لە بیرمە ئەو دەمەی مناڵبووم، لە گۆڤارەکاندا ئەمخوێندەوە لە ماوەی دوو سەدەدا مرۆڤەکان هەموو بەردی خەڵووزی گۆی زەوی ئەسووتێنن، یان ئەوەی لە ماوەی ١٥٠ ساڵدا کۆی پاشکەوتی زیوی دونیا کۆتایی دێت، یان پاشکەوتی نەوتی خاو بە ئەستەم بەشی ئەوە دەکات ئینسان لە سەدەی داهاتوودا بەکاری بهێنێت. بەلامەوە سەیربوو بۆچی ئەم وردەکاریانە، نابێ بە هۆی ترساندن و تۆقاندنی کەس. سەرەڕای ئەم هەواڵانە خەڵک بەردەوام بە بێڵ و پێمەڕە بەردی خەڵووزیان دەکردە ناوە کورەکانیانەوەو هەزاران هەزار تەن پۆلایان بەدەست دەهێنا، بە شێوەیەکی بێ سەرەوبەرەو و بەرمیل بەرمیل بەنزینیان دەسووتاند، بەس بۆ ئەوەی چەند کیلۆمەترێک رێ بکەن و لێرەوە بگەیەنە ئەوێ.
بەڵام ئێستە کۆمپیۆتەرەکان ئەم بەراوردکارییانەمان بۆ دەکەن. هەموو ئەم زێدەڕۆییانە لە نزیک بە ٦٠ ساڵی داهاتوودا کۆتایی پێدێت، خواردن و ماددەی خاو کۆتایی دێت ( سەرەتا فافۆن[1]، قەڵایی[2]، مس، جیوە و زیو و دواتر سەرجەم مێتاڵەکان). بۆ ئەوەی هیوایەکی درۆیینمان بە دۆزینەوەیەکی پەڕجووئاسا نەبێت کە لەم دۆخە نالەبارە کە چاوڕێمان ئەکات رزگارمان بێت، پێمان دەڵێن و جەخت ئەکەنەوە بۆمان کە ئاوەکانی دونیا و هەوا ئەوەنە پیس ئەبن کە ناکرێت بەکار بهێنرێن. بەڵام بەمەشەوە هێشتا کەسانێکی گەشبینی میانەڕەو بوونیان هەیە. ئەوان بڕوایان بە پێش بینی کۆمپێۆترەکان نییە و دەڵێن کارەساتی وەها لە ٦٠ ساڵی داهاتوودا روونادات، رەنگە ٩٠ یان ١٠٥ ساڵ بخایەنێت بەوەی بە وەها دۆخیک بگەین. هەروەها کەسانێکی زێدە گەشبین هەن و هەروەها مارکسیستەکانیش. ئەوان ئەڵێن وەها شتێک قەت روونادات. زێدە گەشبینەکان ئەڵێن ئینسانەکان هەموو دەم توانیویانە کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن و رێگاچارەیەکیان بۆ بدۆزنەوە، مارکسیستەکان تەنها بزەیەک دێتە سەر لێویان، لەبەر ئەوەی لە ژێر ئەم هاوارە بەردەوامەی دەکرێت بەوەی سەرچاوە سروشتییەکان کۆتایی دێت، دەستی شاراوەی ئیدئۆلۆگە بۆرژواکان دەبینن کە دەیانهەوێ سەرنجێ کرێکاران بەلارێدا ببەن بەوەی پەرە نەدەن بە خەباتی چینایەتییان. دواتر کەسانێک هەن کە لە فەنتازیادا دەژین و پێشنیاری ئەوە دەکەن خەڵک دەستبەرداری بەرهەمهێنانەوەو بەرهەمهێنانی زیاتر بن، ئامانج و بەهاکانی ئێستە ( کە بە ئاشکران هەڵەن) و ئامانج و بەهای شارستانیەتی پیشەسازی واز لێ بهێنن و بە شوێن رێگای نوێ بۆ ژیانکردن بکەون ، رێگایەک کە زیاتر لەگەڵ سروشتدا بگونجێت.
بەڵام ئێستە ئێمە پێکەنینمان بە هەموو ئەمانە دێت. مرۆڤەکان لەگەڵ مەرگی خۆیان وەک تاک راهاتوون ( یان تەنانەت هەندێکار ئەکەن بەوەی ئەم مەرگە نەکەوێتە دواوەوە بەهەڵەداوان بەرەو مەرگ ئەڕۆن)، دەی کەوابوو بۆچی ئەبێ مەرگی شارستانیەت ئارامی دروونیان تێک بدات؟
بەم شێوەیە ئەو کۆتاییە تا دێ نزیکتر ئەبێتەوە، سەرەتا بە وا دەرئەکەوێت کە ناچارین لەو دۆخەدا بین، دواتر دەکەوێنە دۆخەکەوەو رزگاربوونمان بۆ نییە. بەم شێوەیە تا دێ ژمارەی ئینسانیە فەنتازیایی و پێغەمبەرەکان زیاتر ئەبێت. لە هەندێ لە وڵاتان، واتە ئەو وڵاتانەی کە هاتووچۆ و پەیونەدی ئینسانەکان لەگەڵ یەکتر سروشتی و رێگەپێدراوە، ئەو کەسانەی کە بەو ئەنجامە گەیشتوون کە باشتر وایە بە پێ بچنە سەر کار، یان ئەوەی لە باخچەی ماڵەوەیان لە بری گوڵی سوور سەوزەی خواردن دەچێنن، پێکەوە کلووپێک و دەستەیەک دروست ئەکەن. ساڵی جارێک کەسانێکی خۆبەخشی بوێر لە شاڕێکان رادەکشێن بەوە بەر بە هاتووچۆی ماشێن و ئۆتۆمۆبیلەکان بگرن و لانیکەم بۆ چەند سەعات نەهێڵن ئەم ماشێنەنانە دووكەلە ژەهراوییەکانیان لە ژینگەدا بڵاو بکەنەوە. لە وڵاتانیتر، ئەو وڵاتانەی- هاتووچۆ و پەیوەندی نێوان ئیسانەکان سروشتییە، بەڵام رێگەپێدراو نییە، هەفتەی جارێک لە هەموو وڵات بە زۆر کارەبا دەکوژێننەوە، پێشبڕكێی نەتەوەیی بۆ کۆکردنەوەی داری وشک بۆ ئاگرکردنەوە رێک دەکەن.
دواتر، یەکەم نیشانەی سەرلێشێواوی دەرئەکەوێت. لەو وڵاتانەی پەڕلەمانەکان دەتوانن کاریگەریان ببێت لە سەر رەوتی کۆمەڵگا، ئەو مرۆڤانەی لە خەیاڵ و فەنتازیادا دەژین پەڕلەمان ناچار دەکەن ریکلامی نئۆنی، قەدەغە بکرێت و باجی زیاتر بخرێتە سەر ئەو کاڵایانەی لە نەوت، قەڵایی (Tin) و مس دروست ئەکرێن، ئەمە لە حاڵێکدایە لەو وڵاتانەی کە پاشاکان یان سەربازییەکان دەسەڵاتدارن و هێشتا دەسەڵاتیان هەیە، سزای ئەو کەسانە ئەدەن کە نابەرپرسانە زیاتر لە سێ مناڵیان دەبێت. بۆ دەستپێوەگرتن و بەرگرتن بە زێدەبەکارهێنان، بنەماڵە و کۆمەڵگا ناچار دەکەن بە کۆمەڵ چاو لە تەلەفیزیۆن بکەن.
لەم ناوەدا، زاناکان هەوڵ دەدەن سەرچاوەی نوێی ماددەی خاو و وزە بدۆزنەوەو پەرە بە هەوڵەکانیان ئەدەن. توانای ئەوەیان دەبێت تەکنۆلۆژیای ناوەکی بەدەست بهێنن و بە سەریدا زاڵبن و سەدان ماددەی دەستکرد و پیشەسازی نوێ دروست دەکەن. بەڵام ئەودەم درەنگ بووە. ئەو داهێنانە نوێ و سەرنجڕاکێشانە لە سەر تەختە رەش دەمێننەوە، لەبەر ئەوەی رۆژ لەگەڵ رۆژدا تا دێت یەکێک لە بەشە بنەماییەکان بۆ بەگەڕخستنی ئەم داهێنانانە لەناو دەچن و نامێنن. هەربۆیە تۆمارکردنی داهێنانێکی نوێ رەنگە ژیان و تۆمارکردنی داهێنانە پێویستەکان بخاتە مەترسییەوە. تەمەڵی و بێ وزەیی بەسەر رۆحی مرۆڤدا زاڵ ئەبێت، بە هۆی خۆزگە و حەزەکانییەوە دەخزێتەوە ناخی خۆی ، یان ئەوەی پەنا بۆ خەیاڵ و خەون دەبات. شارستانییەتی ئێمە بەرەبەرە وەک جەستەی مرۆڤێکی سەرەمەرگی لێدێت: دەکرێت دڵێکی نوێ یان جگەرێکی نوێی پێبدەیت، یان خوێنی نوێ بکەیتە دەمارەکانییەوە، بەڵام کەس ناتوانێت ژیانێکی راستەقینەی پێ ببەخشێتەوە.
رۆژێک ژیانی ئەم پیرە بە خاڵی کۆتایی چارەنووسی دەگات. سەرەتا شارەکان دەمرن. ژێنراتۆر و مۆلیدە کارەباییەکان لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەوەستن و خراپ ئەبن، خستنەوە گەڕیان تێچوویەکی زۆر زۆری دەوێت. بۆرییە گەورەکانی ئاو دەتەقێن و ئیتر کەسێک نایەت جارێکتر چاکیان کاتەوەو بیانخاتەوە سەر یەک. شەقامەکان قەرەباڵغ و بێ سەر و بەرە دەبن، شەوانە تاریکییەکی تۆقێنەر بەسەر شەقامەکاندا زاڵ ئەبێت. بەرەبەیانی رۆژی دواتر، ئەو مارکێتانەی کە هێشتا کاڵایەکیان ماوەتەوە بۆ فرۆشتن (لەوانە کاڵای بێ کەڵکبووی وەک گوڵۆپ، بەفرگر، کەڤەری سوکانی ماشێن) ئیتر کارمەندێکیان نابێت، لەبەر ئەوەی کارمەندەکانیان لە ماڵەوە ماونەتەوە. هەندێکەس بە هۆی ئەم دۆخەوە وەها شۆک ئەبن کە لەماڵەکەی خۆیاندا کە شیاوی ژیان نییە دەمێننەوە و چاوەڕێی مردن ئەکەن. هەندێکیتر دەڕژێنە سەر شەقامەکان بەوەی مارکێتەکان تاڵان بکەن، ژمارەیەکیتر هەوڵ دەدەن هەڵبێن، بەڵام بۆ کوێ هەڵدێن؟ چۆن ئەتوانن زیندوو بمێننەوە؟ زانست و لێهاتوویی شۆفێرێکی شەمەنەفەڕ بەكەڵکی چی دێت؟ یان زانست و لێهاتوویی بەرنامەنووسێکی کۆمپیۆتەر، یان پۆلیسێکی هاتووچۆ، زانایەکی فیزیایی ناوەکی، یان فیتەرێک؟
ئەمڕۆکە پەیوەندی خەڵک لەگەڵ شارستانییەتی ئێمە، پەیوەندی مەرگ و ژیانە، ئەگەر ئەم شارستانیەتە بمرێت ئەوانیش لەگەڵ ئەم شارستانیەتە ئەمرن. بە هەزاران و بە میلیۆنان خەڵک ئەمرن، رەنگە بە هۆی قاتووقڕی و نەخۆشی گواستنەوەییەوە بێت کە ئیتر ناتوانن بە سەیدا زاڵ بن، یان لە جەنگێکی بێ ئەنجام کە براوەی نییە  و هەموان بەرەو نغرۆبوون و مەرگ دەبات.
بەڵام ئەگەر خەڵک بتوانن شتەکان وا رێک بخەن کە وەها جەنگێک روونەدات هێشتا هەر بەو شێوەیەش دەمرن. ئەوان بە هۆی بێ هیواییەوە دەمرن، یان بەو هۆیەی کە توانای بەدەستهێنانی بژیوی رۆژانەیان نابێت ، یان بەو هۆیەی کە سروشتیان وێران کردووە، ئەو سروشتەی کە هەر لە کۆنەوەو لەو کاتەوەی کە کەس لەبیری نییە پشتیوان و پشت و پەنای ئینسان بووە. کۆمەڵێک ناوچە لە گۆی زەوی بە تەواوتی کەسی تێدا نامێنێت و چۆڵ و هۆڵ دەبێت، ئەو شوێنانەشی کە تا ئەم دواییانە بە باشی دەدرەوشانەوە تەنها بۆنی تاعوونیان لێ دێت.
بەهەموو ئەمانەشەوە، وەک چۆن لە هەموو کارەسات و نەهامەتییەکدا وابووە، ژیانی مرۆڤ هەر بەردەوام ئەبێت. لە کۆتاییدا، کارەسات تەنها شارستانییەتێک لەناو دەبات و ئەوەی لەناوەوە وێران ئەبێت تەنها بەهاکانی کەلتوورێکی یەکدەستە، کەلتوورەکانیتر بە هەر شێوەیەک بێت توانیویانە بێ ئەوەی بە تەواوەتی خۆیان بدەن بە دەستی ژیانی ماشێنییەوە ماونەتەوەو درێژە بە ژیان ئەدەن. ئەم کەلتوورانە بە کەمترین زیانەوە دەمێننەوەو لەگەڵ ئەوان، بەشێکی زۆر لە دۆزینەوەکانی سەردەمەکانی پێشتر دەمێننەوە: داهێنانی چەرخ، هونەری چاودێری و کۆنتڕۆل، نووسین ، و هەروەها ئاگابوون لە مێژوو. پێویستی فێری خەڵک دەکات بەوەی  لە پاشماوەکانی ئەو شارستانییەتە ناعەقڵانی و زێدەبەکاربەرە کەڵکی عەقڵانی و دەستپێوەگرانە وەربگرێت .
بەڵام جارێکیتر کیشورەکان لە یەکتر جیا دەبنەوە. جارێکتر بۆ بڕینی پانتای ئەقیانووسەکان پێوستە چەندین هەفتە لە سەر دەریا بن و هەمدیسان بۆ پەڕینەوە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکیتر پێویستە چەندین رۆژ بە سواری ئەسپ رێ ببڕن.
ساڵانێکی زۆر، چەندین سەدە، هەزارە و هەزارەکان تێدەپەڕن. شاڕێ و فڕۆکەخانەکان گژ و گیا دایان دەپۆشێت یان دەبن بە ژێر لمەوە.
دارتێلە گەورەکان و تاوەرە گەورەکانی کارەبا کە ئێستە بێ کەڵک کەوتوون بە زەبری با دەکەونە سەر زەوی و کۆتەرەی دارەکان وەچ هەڵ ئەدەنەوەو چڵ و پۆپ دەرئەکەن و لە دەلاقەی ئەو تاوەرە گەورانەوە کە هێشتا نەڕووخاون  سەر دێننە دەرەوە. هەوا و ئاو بەرەبەرە خاوێن دەبنەوە. بەڵام ژیان خەڵک چی؟
رەنگە ئارامتر و ئاشتیخوازتربن. مرۆڤ لە دونیایەکەوە بە رەهەندی کاکێشانییەوە دەگەڕێتەوە بۆ کات و شوێنێکی ئینسانیتر و مرۆڤانەتر. ئینسانەکان جارێکیتر چێژ لە بێدەنگی و بیستنی دەنگی باڵندەکان وەرئەگرن. هەڵبەت ژیانیان هەمدیسان دژوارتر و پڕمەترسیدارتر ئەبێت. ئەو خەونە گەمژانەیەی یۆتۆپیستەکان کە لایان وابوو ئەگەر مرۆڤ لە قورسایی و دژواری کار رزگاری بێت، بەختەوەرتر ئەبێت، لەبیر ئەکرێت، راست وەک بەفرگرەکان، فەن کۆیلەکان[3]، فڕۆکەکان، وزەخانە ناوەکییەکان، چاپخانەکان، سییە دەستکردەکان، ماشێنی جل شۆری ، تەلەفیزیۆن. مووشەک ومایکرۆفۆنە شاراوەکان. ئەم سەدە شێتە، سەدەیەک کە لەودا مرۆڤ لە هەوڵێکی بێ مانادا خۆی هێندە بەرزکردەوە کە توانی گۆی زەوی جێ بهێڵێت، جارێکیتر بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات کە ئەفسانەکان و حیکایەتەکانی رۆژگارانی کۆن تێکەڵی یەکتر بکات. رۆژگارێک دێت، ئەوانەی لە داهاتووبینەکان، یان کاهنەکان، ئەم سەدەیەک وەک تراویلکەیەک ئەبینن، ئەفسانەیەک کە دروستکراوی شاعیرە کۆنەکانە، یان یەکێک لەو وەهمە زۆرانەی کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک بۆلای خۆی رادەکێشێت. رەنگە هەندێ باس و مشت و مڕی زانستی لەم بارەوە بێتە ئاراوە، بەڵام ئەم باسانە سەرنجی خەڵک بۆلای خۆی راناکێشێت، لەبەر ئەوەی ئەم باسانە پەیوەندی بە ژیانی ئەوان، تواناکانیان، ئامانجەکانیان یان دڵخۆشییەکانیانەوە نییە.
ئەی شادی و دڵخۆشییەکانیان؟ هۆکارێک نابینم بەوەی ئەوان کەمتر لە ئێمەمانانێک کە لەم سەدە تاقانەو شێتەدا ژیاوین شاد و دڵخۆش بن.

وەرگێڕانی: مستەفا زاهیدی

سەرچاوە:
کتێبی روح پراگ، بخش دوم ، صفحە ٧٧
ترجمە: خشایار دیهیمی
چاپ بیستم: تهران ١٤٠٠





پەراوێزەکان:
[1] - رۆح، یان فافۆن (Zinc)جۆرێک مێتاڵە ، لە عەرەبیدا پێی دەڵێن (خارصین) و لە فارسیدا پێی دەوترێت (روی).
[2] - قەڵایی (Tin) جۆرێک مێتاڵە، لە عەرەبیدا پێی دەوترێت (قصدیر) و لە فارسیدا پێی دەڵێن (قلع).
[3] - فەن کۆیڵ Fan coil، کەرەستەی گەرمکەرەوەو ساردکەرەوە.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved