٣٠ ئەیلول لە عێراق چی ڕوو دەدات

عێراق دەچێتە ناو دۆخێکی گرینگ لە کاتێکدا دوو ڕوداو لە٣٠ی ئەیلول بەیەک دەگەن.
یەکەمیان کۆتایی هاتنی ئەرکی سەربازی زیاتر لە دوو دەیەی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکایە ، دووەمیان چەسپاندنی چەک لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەکدارانەیە کە لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان کاردەکەن.
ئایا ٣٠ی ئەیلول کۆتایی قۆناغێکە، یان دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە عێراق؟ئایا هێزەکانی ئەمریکا دەڕۆن؟
ئایا کشانەوە بە مانای کۆتایی هاتنی کاریگەری ئەمریکایە؟
پێوانەکردنی نفوزی ئەمریکا تەنها لە ڕێگەی بوونی سەرباز و بنکە سەربازییەکانی لە هەرناوچەیەکی جیهان، هەڵەیەکی سیاسییە. زلهێزە گەورەکان تەنها لە ڕێگەی سەربازییەوە کاریگەری خۆیان بەکارناهێنن بۆ گۆڕینی هاوکێشەو ململانێ جۆراوجۆرەکان؛ ئەوان چەندین هۆکارو ڕێگایتر دەگرنەبەر وەک دیپلۆماسی، ئابووری، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هاوکاری ئەمنی، تەکنەلۆژیا، زانیاری و کاریگەری سیاسی وەک ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییەکانیان بەکاردەهێنن.
بۆیە مەرج نییە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە مانای کشانەوەی ئەمریکابێت لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا.
عێراق و ئەمریکا پەیوەندییەکی فراوانتریان هەیە لەوەی تەنها پەیوەندی سەربازییان هەبێت. ڕێککەوتنێکی چوارچێوەی ستراتیژی و پەیوەندی سیاسی و ئابووری و ئەمنی هەیە کە دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی سەربازی هاوپەیمانی دەتوانێت بەردەوام بێت.
بەم شێوەیە عێراق ڕووبەڕووی هاوکێشەیەکی نوێ دەبێتەوە، ئەویش سەروەری زیاتری عێراق لەسەر خاکەکەی، بەڵام ئەمە پێویستی بە توانای زیاتری عێراق هەیە بۆ پاراستنی ئەو سەروەرییە ئئەمە ئەو خاڵەیە کە دەبێت دەوڵەتی عێراق بە وردی لەبەرچاوی بگرێت.

حکومەتی عێراق چی بکات؟
حکومەتی عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک ئەرکی بەپەلەدایە.
یەکەم: پەرەپێدانی پلانێکی نیشتمانی بۆ ماوەی دوای ٣٠ی ئەیلول، کە ئاسایش و بەرگری و هەواڵگری و دیپلۆماسی و ئابووری لەخۆبگرێت.
دووەم: بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری ئاسمانی و پاراستنی سنوورەکان و ئاسمانی.
سێیەم: پەرەپێدانی ئامێری هەواڵگری و دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕی و تیرۆر و دەستوەردانی دەرەکی. چوارەم: پاراستنی هەموو دەروازە سنوورییەکان و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانیان بۆ قاچاخچێتی چەک، پارە، یان خەڵک.
پێنجەم: گرتنەبەری سیاسەتی دەرەکی هاوسەنگ کە ڕێگری بکات لە عێراق ببێتە بەشێک لە هەر میحوەرێکی ناوچەیی.
شەشەم: پاراستنی بڕیاری سیاسی عێراق لە بودجە و کاریگەریی ناشەرعی دەرەکی.
حەوتەم: خێراکردنی جێبەجێکردنی پرەنسیپی قۆرخکاری دەوڵەت لەسەر بەکارهێنانی هێز، بەگوێرەی دەستوور و یاسا.
هەشتەم: بەرزکردنەوەی هەماهەنگی نێوان بەغدا و هەولێر، بەو پێیەی ئاسایشی عێراق ناتوانرێت پارچە پارچە بکرێت.
نۆیەم: دامەزراندنی سیستەمێکی نیشتمانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی کە توانای بەرپەرچدانەوەی دەستێوەردانی ئەلیکترۆنی و هەڵمەتی زانیاری ناڕاست و تێکدانی دیجیتاڵی هەبێت.
وە دەیەم، و ڕەنگە لە هەمووی گرنگتر:
دەوڵەت دەبێت شەفافانە پەیوەندی لەگەڵ خەڵکەکەیدا بکات.

سیناریۆی ئەگەری داهاتوو

چەندین سیناریۆی ئەگەری داهاتوو بۆ ڕێڕەوی پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە قۆناغی دوای کشانەوەی عێراق لە عێراق بوونیان هەیە، بەم شێوەیەی خوارەوە:

سیناریۆی یەکەم: گۆڕانکاری بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژی فراوانکراوی نێوان بەغدا و واشنتۆن. ئەم سیناریۆیە وا گریمانە دەکات کە پەیوەندی ئەمنی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە قۆناغی دوای کشانەوە لە پەیوەندییەکی تەواو ئەمنییەوە بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژی فراوانتر پەرەدەستێنێت. ئەم گریمانەیە لەسەر بنەمای ئەو لێدوانە سیاسییانەی ئیدارەی ترەمپ و حکومەتی عێراق لە زیاتر لە بۆنەیەکدا داویانە، بەتایبەتی دوای ئەو لێکتێگەیشتنە ئەمنییەی لە نێوان بەغدا و واشنتۆن لە ئەیلوولی ٢٠١٤دا گەیشتە ئەنجام، کاتێک پشتڕاستکرایەوە کە کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق ڕێگە خۆشدەکات بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژی فراوانتر لە داهاتوودا.

سیناریۆی دووەم: بەدواداچوون بۆ بەدیلێکی نوێی ئەمنی لەڕێگەی ناتۆوە. ئەم سیناریۆیە وا گریمانە دەکات کە شکستی حکومەتی عێراق لە ڕێگریکردن لە کشانەوەی تەواو و لەناکاوی ئەمریکا لە عێراق، بە پێچەوانەی لێکتێگەیشتنە ئەمنییەکانی پێشوو، بەو مانایە دێت کە ڕەنگە ئەمریکا پاشەکشە بکات لە هەڵوێستی پێشووی سەبارەت بە هاوبەشییەکی ستراتیژی فراوانتر لەگەڵ بەغدا لە قۆناغی داهاتوودا. ڕەنگە سەردانەکەی سودانی بۆ برۆکسل لە سەرەتای ئەیلوولی ٢٠٢٥ و دیدارەکەی لەگەڵ مارک ڕوتی سکرتێری گشتی ناتۆ، ئاماژە بێت بۆ خواستی عێراق بۆ بەدواداچوون بۆ بەدیلێکی نوێی ئەمنی، نەک تەنها چاودێریکردنی گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریکا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ڕێبازی ناجێگیری ئیدارەی ترەمپ بۆ پرسی عێراق.

سیناریۆی سێیەم: بەردەوامبوونی پەیوەندییە ئاڵۆزەکە بۆ چەند ساڵێکی دیکە، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکەی بە دۆخی ناوچەیی کە بە خێرایی پەرەدەسێنێت. لە ئەنجامدا سروشتی پەیوەندییەکە بە ناڕوونی ماوەتەوە. ئەمەش ڕەنگە خاوکردنەوەی پرۆسەی کشانەوەش بێت نەک هەڵوەشاندنەوەی، دواخستنی بڕیاری داهاتووی پەیوەندییەکە بۆ دوای ئەوەی پەرەسەندنی ناوچەکە و کەمبوونەوەی پشێوییە ئەمنییەکان، لە هەمان کاتدا هێشتنەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لەژێر چوارچێوەیەکی دیکەدا، وەک ناتۆ.

لە کۆتایی

سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نیشانەی وازهێنان لە پابەندبوونە ئەمنییەکانی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە نییە، بەڵام بێ گومان ئەم هەنگاوە لە سەر ئاستی  چەندین بواردا کاردانەوەی دەبێت. لەوانە چاکسازی لە کەرتی ئەمنی، گرێبەستی چەک و مۆدێرنکردنی سەربازی، هەروەها پاراستنی هاوبەشی نێوان هەردوو نەتەوە.
بە گشتی لێکتێگەیشتنی داهاتووی نێوان عێراق و ئەمریکا، و شێوازی کارلێکی پرس و فایلە ئەمنییەکان لەگەڵ ڕێڕەوی ئەم لێکتێگەیشتنە، دەبێتە تەحەدایەک بۆ هەردوو وڵات لە دروستکردنی پەیوەندییەکی ستراتیژی بەردەوام.

عبید مام رسول
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved