لە مێژووی بیری مرۆڤایەتیدا، هەمیشە وا وێنا کراوە کە گوتن تاقە سەلمێنەری بوونە و بێدەنگییش ئاماژەیە بۆ نەبوون، یان بێ هێزی، بەڵام کاتێک لە روانگەی سۆسیۆلۆژیای هاوچەرخەوە لە مانا و کایەکانی زمان ورد دەبینەوە، تێدەگەین کە بێدەنگی تەنیا بۆشاییەکی فیزیکی و نەلەرینەوەی دەنگەژێیەکان و لە سەماکەوتنی دەنگەکان لە قوڕگ و ناودەمدا نییە. لە راستیدا لێرەوە ئیتر ئێمە لەبەردەم دیاردەیەکی ئاڵۆزداین کە دەکرێت ناوی بنێین: (سۆسیۆلۆژیای نەگوتن). 
لێرەوە نەگوتن، وەک کردەیەکی کۆمەڵایەتیی پڕ لە مانا و جۆرێک لە گوتاری شاراوە نمایش دەکەین، کە نەخشەی پەیوەندییەکانی هێز، ترس و بەرژەوەندیی لەناو جەرگەی کۆمەڵگەدا کێش دەکات. نەگوتن، کردارێکی خۆویستن و مەبەستدارە کە لە رووی ماناوە زۆر لە بێدەنگییەکی سادە سیاسییتر و کۆمەڵایەتییترە. جیاوازیی بنەڕەتی لەوەدایە کە لە «نەگوتن»دا، وشەیەک، راستییەک، یان پەیامێکی گەورە ئامادەیی هەیە، بەڵام رێگری لە دەرچوون و دەربڕینی دەکرێت. مرۆڤ لێرەدا نەک لەبەر نەزانی و بێ‌ئاگایی، بەڵکو وەک بکەرێکی «بەئاگا و زانا» بڕیار دەدات، یان ناچار دەکرێت کە پەنا بۆ «نەگوتن» ببات. ئەمە ئەو شوێنەیە کە «نەگوتن» دەبێتە شێوازێکی سانسۆرئامێز؛ چونکە کاتێک دەسەڵات، یان نەریتی کۆمەڵایەتی دیوار لەبەردەم درکاندنی راستییەکاندا دادەنێن، بێدەنگی لە حاڵەتێکی سروشتییەوە دەگۆڕێت بۆ ستراتیژی مانەوە. ئەگەر بە بیرێکی رەخنەیی قووڵەوە بڕوانین، دەبینین ئەوەی مرۆڤ نایڵێت، زۆرجار قورستر و پڕماناترە لەوەی دەیڵێت و ئەو راستییەی رێگری لە گوتنی دەکرێت، سوودمەندترە لەو گوتارە رەواجپێدراوەی کە رۆژانە گوێمان لێ دەبێت.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە تێڕوانینە درەوشاوەکەی فەیلەسوفی ئینگلیزی، جۆن ستوارت میڵ بدەین، کە بە توندی دژی ئەم «نەگوتنە ناچارکەرانەیە» دەوەستێتەوە. میڵ پێیوایە بێدەنگکردنی هەر دەنگ و رایەک، نەک تەنیا ستەمە لە خاوەنەکەی، بەڵکو زەبرێکی کوشندەیە لە کۆی مرۆڤایەتی. ئەو دەڵێت: ئەگەر ئەو رایەی رێگری لە گوتنی دەکرێت «راست» بێت، ئەوا ئێمە دەرفەتی گۆڕینەوەی هەڵەمان بە راستی لەدەستداوە. خۆ ئەگەر «هەڵە»ش بێت، دیسان هەر زەرەرمەندین، چونکە رێگریمان کردووە راستی لە رێگەی بەریەککەوتن لەگەڵ هەڵەدا زیاتر ببریسکێتەوە و بە زیندوویی بمێنێتەوە. بە بڕوای میڵ، کاتێک راستی لەناو کایەی «نەگوتندا» زیندەبەچاڵ دەکرێت و رووبەڕووی تاقیکردنەوەی رەخنە نابێتەوە، دەبێتە «عەقیدەیەکی مردوو»، کە واتا و وزەی گۆڕانکاریی لەدەستدەدات.
ئەو بێدەنگییەی لە ژێر هەژموونی دەسەڵات و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست دەبێت، سێ جەمسەری سەرەکیی دایدەتاشن کە گەمارۆی «گوتن» دەدەن:
 یەکەم: ئایین و پیرۆزی؛ کاتێک سنوورەکانی گوتار بە پیرۆزییەکان دەورە دەدرێن، نەگوتن لە دوو ئاستدا کار دەکات. لە ئاستی پیرۆزیدا، زۆرێک لە پرسەکان ناخرێنە بەر نەشتەری پرسیار و گومانەکان کۆچ دەکەن بۆ خانەی «نەگوتن». هەروەها کاتێک دامەزراوە ئایینییەکان دەبنە خاوەنی تەنیا یەک خوێندنەوەی فەرمی، خوێندنەوەکانی تر دەبنە «نەگوتراو» و پەراوێز دەخرێن بۆ پاراستنی یەکپارچەیی ناسنامە.
 دووەم: کۆمەڵگە و تاپۆ؛ کۆمەڵگە لە رێگەی نەریت و عەیبە و شەرمەوە فشارێکی بێدەنگ دەخاتە سەر تاکەکان. مرۆڤەکان بۆ ئەوەی لە پەراوێز نەگیرێن و وەک ئەندامێکی کۆمەڵایەتی بمێننەوە، هەندێک راستی دەربارەی ئارەزووەکان، کێشە خێزانییەکان و رەخنە قووڵەکان دەشارنەوە. ئەم جۆرە لە نەگوتن، تەنیا بۆ پاراستنی وێنە گشتییە «جوانەکەی» کۆمەڵگەیە لەسەر حیسابی راستگۆیی تاک. 
سێیەم: هەژموونی سیاسی؛ لە سیستمە میدیۆکراسی و تۆتالیتارەکاندا، دەسەڵات (پێشەوایەتی بێدەنگی) دەکات. لە رێگەی ترس، نانبڕین و پەراوێزخستنەوە، جۆرێک لە «نەگوتن» بەرهەم دەهێنێت کە وای لە خەڵک دەکات هەندێک بابەت بە بێبایەخ، یان «ترسناک» ببینن و خۆیان واز لە گوتنی بهێنن. 
کاتێک دەسەڵات زمان کۆنتڕۆڵ دەکات، گوتنەکان لە واتا خاڵی دەکاتەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا دروشم و گوتنێکی بێناوەڕۆکە، لە کاتێکدا و لە دەرئەنجامدا راستییەکان دەچنە خانەی نەگووتنەوە، دەتوانین بڵێین نەگوتن لە ژێر هەژموونی ئەم سێ جەمسەرەدا، نیشانەیەکی دیاری نەخۆشیی گوتار و قەیرانی ئازادییە. کاتێک مرۆڤەکان ناچار دەبن پانتایی نەگوتراوەکانیان فراوانتر بکەن، دیوارێکی ئەستوور لە نێوان «راستی» و «دەرکەوتە» دروست دەبێت. ئەرکی رۆشنبیر و کۆمەڵناس لەم ساتەوەختەدا ئەوەیە کە ئەو جوگرافیای بێدەنگییە بشکێنێت و بپشکنێت لەناو ئەو شتانەی کە «نەگوتراون»؛ چونکە راستی هەمیشە لەو پانتاییە تاریکانەدا خۆی شاردووەتەوە. نەگوتن، تەنیا بێدەنگی نییە، بەڵکو هاواری ئەو راستییە پەستێوراوە و گەورانەیە کە زمانی دەسەڵات و نەریتی کۆمەڵگە رێگەی دەرچوونی پێ نەداون. وەک چۆن ئاوەزماندانە بڕوانین، پاراستنی شکۆی مرۆڤ لەوەوە دەست پێدەکات کە چیتر ناچار نەبێت «نەگوتن» وەک تاقە پەناگەیەک بۆ پاراستنی ژیانی هەڵبژێرێت.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved