شوناسی ئێزدییەکان وەکوو کورد ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بونیەت و مانەوەی کوردەوە هەیە. ئێزیدییەکان کە کوردانی پەیڕەوانی ئاینی ئێزیدین بەشێکی گرنگی پێکهاتەی کۆمەڵگا و نەتەوەیی کوردن. ئەوان یەکەمین ئەلفوبێی کوردیان دروست کرد؛ یەکەمین ڕۆمانی کوردییان نووسی؛ یەکەمین ڕادیۆی کوردییان دانا؛ یەکەمین ئەرشیفی فەرهەنگی مۆسیقا و گۆرانی کەلەپووری کوردییان دامەزراند؛ یەکەمین فلیمی سینەمایی کوردییان بەرهەمهێنا. هەروەها میرنشینی داسن بەدرێژایی سەدان ساڵ پارێزەری سنووری قەڵەمڕەوی و هەژموونی کلتووری و سیاسی گەلی کورد بوون لە هەمبەر عەرەبە کۆچەرییەکانی شەمەر و دولەیمی و جبوری. شەپۆڵی هەژموونی کلتووری عەرەبییان بۆ ماوەیەکی زۆر ڕاگرت و پاسەوانی بەئەمەکی سنوورێکی هەستیار و گرنگی کوردستان بوون.
ئێزیدییەکان بەشێوەیەک هۆشیاری نەتەوەیی کوردیان هەبوو (هۆشیاری نەتەوەیی قۆناغێکی مێژوویی و گەشەسەندنی پێش ناسیۆنالستی نەتەوەییە) کە بەتەواوی بووبوونە جێگای متمانەی سوڵتانی مەزنی ئەیوبییەکان لەکاتی فراوانخوازییەکانی بۆ خاکی دایک، کوردە ئێزیدییەکانی دەکردە سەرداری ناوچە گرنگەکانی کوردستان، وەکوو عەفرین و ئەعزاز و کلس. هەروەها سوڵتانی مەزن کاتێک هەستی بە لاوازی هەژموونی کوردەکان کرد لە میدیای ئاترۆپاتان (ئازەربایجان) بەهۆی هاتنی جەنگاوەرانی ڕەوادی و هەزبانی و شەدادی و هەکاری بۆ فەتحەکانی لە دژی خاچپەرستان لە کۆچێکی پێچەوانەدا عەشیرەتی گەورەی دونبەلی ئێزیدی بەسەرکردایەتی هێزێکی زۆرەوە ڕەوانەی ئازەربایجان کرد بۆ پاراستنی کوردەکانی ناوچەکە لە هێرشی تورکە ئۆیغوزەکان. ناوچەکانی دەورووبەری حەلەبیش کە ناوچەیەکی ستراتیجی زۆر گرنگ بوون، سوڵتانی مەزنی ئەیوبییەکان لە هەڵمەتێکی سەربازی سەخت و دژواردا کۆنتڕۆڵی کرد و لەدوای ئەمەش شێخ مەندی کوڕی شێخ فەخرەدینی، شێخی گەورەی ئێزیدییەکانی، کردە سەرداری ناوچەکانی باکووری حەلەب، کە سنوورێکی پڕ کێشمەکێش بوو لەنێوان سەڵتەنەتی ئەیووبی و خاچپەرستانی ئەنتیۆک و شانشینی قودس و ڕۆمە سەلجوقییەکانی ئەنادۆڵ و زەنگییەکانی موسڵ. ئەمەش نیشانەی متمانەیەکی بەهێز و توندوتۆڵی سوڵتانی مەزنی ئەیووبییەکان بووە بە کوردانی ئێزیدی کە خاوەنی هۆشیارییەکی بەرزی نەتەوەیی کوردی بوون لەوکاتەدا و بە دڵسۆزییەوە ڕاسپاردەکانی سوڵتانیان جێبەجێکردووە کە دواتر کاریگەری گەورەی بەسەر هەژموونی کلتووری کوردییەوە هەبوو لەدژی هەژموونی کلتووری ئۆیغوزی و ئەرمەنی و یۆنانی و فڕانکی لەم سنوورە گرنگەی کوردستان دا.
هەروەها، ئێزیدییەکان بناغەی میرنشینی بۆتانیان دامەزراند و بنەماڵەی ئازیزانی میری بۆتان لەسەرەتادا ئێزیدی بوون و دواتر ئاینیان گۆڕی بۆ ئیسلام. میرنشینی مەحمودی ئێزیدیش لە 1406ەوە بۆ ماوەی نزیکەی 130 ساڵ بەناوی کوردەوە حوکمڕانی وان و سنوورەکانی ئەرمینیا و شانشینی جۆرجیا-یان کردووە و کوردەکانی ناوچەکەیان لە هێرشی دەرەکی پاراستووە.
وەکو لەسەرەتاش باسمان کرد لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانیش لەو کاتە ناسک و هەستیارەدا کوردانی پەیڕەوی ئاینی ئێزیدی کاری گرنگیان بۆ پاراستن و دەوڵەمەندترکردنی فەرهەنگ و کلتووری کوردی کردووە. هەتا ئەم ساتەش هیچ میرێکی ئێزیدخان و هیچ بابەشێخێک کە ڕێبەری سیاسی و ڕۆحی پەیڕەوانی ئێزیدین ئاماژەیان بە ئێزیدییەکان نەکردووە وەکوو نەتەوەیەکی جیاواز لە کورد، وەکوو باپیرانیان هەمیشە شانازییان بە کوردبوونی خۆیانەوە کردووە. ئەم هەوڵەی ئێستای نایف خەڵەف سەیدۆش لە پەرلەمانی عێراق بۆ ناساندنی ئێزیدییەکان وەکوو نەتەوەیەکی سەربەخۆ، کە پێشوازییەکی گەورەی لەلایەن ئەندام پەرلەمانە عەرەبەکانەوە لێکرا، هەوڵێکی ڕێکخراوە بۆ تواندنەوەی گەلی کورد هاوشێوەی هەوڵی ڕژێمەکانی پێشوو، هەنگاوێکیشە لەپاڵ هەنگاوەکانی تری تواندنەوەی شەبەک و کاکەیی و فەیلی هاوپێچی لوڕ و یارسانەکانی ڕۆژهەڵات و زازاییەکانی باکوری کوردستان.
ئەم پڕۆژەیاسایەش کە بەستراوەتەوە بە قەرەبووکردنەوەی ماددی لێقەوماوانی بەر شاڵاوە جینۆسایدییەکەی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ هاندانی ئێزیدییەکان بەڕازی بوونیان لەبەرامبەر قازانجی ماددیدا و خستنە مەوقیفی لایەنە کوردییەکان، دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی ڕژێمی پێشووە کە لەبەرامبەر قازانجی ماددی و هەڕەشەی ماڵ و ساماندا کوردانی فەیلیان ناچاردەکرد لە سەرژمێریدا خۆیان بە عەرەب لەقەڵەمبدەن. هەوڵدان بۆ سەرگرتنی ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە هەوڵێکی گەورەتری هەرێمی بۆ تواندنەوەی سەرجەم پێکهاتە ئاینییەکانی کورد و جیاکردنەوەیان لە کوردی سوننە، پاشان لە قۆناغی دواتردا بەبیانووی جیاوازی دیالێکتی زمانەوە کوردی سوننەش پارچە پارچە دەکەن بۆ پارچەی بچووکتر هەروەک چۆن ئێستا هەوڵی جددی هەیە بۆ کارکردن لەسەر دەروونی هەورامی و کرمانجییەکان و هاندانیان بۆ دروستکردنی شوناسی سەربەخۆی خۆیان و جیاکردنەوەیان لە کوردانی قسەکەری شێوەزاری موکریانی و سۆرانی و ئەردەڵانی!
زۆر گرنگە تێبگەین ئەم مەترسییانە زۆر جددین و ڕاستەقینەن لەچوارچێوەی وشەی ڕیزکراوی وتاردانین بەڵکو دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بودجەیان بۆ تەرخانکردووە و بەهێزی نەرم لەسەر ئاستی کەلتوری و دەروونی و ڕاگەیاندنی نێو کۆمەڵگادا کاری لەسەر دەکەن وەک دەبینین بەرە بەرە قۆناغەکەیان بۆناو سیاسەتیش دەگوازنەوە!
لە ئێستادا پڕۆژەکە بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق نێردراوە و زۆر گرنگە لە هەموو ڕووەکانەوە کۆمەڵگا و میدیا و ڕووناکبیران و نووسەران و چین و توێژەکانی کۆمەڵگاکەمان گوشار لەسەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دروست بکەن، کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بەتێپەڕینی ئەم پڕۆژەیاسایە نەدرێت. ئەمە دەستدرێژیکردنە بۆ سەر ماف و شوناسی نەتەوەیەک، بۆیە لەڕووی فەلسەفەی سیاسی دیموکراسیشەوە دەنگدانی زۆرینە و کەمینەی پەرلەمانی نایگرێتەوە. بێگومان لەناو ئێزیدییەکاندا کەسانێک هەن بەداخەوە کەوتوونەتە ئەم هەڵەیەوە بەڵام ئەمانە زۆرینەی پەیڕەوانی ئێزیدی پێکناهێنن، هەروەها هیچ ماددەیەکی دەستوری نییە ئاماژە بەوەبدات بەدەنگی پەرلەمان ناساندن بۆ نەتەوەیەکی نوێ بکرێت و نەتەوەیەکی تر بتوێندرێتەوە! ئەم کارە تەنها بە ڕیفراندۆم و گشتپرسی ئەنجامدەدرێت.
بابەتی زیاتر