی نەمر یان هه‌رشتێکی تریشەوە. ئه‌مانە هه‌موو پێکەوە وجودی سەرتاپا پێکده‌هینن. بەڵام ئیمەی مرۆڤ دەتوانین تە نیا هه‌ندیکی ئه‌و شتانەی هەن یان هه‌ندێك لایەنیان بناسین کە ئامێری جەستەمان بواری ناسینیانمان پێدەبەخشیت. واتە لەلایەکەوە هه‌موو ئه‌و شتانەی هەن وجودیان هه‌یه، بەدەر لەوەی ئایا ئیمە پێیان ده‌زانین یان نا. لەلایەکی تریشەوە ئه‌و شتانەوجودیان هه‌یه، کە ئێمە بواری د‌رك پێکردنیانمان هه‌یه. هه‌رگیز ناکرێت بگوترێ هۆکاری گونجاو هه‌یە بۆ برواهێنان بەئه‌وەی ئه‌م دوو جۆرەی وجود یەك جۆرن. گومانیش کەمه، کە جۆری دووهەم کەمتر یان هه‌ر زۆر لەجۆری یەکەم کەمترە.
جیاوازی نێوان ئه‌م دوو جۆرەی بوون لەوە زیاترەکە تا ئێستا بۆمان دەرکەوتووه. کە پێش کەمێك باسی ئەو ئه‌نجامە جیاوازانەمان کرد کە ئامێرە جۆراو جۆره‌کان دەتوانن بیهێننە بەرهه‌م. ئێمە باسمان لەوەکرد کە هه‌ر ئامێرێك لەئەنجامدا ئه‌و بەرهه‌مه‌ی دەبێت کە سترەکتورەکەی ڕێگەی پێدەدات. کامێرا وێنەمان بۆ دەگرێت، ڕیکۆردەر دەنگمان بۆ تۆمار دەکات و هتد بەم شێوەیه. بەڵام وێنەیەکی فۆتۆگراف خۆی لەخۆیدا دیمەنە گیراوەکە نییه، بەڵکو گێڕانەوە یان بەرهه‌مهێنانەوەی ئه‌و دیمەنەیە لەفۆرمێکی تری تایبەتدا. دەنگ تۆمارکردن لەکاتی ئه‌و وێنەگرتنەدا، دووبارە بەرهه‌مهێنانەوەی هه‌مان دیمەنە لەفۆرمێکی جیاوازتردا. ڕەنگە دیمەنەکە لەبنەڕەتدا وە ك پانۆراما، چیا، یان گوند، یان مرۆڤ یان ئاژەڵ و هه‌رشتێکی تری لەپشتەوە بووبێت. بەڵام فۆتۆگرافەکە تە نیا پارچەکاغەزێکە کە نیشانەو هێمای پێوەیه، دەنگە تۆمارکراوەکانیش کاسیتیکی ئه‌لکترۆماگنیتی لولکراوه. هه‌ڵەیەکی بنەڕەتی زەقه، وەك هه‌ڵەی وێکچواندنی شتێکی کۆپی کراو بەشتەکە خۆی. کانت دەڵێت ئه‌م سەرنجانە بۆ شارەزایی مرۆفیش گرنگن.
ئه‌و شتانەی دەگەنە هۆشی مرۆڤ بەرهه‌می ئه‌و ئامێرە جەستەییەن و فۆرمی تایبەتی خۆیان بەپێی سروشتی ئامێرەکە وەر دەگرن. بێ بوونی چاو هیچ وێنەیەکی بینراومان پێ ناگات، بەبێ بوونی گوێ هیچ دەنگێکمان پێ ناگات، بەبێ بوونی میشك هیچ بیرکردنەوە یان بیرۆکەمان نابێت. هه‌روەها ئه‌و وێنەیەی لەڕێگەی چاوەوە دەیانبینین یان ئه‌و دەنگانەی گوێمان لێدەبێت یان بیرۆکەکانمان.... هتد خۆدی ئه‌و شتانەی دەرەوەی ئیمەنین، بەڵکو لێ تێگەیشتنی ئیمەن بۆ ئه‌و شتانه. ئه‌وانەتە نیا لەناو ئه‌و ئامێرە ئاده‌میزادیانەدا بوونیان هه‌یەکە بەرهه‌می هێناونه‌تەوە. ئیمکانی ئه‌وەش نییەکە بەشێوەیەکی مەعقول تەواو (هاوتا)ی ئه‌و شتەبێت کە هه‌یە بەبێ کاریگەریی شارەزاییەکانی ئیمە لەبارەیانەوە. دەلوێت دەنگێك هاوتا یان جیاوازبێت لەدەنگیکیتر، وێنەیەك کە هاتووە بەرچاو دەکرێت یان ناکرێت وە ك وێنەیەکی تر بێت. ئه‌مان ەپەیوەندییان بە بکەری وەرگره‌وە هه‌یه، ئه‌مانە زانیاری دەبەخشن بەئێمە، زۆرجار زانیاری زۆر ورد، بەڵام وە ك دەزگایەکی کۆپی کردن نە ك وەك سەدا سەدی شتە وێنە لێهەڵگیراوەکان. گەر ئه‌وانە لەبری وێنەلێهەڵگیراوەکان حساب بکەین وە ك ئه‌وە وایەبۆ زانینی تای نەخۆشێک گەرمی پێ‌و بنێین بە وێنەکەیەوە. واتە ئیمە ناتوانین بوونی شت لەخۆیدا، وە ك خۆی د‌رك پێبکەین بێ ئه‌وەی پابەندنەبین بەفۆرمەکانی هه‌ست پێکردنمان و شێوازی بیرکردنەوەمان بۆ ئه‌و شتانه. ئێمە جیهانی ئه‌و شتانەمان هه‌یە کە لەبەردەستماندان. واتە ئه‌وەی کانت پێی دەڵێت جیهانی نۆمینە. ئه‌مەئه‌و جیهانەیه، کە دەکرێت ئێمە لەبارەیەوە مەعریفەمان هه‌بێت. بەڵام هه‌موو ئه‌و فۆرمانەی ئه‌م مەعریفەیە دەیانگریتە خۆی پابەندن بە بکه‌ره‌وە. ئه‌مە لەلایەك. لەلایەکی تره‌وە جیهانێکی تری شت هه‌یە، ئه‌وەی ئه‌و شتانە خۆیان لەخۆیاندا چۆنن. ئه‌مەی، کە کانت ناوی لێناوە جیهانی نۆمینه. جیهانی شت لەخۆیدا. فۆرمی بوونی ئه‌م شتانە هیچ پەیوەندی بەجۆری چۆنیەتی تێڕوانین و تێگەیشتنی ئێمەوە نییە بۆ ئه‌و شتانه. بەڵام هه‌ر بەتەواوی لەبەر ئه‌م هۆیە ئێمە ناتوانین زانیاریمان سەبارەت بەو جیهانەدەستگیرببێت. هه‌رچی لە و جیهانەدایە کانت ناوی لێناوە(ترانسیندینتال) واتە جیهانی بەرز، جیهانی لەسەرو ئاگامەندەییەوە. مەبەستی کانت ئه‌وەیه، کە ئه‌مەبوونی هه‌یه، بەڵام ناتوانریت لەڕێگەی شارەزاییەوە لای ئێمە تۆمار بکرێن.
لەئاژاوەوە بەرەو ڕێکخستن
ئەو جیهانەی وە ك ئه‌وەی خۆی بۆ ئێمە ئاشکرا دەکات بریتی نییە لەئاژاوەو ئالۆزی بەڵکو لێوان لێوە لەجۆرەها شێوەی ڕێك و پێکی. شتەکان یەك بەتەنیشت یەکەوە لەشوێنی سێ ڕەهەندیدا بوونیان هه‌یەو بەپێی یاسای ڕاکێشان (قانون الجاذبیة)ی نێوان شتەکان یەکتری ڕاده‌کێشن و جوڵە و پرۆسەکان لەڕەهەندی چوارەمی کاتدا ڕوودەدەن.
زۆربەی ئه‌م پرۆسانە بەهۆی کارلێککردنەوە بەشێوەیەکی ڕێکوپێك و پێشبینی بۆکراوی وا، کە دەتوانرێ بەحساباتی ماتماتيك گوزارشتیان لێبکرێت، پابەندی یەکتربن.
ئەو بەشە بنەڕەتییانەی ناو هه‌موو ئه‌م ڕێکوپێکییەی شت کە بەبەردەوامی لەبووندا دەمیننەوە ئه‌و شتانەن، کە پێیان دەگوترێت شتی ماتریالی ناو شوێنێك لەسیستەمێکی کاتدا، کە بەشێوازێکی ڕێکوپێك و پێکەوەگونجاو دەجولێن. لێره‌دا زۆر گرنگەبەڕوونی بگوترێت کە ئه‌م شتەبنەڕەتییانەبەڕجەستەکردنی "جیهانی شارەزاییەکانه" ئه‌مانە نیشانەن بۆ ئه‌وەی ئێمەی مرۆڤ چۆن شت وەرەگرین و تێدەگەین. ئێمە توانای بیرکردنەوەمان نییە لەبوونی شتێکی تایبەتی بێ ئه‌وەی ئه‌وە شتێك بێت. بێ ئه‌وەی ناسنامەیەکی ڕاستەقینەی هه‌بێت. ئێمە ناتوانین بیر لەبوونی ئه‌نجامەکان بکەینەوە بەبێ بوونی هۆکارەکان. ئه‌مانەپەیوەندییان بەکاتیگۆری تێگەیشتمانەوە هه‌یه. کە بەبێ ئه‌و هیچ توانایەکمان بۆ تێگەیشتنی جیهانی دەوروبەرمان نییه.
بەهەمانشێوە ناتوانین بیر لەبوونی شتێك بکەینەوە کە لەدەرەوەی شوێندابێت و لەدەرەوەی کات (زەمان)دا بجوڵێته‌وه.
شوێن و کات دەلاقەی ڕوانینمانن. بێ ئه‌وان توانای هه‌ستکردن یان تێگەیشتنی هیچی ناو جیهانمان نابێت. ئه‌م دەلاقەی ڕوانینه، ئه‌و تورەیه، کە بەهۆیەوە هه‌موو هه‌ستەکان دەچنینەوە، کاتیگۆری تێگەیشتنیش ئه‌و سیستەمەیەکە لەڕێگەیەوە دەتوانین لەو هه‌ستانە تێبگەین، ئه‌مانەش هه‌موو پێکەوەنیشانەن بۆ ئه‌وەی چۆن ئێمە وە ك بکەری کارای هه‌ستیار کاردەکەین. واتە وە ك گیانلەبەر لەجیهاندا. بەڵام ئه‌مە دیسان نیشانەی بۆ شارەزاییەکانی ئێمه، نەك بۆ ئه‌و شتانەی کە بوونیان لەخۆیاندایە بێ ئه‌وەی پابەندبن بەوەی بکەرێك تێگەیشتنی هه‌بێت بۆیان.
شارەزایی وەرگرتن
به‌لای کانته‌وە وایه، ئێمە هه‌رگیز ناتوانین لەشتێك شارەزابین گه‌ر لەڕێگه‌ی ئامێرە جه‌سته‌ییه‌کانمانه‌وە پێمان نەگات. ئه‌و ژنە لەتابلۆکەی جۆن ئیڤه‌رت میلایس بەناوی (کچە نابیناکه) ١٨٥٦ ، دەتوانێت چێژ لەمیوزیکی ئۆکۆردیۆنه‌کەی و دەستگرتن و بؤنی قژی کچه‌کەی وەربگرێت، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێت شارەزایی دەربارەی ئه‌و په‌لکەزێڕینه‌یەی بەئاسمانه‌وەیە به‌دەست بهێنێت.
بیرێکی بەناوبانگ
ئەم ئایدیایانە بۆ ئێمە تێگەیشتنیان زۆر سەختتر دەبوو، گەر بەهۆی لینکێکی ترەوە ناسیاوی باشمان له‌گەڵیاندا نەبوایه، واتەلەڕێی ئاینەوە. پەیڕەوانی زۆربەی ئاینە سەره‌کییەکانی جیهان لەو باوەڕەدان کەئەم جیهانە ماتریالییەی ناو شوێن و کات هه‌موو هه‌قیقەتەکە نییە. ئەوانە لەو باوەڕەدان هه‌قیقەتێکی تر هه‌یه، کەماتریال نییە و لەدەرەوەی شوێن و کاتدا بوونی هه‌یه، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت تەنیا لەبەشی یان ئاستی یەکەمیاندا بژێت. نە ك لەوەی دووەمدا. لێرە کانت هاتووە ئەم گۆشە نیگایەی لەقالبێکی فەلسەفی، عەقلانی، بەئەرگۆمێنتەوە دارشتووه، بێ ئه‌وەی پەنا بەرێتەبەر خوا یان ڕوح، بێ ئه‌وەی پشت بەهیچ باوەڕێکی ئاینی ببەستێت. بەلای کانتەوە ڕاستی ئەم لایەنەناوەندییەنا ئاینییەدەکرێت تەنیا بەلێکدانەوە و گفتوگۆی عەقلانی بسەلمێنرێت.
لێکدانەوەکانی ئەم و شیکردنەوە و وردەکارییەکەی سەبارەت بەم پرسیارانە ئه‌وەند ەسەخت و گران و قووڵن کەزۆرجار بەدواچونیان دژواره. بەڵام ئه‌نجامی سەره‌کی بۆ ئه‌و کەسانەی، بۆ نموونه، شارەزای ئایینی مەسیحیین زۆر ئاشکرایه.
گرفتی ویستی ئازاد
کانت پێیوابوو کەئێستا زانست کلیلی زانیاری و تێگەیشتنی سەبارەت بە جیهانی هه‌ستپێکراو داوەتە دەستمان. واتەجیهانی ئه‌و ماتریالانەی لەناو شوێن و کاتدان. بەلای ئه‌مەوە سترەکتوری ناوەوەی شتە ماتریالییەکان و جوولەیان لەشوێن و کاتدا گونجاون لەگەڵ ئه‌و یاسا زانستییانەی ئێستادا، هه‌ر نەبێ بەلایەنی کەمه‌وە لەڕووی مەبدەئییەوە بکرێت بسەلمێنرێت. کانت هیچ هۆیەکی نەدەبینی بۆ ئه‌وەی گەر ئێمەتا کۆتایی ملی ئه‌و ڕێگایەی بەردەممان بگرین ناگەینە زانیاری تەواو لەسەر ئەم شتەماتریالییانه.
بەڵام سەبارەت بەپرسیار لەچۆنیەتی بوونی مرۆڤ کێشەیەکی گەورە هاتەئاراوە. جەستەمان شتی ماتریالییە و لەشوێندا بوونی هه‌یەو لەشوێن و کاتدا دەجولێته‌وه. گەر هه‌موو جوولە و هه‌ڵسوکەوتێک بەپێی یاساکانی زانست بێت، ئه‌وا هیچ بوارێک بۆ ویستی ئازاد نامێنێته‌وه. سەڕەڕای ئه‌مەش کانت هه‌ر پێیوابوو، کەئێمەی مرۆڤ خاوەنی ویستی ئازادین و هه‌روەها ئەم بۆچوونەش قابيلی سەلماندنه. چارەسەری کانت بۆ ئەم کێشەیە بەجۆرێکه، کەهه‌ڵسوکەوتەکانمان کەبەپێی ویستی ئازاد ئه‌نجامیان دەدەین لەجیهانی فینۆمینیلدا ڕوونادەن، واتە لەوەشەی واقعییدا نییە کەملکەچی یاسا زانستییەکانه، بەڵکو لەبەشەکەی تر دایه، ئه‌و بەشەی تێگەیشتنی زانستی ناتوانێت پەی پێببرێت، واتەجیهانی شت لەخۆدا.
ئەم بەڵگەیەی بۆ سەلماندنی ویستی ئازاد زۆر جێگەی خۆی نەگرت و نەیتوانی قەناعەت پێکەربێت بۆ ئه‌وەی، کەئێمەلەڕاستیدا خاوەنی ویستی ئازادین، بەڵام لەبەڕامبەریشدا ناکرێ بروا بەوە بکەین کەویستی ئازادمان نییه. فاکتەرێکی ئه‌زموونگەرییە کە ئێمەخاوەنی چەمکی ئاکاری وەکو باش و ئه‌بێت و ڕاستین.
دیسان فاکتەرێکی ئه‌زموونگەرییە کە ئێمە قەناعەتی مۆڕالی (ئاکاری)مان هه‌یەسەبارەت بەوەی چی باشە(یان باش نیه) و دەبێت چی بکەین و چی نەکەین و... هتد. هه‌روەها فاکتەرێکی ئه‌زموونگەرییە کە زۆربەمان ناتوانین دەستبەرداری ئەم قەناعەتانەبین گەرچی هه‌وڵیش بدەین و بشمانەوێت لێیان رزگاربین. کانت دەڵێت ئێستا گەر ئه‌م چەمکانە هیچ ناوەڕۆکێکیان هه‌بێت یان نا، قەناعەتە مۆڕالییەکانمان هیچ واتایەك یان هیچ بوارێکی جێبەجێکردنیان هه‌بێت یان نا. دەبێت بەلایەنی کەمه‌وە هه‌ندێك جار لەبەرامبەر کردن یان نەکردنی شتێکدا توانای هه‌ڵبژاردنمان هه‌بێت. گەر هه‌رگیز ئه‌و هه‌ڵبژاردنەمان نەبوایه، ئه‌وە ئیتر هه‌ڵەدەبوو بڵێین دەبێت ئه‌و کارەبکەم یان دەبێت ئه‌وە نەکەم. چونکە لەو کاتەدا من هیچ ئیختیارێکم نییه. ئه‌وکاتە هه‌رچی ناوی مۆڕالی لێنراوە سەراب زیاتر هیچى تر نییەو هه‌موو قسەکردنێك سەبارەت بە مۆڕال بێ مانا دەبێت، وشەی وەکو: ئەرک، باش یان دروست،
دەبێت هه‌موو ئه‌وانەی لەم بابەتەن ناتوانرێت بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. کاری ئامۆژگاریکردن بۆ ئەنجامدانی کارێك لەبری کارێکی تر بێ واتا دەبێت.
هه‌موو ئه‌و وشانەی لەفەرهەنگی پیاهەڵدان و ڕەخنەلێگرتن و پێ سەرسامبوون و بەکەم سەیرکردن و حەزلێکردن و ڕق لێبوونەوە کەڵکیان نامێنێ و دەبێت لەناو زمان و بیرکردنەوەماندا بسڕێنەوە. چونکە نەلەژیانی تایبەتی تاکەکاندا و نەلەژیانی کۆمەڵگەدا ئەم چەمکانەجێگایان نامێنێت. ئه‌وکاتەهیچ مەعقول نییە سکاڵا دەربڕین گەر کەسانێک ڕەفتاری ناشیرین و زەبروزەنگیان بەرامبەرمان نواند. چونکە ئه‌و کەسانە نەیاندەتوانی بەجۆرێکی تر ڕەفتار بکەن. هه‌ڵەدەبێت گەر بڵێین ئه‌وانە نەدەبوایە وابکەن چونکە ئه‌وانە هیچ ئیختیارێکی تریان نییه.
خاڵی بنەڕەتی ڕەوشت (ئیتيك) ئه‌وانەی بەتەواوی بروایان بە ناچارەکی (قەدەر) هه‌یه، بەتایبەتی بۆ ژیانی مرۆڤ، ئه‌وانەخۆیان بە سەرئەنجامەکانیەوە دەبەستنەوە. بەڵام ئاشکرایە هه‌موو کەس وانییه. ئێمەناتوانین بەوشێوازە بیربکەینەوە.
تەنانەت ئه‌وانەش کەتاوانکار و پیاو خراپ و پسیکۆپاتن (شەڕەنگێزن) ، بگرە ئه‌وانەش، کەخۆیان بەلایەنگری باوەڕی ناچارەکی دادەنێن، گەر بەخراپ ڕەفتاریان لەگەڵدا بکرێت سکاڵا دەکەن و توڕەدەبن و پێیان وایەئه‌وەی هه‌ڵەکەی کردووە نەدەبوایە وا بکات. دیارە ئێمەی مرۆڤ نامانەوێت بڕوا بە نەبوونی ویستی ئازاد بکەین. بەلایەنی کەمه‌وه، هه‌ندێك جار. بەڵام گەر هاتینە سەر ئه‌م بڕوايه، ئه‌وا ئیتر ناتوانین دەست بەرداری ئەو باوەڕەش بین کەهه‌ندێك جووڵەی شتە ماتەرییەکان لەشوێندا، هه‌موو جارێك بەپێی یاساکانی زانست نییه: هه‌ندێکیان بەهەڵسوکەوت و ویستی ئازادی ئێمەبڕیاریان لێدەدرێت و "ئازاد" لێره‌دا هاوتایە بە ناچارنەبوونی تایبەتی کەسێتی، واتە لەژێر دەسەڵاتی یاسا زانستییەکاندا نییه.
هه‌روەها کانت دەڵێت: ئێمە گەر بمانەوێت یان نەمانەوێت ئێمە لەو باوەڕەداین کەبوون تەنیا بوونی جیهانی ئه‌زموونگەری نییه.
ئێمەلەو باوەڕەداین جیهانێکی تری نا ئه‌زموونگەریش بوونی هه‌یه. لەوێدا ئه‌و بڕیارانە دەردەچن کەکاریگەرییان بۆ سەر جووڵەی جەستەمان هه‌یه. تەنانەت وشەی وەکو پیاهەڵدان و ڕەخنەلێگرتن بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنانە بەکاردەهێنرێن. هه‌موو فەلسەفەی کانت بریتییە لەهه‌وڵدان بۆ تێگەیشتن لەچۆنیەتی گونجاندنی، یان چۆنیەتی بوونی مۆڕال و ویستی ئازاد لەجیهانێکدا کەزۆر بەکەمی دەچێتە ژێر باری روونکردنەوە زانستییەکانەوه.
بەبۆچوونی کانت تەنیا ئه‌و گیاندارانەی دەتوانن لەهۆکاری کردنی یان نەکردنی شتێك تێبگەن دەتوانرێت پێیان بگوترێت هه‌ڵسوکەوتەکەیان مۆڕالی بووە یان نا مۆڕالی، واتە مۆڕال تەنیا بۆ گیاندارە خاوەن عەقلەکانه. ناکرێت مارێکی ژەهراوی وە ك بێ مۆڕال وەسف بکڕێت. بەڵام (مۆتیڤ)ی هۆى مەعقولی وا تەنیا لەڕووی قەناعەتی تاکەکەسییەوە جیاوازی نییه، بەڵکو دەشێ ئێمە حوکمی جیاوازمان هه‌بێت سەبارەت بە مۆتیڤێکی تایبەت کەئایا باشە یان نا.
بەڵام ئه‌و فاکتەرەی کەئێمە گفتوگۆ دەکەین و هه‌وڵدەدەین قەناعەت بەیەکتر بهێنێن نیشانەی ئه‌وەیە دەمانەوێت مۆتیڤێکی باش قبوڵ بکرێت، مۆتیڤی باش ئه‌وانەن بەشێوەی یونیڤیرسالی (گەردونی) قبوڵکرابن. نە ك ئه‌وانەی کەمرۆڤ خۆی بیەوێت هه‌ڵیانبژێرێت یان نا. ناتوانرێت بەرگری لەدروستی شتێك بکڕێت کەلەهه‌مان بارودۆخدا بۆ من باش و ڕاست بێت و بۆ کەسێکی تر خراپ و چەوت بێت.
گەر بۆ من دروست بێت ئه‌وا دەبێت بۆ هه‌موو ئه‌وانەی وە ك منن و لەهه‌مان بارودۆخدان دروست بێت. واتا کتومت هه‌روەك ئه‌وەی کەجیهانی ئه‌زموونگەری ملکەچی یاسا زانستییەکانەو بەشێوەیەکی سەرتاپایی گشتی ئەم یاسایانە بەسەردا دەسەپێنرێت، ئه‌وا دەبێت مۆڕالیش تەواو وە ك زانست لەسەر بنەمای عەقلی بێت.
ئەم سەرئەنجامە کانتی گەیاند بە فۆرمۆلەکردنی کاتیگۆرییە ئه‌زموونگەرییە بەناوبانگەکەی وە ك بنەمایەك بۆ یاسای مۆڕال: تەنیا کار بەو پرنسیپانە بکە کە تۆ دەته‌وێت ببن بە یاسای گشتی بۆ هه‌مووان.
هیچ "ئیسپاتێك" نییە بۆ بوونی خوا
ئه‌وەی فەیلەسوفێك ڕەتی دەکاتەوە هه‌میشە گرنگی خۆی هه‌یه. بیرۆکەکەی کانت دەربارەی ئه‌وەی ئێمە هه‌رگیز ناتوانین دڵنیابین لەبوونی شتێك گەر ئامێری جەستەمان تێگەیشتنێکمان دەربارەی پێنەبەخشێت. ئه‌مەڕەتدانەوەی زانینە دەربارەی بوونی خودا‌و بوونی ڕوحی هه‌میشەیی. بەڵام ئه‌وە گرنگە کە بزانین ئه‌مە ڕەتکردنەوەی بوونی خودا نییه، بەڵکو تەنیا ڕەتکردنەوەی زانیارییە سەبارەت بەبوونی خودا. وە ك کانت بەشێوەیەکی جوان فۆرمۆلەی کردووەو دەربڕیوە ئه‌م زانستی ڕەتکردۆتەوە بۆ ئه‌وەی جێگە چۆڵ بکات بۆ ئیمان. ئەم لایەنەی فەلسەفەی کانت بایەخێکی مێژوویی هه‌یه. ئه‌م ئه‌و (ئیسپات)ەی پووچەڵکردەوە کەبۆ بوونی خوا لەئارادابوو، هه‌روەها شێوازی فەلسەفاندنی سەدان ساڵه، گەر نەگوترێ هه‌زار ساڵی ئه‌م کێشەیەی تێکۆپێکدا. لەدوای سەردەمی کانتەوە بەشێوەیەکی گشتی بیرمەندە ڕەسەنەکان ئه‌م بیرۆکەیەیان پەسەندکردووە کە بوون یان نەبوونی خوا، شتێك نییە ئیسپات بکرێت.
سەرچاوە:
لە گۆڤاری نۆڤین ژمارە 16 ساڵی 2010 بڵاوبۆتەوە.