یەکێتیانە
کتێبێکی (٢٧٠) لاپەڕەییە، لەلایەن نووسەر (شەرەفەدین جەباری)ەوە نووسراوەتەوە، ئەم کتێبە ساڵی (٢٠١١) لەسەر ئەرکی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان چاپکراوە و بڵاوکراوەتەوە.
یەکێتیی وەک هێزێکی نیشتمانی هەمیشە بایەخێکی تایبەتی بە شاری کەرکوک و مێژوو و ڕووداوەکانی ئەو شارە داوە، هەر لە سۆنگەی ئەوەی کە ئەم کتێبەش بەشێک لە ڕووداوەکانی شاری کەرکوکی لەخۆ گرتووە، ئەرکی لەچاپدانی گرتووەتە ئەستۆ، گەرچی زیاد لە سیانزە ساڵ بەسەر یەکەم چاپی ئەم کتێبەدا تێپەڕیوە، بەڵام بە باشمان زانی هەندێ پەرەگرافی ناو کتێبەکە بخەینەوە بەر دیدەی خوێندەواران و دڵسۆزانی شاری کەرکوک و تەواوی کوردستان.
(( کێشەی کەرکوک و ناوچە زوڵم لێکراوەکانی هاوشێوەی، وەک زەقترین و ئاڵۆزترین کێشەی سنوری باشووری کوردستان هەژمار دەکرێت، لەم سەردەمەدا زۆر ڕەهەندی ناوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە، بووەتە قەیرانێکی ڕاستەقینە و مایەی دەستوەردانی هەرکەس بە کەیفی خۆی لەو کێشەیە، کە ئەوەش بۆخۆی خواستی کورد نیە، کورد ویستوویەتی و خوازیاری ئەوەبووە هەر لەسەرەتای دروستبوونی ئەو کێشەوە، بەتایبەتی پاش پێکهێنانی دەوڵەتی عێراق لە ٢٣/٨/١٩٢١ هەتاکو هەنوکە، لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق و بەپێی مادە دەستوریی و یاساییەکان ئەو کێشە یەکلا بکاتەوە. بۆیە کێشەیەکی لەو جۆرە هیچی لە کێشەکانی –قودس، کشمیر، قوبرس، ئێرلەندە- کەمتر نیە)).
(( -مەلەفی کەرکوک- و ناوچەکانی ململانێ، لە ئێستادا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە لەچاو جاراندا، بۆیە دەبێت بەشێوازێکی تازە کاری لەسەر بکرێتو هەموو باروسۆخەکە ڕەچاوبکرێت، بۆ داڕشتنەوەی هەر جۆرە میکانیزمێکی کار، لەبەر ڕۆشنایی بڕگە دەستوری و یاساییەکانی تایبەت بەو ناوچانە، خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ واقعی ئەمڕۆ و داهاتویان بکرێت، بەرنامەیەکی تۆکمە و هەمەلایەن بێتەگۆڕێ، هەموو ئەگەرەکان تاوتوێ بکرێت لەپێناو جێبەجێکردنی داواو داخوازی ڕەواو ئاشتیانەی سەرجەم خەڵکی ڕەسەنی شارەکە، بۆیە ئەرکی هەموو لایەکە، هەریەک لە ئاستی خۆیەوە  کاربکات بۆ ئەو مەبەستە)).
(( لە گەرمەی ڕۆژانی سەختی خەباتی خەڵکی کوردستاندا دژ بە ڕژێمی فاشستی بەعس، لە هەناوو جەرگەی  شاری کەرکوکدا (کۆمیتەی ئاگر) سەری هەڵداو دروست بوو، لە چوارچێوەی ڕێکخستنەکانی (ی.ن.ک)داو لەبەر زۆر هۆکاریش ئەو ڕێکخراوە ئەو ناوەی هەڵگرت، لەوانە : وەک گوزارشتێک بۆ گڕە ئەزەلیەکەی باباگوڕگوڕ و داخ و سوتانی جەستەی داگیرکەران.
ئەو ڕێکخراوە نەبەزە کە لە کۆتایی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا دروست بوو، توانی لە ماوەیەکی کەمدا ڕۆڵێکی بەرچاو و ئەکتیڤ ببینێ لە هۆشیارکردنەوەی جەماوەرو کۆکردنەوەی ڕوناکبیران لە دەوری خۆی، چەندین چالاکی جۆراوجۆری زەبر وەشین و بەئەنجام لە دوژمن بوەشینێت، توانی پەردە هەڵماڵی لەسەر پلان و پیلان و کردەوە وەحشیگەراکانی ڕژێمی فاشستی بەغدا بۆ لەناوبردن و کۆتایی پێهێنان بە نەتەوەی کورد)).
(( شارەوە نیە کە ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١، بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی باشوری کوردستان دەژمێردرێت، تێیدا خەباتی خەڵکی کوردستان لە قۆناغێکەوە کە پڕبووە لە نائومێدی و نوشات و ماڵوێرانی، پێی نایە قۆناغێکی ترەوە، قۆناغێک پڕ لە هیواو ئاوات و دەستکەوتی گرنگ بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
ڕاپەڕین لەبارو زروفێکدا هاتە کایەوە کە جیهان گۆڕانکاری گەورەی بەخۆوە دەبینی و لە عێراقدا ڕژێمی بەعس ، لە شەڕێکەوە بۆ شەڕێکی تر، گەلانی عێراقی توشی نەهامەتی دەکرد، سەروەت و سامانی وڵاتی لە شەڕە دۆڕاوەکانیدا بەفیڕۆ دەداو گەلانی عێراقیش ڕۆژ بە ڕۆژ تا دەهات زیاتر ڕق و کینەیان بەرانبەر بەو ڕژێمە ئەستوور دەبوو.
ڕژێم بۆ ڕێگەگرتن لە لە ڕاپەڕینی کەرکەک، کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرتەبەر بۆ ئەوەی ڕاپەڕین ڕوونەدات، لەوانە هێزێکی زۆری هێنا بۆ شارەکە، جگە لە ڕێکخستنەوەی ئەو هێزانەی کە لە شوێنەکانی تر شکستیان خواردبوو لە کەرکوک دایمەزراندنەوە، داخستنی ئەو ڕێگایانەی کە دێت بۆ کەرکوک یان لێوەی دەڕوات، قەدەغەکردنی هاتووچۆی تەواو، بەشێوەیەک هیچ ژیانێک لە شارەکەدا بەدی نەدەکرا)).
 
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved