دوای بڵاوبوونەوەی پەیامەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەلایەن بەشێكی زۆر لە رۆشنبیران، نووسەران، میدیاكاران، دەستەبژێری سیاسیی بێلایەن و سەربەخۆوە، پشتگیریی زۆری لێكرا. هەروەك لەڕێگەی میدیای نوێوە، رایەكی گشتیی ئەرێنی و فراوان و سەرتاسەری هاتەكایەوە و بە هەڵوێستێكی نیشتمانیانە، بەرپرسیارانە، ئازایانە و مێژوویی هەڵسەنگێنرا، بەڵام پرسیار ئەوەیە، بۆچی ئەوەی كە كەمترین قسەی لەسەر ئەو پەیامە كردبێت، كادر و دەستەبژێری سیاسی و رۆشنبیری یەكێتی بوو؟. هۆكارەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، خۆی پێی باش نییە شیكردنەوە و راڤەكردن بۆ پەیامەكانی بكرێت و قسەی زیاتر لەسەر بكەن، چونكە پەیامەكانی زۆر بەڕوونی بڵاودەكرێنەوە و پێویستی بە دووبارە روونكردنەوە و راڤەكردن نییە، بەڵام كاتێك ئەو هەموو پەیام و هەڵسەنگاندن و پشتگیرییە فراوانانە دەبینین، كە لەسەر ئاستی دەرەوەی یەكێتی، لە پەیامەكە كرا، بەباشمزانی بەكورتی لەسەر پەیامەكە بدوێم و بەشێوەی خاڵ دیدگای خۆم بخەمەڕوو:
-لە زۆر وێستگە و قۆناغی دژواردا، سەركردەی سیاسی لە كەشتیوانی دەریا دەچێت، كاتێك باهۆز و گەردەلوولێكی بەهێز رێڕەوی شەپۆلەكانی دەریا پێچەوانە دەكات و مەترسیی نوقمبوونی كەشتییەكە دروستدەكات، ئەوكاتە هەموو كەشتیوانێك پێویستی بە بڕیارێكی سەخت و بوێرانەیە بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی كەشتییەكە، بەڵام لەوكاتەدا هەموو كەشتیوانێك ناتوانێت ئەو جۆرە بڕیارانە بدات، بەوەش كەشتیوانی لێهاتوو لە كەشتیوانەكانی دیكە جیادەكرێتەوە. لە جیهانی سیاسەتیشدا دەقاودەق بەهەمان شێوەیە، كاتێك كارەساتێك، جەنگێك، قەیرانێك، رووداوێكی مەترسیدار روودەكاتە وڵاتێك، لەوكاتەدا سەركردەی راستەقینە دەردەكەوێت، كە بتوانێت بڕیارێكی سەخت بدات و هەوڵی دوورخستنەوەی مەترسییەكان بدات لەسەر گەل و نیشتمانەكەی خۆی، بەبێ ئەوەی بیر لە مەترسییەكانی ئەو بڕیارە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی خۆی بكاتەوە و پێشەنگی هەڵدەبژێرێت، ئەگەر ئەنجامەكەی هەرچییەكیش بێت، بەرپرسیاریەتییەكەی هەڵدەگرێت. ئەمەش خەسڵەتی سەركردەی راستەقینەیە، كە لە قۆناغە دژوارەكاندا، لە سەركردەكانی دیكە پێی جیادەكرێتەوە، یان جیادەبنەوە.
بەمشێوەیە كاتێك سەروەری و ئاسایشی نەتەوە و نیشتمانەكەمان كەوتەبەر مەترسی، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، پەیامێكی زۆر راشكاوانەی بڵاوكردەوە، كە بەشێكی بۆ دەرەوە و بەشی دووەمیشی بۆ ناوخۆی هەرێم بوو، بەشێكی نەرم، بەشەكەی دیكەی توند، بەشێكی دیپلۆماسی و بەشێكی دیكەی نیگەرانی، بەشێكی خستنەڕووی مەترسییەكان و بەشی دووەمیشی چارەسەر بوو.
پەیامەكە زۆر راشكاوانە بە رای گشتیی كوردستانی، ئیقلیمی و جیهانی دەڵێت:
-ئێمە هەر لە سەرەتای جەنگەوە بێلایەنیی خۆمان راگەیاندووە و نامانەوێت ببینە بەشێك لە شەڕەكە و باشترین بژاردە ئەنجامدانی دانوستان و چارەسەركردنی كێشەكانە بە ئاشتی.
-هیچ لایەنێك بە شەڕ سەركەوتوو نابێت و هەموو لایەنەكان بە ئاشتی بەرژەوەندییەكانیان پارێزراو دەبێت.
-هەموو هەوڵێكمان بۆ دوورخستنەوەی شەڕەكەیە لەناو ماڵی خۆمان، بەڵام كاتێك ئاسایش و سەروەریی وڵاتەكەمان بكەوێتە مەترسییەوە، ئەو كاتە ناتوانین بێدەنگ بین و هەڵوێستی جددیمان نەبێت.
-راستە لە ناوخۆی هەرێم كێشە و ناكۆكیمان زۆرە، بەڵام كاتێك هەوڵێك بۆ نوقمكردنی كەشتییەكەمان هەبێت، ئەوكاتە چاو لە ناكۆكییەكان دەپۆشین، هەموومان بە یەكەوە هەوڵی پاراستنی كەشتییەكە دەدەین لە نوقمبوون، چونكە لەكاتی نوقمبووندا تەنها كەسێك یان لایەنێكی سیاسی تووشی خنكان و زیان نابێت، بەڵكو هەر هەموومان، هەر هەموویان، گەلەكەمان بەیەكەوە دەخنكێن. بۆیە دەبینە كەشتیوانێكی ئازا و بڕیار دەدەین كە شەپۆلەكانی دەریای پڕ مەترسی ببڕین و بگەینە كەنارێكی ئارام.
-راستە ناكۆكیمان هەیە، بەڵام وڵاتەكەمان یەك وڵاتە، گەلەكەمان یەك گەلە، هەرێمەكەمان یەك چارەنووسی هەیە، لە هەر شوێنێكی وڵاتەكەمان سەقامگیریی تێكبچێت، بۆ ئێمە وەك یەكە و هیچ جیاوازییەك لەنێوان شار و شارۆچكەكانی كوردستاندا ناكەین و ئەركی هەموومانە بەیەكەوە هەرێمەكەمان بپارێزین.
-راستە لە ناوخۆمان ناكۆكی هەیە، بەڵام كاتێك ئاسایشی نیشتمانیمان بكەوێتە مەترسییەوە، ئەوكاتە پێویستە ناكۆكییەكان وەلابنێین و بە یەكگرتوویی، یەكهەڵوێستی و یەكگوتاری رێگریی لەو مەترسیانە بكەین و رووبەڕووی ئاڵنگارییەكان ببینەوە و دەرفەتەكان لەناو ئاڵنگارییەكاندا بدۆزینەوە.
-راستە سنووری سلێمانی بۆردومان كرا، بەڵام تەنها ناوی سلێمانی ناهێنین، بەڵكو نیگەرانیی خۆمان بۆ بۆردومانكردنی هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەردەبڕین.
كاك بافڵ، لەڕێگەی ئەم پەیامەوە، بە هەموو لایەنە ناوخۆیی و دەرەكییەكان دەڵێت:
لەم قۆناغە سەخت و دژوارەدا، چاومان لە بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی نییە، بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان، سەروەریی وڵات و سەقامگیریی گەلەكەمان، لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی دیكەوەیە و لەوپێناوەدا ئامادەم بڕیاری سەخت و دژوار بدەم.
بەم هەڵوێستە نیشتمانییە، سەرۆكی یەكێتی، مێژوویەكی پرشنگداری بۆ خۆی و حزبەكەی تۆماركرد و پشتیوانییەكی بەهێز و فراوانی نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری و میدیاییشی بەدەستهێنا و سەلماندی كە لەسەر رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال، بەردەوامە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved