ئەگەر ئەم ناونیشانە لەلایەن هەڤاڵێكی یەكێتییەوە بەكاربهێنرایە، لەوانەیە نەك لەناو لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان، بەڵكو تەنانەت لەناو خودی یەكێتیشدا خەڵكانێك هەبوونایە وەك پیاهەڵدان وێنایان كردبا، بەڵام كاتێک رۆژنامەی (تەلەگراف)ی بەریتانی وەكو یەكێك لە كۆنترین و ناودارترین و كاریگەرترین رۆژنامە لەسەر ئاستی بەریتانیا و جیهان بە گشتی، راپۆرتێكی وردی شیكاری و بنكۆڵكاری و پڕ لە زانیاریی لەسەر سیاسەت و رۆڵی سەرۆك (بافڵ تاڵەبانی و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی) بڵاوبكاتەوە، كە تێیدا كرۆكی دیپلۆماسییەتێكی زیرەكانە و لێزانانەی دووبرا بۆ دوورخستنەوەی ئاگری جەنگی ئەمریكا و ئێران لە هەرێمی كوردستان دەخاتەڕوو، ئیدی پێویستە هەڤاڵان وەكو ئەركێكی حزبی و نیشتمانی و ئەخلاقی گرنگییەكانی ئەو راپۆرتە بۆ رای گشتی كوردستانی بخەنەڕوو، كە راپۆتەكە چەندان خاڵ و بنەمای گرنگ لەخۆدەگرێت:
یەكەم: راپۆرتەكە لەسەر پرسێكی جددی و چارەنوسسازە كە جەنگی نێوان دوو زلهێزی ئیقلمی و نێودەوڵەتییە و ئەو جەنگە كاریگەریی راستەوخۆی (سیاسی، ئەمنی، ئابووری، مرۆیی و ژینگەیی)ی لەسەر هەموو جیهان بە گشتی هەیە و هەرێمی كوردستان بەشێكە لەو جیهانەی كە لەڕووی پێگەی جوگرافییەوە نزیكترین شوێنە لە مەیدانی جەنگەكە.
دووەم: ئەم راپۆرتە لە رۆژنامەیەكی ناوداری نێودەوڵەتی بڵاوەكراوەتەوە ، كە دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی مێژوویی و لە داهاتوودا مێژوونووسان و توێژەران وەكو سەرچاوەیەكی متمانەپێكراو سوودی لێ دەبینن.
سێیەم: گرنگییەكی دیكەی راپۆرتەكە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، كە زۆرجار پەیامەكانی ئەم رۆژنامەیە كاریگەریی هەبووە لەسەر بڕیاری سیاسی و رای گشتیی بەریتانیا.
چوارەم: پەیامەكانی رۆژنامەكە ورد و بنكۆڵكاری و فەرمین و پشت بە زانیاریی راست و دروست دەبەستن.
پێنجەم: راپۆرتەكە ئەو راستییە دووپات دەكاتەوە، كە ئیدی كورد سەركردەیەكی هەیە خوێندنەوەی ورد بۆ رووداوە مێژووییەكان دەكات و وانە و پەند لە هەڵە مێژووییەكان وەردەگرێت، بۆیە هەر پێشهات و رووداوێكی نەخوازراو بە دیپلۆماسییەتێكی زیرەكانە و بە پشتبەستن بە پلانێكی گونجاو مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشهات و رووداوانەدا دەكات.
شەشەم: راپۆرتەكە رای گشتیی كوردستانی و جیهانی لەو راستییە ئاگادار دەكاتەوە كە هەردوو برا (سەرۆك بافڵ تاڵەبانی و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی) رۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوەیان بینیووە لە دوورخستنەوەی ئاگری دژوارترین و فراوانترین جەنگی ئەم سەدەیە لە هەرێمی كوردستان و نەیانهێشت هەرێم و گەلی كوردستان ببنە لایەنێكی شەڕكەری جەنگەكە.
حەوتەم: سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی خۆیدا لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی هەردوو وڵاتی شەڕكەر، توانی لە نێوان دوو بژاردەدا بژاردەی سێیەم بێنێتە كایەوە و بە هەردوو لایەنی شەڕكەر بڵێیت: دژایەتی هیچتان ناكەین و بەشێك نین لە شەڕەكە.
هەشتەم: ئەم دیپلۆماسییەت و سیاسەتە لۆژیكی و واقیعبینانەیەی سەرۆك بافڵ و یەكێتی، متمانە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە زیاتر دەكات كە هەرگیز زیانی نابێت بۆ هەردوولا، بەمەش سەنگ و پێگەی یەكێتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەهێزتر دەبێت.
نۆیەم: سەرچاوە میدیاییە نێودەوڵەتییەكەی بەریتانیا لەو راپۆرتەدا هەوڵیداوە جیاوازی و تایبەتمەندییە ئەرێنییەكانی یەكێتی لە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستاندا بخاتەڕوو.
بۆیە پێمان دەڵێن لە هەرێمی كوردستان گرد زۆرن، بەڵام جیاوازیی گردی دەباشان لەوەدایە كە ناوەندێكی گرنگە بۆ بڕیاردان لەپێناوی ئاشتی و سەقامگیری و دوورخستەوەی مەترسییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان. واتە گردی دەباشان بە بڕیارەكانی خۆی هەوڵیداوە خۆی لە گردەكانی دیكە جیابكاتەوە و بڕیارەكانی ئەم گردە تایبەتە بە پاراستنی سەقامگیری و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لەڕێگەی دانوستانەوە و بە پشتبەستن بە بڕگە و ماددەكانی دەستووری عیراقی، لەبەرئەوە ئەگەر ئەم سیاسەتە شانازی بێت بۆ یەكێتییەكان، ئەوا بەرهەمی ئەو سیاسەتە دەستكەوتی گرنگن بۆ هەموو گەلی کوردستان بەبێ جیاوازی و بیر و بۆچوونی سیاسی کە بەم سیاسەتە دەڵێن سیاسەتی لێزانانەی گەل پەسەند.
بابەتی زیاتر