رانان: تاژان عومەر
ئەم کتێبە لە نوسینی (د. امام عبدالفتاح امام)ە، (حەسەن یاسین) وەرگێڕانی بۆ کردووە، یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیروهۆشیاری (ی.ن.ک) ساڵی ٢٠٠٥ چاپکراوە.
دیموکراسی... دیدێکی فەلسەفی
مەبەستمان لەم لێکۆڵینەوەیە، ئەوەیە، کە بیسەلمێنێن، دیموکراسی ئەزمونێکی مرۆییە و عەقڵی مرۆڤایەتی دەیسەپێنێ و ئاکاریش دەیکا بە شتێکی حەتمی بۆ پاراستنی بەهاو کەرامەتی مرۆڤ.
جان جاک رۆسۆ (١٧١٢- ١٧٧٨) یەکەمین زانا بووە کە ئاماژەی بۆ ئازادی بە مانا ئیجابییەکەی کردووە. بیرۆکەی (لۆک)ی وەرگرتووە کە دەڵێ خەڵک هەموویان ئازادن. یەکەمین دەستەواژە کە لە کتێبە بەناوبانگەی (پەیمانی کۆمەڵایەتی)دا هاتووە ئەوەیە کە دەڵێ: (مرۆڤ بە ئازادی لەدایک بووە، بەڵام دەبینین لە هەموو شوێنێکدا زنجیر کراوە..).
(کانت) لەگەڵ (رۆسۆ)دا هاوڕا بوو کە ئازادی بەشێکە لە ماهیەتی مرۆڤ و ناتوانێ دەستبەرداری ببێت، ئەگەر لەدەستی بدات لەگەڵیدا مرۆڤبوونی خۆی لەدەست دەدات. چونکە تاکە مافی خۆڕسک بریتییە لە ئازادی بەو رادەیەی کە مرۆڤ بەو ئازادیەوە دەتوانێ بەپێی قانونێکی گشتی لەگەڵ ئازادیی کەسانی تردا بژیت. مرۆڤ بەو پێیەی کە مرۆڤە پارێزراوە چونکە مرۆڤە، واتە بە گوێرەی مرۆڤایەتییەکەی. بەڵام (کانت) ئازادیی، بە مانا ئیجابییەکەی و وردتریش لە (رۆسۆ) لە چوارچێوەی فەلسەفە رەوشتیەکەی خۆیدا کە پشتی بە سێ رێسا بەستووە، دیاریکرد: (رێسای گشتاندن، رێسای ئامانجداری، رێسای ئازادی).
لە سەدەی بیستەمدا فیکری سیاسی گرنگیی بە پێوەندیی نێوان تاک و کۆمەڵدا، ئاڕاستەی باویش ئەوەبوو کە پێوەندییەکی ئۆرگانیی ئاوێتەییەو نە پێشینەی هەیەو نە هەقیشە. چونکە تاک قەت بوونی نییە لەناو کۆمەڵدا نەبێت، هەروەها کۆمەڵیش لەسەر بناغەی تاکەکان نەبێت دانامەزرێت، بەڵام ئەمە لەسەر کێشەی ئازادی رەنگیدایەوە. ئیدی ئازادیی سلبی بە بناغەی فیکری سیاسی سەردەم نەمایەوە، بەڵکو ئازادی بوو بە راستیەکی ئیجابی کە هەر بە رێگەگرتنی دەسەڵات لە دەستوەردان لە کاروبارەکانی تاک ناوەستێت. بۆ ئەوەی ئازاد بەو مانایە دابمەزرێت دەبێ مەسەلەیەکی تریشی لە تەک بێت کە ئەویش مەسەلەی یەکسانییە، بۆ ئەوەی یەکسانیش هەبێت دەبێ ئاسایشی ئابووری و هاوسەنگیی دەرفەتە ئابورییەکان بێنەدی و هەموو تاکێک داهاتی کارەکەی خۆی بە تەواوی بێتەدەست.
ئەرستۆ لە پۆلێنی شەش خانەیی سیستمەکانی حکومڕانیدا باسی دیموکراسی کردووەو ئەوەی ناوی لێناوە پۆلیتیا و دەکرێ ئێمە بە (حکومەتی دەستوری) ناوزەدی بکەین، جیای کردۆتەوە لە دیماگۆگیزم یان دیموکراسیی فەرتەنە! دیماگۆگیی پەسەندکردووە بەو پێیەی یەکێکە لە سێ سیستمە گونجاو یان پەسەندەکەی حکومڕانی، بەڵام بە کەمتر لە پاشایی و ئەرستۆکراتیی داناوە.
دیموکراسی و... کۆمەڵی دواکەوتوو
رایەکی (جۆن ستیوارت مل) هەیە کە دەچێتە خانەی کورتبینییەوە کە بە کۆمەڵەکانی دواکەوتوو ناوی بردووەو، وای دادەنێ گەل هێشتا نەگەیشتۆتە تەمەنی باڵقبوون، دواتر بە داخێکی زۆرەوە، دەگاتە ئەوەی باشترین سیستم بۆ ئەم چەشنە گەلە کۆیلەکردنیەتی و دەڵێ :سیستمی ستەمکاری وەک جۆرێک لە جۆرەکانی حکومڕانی. بۆ حکومڕانیی هەمەج و بەربەرەکان رەوایە، بەو مەرجەی مەبەست چاکسازییان بێت، چونکە ئازادی لە رووی مەبدەئەوە، ناکرێ بدرێ بە دەوڵەتێک پێش ئەوەی خەڵکەکەی خۆیان بۆ ئامادەکردبێ و، توانای ئەوەیان هەبێ بارودۆخی خۆیان بە گفتوگۆی ئازادانەو بە شێوەیەکی یەکسان، باشتر بکەن.
دکتاتۆریەتی زۆرینە...
یەکێک لە گرفتە بنچینەییەکان لە سیستەمی دیموکراتییدا ترسە لە دکتاتۆریەتی زۆرینە و لەدەستچوونی مافەکانی کەمینە و هەڕەشەیە لە ئازادیی ئەو کەمینەیەی بەرایەکانی زۆرینە رازی نیە. بیرمەندی فەڕەنسی ئەلکسیس دی توکڤیل (١٨٠٥- ١٨٥٩) یەکەمین کەسە کە پەنجەی بۆ دیکتاتۆریەتی زۆرینە راکێشاوە، توکڤیل وایدەبینێ کە یەکێک لە گرنگترین گرفتەکانی کۆمەڵێ دیموکراتی کە هەڕەشەیەکی ترسناکە بۆ سەر ئازادی، مۆرکی دکتاتۆری و ستەمکارانەی زۆرینەو، رای گشتییە کە لەسەر ئازادیی تاک رەنگ دەداتەوە، هەروەها لەسەر مافەکانی تایەفە و کۆمەڵە و کەمینە بچوکەکان لە کۆمەڵدا رەنگ دەداتەوە.
قانونی ئاسنینی ئۆلیگارکی
دوا گرفت کە بەرەوڕووی دیموکراسی دەبێتەوە، ئەوەیە کە رۆبرت مایکلز (١٨٧٦-١٩٣٦) فەیلەسوفی کۆمەڵناسیی ئەڵمانی و زانای ناوداری ئابووری وروژاندنی و لە قانونێکدا دایڕشت و ناوی (یاسای ئاسنینی ئۆلیکارگی)ی لێنا – کە وایدەبینێ دەسەڵات لە هەر رێکخستنێکی سیاسیدا هەمیشە مەیلی بەلای کەوتنە دەستی کۆمەڵێکی کەم لە تاکەکان یان ژمارەیەکی کەمی سەرکردەکاندا دەچێت، بە چاوپۆشین لە پێکهاتەی رێکخستنە سیاسییەکە.
بابەتی زیاتر