بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: بۆردی هۆشیاری
دیدگای هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی ئێران لەسەر هەندێ بنەمای چەسپاو دامەزراوە، کە بەتەواوی بەسەر بڕیاردەری سیاسی لە ئێران رەنگ دەداتەوە ، لەوەش زیاتر هەر ئەو بنەمایانە پاڵنەری سەرەکین لە هەڵبژاردنی ئامراز و ئامێرەکانی پیادەکردنی سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی ئەو وڵاتە. ئەو بنەمایانە چین و لەم جومگەی سیاسی ئێرانەوە نەخش دەکرێن؟ تاچەندە ئەو بنەمایانە یەکتر تەواودەکەن؟ دامەزراوە سیاسیەکانی ئێران چۆن تەرجەمەی ئەو بنەمایانە دەکەن لە داڕشتنی سیاسەتەکانی خۆیاندا بەو پێیەی کە ئێران هێزێکی گەورەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیە؟
یەکەم- بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران:
بڕیاردەری سیاسی ئێران، لە دروستکردنی بڕیارەکان و لێدوانەکانیان تایبەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، پشت بەهەندێ بنەمای سەرەکی و هەندێ بەهاو نۆرمی تایبەت دەبەستن. ئەم بەهاو نۆرمانە هەندێ جار لە یەک ئاستدا دەردەخرێن و هەندێ جاری تریش لە پلەی جیاوازدا بەگوێرەی پێویست بەهایەک یاخود نۆرمێک لەوی تر زیاتر زەق دەکرێتەوە. هۆکارە جیاوازەکانی وەک بۆماوەی فەرهەنگی، مێژوویی، ئایینی، سەنگی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، رۆڵی بەرچاو دەگێڕن لە دەرکەوتنی ئەو بنەمایانە. لێرەدا سیاسەتی دەرەوەی ئێران کۆمەڵێک ئەڵقەی پێکەوە گرێدراوە کە هەموو ئەو بنەمایانە لە خۆ دەگرێت. لێرەدا گرنگترین ئەو بنەمایانە دەخەینە بەردەم:
1- شانازیکردن بە ناسیۆنالیزمی فارسییەوە: میراتی فەرهەنگی و مێژوویی بنەمایەکی بەهێزی کەسایەتیی نەتەوەیی ئێرانییە. ناسیۆنالیزمی فارسی و شانازیکردن پێوەی، یەکێکە لە پایە گرنگەکان، نە تەنها بۆ لایەنی دروستکەری بڕیاری سیاسی لە ئێران، بەڵکو بۆ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش. مێژووی دێرینی ئێران هەمیشە یەکێک بووە لە پایە کۆمەڵگەییەکانی گەلی ئێران و راستەوخۆ لە ناسنامەی نیشتیمانی ئێرانی رەنگی داوەتەوە. ئێران یەکێک بووە لە ئیمپراتۆریا کۆنەکانی مێژوو، هەروەها یەکێکە لە وڵاتە کۆنەکانی دنیا، ئەمەش بە روونی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران رەنگیداوەتەوە. گرنگی ئەمەش وایکردووە هەمیشە ئەم بنەمایە تۆخترو زاڵتر بێت لەسەر بنەماکانی تری سیاسەت لە ئێران. پشتگوێخستنی ئەم خاڵە گرنگە بۆ هەر کەس و لایەنێک لە دەسەڵاتی ئێران زۆر بە نەرێنی دەکەوێتەوەو سەرچاوەیەکی گرنگی پشتوانی ناوخۆ لەدەست دەدات.
2- بەرژەوەندی: سەرباری هەموو گوتارێکی تایبەت بە رەوشت و بەها کە رژێمی سیاسیی ئێران بانگەشەی دەکات و دروشمی بۆ بەرزدەکاتەوە، بەرژەوەندی یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی بڕیاری سیاسی لە ئێران. زۆرجاریش کە بەرژەوەندی سیستەم و دەوڵەت وایکردبێت لە دژی دروشمەکانی خۆی رەفتار بکات، هەمیشە پاساوی ئامادەشی هەبووە. گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا باشترین نمونەیە. لە کاتێکدا بەردەوام ئێران ئەمەریکا وەک شەیتانی گەورە ناو دەبات، بەڵام وەکو لاریجانی دەڵێت: (ئەگەر بەرژەوەندی باڵای رژێم بخوازێت ئەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا دەکەن ئەگەر لەناو جەهەنەمیش بێت).
3- رەهەندی ئایینی: لەبەر ئەوەی ئێران تاکە دەوڵەتی شیعە مەزهەبە، لە لایەن شوێنکەوتووانی ئاینزای شیعەوە وەک رێبەرو پێشەوا تەماشای کراوە، بۆیە ئەم مەزهەبە کراوە بە یەکێک لە بنەما گرنگەکانی بڕیاری سیاسی لە ئێران. ئەم رەهەندە کراوەتە بەشێکی رەسەنیش لە دەستوری وڵات.
دووەم- بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە نێوان دوو سەردەمدا:
وێرای جیاوازی رژێم و سەردەمەکان، بنەمای بەرژەوەندی رژێم، هەمیشە سەرەکیترین بنەمای چەسپاوی دروستکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بووە. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بێژین، هیچ جیاوازییەک نیە لە نێوان سەردەمی پادشایەتی و ئەمڕۆی ئێران لە بەدەستهێنان و کارکردن بۆ بنەمای بەرژەوەندی، کە ئەمەش هەرگیز مایەی لۆمەکردن نابێت بۆ ئێران. ئەوەی محەمەد رەزاشاو پێش ئەویش رەزاشا دەیانکرد بۆ زامنکردنی پێگەیەکی گونجاو بۆ ئێران لە ناوچەکەو بگرە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش، بە تەواوەتی لە رەفتاری دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی ئێران رەنگی داوەتەوە. بۆ نمونە رابەری شۆڕشی ئێران ئایەتوڵا خومەینی لە ساڵی 1979 دا دەڵێت (لە پێناوی ئیسلامدا شۆڕشمان بەرپاکرد، بۆیە ناکرێت شۆڕشەکەمان لە سنوری تاقە دەوڵەتێکدا قەتیس بکەین. پێغەمبەر درودی خودای لێبێت عەرەب بوو، بەڵام بانگەوازەکەی تەنها بۆ عەرەب نەبوو، بەڵکو بۆ هەموو دنیا بوو).
جومگەکانی بڕیار لە کۆماری ئیسلامی ئێران
سیفەتی ناڕەسمی
سیفەتی رەسمی
مزگەوت و دامەزراوەی فێرکاری و پروپاگەندە و کۆمەڵە پیشەییەکان و کرێکاریەکان
رابەر
بە گوێرەی مادەی 110 لە دەستور، بڕگەکانی 1.2.8
رایگشتی و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە
سەرۆک کۆمار
بە گوێرەی مادەکانی 137.134.128.125.121.113ی دەستور
هۆکارەکانی راگەیاندن، چاپەمەنی، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
دەستەی دیاریکردنی بەرژەوەندی باڵای رژێم
بە گوێرەی مادەکانی 111.112 دەستور و بڕگەی 1 لەمادەی 110ی دەستور
حزبەکان و باڵە جیاوازەکان و کەسایەتیە سیاسیەکان
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی
رێکخراوە نا حکومییەکان
ئەنجومەنی شورای ئیسلامی
حەوزە عیلمیەکان، زانکۆکان، سەنتەرە ئەکادیمیەکان.
وەزارەتەکان ، دامەزراوەکانی جیبەجێکردن، دەزگای دادوەری، هێزەچەکدارەکان
لێرەوە دەتوانین بڵێین، جیاوازی نێوان هەردوو سەردەمی پێش شۆڕش و دوای شۆڕش تەنها لە ئامرازەکاندایە دەنا بنەماکانی سیاسەت هەمان شتن. کاتێک سەیری سەردەمی حەمە رەزاشا دەکەین، بۆمان ئاشکرا دەبێت کە هەردوو بنەمای بەرژەوەندی و نەتەوەیی لە سیاسەتەکانیدا بە قوڵی رەنگی داوەتەوە. لەو دەمەدا ئێران رۆڵی پۆلسی دەبینی لە کەنداو، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا لە لوتکەدا بوو، پەیوەندی دبلۆماسی بەهێزی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبوو. هێزی سەربازیی ئێران لە ریزبەندی پێنجەمی جیهاندا بوو. ئێران هێزێکی هەرێمایەتی دیار بوو، هەوڵی بۆ ئەوە دەدات کە بەرەو زلهێزێکی نێودەوڵەتی هەنگاو بنێت. لە بەرامبەریشدا، مەیلی نەتەوە پەرستی شا و دڕدۆنگیی لە دامەزراوەی ئایینی تاڕادەی ترسان و هەوڵدان بۆ سنوردارکردنی رۆڵی ئەو دامەزراوەیە، رێگربوون لە دەرکەوتنی رەهەندی ئایینی لە سیاسەتەکانیدا.
دوای روخانی رژێمی پەهلەوی و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن رەوتی ئایینی، لەسەر حسابی هەموو ئەو رەوتانەی تر کە بەشدار بوون لە شۆڕشی 1979 ، رژێمی نوێ پابەند بوو بە کارکردن لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی و بایەخێکی تایبەتی هەبوو بۆ دەرخستنی ئێران وەک هێزێکی هەرێمایەتی و تەنانەت نێودەوڵەتیش، بەڵام گرفتەکە لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە ئامرازەکانی ئەو رژێمەی بەدەستەوە نەما. بەهاری پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا کۆتایی هات و ئەمەریکا لە گوتاری سیاسی ئێراندا بوو بە شەیتانی گەورە. هەروەها دژایەتیکردن و دوژمنایەتیکردنی ئیسرائیل و بەرزکردنەوەی دروشمی لەناوبردنی ئەو قەوارەیە، بوو بە یەکێک لە ئاراستە ئایینیەکانی رژێمی نوێ و رەهەندە ئایینیەکەی. بەمجۆرە ئیتر دەبوو کۆماری ئیسلامی ئێران بەشوێن ئامرازی نوێدا بگەڕێت بۆ سیاسەت ئەویش بە دابەشکردنی دنیا بۆ سەر دوو جەمسەر: جەمسەرێک کە نوێنەرایەتی هێزە هەژمونخوازەکانی دنیای دەکرد، جەمسەرێکی تریش نوێنەرایەتی ئەو هیزانەی دەکرد کە دژی هەژمونگەرایی بوون و لەپاڵ موستەزعەفینی دنیادا بوون.
لەسۆنگەی ئەم دابەشکردنەوە، رژێمی ئیسلامی ئێران دەستیکرد بە هەناردەکردنی شۆڕش و دروستکردنی هێزو رێکخراوگەلێکی گوێڕایەڵ بە خۆی لە ناوچەکە. ئەم شێوازە لە جوڵەی ئێران، زۆر خێراو لە دوای شۆڕشی 1979 بووە هۆکاری دروستبوونی پرسیاری ئەوەی کە داخۆ ئێران لەسەر بنەمای ئایینی ئەو کارە دەکات یاخود تەنها وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی دەوڵەت و پتەو کردنی پایە نێودەوڵەتیەکانی ئەو کارە دەکات، یاخود تێکەڵەیەکە لە هەردوو ئامانجەکە؟ ئەو پرسە هەتا ئەمڕۆش سەرنجێکی زۆری دروستکردووە لەسەر رۆلی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەو پاساوانەی کە ئێران دەهێنێتەوە بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوچەکەو دەوڵەتەکان.
سێیەم- لە نێوان ئایدۆلۆژیای شۆڕش و لۆژیکی دەوڵەت:
ئەو تەمومژەی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی دەورە داوە و ئەو پارادۆکسیانەی کە دێنەوە ئاراوە، جێگەی بایەخ و شیکردنەوە بووە بۆچاودێرانی کاروباری ئێران و دەوڵەتانی ناوچەکە، کە راستەوخۆ بەهۆی هاوسێیەتی لەگەڵ ئێران، لە ژێر کاریگەری راستەوخۆی ئەو سیاسەتانەدا بوون. وردبوونەوە لەم بابەتە هەندێ پرسیاری ئەوتۆ دروست دەکات، کە رەنگە بتوانێت وێنەیەکی رونتر لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بدات بە دەستەوە. گرنگترین ئەو پرسیارانەش ئەوەیە کە داخۆ بەڕاستی جیاوازی و دووفاقی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا هەیە؟ ئەم جیاوازیانە ئەگەر هەبن لە چیدا زیاتر بەرجەستە دەبن؟
سەبارەت بە پرسیاری یەکەم، لێدوانی بەرپرسە ئێرانیەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە بەڵێ دوو فاقی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا هەیە. بۆ نمونە هەرکاتێ سەرۆکی ئێرانی حەسەن رۆحانی رایگەیاندبێت کە بە نیازە کەشێکی باش دروست بکات و پەیوەندی ئەرێنی باشی لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو هەبێت بە دیاریکراویش سعودیە؛ ئەوە لەملاوە دیسانەوە سەرۆکی ئێران دێت و سعودیە و ئیمارات تۆمەتبار دەکات بە پشتوانیکردنی سەرۆکی پێشووی عێراق سەدام حسین لە جەنگیدا دژی ئێران. ئەم تۆمەتبارکردنانەش ناکۆکە لەگەڵ داخوازییەکانی خودی رۆحانی بۆ سەرکردەکانی سوپای پاسداران بەوەی کە دوور بکەونەوە لەهەر جۆرە لێدوانێک کە ناکۆکە لەگەڵ هەوڵی حکومەتەکەیدا بەرەو کرانەوە بەڕووی دەوڵەتانی کەنداو بەتایبەت سعودیە. هەر لەم چوارچێوەیەداو لە کاتێکدا پادشای بەحرەین حەمەد بن عیسی ئال خەلیفە، نامەی پیرۆزبایی رەوانەی ئێران دەکات، بەبۆنەی یادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئێرانەوە لە ساڵی 1979 ، کەچی لەملاوە رابەری شۆڕش عەلی خامەنەئی پێشوازی هەندێ کەسایەتی ئۆپۆزیسیۆنی بەحرەینی دەکات و بەکەسانی بەهێز وەسفیان دەکات و داوای خۆڕاگرییان لێدەکات. ئەم رەفتارە پارادۆکسیانەی کە ئاماژەمان بۆ کرد لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو، ئاماژەیە بۆ بوونی دووفاقی و ناکۆکی لە دروستکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا، ئەمەش لە لایەن خۆیەوە دەمانباتەوە بۆ پرسیاری دووەم کە سەرچاوەی ئەو دووفاقی و ناکۆکییانە چین؟
سەرەتا رژێمی ئێران بەگوێرەی دەستور و دیدگاو بۆچوونەکانی رابەری باڵای رۆحی سیاسەتی دەرەوە پەیڕەو دەکات، دواتر دامەزراوەکانی تری رژێم لە دروستکردنی ئەم سیاسەتەدا رۆڵی خۆیان دەگێڕن، بەڵام دیسانەوە ئەم رۆڵە لە هەمان ئەو چوارچێوەیەدا دەبێت کە وەکو ناوەندێکی سیاسەت وایە و هەموو سەرەداوەکانی دەگەڕێتەوە بۆ رابەر کە داڕێژەری سیاسەتی گشتی دەوڵەتە، لەوانەش سیاسەتی دەرەوەی وڵات.
بەگوێرەی ئەم پەیکەربەندییە، گۆڕانی حکومەتەکان لە ئێران رۆڵێکی جەوهەری ناگێڕێت لە هێنانە کایەی گۆڕانکاری گەورە لە دروستکردنی سیاسەتی دەرەوە، لەم سۆنگەیەوە هاتنە کایەی حکومەتێکی میانڕەو یاخود ریفۆرم خوازو دەرکەوتنی لێدوانی ئاشکرا بە ئاراستەی میانڕەوی، واتای ئەوە ناگەیەنێت کە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دێتە ئاراوە. عەباس عێراقچی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەو گەورە دانوستانکاری ئێران لە دانوستانی پرۆگرامی ئەتۆمی لەگەڵ کۆمەڵی 5+1 لەم بارەوە دەڵێت" ئەو بنەماو بەهایانەی کە ئێران لە سیاسەتی دەرەوەدا پەیڕەویانی دەکات نەگۆڕو چەسپاون، بەڵام ئاساییە کە بە ئاڵۆگۆڕی حکومەتەکان هەندێ ئالۆگۆڕیش لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکاندا بێنە گۆڕێ. دەکرێت هەر حکومەتێک پەیڕەوێکی تایبەت بە خۆی هەبێت، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نیە کە بەنماو بەهاکان گۆڕاون". بەهەمان شێوە ئەحمەد تەوەکلی ئەندامی پەرلەمانی ئێران دەڵێت " سیاسەتی گشتی و دەسەڵاتی باڵا لە ئێراندا رێسای چەسپاویان هەیە، ئاڵوگۆڕ لە سەرۆک کۆمارەکاندا رەنگە تەنها لە چۆنیەتی جێبەجێبکردنی سیاسەتە گشتیەکانەوە رەنگبداتەوە".
لە راستیدا چەندان دامەزراوەی دەوڵەت لە ئێراندا بەشدارن لە وێنەکردن و جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوە، جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە تەنها لەسەر شانی وەزارەتی دەرەوە نیە، هەرچەندە ئەو وەزارەتەش پابەندە بە تەنسیقکردن لەگەڵ نوسینگەی رابەری رۆحی و تەنها خۆی بە رێنماییەکانی سەرۆک کۆمارەوە نابەستێتەوە. هەرچەندە سەرۆکی ئێرانە کە وەزیری دەرەوە دیاری دەکات، بەڵام ئەوانەی کە وەزارەتە سیادیەکان بە دەستەوە دەگرن دەبێت رەزامەندی رابەری رۆحیشیان هەبێت، بۆیە لێرەدا نوسینگەی رابەری رۆحی و بەرێوبەرایەتییە سیاسیەکانی رۆڵی سەرەکییان دەبێت لە وێنەکردنی سیاسەتەکاندا. لەهەوڵێکیشدا بۆ فراوانکردنی چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک، ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران هەستا بە فراوانکردنی بنکەی نوێنەرایەتی خۆی، بۆ ئەوەی بتوانێت کەمێک ئەو بازنە بەرتەسکەی بەردەمی فراوان بکات و بتوانێت لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران سیاسەتی پراکتیکی خۆی جێبەجێ بکات.
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیش لەم بارەوە رۆڵێکی گرنگی هەیە، بۆ نمونە سەعید جەلیلی ئەمینداری گشتی ئەو ئەنجومەنە، چەند جارێک سەردانی عێراقی کرد، چونکە عێراق دەکەوێتە نێو بواری گرنگیپێدانی ئێران. عەلی شەمخانی ئەمینداری ئێستای ئەو ئەنجومەنەش بەهەمان شێوە سەردانی کرد، کە پێدەچێت رۆڵێکی گرنگی گێڕابێت لە قایل کردنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالیکی کە واز لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بێنێت. شەمخانی وێرای ئەوەش سەردانی لوبنان و چەند وڵاتێکی تریشی کرد، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەم ئەنجومەنە رۆڵی گرنگی هەیە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی وڵات. سوپای قودس کە باسکی دەرەوەی سوپای پاسدارانە، لایەنێکی دیکەیە لە رۆڵیکی گرنگی هەیە و یەکێکە لە ئامرازەکانی جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوە یاخود دروستکردنیدا، ئەمەش لە رێگای پشتوانیکردنی گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکە، جا ئایا پشتوانیکردنی مادی بێت یاخود سەربازی. جهانبەخش یەزدی سەبارەت بەم ئاڵۆسکاندنەی تایبەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و جێبەجێکردنی دەڵێت: "چەندین هۆکاری گرنگ هەن کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەڕێوە دەبەن، هەندێ لەو هۆکارانە سیفەتی رەسمییان هەیە و هەندێکی تریان سیفەتی ناڕەسمیان هەیە". هەرچەندە لە زۆرێک لە دەوڵەتان جۆرێک لە ئاڵۆسکاندن و تێکەڵاوی دامەزراوەیی هەیە لە چۆنیەتی دروستکردنی بڕیاری سیاسی، بۆیە بوونی بیروباوەڕی جیاواز لەمەڕ ئەو پێودانگ و بەهاو نەریتانەی کە رۆلیان هەیە لە دروستکردنی سیاسەتی دەرەوە، جۆرێک لە پارادۆکسی دروست دەکات لە نێوان ئاراستەکانی دروستکردنی ئەو سیاسەتەدا و پانتاییەکی فراوان دەبەخشێت بە هەموو دامەزراوەکان بۆ لێکدانەوەی تایبەت بەو سیاسەتە. ئەگەر بە سەرنجەوە تەماشای بوونی هەمان پارادۆکسی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بکەین، بۆمان ئاشکرا دەبێت کە سەرچاوەکەی راڤەکردنی جیاوازی ئەو دامەزراوانەیە بۆ ئەو سیاسەتە.
ئێران هاوشێوەی هەندێ وڵاتانی دیکە، هەرجۆرە دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان رەتدەکاتەوە، هەروەها بڕوای بە پەیوەندی ئاشتیانە هەیە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە ئاشتی خواز و بێ وەین و یەک پارچەیی خاک و سەربەخۆیی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ئەوانە بە گرنگ دەزانێت. هەموو ئەمانەش لە پێناو رێزگرتنی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەکانە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی باڵای خۆی دوور لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە سیاسەتی دەرەوەی ئێران پشت بەهەندێ بنەما دەبەستێ کە ناکۆکە لەگەڵ ئەوەی پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد. هەرچەندە رژێمی ئێران جەخت لەسەر نەبوونی ئەو پارادۆکسیانە دەکاتەوە بە گوێرەی لێکدانەوەو تێگەشتنی خۆی بۆ ئەم پرسە.
وەکو پێشتر باسمان کرد رژێمی ئەمڕۆی ئێران تەواو بە پێچەوانەی رژێمەکەی بەر لەخۆی هەڵوێستی بەرامبەر بە ئەمەریکا و ئیسرائیل نواندووە، تەنها ئەوەندەشی لەبەردەمدا بوو کە بگەڕێت بە شوێن ئامرازی نوێدا بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەرەوە و بەهێزکردنی هەژموونی هەرێمایەتی خۆی.
ئەم ئامرازانە بوون کە بوونە هۆی زەقکردنەوەی جیاوازی سیاسەتی دەرەوەی رژێمی ئێستای ئێران. لەبەرامبەر دەستوەرنەدانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان، بنەمایەکی ترهەیە کە رێگای دەستوەردان خۆش دەکات ئەویش پشتوانیکردنی لاوازەکانە (موستەزعەفین) لە دژی زۆردارەکان (موستەکبرین). رژێمی ئێران بۆ ئەم کارەشی فەرمودەیەکی پێغەمبەر دەکاتە بەڵگە کە دەڵێ (ئەوەی دەستی بڕوات و هاوکاری موسڵمانان نەکات، موسڵمان نیە). هەروەها فەرمودەیەکی ئیمامی عەلی کەدەڵێت (بۆ زۆردارەکان دوژمن بن و بۆ ستەملێکراوان پشتیوان). مادەی حەوتەم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پشتیوانی موسڵمانان و بەرگریکردن لە مافەکانیان دوو پایەی گرنگن بۆ حکومەتی ئیسلامی. ئەم بنەمایانەش رەنگی داوەتەوە لەو رۆڵەی کە ئێران دەیبینێت لە فەلەستین و لوبنان و عێراق و ئەفگانستان و کشمیر.
لەو ئامرازانەی کە راستی بوونەتە کێشە لە مامەڵەی رژێمی ئێران لەگەڵ دەرەوەدا و رەنگدانەوەی پارادۆکسی لۆژیکی شۆڕشە لە بەرامبەر دەوڵەت، بریتییە لە بەکارهێنانی چەمکەکانی (ام القری) و (مەهدی)[1] و هەناردەکردنی شۆڕش و حکومەتکردنی ئیسلامی. ئەم چەمکانە بە ئاشکرا ئەو پارادۆکسیانە دەخاتەڕوو کە پاڵنەری راستەقینەن بۆ ئەوەی سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس بەرەو دەرەوەی سنورەکانی ئێران پەل بهاوێژن، ئەمەش بە پشتبەستن بەهەندێ وتەی ئیمام خومەینی و گرنگی هەناردەکردنی شۆڕش کە یەکێکە لە بناغەکانی حکومەتی ئیسلامی. لەم بارەوە خومەینی دەڵێت: (بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە باڵاکانی ئیسلام، شۆڕشی ئیسلامی گەلانی ئێران بە پێنج قۆناغدا دەڕوات: شۆڕشی ئیسلامی، سیستەمی ئیسلامی، حکومەتی ئیسلامی، دەوڵەتی ئیسلامی، شارستانی جیهانیی ئیسلامی. ئێمە ئێستا لە قۆناغی سێیەمداین).
بە مردنی خومەینی ئەم پارادۆکسیانە تەواو نەبوون، بەڵکو هەتا ئەمڕۆ لە لایەن رژێمی ئێستاوە دەنگدانەوەی خۆی هەیە و خوازیارە بەهەموو تواناکانی خۆی ئەو خەیاڵە بکاتە راستی. لە دوای مردنی خومەینی و پێداچوونەوە بە دەستوردا، ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بە سەرۆکایەتی هاشمی رەسفەنجانی کۆبوونەوەو گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە رژێمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بەردەوام بێت ئەگەر نەتوانێت شۆڕشی ئیسلامی بگوێزێتەوە بۆ دەرەوەی سنورەکانی خۆی، بە گوێرەی ئەمە دروستکەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر ئاراستەی ئەوە کاریان دەکرد کە ئێران وەک (ئامێزی گەلانی ئیسلام) بناسێنن، بۆ ئەوەی لەو رێگایەوە ئێران بکرێتە بنکەو لانکەی هەموو ئەو هێزو بزوتنەوە ئیسلامیانەی کە دەبێت بەهرەمەند بن لە هاوکاری مادی و مەعنەوی، تا بتوانن بگەنە سەر دەسەڵات، ئەمەش بەردەوامی دەبەخشێت بە کۆماری ئیسلامی ئێران.
لەم بارەوە سەرۆکی پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت: (ئامانجی سەرەکی رژێمی ئێران ئەوەیە کە شیعەگەرایی لە دنیادا بڵاو بکاتەوە و ئاڵای مەهدی فریادڕەس بەرزبکاتەوە). سەرۆکی سوپای پاسدارانیش دەڵێت: (ئێمە دەمانەوێت تاقیکردنەوەی بەسیج هەناردەی دەرەوە بکەین و ئایینی ئیسلام بڵاو بکەینەوە). لێرەدا بە وردبوونەوە لەو لێدوانە و سەرنجدان لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و چالاکیەکانیان، بەڕوونی بۆمان ئاشکرا دەبێت کە مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئیسلام، بڵاوکردنەوەی شیعەگەراییە، نەک بانگەواز بۆ ئەوەی کەسانی ناموسڵمان بێنە نێو دینی ئیسلام، ئەمەش مەحاڵ نیە، چونکە هەوڵەکانی بە شیعەکردنی سونە لە چەندین دەوڵەتی دنیادا بەڵگەی ئەو لێدوانانەن.
لەو بەڵگانەی تریش کە پارادۆکسی بنەمای دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی دیکە و ئەوەی کە لە راستیدا ئێران ئەنجامی دەدات لەوڵاتانی دیکە و دوو فاقی لە نێوان دامودەزگاکانی جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوە دەخەنەڕوو، بریتییە لە رۆڵی فەیلەقی قودس و سوپای پاسداران لە ناوچەکە. سەردانە بەردەوامەکانی ئەم دواییەی (قاسم سلێمانی)[2] کەمترین بەڵگەی بەرجەستەبوونی ئەو راستیانەیە. لە کاتێکدا بەرپرسە ئێرانیەکان سەرەتا نکوڵیان لە بوونی هەرجۆرە رۆڵێکی ئێران دەکرد لەم بارەوە، بەڵام پشتوانیکردنی سوپای عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی داعش هاوزەمان لەگەڵ ئۆپراسیۆنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی رێکخراوی داعش، فرسەت بوون بۆ ئێران کە رۆڵی خۆی ئاشکرا بکات و بوونی راوێژکارو سەربازان و ئەندامانی سوپای پاسداران لە عێراق بسەلمێنێت، بەتایبەت لە دوای بڵاو بوونەوەی وێنەکانی فەرماندەی سوپای قدس لە چەندین شاری عێراق. هەروەها بانگ کردنی قاسم سلێمانی نەک وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەردەم ئەنجومەنی پسپۆڕانی ئێران بۆ باسکردنی بارودۆخی جیهانی ئیسلامی بە تایبەت لەمیسر و سوریا و عێراق و لوبنان، ئەو پارادۆکسییە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەخاتەڕوو.
بەرپرسە سەربازیەکانی ئێرانیش بە لێدوانەکانیان، هەمان پارادۆکسی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دووبارە دەکەنەوە، کە کەوتۆتە ژێر کاریگەری چەندین دامەزراوەی جیاوازەوە. نوێنەری رابەری رۆحی لە ناو سوپاسی پاسداران " علی سەعیدی" لەمەڕ چەمکی " مەهدی" و رەنگەدانەوەی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا دەڵێت: لە پێناو خێراکردنی گەڕانەوەی مەهدی فریادڕەس، دەبێت هەندێ گۆڕانکاری لەو وڵاتانەدا رووبدات کە لە دەوروبەری ئێراندان. لیوا ئیسماعیل قائانی جێگری سەرکردەی گشتی سوپاسی قودس لەو باوەڕەدایە کە رۆڵی ئێران تەنها بە سوریاوە ناوەستێت بەڵکو ئامانجمان ئەوەیە کە سەرکردایەتی هەموو جیهانی ئیسلام بکەین. هەروەها رژێمی ئێران شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی بە رابوونی ئیسلامی ناودەبات بۆ ئەوەی رەهەندێکی ئایینی پێببەخشێت و مۆرک و کاریگەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی لەسەر دابنێت، لەم بارەوە ئیمام و وتاربێژی هەینی تاران دەڵێت: ئەو رابوونانە ئاسانکارین بۆ مەهدی فریادڕەس بۆیە دەبێت لە رووی مادی و مەعنەوی پشتوانی بکرێن.
بەمجۆرە دەتوانین بڵێین، کە جیاوازی و پارادۆکسی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا بوونی هەیە، سیاسەتێک کە کەوتۆتە نێوان هەردوو بەرداشی ئایدۆلۆژیای شۆڕش و چەمکی دەوڵەت. وێرای بوونی لایەنگرو دژ بەری بۆ رێبازی هەندێ لە دامەزراوەکانی رژێمی ئێران لەمەڕ چالاکییەکانی ئەو دیو سنورەکانی خۆیانەوە، بەڵام دەتوانین بێژین هەموو ئەوانەی وابەستەن بە دروستکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆتاییدا کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی سەرەکی دەکەن، ئەویش ئەوەیە کە ئێران ببێتە کلیلی زێڕینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێزی یەکەمی ناوچەکەو، هەموو دنیا بێتە ژێر باری ئەوەی کە تەنها یەک رێگایان لەبەردەمدایە ئەویش مامەڵەکردنە لەگەڵ ئێران سەبارەت بە کاروباری ناوچەکە. لەم بارەوە علی ئەکبر صالحی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران و سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران دەڵێت: وابکەین کە بۆهیچ پرسێکی ناوچەکە نەتوانن حساب بۆ ئێران نەکەن، یاخود بە دەربڕینێکی تر وەک باڵیۆزی پێشووی ئێران لە فەرەنسا دەڵێت: نەتوانن پشتێنەی ئەمنی ناوچەکە بەبێ ئێران دەستەبەر بکەن.
چوارەم- روئیای ئێران بۆ ناوچەکەو جیهان لە ژێر سایەی بارودۆخی ئێستادا:
بەر لەوەی بچینە سەر باسکردنی ئایندەی سیاسی ئێران بەرامبەر ناوچەکەو جیهان، دەبێت بزانین کە هیچ ئاماژەیەک بۆ گۆڕانێکی دراماتیکی لە بوندیاد و پایەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەدی ناکرێت، بە تایبەت سەبارەت بە مەزنکردنی رۆڵی ئێران لە ناوچەکەو جیهان، بۆیە ئەوەی دەتوانین پێشبینی بکەین تەنها دروستبوونی گۆرانکارییە لە ئامرازەکانی جیبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەو پانتایی جوڵەکانی لەگەڵ رادەی یەکانگیربوونیان لەگەڵ پێدراوە نوێیەکانی ژینگەی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ پایەکانی ئەو سیاسەتانەی ئێران. بەگشتی دەتوانین هەندێ هۆکار دەستنیشان بکەین کە بەهۆیانەوە ئێران توانیویەتی و لە ئێستاشدا دەتوانێت ئامادەیی خۆی بسەلمێنێت لەوانەش:
1- روخانی رژێمی تالیبان دوای دەستوەردانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا، لە نۆڤێمبەری 2001، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە رژێمی ئێران دەربازی بێت لە دەست رژێمێک لە رووی ئایدۆلۆژییەوە دژبەری بوو، وێرای ئەوەش بتوانێت رۆل و پێگەی خۆی لە ئەفگانستان بەهێزتر بکات، تاڕادەی ئەوەی ببێت بە رەگەزێکی کاریگەری ئەوتۆ کە بەبێ ئەو نەتوانرێت ئاسایش و ئارامی دەستەبەر بکرێت. کاتێک ئێران بانگهێشتکرا بۆ بەشداری کردن لە کۆنگرەی تایبەت بە ئەفگانستان، مەنوچەهر موتەکی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: بانگهیشتکردنی ئێران بۆ بەشداری لە پرۆسەی دەستبەرکردنی ئاشتی بۆ ئەفگانستان، ددان پێدانانی دەوڵەتانی خۆرئاوایە بە رۆڵی ئێران و بەڵگەی شکستی سیاسەتەکانی ئەمریکایە.
2- داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمەریکاوە ساڵی 2003 ، کە ئەوەش بۆ خۆی بەشێوەیەکی زۆر گەورە بووە هۆی رزگاربوونی ئێران لە دوژمنێکی کەلە رەقی خۆی، کە لە گەڵیدا بۆ ماوەی 8 ساڵ لە جەنگدا بوو. دوای ئەوەی پێشبینی ئەوە دەرکەوت کە ئەم داگیرکارییە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ ئێران، ئەو گرفت و کێشانەی کە ئەمەریکا دووچاریان بوو، لەگەڵ هەوڵەکانیدا بۆ پاشەکشەکردن لە عێراق، هەلێکی زێڕینیان بۆ ئێران رەخساند کە لەرێگای ئەو هێزە عێراقیانەی لایەنگری ئەون، بە توندی بێتە نێو مەشهەدی سیاسی عێراقەوە؛ وڵاتێک کە هەمیشە ئالنگارییەکی مێژوویی بوو بۆ هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا، بەمجۆرە رژێمی ئێران بوو بە ژمارەیەکی قورس لە هاوکێشەی عێراقدا و ئەمەریکا ناچار مایەوە لەسەر ئایندەی عێراق مامەڵە لەگەڵ ئێران و رژێمە سیاسیەکەیدا بکات، وەک چەندین بەرپرسی ئێرانی ئاماژەیان بۆ کردووە.
3- رێکەوتنی کاتیی لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، کە لە رۆژی 20ی نۆڤێمبەری2013 مۆرکرا، پاڵنەرێک بوو بۆ چەندین وڵاتی خۆرئاوایی کە ئامادە سازی بکەن بۆ قۆناغی دوای رێکەوتنی گشتی. لێدوانی پۆزەتیڤانە و پێشوازیکردن لە رێکەوتنەکە و پاشان ئەنجامدانی چەندین سەردان لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵاتان و وەزیرانی دەرەوەو پەرلەمانتاران و نوێنەری کۆمپانیا جیهانیەکان کە لەهەوڵی گەڕاندنەوەن بۆ بازاڕە پڕ ئایندەکانی ئێران و دەستکەوتنی هەلێک بۆ وەبەرهێنان. ئەمانەش لە راستیدا ئاسانکاری بوون بۆ گەیشتنی حەسەن رۆحانی بە دەسەڵات و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ ئاوەڵابوون لە رووی خۆرئاوا. لە چوارچێوەی بەجێهێنانی ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکی ئێرانی دابوون لەمەڕ هەڵگرتنی سزا ئابورییەکانی سەر ئێران، بە تایبەت ئەو سزایانەی کە لەلایەن ئەمەریکاوە سەپێنرابوون. ویندی شیرمان گورە دانوستانکاری ئەمەریکی لەم بارەوە دەڵێت (هەر ئەوەندەی سزاکانی سەر ئێران هەڵگیران، ئیتر هەموو دنیا هەڵپەدەکات بۆ ئێران).
4- گەشەسەندنی رێکخراوە تیرۆرستیەکان لە ناوچەکە.
لە کاتی قەیرانی سوریادا هەست بە زیادبوونی هەژموونگەرایی ئێران دەکرا لە ناوچەکەدا، ئەمەش لە دوو رێچکەوە: رێچکەی یەکەم دۆزینەوەی پەڵپ و بیانوی زیاتر بۆ ئەوەی پاساوێک بن بۆ دەستوەردان لە کاروباری سوریا و پشتیوانیکردنی رژێمی بەشار ئەسەد، بەو پێیەی – کەوەک رژێمی ئێران لێکدانەوەی بۆ دەکات- شۆڕشی سوریا لە دەرەوە بەڕێوەدەبرێت و ئەوانەشی کاری تێدا دەکەن لە ژێر ئاڵای رێکخراوێکی تیرۆرستیدان. بۆیە رژێمی ئێران بەردەوام بوو لە پشتیوانیکردنی رژێمی ئەسە لە پێناو مانەوەی (وەک خۆیان دەڵێن محوەری مقاوەمە)، کە ئەمەش وەک ئەو سییانە وایە کە رژێمی ئێران لە رێگایانەوە هەناسە دەدات. پارێزگاریکردن لە مەزارە پیرۆزەکانی شیعە بوو بە پاساوێک بۆ ئەوەی هەندێ لە رێکخراوە شیعەکانی سەر بە ئێران بچنە ناو گۆڕەپانی سوریا و پەیوەندی بە هێزەکانی ئەسەدەوە بکەن، وەکو حزب الله ی لوبنان و لیوای ابی الفضل بن العباس العراقي و عصائب اهل الحق. بەمجۆرە مانەوەو پاراستنی محوەری مقاوەمە جەوهەری سەرەکی بوون بۆ ئەو جوڵانەوانە، کە سەرەنجام پێگەی رژێمی ئەسەدیان بەهێزکرد، کە وەکو ئەمینداری گشتی حزب الله ی لوبنان دەڵی (بڕبڕەی پشتی بەرگرییە و حزب الله رێگا نادات پشتی بەرگری بشکێت).
رێچکەی دووەم لەو دەستکەوتانەدا خۆی دەبینێتەوە، کە رژێمی ئێران بەدەستی هێنان لە دوای ئەوەی کە رێکخراوی تیرۆرستی داعش دەستی بەسەر پانتایییەکی زۆردا گرت لە باکوری عێراق و سوریا. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە رژێمی ئێران پشتیوانی ئەو رێکخراوەی کردبێت تا دەست بەسەر هەموو ئەو پانتاییانەدا بگرێت، بەڵام رووداوە بووە هۆی خزمەتکردنی ئیران بە جۆرێک کە هەندێک دەنگی خۆرئاواییەکان داوای بەشداریپێکردنی ئێرانیان دەکرد لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، کە ئەمەش بێگومان زۆر بە ئەرێنی رەنگدەداتەوە بەسەر ئەو رژێمەدا، کە هەوڵی کرانەوەی زیاتر دەدات بەڕووی رۆژئاواداو دەیەوێت وایلێبکات کە وەک هێزێکی هەرێمی لە ناوچەکە حسابی بۆ بکرێت.
بانگهێشت نەکردنی ئێران بۆ ئەو کۆنگرەیەی کە لە جدە گیراو پاشان بایە پاریس بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، واتای ئەوە نیە کە ئێران لەو مەشهەدە دابڕاوە. ئێران بەردەوام بوو لە بەهێزکردنی پێگەی خۆی و جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئەو بۆشەڕی تیرۆر پرس بەکەس ناکات، لەوەش زیاتر رەخنەی لە هاوپەیمانییەکە دەگرت و جەختی لەسەر ناکارابوونی دەکردەوە لەمەڕ هێرشە ئاسمانییەکان. لە کاتێکدا قاسم سلێمانی سەرکردەی فەیلەقی قودس خۆی لەسەر زەوی ئامادەیی هەبوو پشتیوانی سوپای عێراقی دەکرد. ئەمەش جەختکردنەوەی ئێران بوو لەسەر ئەوەی کە هیچ بژاردەیەک لەبەردەم جیهاندا نیە جگە لەوەی کە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکەن بۆ قەلاچۆکردنی ئەو رێکخراوە.
5- بەردەوامی پشتیوانیەکانی ئێران بۆ ئەو هێزو رێکخراوانەی کە لایەنگری خۆیین لە ناوچەکە، ئەمەش بۆتە هۆی چالاک بوونی ئەو هێزانە و کاریگەربوونیان لە وڵاتەکانی خۆیان. حزب الله ی لوبنانی باشترین نمونەیە بۆ ئەم رێبازەی ئێرانە، لەوەش زیاتر رژێمی ئێران هەوڵ دەدات ئەو مۆدیلە لە ناوچەکانی تریشدا دروست بکات، کە لە کۆتایدا بە قازانجی ئامادەبوونی ئێران لە ناوچەکەدا دەکەوێتەوە. هەر ئەمەشە وای لە علی ویلایەتی سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندی رژێم و راوێژکاری رابەری رۆحی بۆ کاروباری سیاسەتی نێودەوڵەتی، کرد کە هیوا بۆ ئەوە بخوازێت حوسیەکانی یەمەن هەمان پێگەی حزب الله یان هەبێت.
جگە لەو هۆکارانە، هێشتا هۆکاری تریش هەن کە بەربەستن لەبەردەم ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا. راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ناوبەناو جوڵەکانی ئێران لە پشتوانی تیرۆر لەناوچەکەدا تۆمار دەکەن، هەروەها بەرامبەر بە رێنماییەکانی بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، هێشتا باڵێکی بەهێز لە ئەمەریکا دژبەرە لەگەڵ ئەوجۆرە نزیکبوونەوەیە و لەوەش زیاتر ئاستەنگ دروست دەکات بەرامبەر بە هەرجۆرە نزیکبوونەوەو تێگەشتنێک لە ئێران. ئاستەنگی نەبوونی متمانەش رۆڵێکی زۆر گەورە دەبینێت لە سەرنەکەوتنی هەرجۆرە نزیکبوونەوەیەکی لەو جۆرە، رابەری رۆحی ئێستای ئێران بەردەوام لەهەموو لێدوانەکانیدا بێمتمانەیی خۆی لە ئەمەریکا دووپات دەکاتەوە بەو پێیەی کە سیاسەتی ئەمڕۆی ئەمەریکا رەتکردنەوەی هەرجۆرە نمونەیەکی دەسەڵاتی ئیسلامییە لە سەر ئاستی جیهان، هەروەها لەو باوەڕەدایە کە پێشکەوتنی ئابووری ئێران وەکو زیانێکە بۆ ئەوان، لەبەر ئەوە نا کە ئێمە دروشمی مەرگ بۆ ئەمەریکا دووپات دەکەینەوە، چونکە ئەگەر دەستبەرداری ئەو دروشمەش بین ئەوان هێشتا نیگەران دەبن بە پێشکەوتنی ئابووری ئێران بەو پێیەی کە ئەمە دەبێتە نمونەیەک بۆ وڵاتانی تری دنیا و چاو لە ئێمە دەکەن.
وێرای هەموو ئەو خاڵانەش، هێشتا لە کۆتاییدا بەرژەوەندییەکانە کە دەبێتە بزوێنەری یەکەمی سیاسەتی دەوڵەتان، هەر کاتێک ئەو بەرژەوەندییە دوو لایەنە بوو ئەوە یەکسەر هاوکاری و هەماهەنگی دەردەکەوێت لە ئەفگانستان بێت یان لە عێراق، ئەوەتا داعش پانتاییەکی نوێ دەبەخشێت بۆ دەرکەوتنی هاوکاری نێوان ئەمەریکا و ئێران، نامەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما بەڵگەی ئەوەیە.
قەیرانی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا لە مەودای کورت خایەندا چارەسەر نابن، بەهەمان ئەو شێوەیەی کە ترەمپ پەیڕەوی دەکرد، پێدەچێت جۆ بایدن هەمان سیاسەتی (ترساندن و دبلوماسیەتی توند) بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی جوڵەی جیۆسیاسی ئێران و سیاسەتە نێودەوڵەتییەکانی سنوردار بکات.
بیرکردنەوە لە ئاستێکی باشی پەیوەندی لە نێوان ئەمەریکا و ئێران لەمەڕ مەسەلە هەرێمایەتی و ستراتیژییەکان تەنها لەو کاتەدا روودەدات کە ئەمەریکا پێگەو سەنگی ئێران لە سیستەمی هەرێمایەتیدا پەسەند بکەن. سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ رێگەخۆشکەر بوو بۆ پەیدابوونی تێگەشتنێکی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی هیوایەک بۆ دبلۆماسیەتی ئێرانی لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئەمەریکا لە بارەی رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، نەرمی دەنوێنێت، زۆرێک لە ریفۆرمخوازەکانی ئێران لەو باوەڕەدان کە سەرکەوتنی بایدن دەبێتە هۆی زاڵ بوونی دبلۆماسیەت بەسەر ململانێدا لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا.
لە دیدگای بایدن و زۆرێک لە بەرپرسە ستراتیژییەکانی ئەمەریکادا، رێکەوتنی ئەتۆمی بە سیفەتی ئەوەی کە رێکەوتنێکە چەند لایەن و دەوڵەتێکی جیاواز تیایدا بەشداربوون، هیچ بەهایەکی یاسایی و جێبەجێکردن و ئیلتزامێکی نێودەوڵەتی وەرناگرێت، بۆیە بایدن لەم بارەوە پەنا دەباتە بەر گەمەیەکی دبلۆماسی تازە، ئەویش دانوستانی نوێیە. لێرەدا ئەگەری دروستبوونی دبلۆماسیەتی پشت پەردەو نهێنیش بوونی دەبێت، هەروەک چۆن ساڵی ٢٠١٢ لە (مسقط) لە شێوەی (مۆدێلی هەنگاوی دووەم) پەیڕەوکرا.
تەوەری سەرکی بیرکردنەوەی بایدن لەمەڕ ئێران بریتییە لە (هاوسەنگی هەرێمی و ستراتیژی). بایدن هەمیشە لەو باوەڕەدایەدا کە پەیڕەوی سیاسەت لەگەڵ ئێران دەبێت لەسەر بنەمای هاوسەنگی بێت لە سیاسەتی هەرێمی. بایدن لەو باوەڕەدایە کە ئێران دەوڵەتێکە لە لایەک دەیەوێت پێگەی جیوسیاسی خۆی بەهێز و تۆکمە بکات، لە لایەکی تریش دەیەوێت ململانێکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی نمونەیی وەک ناوچەی جیوسیاسی گرنگ بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بەڕێوەبەرێت.
لەسەر ئەو بنەمایانەش سیاسەتی هەرێمایەتی ئەمەریکا لەسەردەمی بایدن لە جیاتی بژاردەی سەربازی، درێژکراوەی سیاسەتی هاوسەنگی دەرەکی دەبێت. دبلۆماسیەت و هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە لە شوینی بژاردەی سەربازی دەکاتە نەزمی سیاسی خۆی لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان، لە رێگای سەپاندنی کۆتوبەندی تاکتیکی بەرامبەر بە ئێران، هەروەها هەر پێکهاتنێکیش لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ئاسیا لەسەر هەمان پێوەر دەبێت.
[1] ام القری لە تێکستێکی قورئانەوە هاتووە ( سورەتی ئەنعام ئەیەتی 92 کە دەڵێت (وَهَٰذَا كِتَابٌ أَنْزَلْنَاهُ مُبَارَكٌ مُصَدِّقُ الَّذِي َيْنَ يَدَيْهِ وَلِتُنْذِرَ أُمَّ الْقُرَىٰ وَمَنْ حَوْلَهَا ۚ وَالَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِالْآخِرَةِ يُؤْمِنُونَ بِهِ ۖ وَهُمْ عَلَىٰ صَلَاتِهِمْ يُحَافِظُونَ ) . بەپێی هەندێ لە لێکدانەوەکان ام القری مەبەست ڵێی شاری مەکەیە. ئەم تیۆرە سیاسیە لە لایەن محەمەد جەواد لاریجانی ساڵی 1981 داڕێژراوە. ئەمە تیۆرێکی تایبەتە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران، کە سنوری هێزو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران شیکار دەکات. بە گوێرەی ئەم تیۆرە جیهانی ئیسلامی یەک گەلەو پێودانگی یەکێتی ئەو گەلەش سەرکردایەتی کردنیەتی. ئەگەر دەوڵەتێک بتوانێ ئاستی سەرکردایەتی خۆی بەرێتە ئەو دیو سنورەکانی خۆی بە دامەزراندنی حکومەتی ئیسلامی ئەوە دەتوانێت خۆی بکاتە دەمڕاست و پێشەوای ئۆمەتی ئیسلام و دەبێت گەلان و وڵاتی ئیسلامی هەمووی گوێڕایەڵی و وەلائیان بۆی هەبێت. تیۆری (مەهدی)یش، بەهەمان شێوە یەکێکە لەو بنەما سیاسی و سەربازی و ستراتیژیانەی کە کۆماری ئیسلامی کاری لەسەر دەکات. بە گوێرەی باوەڕی شیعەی 12 ئیمامی، مەهدی ئیمامی ئاخر زەمانە و لە کۆتایی دنیادا پەیدا دەبێت و وەک فریادڕەس ئۆمەتی ئیسلام رزگار دەکات. بە گوێرەی باوەڕی ئەوان ئەو ئیمامە لە بنەڕەتا (محەمەدی کوڕی حەسەن العسکری یە)، کە لە ساڵی 948ی زاینی بە فەرمانی خودا چۆتە حاڵەتی ون بوون و هەر بە فەرمانی خودا لە ئاخر زەماندا دەردەکەوێتەوە. هەتا دەرکەوتنەوەی ئەم ئیمامە کارو باری موسڵمانان لە لایەن رژێمی ویلایەتی فەقێ بەڕێوە دەبرێت. وەرگێڕ
[2] قاسم سلێمانی بەرەبەیانێکی زووی رۆژی 3/1/2020 لە رێگای فڕۆکە بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاوە لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کرایە ئامانج و کوژرا. وەرگێڕ
بابەتی زیاتر