لە رێکەوتی 4-8-2026 کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی ئەفریقا دا، سەبارەت بەوەی بە شێوەیەکی پلەبەندی دەستبەرداری نەخشەی (مێرکاتۆر) ببێت کە لە ساڵی 1569 وە لەلایەن جوگرافیناس و دیزاینەری نەخشەی فلمنکی(جیراردۆس مێرکاتۆر Gerardus Mercator) کێشراوە و لەم سەردەمەدا ئەم نەخشەیە بە شێوەیەکی سەرەکی لەبواری رێنمایی و کارئاسانی لەبواری دەریاوانیدا بەکارهاتووە و سوودێکی گەورەی لێوەراگیراوە بەو پێیەی هێڵە راستەکانی سەر نەخشەکەی (مێرکاتۆر) لەگەڵ ئاڕاستەی قیبلەنما دا جێگیرە .
پێشینەی ئەم بڕیارە نێودەوڵەتییە:
یەکێتی وڵاتانی ئەفریقا لە چەندین کۆبوونەوە و بۆنەدا، داواکاری ئەوەبوون کە هەوڵێکی چڕ و پڕ بدرێت بۆ گۆڕینی دیزاین و نەخشەی مێرکاتۆر لەسەر ئاستی جیهاندا، بەوپێیەی ئەم گۆڕانکارییە تەنیا هەنگاوێکی هونەری و جوگرافی، بەڵکو پرۆسەکە پەیوەستی شوناسی سیاسی و عەدالەتی زانستی و شکۆی کیشوەرێکی گەورەی جیهانە، لەبەرئەوە دەنگ بەرزبوونەوەی ئەفریقیا و هەڵمەتی راستکردنەوە نەخشە و راسپاردنی وڵاتی (تۆگۆ) بۆ ئەوەی رابەرایەتی هەڵمەتەکە بکات لە نەتەوە یەکگرتووەکان و داوایەک پێشکەش بە سەرجەم وڵاتانی ئه‌ندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بەمەبەستی کێشانی نەخشەیەکی دیکەی جیهان، لەجیاتی نەخشەکەی مێرکاتۆر بکرێتە نەخشەی باوەڕپێکراو لە جیهاندا، کە عەدالەتی جوگرافی تێدا لەبەرچاو بگیرێت و رووبەری راستەقینەی ئەفریقا بە شێوەیەکی وردتر و راستەقینە تر بەدەر بخات، ئەوەبوو لە 4-8-2026 لە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان داواکەی ئەفریقا خرایە دەنگدان و بە زۆرینەی 164 وڵات بڕیارێک لە بەرژەوەندیی یەکێتی ئەفریقا دەرچوو، یەک وڵاتیش دژی وەستایەوە کە ئەمریکا بوو، لەگەڵ دەنگنەدانی شەش وڵات.
نەخشەی مێرکاتۆر و نیگەرانی ئەفریقا:
1- ئەم نەخشەیە رووبەر و قەبارەی ناوچە جوگرافییەکانی سەر گۆی زەوی، لەسەر نەخشە دەشێوێنێت و جۆرێک لە فێڵی بینین (الخدعة‌ البصریة‌) نیشانی مرۆڤ دەدات لە کاتی سەیرکردنی نەخشەدا، بۆ نموونە ناوچەکانی نزیک هێڵی کەمەرەیی بە قەبارەیەکی بچووک نیشاندەدات و ناوچەکانی باکوور و باکووری سەرزەوی بە گەورەتر نیشاندەدات، بۆ نموونە دوورگەی گرینلاند کە دەکەوێتە باکووری زەوییەوە و نزیکەی چواردە جار لە کێشوەری ئەفریقا بچووکترە، بەڵام لە نەخشەکەدا قەبارەکەی نزیک دەبێتەوە لە قەبارەی ئەفریقا، لە کاتێکدا رووبەری ئەفریقا دەگاتە (30.4 ملیۆن کـم2) و رووبەری دوورگەی گرینلاند (2,166,086 کـم2)، بەڵام لە سەیرکردنی نەخشەی مێرکاتۆردا ئەم جیاوازییە زۆرەی رووبەر لە رێگەی فێڵی بینینەوە ون دەبێت، لەبەرئەوە هەندێک لە وڵاتە ئەفریقییەکان و پسپۆڕانیش ئەم دۆخە بە (کۆلۆنیالیزمی نەخشە) ناودەبەن و باس لە ستەمی نەخشە و ئەتڵەسەکانی جوگرافیا دەکەن لەسەر ئەفریقا و ئەفریقییەکان.

2- شێواندنی قەبارە و شێوەی ئەفریقا شوێنەوارێکی دەروونی بەهێزی لەسەر چەندین نەوەی ئەفریقی بەجێهێشتووە، بەتایبەتی لەنێو چینی لاوان و خوێندکاراندا، کاتێک خوێندکارێکی ئەفریقی سەیری ئەتڵەسی جیهان دەکات، بۆی دەردەکەوێت کە کیشوەرەکەی بە بەراورد بە ئایسلەند یان ویلایەتی تەکساس بچووکە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە منداڵان و خوێندکارانی ئەفریقا هەر لە منداڵییەوە لە کتێبەکانی و نەخشە جوگرافیا و ئەتڵەسەکاندا قەبارەی کیشوەرەکەیان بە شێوەیەکی دروست نابینن و هەر لەسەرەتاوە تووشی شۆک دەبنەوە.
3- ئەم نەخشەیە شوێنەواری سیاسی و ئابووریش بەجێدەهێڵێت، بەوپێیەی نەخشە تەنیا بابەتێکی زانستی و روونکردنەوە و نیشاندان نییە، بەڵکو بنەمایەکە بۆ هەڵسەنگاندنی وڵاتان، کاتێک خاوەنی بڕیاری سیاسی و مامۆستایان، پشت بە نەخشەی مێرکاتۆر دەبەستن بۆ روونکردنەوە و لێکدانەوە، ئەوا بەبێ ئامانج و نەزانین وێنە و  بیرۆکەی هەڵە و شێوێندراو دەچەسپێنن و بڵاودەکەنەوە و کێشوەری ئەفریقا وەک رووبەرێکی بچووک و دوور و پەراوێزخراوە پیشاندەدەن و دەیخەنە پاراوێزی کاریگەری و دوور لە بازاڕەکان و ناوچەی هەژموون. 
 
ئەفریقا و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەک داوا
وڵاتانی یەکێتی ئەفریقا داوای عەدالەتێکی جوگرافی و نەخشەیەک دەکەن کە رووبەری راستەقینەی وڵاتان و کێشوەرەکان لەسەر نەخشەی جیهان بەدەر بخات، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە کە نەخشەی زەوی یەکسان Equal Earth کە لە ساڵی 2018 پێشنیارکراوە، رووبەری راستەقینەی کێشوەرەکان بە ئەندازەیەکی زۆر ورد و نزیک لە راستییەوە لەسەر نەخشە دەردەخات و بەرجەستە دەکات، بەم پێیەش قەبارەی راستەقینەی کێشوەری ئەفریقا و دورگەی گرینلاند لەسەر نەخشەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و راستەقینە بەدەردەکەون، ئەوەی شایانی باسە (نەخشەی زەویی یەکسان) ڕووبەری کیشوەری ئەفریقا و هیچ رووبەر و ناوچە و هەرێمێکی سەر رووی زەوی زیاد و کەم ناکات، بەڵکو جۆرە عەدالەتێکی جوگرافی و نەخشەیی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرجەم رووبەری گۆی زەوی، ئەم بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕینی نەخشەی (مێرکاتۆر) هێزێ دابەشکردنی زۆرەملێی نییە، بەڵام هەنگاوێکی کاریگەرە و دەکرێت گۆڕانکاری لە پروگرامی خوێندن و نەخشەی دیجیتاڵی بێنێتە ئاراوە.
*پسپۆڕی جیوپۆلیتیک و ئاسایشی نەتەوەیی

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved