کورت و کرمانج لە ماوەی (20) ساڵی رابردوودا، لە ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان، کورد دوو ئەزموونی ئیداریی هەبووە، یەکێکیان لە کەرکوک و ئەوەی دیکە لە نەینەوا، گرنگە دوور لە دەمارگیریی حزبایەتی و لە دەرەوەی سۆز و هەڵچوون و بەکارهێنانی زمانی زبر، بەشێوەیەکی لۆژیکی هەردوو ئەزموونەکە راڤە بکەین و خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانیان بخەینەڕوو، لەو نێوانەشدا سوود لە خاڵە ئەرێنییەکان ببینین و پەندیش لە هەڵەکانیان وەربگرین، تابتوانین لە سۆنگەی ئەم شیکارییەوە بگەین بە چارەسەرێک کە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستاندا بێت.
یەکێتی دەیتوانی لە نەینەوا زیاتر لە پشکی خۆی پۆست وەربگرێت، بەڵام ئامادەنەبوو، چاویشی لە پشک و مافی هیچ لایەنێک نییە، بەڵام چیتر ئامادەش نییە لەسەر مافی خۆی سازش بکات
ئەزموونی ئیدارەی خۆجێی نەینەوا و کەرکوک 
ئەزموونی ئیدارەی خۆجێی نەینەوا:(20) ساڵی حكومڕانیی ئیدارەی نەینەوا، بۆ کورد ئەزموونێکی ناڕێک و ناهاوسەنگ بوو، بەتایبەتی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا، چونکە لە دوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا یەکێتی و پارتی بەیەک لیست بەشداریانکرد. لە هەڵبژاردنی ساڵی (2005)دا لەبەرئەوەی زۆربەی عەرەبی سوننە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد، ئەمە وایکرد لیستی (کوردستانی) یەکێتی و پارتی سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێنا و 56.7 ٪ی دەنگ و پۆستەکانیان مسۆگەرکرد. لەم سەرکەوتنەدا پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحيە بەر کورد کەوتن، واتە لە (37) قەزاو ناحيەی سەربە پارێزگاکە (21) پۆست بەر لیستی هاوبەشی یەکێتی و پارتی کەوت. لەو رێژەیەش لەسایەی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و پارتی، بەم شێوەیە لەنێوان هەردوولا پۆستەکان دابەشکران، 100 ٪ پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحيەکان بۆ پارتی بوون و پشکی یەکێتیش سفر!. واتە لەو 21 پۆستەی پشکی کوردبوون، پارتی دەستی بەسەر هەموویاندا گرت، یەکێتیش لەبەرئەوەی نەچووە ژێرباری رێککەوتنی ژێربەژێرەوە، هیچ پۆستێکی وەرنەگرت .
ـ لە یەکەم هەڵبژاردندا دەنگی یەکێتی نزیک بوو لە دەنگی پارتی، بۆیە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی (20) ساڵ بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا، ئاساییە ئەم پرسیارە بێتەکایەوە، بۆچی لەسایەی رێککەوتننامەی ستراتیژی، کە هەردوولا بە لیستی هاوبەش لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداریانکرد، کەچی پارتی ئامادەنەبوو پشکی یەکێتی بدات؟. بەهەمان شێوە ئاساییە ئەم پرسیارەش بکرێت کە بۆچی یەکێتی لەو سەردەمەدا رازی بووە کە داوای مافی خۆی و دەنگدەرەکانی لەو پارێزگایە نەکات و کۆی پشکی خۆی لە نەینەوا بە پارتی ببەخشێت یان چاوپۆشی لە ئیستیحقاقی خۆی بکات؟ 
ـ لە هەڵبژاردنی ساڵی (2009) دا، دیسانەوە یەکێتی و پارتی بە لیستێکی هاوبەشی کوردستانیی بەشداریانکرد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکەدا و پارتی توانی حەوت کورسی و یەکێتیش سێ كورسی بەدەست بێنن. دیسانەوە بە هەمان شێوەی پێشوو، کۆی پۆستەکانی قەزا و ناحيەکان بۆ کورد مانەوە، بەڵام ئەمجارەش بە سیاسەتی پێشوو پشكی پارتی 100 ٪ و پشکی یەکێتیش(سفر) بوو!
 ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن دەبووایە یەکێتی لە پشکی کورد 43.8 ٪ ی پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحيەکان وەربگرێت، کە هەشت پۆست دەبوو، بێجگە لەو سەدان پۆستە ئیدارییەی سێکتەرەکانی (کارەبا، تەندروستی، ئاو، شارەوانی، ژینگە، کشتوکاڵ، ئەمنی، پەروەردەیی و بەڕێوەبەری خوێندنگەکانی سنووری ئەو قەزاو ناحيانە) و پایە و پلە ئیدارییەکانی دیکە، تاکە پۆستێکیش بە یەکێتی نەدرا!. ئەمەش لەکاتێکدابوو کە سەرجەم کوتلە عيراقييەکانی دیکە بە هەموو پێکهاتەکانەوە بەپێی پشك و ئیستیحقاقی خۆیان پۆستی ئیداریان وەرگرتبوو.
 ـ ئەزموونی دووەم: ئەزموونی هاوبەش و هاوپەیمانی لە پارێزگای کەرکوک بوو، هەرچەندە دەنگی یەکێتی زۆر زیاتربوو لە دەنگی پارتی، تەنانەت لە زۆربەی هەڵبژاردنەکاندا، دەنگی یەکێتی لەنەینەوا زیاتر بووە لە دەنگی پارتی لە کەرکوک، بەڵام پشکی کورد لە پۆستەکانی پارێزگای کەرکوک لەسەر بنەمای هاوبەشیی دابەشکراوە و بە (50) بە (50) ئەزموونی هاوپەیمانییەکە خراوەتە سەر سکەی خۆی و تا رادەیەکیش کورد لە کەرکوک بەو هاوپەیمانییە پێگەی خۆی بەهێزکرد و دەستکەوتی زۆری دەستەبەرکرد. 

چارەسەرکردنی کێشەی هەردوو ئیدارەکە
بەپێی ئەنجامی دوا هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عيراق، دەنگی یەکێتی لە ناوچە دابڕێنراوەکان زیادیکردووە و بە ئەندازەیەکی زۆر هەڵکشاوە، لەناو پێکهاتەی کورد هەم لەسەر ئاستی کورسی و هەمیش لەسەر ئاستی رێژەی دەنگ، یەکێتی هێزی یەکەمە و لە هەر چوار پارێزگاکانی ناوچە دابرێنراوەکانیش كورسی هێناوە، بەڵام لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و لەروانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی نیشتمانی و گرنگیدان بە یەکڕیزی و بەشداریکردنی کورد لە دانوستانەکان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا بەیەک تیمی، لەپەیامێکی رەسمیدا یەکێتی رایگەیاند: بەرلەوەی دەست بەدانوستان بکەین لەگەڵ پێکهاتەکان، دەمانەوێت لەگەڵ پارتی دانوستان بکەین و لەدوای لێکتێگەیشتن و چەسپاندنی خاڵە هاوبەشەکان، ئەوکات بەیەک تیم دانوستان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک و نەینەوا بکەین، تا بتوانین بە بەهێزی و یەکڕیزییەوە پشكی کورد مسۆگەر بکەین و پارێزگارێکی کوردیش لە کەرکوک دەسەڵات بگرێتەدەست .
بەداخەوە لە کەرکوک و نەینەوا پارتی بەجیا دەستیکرد بە دانوستان و پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ هەندێ لایەنی عەرەبی و تورکمانی و هەوڵدان بۆ بێبەشكردنی یەکێتی لە وەرگرتنی پۆستە ئیدارییەکان لە دەرەوەی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن .سەرەڕای ئەو هەڵوێستەی پارتی، دیسانەوە یەکێتی بەمەستی دەربڕینی نیازپاکی خۆی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەبێ مەرج و داواکاری دەنگیدا بە کاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگای نەینەوا، بەڵام کاتێک کە پارتی بەهەمان بیرکردنەوە و سیاسەتی جارانەوە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی یەکێتی لە نەینەوا هیچ پۆستێک وەرنەگرێت، ئیدی یەکێتی دەستیکرد بە دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و توانیان لەگەڵ کۆتاکان و هەندێ لایەنی دیکە رێکبکەون و سەرجەم پۆستەکان بەبێ جیاوازی و بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بەسەر هەموو لایەنەکاندا دابەش بکەن بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە .

گرنگی بەشداریکردنی یەکێتی و کۆتاکان لە ئیدارەی نەینەوادا
ئەگەر تەنها پارتی بەشداریی لە ئیدارەی نەینەوادا بکات و ژمارەی ئەمجارەی کورسییەکانی پارتی بکرێت بە پێوەر، ئەوا زۆربەی پۆستەکانی خۆی لە سنووری نەینەوا لەدەست دەدات، بۆیە گرنگە هەموو لایەنەکان بە پارتیشەوە وەکو کورد سەیری هەر کوردێک بکەن کە بەپێی پشکی خۆی پۆستی ئیداری وەربگرێت. لەسەر ئەم بنەمایە یەکێتی و کۆتاکانی ئێزدی و شەبەک و مەسیحی دەتوانن چەندین پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لە شنگال و دەشتی نەینەوا و مەخمور وەربگرن کە پارتی بەهۆی لەدەستدانی کورسییەکانی خۆیەوە بەشێکی زۆری ئەو پۆستانە لەدەست دەدات .
بەواتایەکی دیکە ئەگەر بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی بیخەینە سەروو بەرژەوەندیی تەسکی حزبییەوە، ئەوا هەموو کوردێک دەبێ پێی خۆشبێت کە لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا کوردێک پۆستە ئیدارییەکە وەربگرێت نەک غەیرە کورد بێت.
 
دیدگای یەکێتی بۆ پێکهێنانی ئیدارەی نەینەوا
یەکێتی دەخوازێت هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کە کورسیان بەدەستهێناوە، بەپێی ئیستیحقاقی خۆیان پۆستی ئیداری وەربگرن، داواکردنی مافی خۆی کە (20) ساڵە لەو مافە بێبەشکراوە، لە دژی هیچ لایەنێک نییە و تەنانەت لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆی داوایکردووە کە بەپێی رێژەی کورسییەکانی، پارتی پۆستە ئیدارییەکانی پێبدرێت. هەروەها دەیتوانی زیاتر لە پشکی خۆی پۆست وەربگرێت، بەڵام ئامادە نەبووە هیچ پۆستێکی زیاد لە ئیستیحقاقی خۆی وەربگرێت و چاوی لە پشک و مافی هیچ لایەنێک نییە. 

دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک
هەرچەندە یەکێتی لە کەرکوک هێزی یەکەمە و بەتەنیا پێنج کورسی بەدەستهێناوە و بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، پێویستە پۆستی پارێزگار لە پشکی یەکێتی بێت، بەڵام لەمەشدا پارتی هاوشێوەی نەینەوا بەنهێنی لەگەڵ بەرەی تورکمانی و راکان جبوری رێککەوتووە و لە هەوڵی ئەوەدایە کە ماف و بەرژەوەندیی نەتەوایەتی و نیشتمانی بکات بەقوربانی بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی و ئامادەیە پۆستی پارێزگار سێ ساڵ بەوانە ببەخشێت کە دژایەتیی سەرسەختی هاووڵاتیانی کەرکوک دەکەن، تەنها لەبەرئەوەی کە هاوزمانێکی ئەوان ئەو پۆستە وەرنەگرێت، ئامادەن دۆخی کەرکوک وەکو خۆی بمێنێتەوە، تەنها لەبەرئەوەی کوردێک بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن نەبێتە پارێزگار و خزمەتی شارەکەی خۆی نەکات!
سەیرەکە لەوەدایە پارتی لەدوای تێپەربوونی نزیکەی (20) ساڵ لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هەڵەدا و بێبەشکردنی یەکێتی لە پشکی خۆی، هێشتا دەیەوێ هەمان سیاسەتی نەینەوا لە کەرکوک پەیڕەو بکات، بەبێ ئەوەی بیربکاتەوە کە هەلومەرجی ئێستا جیاوازە و هیچ لۆژیکێک ئەوە قبووڵ ناکات دوو کورسی بڕیار لەسەر چارەنووسی شەش کورسی بدەن، هەلومەرجی ئێستا جیاوازە، چونکە راستە یەکێتی چاوی لە پشكی هیچ هێز و پێکهاتەیەک نییە، بەڵام ئامادەش نییە، دەستبەرداری مافی دەنگدەرانی خۆی ببێت.
 هەروەک ئەم هەوڵانەی پارتی نەک نابێتە هۆی بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد لەو دوو پارێزگایە، بەڵکو ناوماڵی کورد زیاتر پەرتەوازە دەبێت و خودی پارتیش پێگەی جارانی نامێنێت لە کەرکوک و نەینەوا، هەروەک زەمینەش بۆ پێکهاتەکانی دیکە دەڕەخسێنێت کە لەسەر حسابی کورد هەندێک لایەن داوای پشکی زیاتر لە مافی خۆیان بکەن .

 
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved