پاش هەموو ئەو جەنگ و کۆچ و کێشە و گرفت و دەربەدەرییەی کە بەسەر عیراقدا هاتووە، چۆن رێژەی رەگەزی نێر ئەوەندە بەرزە لە عیراقدا؟!، بەو پێیەی زۆربەی کوژراوان و دیارنەماوان و ئەوانەشی کۆچیان بۆ دەرەوەی عیراق کردووە لە رەگەزی نێرن
ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی کە لە سەرژمێری هەردوو رۆژی 20-21/11/2024 ەوە بە دەستکەوتن و پاش چەند رۆژێك بڵاوکرانەوە، چەند پێدراوێکی گرنگ سەبارەت بە دانیشتوانی عیراق دەخەنەڕوو، هەرچەندە هێشتا زانیارییە وردو خەسڵەتدارەکان پەیوەست بە دانیشتوانی عیراق بڵاونەکراونەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لە زانیارییە بڵاوکراوەکانەوە بە دەست دەکەون، دەکرێت خوێندنەوە و هەڵوێستەی جددی و مەترسیداری لەسەر بکرێت و جۆرێك لێکدانەوەی دیمۆگرافی و جوگرافی بۆ بکەین، کە دەکرێت لێیەوە خوێندنەوە بۆ ئێستا و ئایندەی عیراق بکەین و خەسڵەتە دیمۆگرافی و ژینگەیی و ئابوورییەکانی دەستنیشان بکەین، لێرەدا هەوڵ دەدەین، چەند لایەن و تەوەرەیەکی ئەو زانیارییە بڵاوکراوانەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەردوو رۆژی 20-21/11/2024 بەم شێوەیە لێکبدەینەوە:
تەوەرەی ژمارەی دانیشتوان و خەسڵەتەکانیان
-1 لەسەرژمێرییەکەدا ئەوە ئاشکراکرا کە کۆی ژمارەی دانیشتوانی عیراق بە عیراقی و بیانی و پەنابەرەوە گەیشتۆتە(45.407.895 کەس)، ئەم ژمارەیەش لەگەڵ خەمڵاندنێکی ئێمەدا نزیکدەبێتەوە، کە لە دۆسێیەکی تایبەتدا لە ژمارە(9226)ی رۆژنامەی کوردستانی نوێی 7/8/2024دا، ژمارەی دانیشتوانی عیراقمان لە ساڵی 2024 بە(44.414.800 کەس) خەمڵاندبوو(1)، لە نێوان ئەو دوو ژمارەیەدا جیاوازی(993,095 کەس) هەیە، کە نزیک دەبێتەوە لە نزیکەی یەک ملیۆن کەس، وادیارە ئەو ملیۆن کەسە زیادەیەش خۆی لەو بیانی و پەنابەرانەدا دەبینێتەوە کە لە عیراقدا نیشتەجێن، واتە خەمڵاندنەکە و ژمارەی راستەقینەی عیراق وەک لە سەرژمێرییەکەدا ئاشکراکرا زۆر نزیکن لە یەکەوە.
-2 لەسەرژمێرییەکەدا بە دەرکەوت کە
70,3 %ی کۆی دانیشتوانی عیراق شارنشینن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە گوند و ناوچە کشتوکاڵییەکان چۆڵ کراون و بوونەتە شارنشین، کە ئەم رێژەیەش 70,3 % لە ئێستا و ئایندەدا، چەندین کێشە و قەیرانی خزمەتگوزاری و ژینگەیی و ئابووری بۆ عیراق دەهێنێتە ئاراوە، و لە بەرامبەردا رێژەی دانیشتوانی گوندنشین دابەزیوە بۆ 29,7 %، واتا کەرتی کشتوکاڵی و بەرهەمی کشتوکاڵی بەرەو لەناوچوون دەچێت و عیراق لە ئێستادا چووەتە نێو لوتکەی ئەوەی پێیدەوترێت وڵاتی بەرخۆر (الدولة الریعیة)، کە ئەم قۆناغ و خەسڵەتەش عیراق بەرەو هەرەسهێنانی یەکجارەکی دەبات.
-3 لەسەرژمێرییەکەوە بە دەرکەوت کە رێژەی نێرینە لە عیراقدا دەگاتە(50,18 %) و لە بەرامبەردا رێژەی مێینە گەیشتۆوتە(49,82 %)، لەگەڵ ئەوەی هەردوو رێژەکە زۆر لە یەکەوە نزیکن، بەڵام دەکرێت پرسیارێک بێتە ئاراوە، ئایا پاش هەموو ئەو جەنگ و کۆچ و کێشە و گرفت و دەربەدەرییەی کە بەسەر عیراقدا هاتووە، چۆن رێژەی رەگەزی نێر ئەوەندە بەرزە لە عیراقدا؟!، بەو پێیەی زۆربەی کوژراوان و دیارنەماوان و ئەوانەشی کۆچیان بۆ دەرەوەی عیراق کردووە لە رەگەزی نێرن.
تەوەری تەمەن و ژمارەی خێزان
لە سەرژمێرییەکەوە ئەم خەسڵەتە دیموگرافیانەی دانیشتوانی عیراق بە دەرکەوتن:
-1 رێژەی تەمەنی منداڵ، واتا ئەوانەی کە لە خوار تەمەنی کارەوەن (لە 15 ساڵ کەمترە) لە عیراقدا و رێژەیان لە کۆی دانیشتوان گەیشتۆتە(36,1 %)، ئەم رێژەیەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە بەشێکی زۆری دانیشتوانی عیراق پێویستیان بە چاودێری و بەخێوکردنە و ناتوانن کار بکەن.
-2 رێژەی ئەوانەی کە تەمەنیان لە نێوان(سەرو 15ساڵ_64ساڵ)ە، دەگاتە (60,2 %)ی کۆی ژمارەی دانیشتوان، واتا لە عیراقدا رێژەیەکی یەکجار بەرز تەمەنیان لە هێزی کاردایە و توانای کاریان هەیە.
-3 رێژەی ئەوانەی کە تەمەنیان لەسەرو 65 ساڵەوەیە، دەگاتە(3,7 %) لە کۆی ژمارەی دانیشتوان، ئەم دەرخەرەش ئەوە دەسەلمێنێت کە درێژی تەمەن لە عیراقدا کەمە و رێژەی تەمەنداران هێشتا ناگاتە 4%ی کۆی ژمارەی دانیشتوانی عیراق، بەمەش ئەوە دەردەکەوێت چاودێری تەندروستی و خانەنشینی و....هتد، لە عیراقدا زۆر هەژار و نزمە.
-4 رێژەکانی تەمەن ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە زیاتر لە(60 %)ی دانیشتوانی عیراق ئەوانەن کە لە نێو گروپی کاردان، واتا تەمەنیان لە نێوان(سەرو 15ساڵ_64 ساڵدایە)، ئەم ژمارەیەش ئەوە دەردەخات کە عیراق لە نێو قۆناغی دیاری دیموگرافیدایە(الهبة الدیموغرافیة)، واتا هێزێکی کاری زۆری بەردەستی ئامادەیە بۆ کار و بونیادنانی وڵات، بەڵام ئەگەر ئەم هێزە کارە رێژە زۆرەی(دیاری دیموگرافی) نەخرێنە گەڕ و کاریان بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوا ئەم دیارییە دیموگرافیە دەبێتە کێشە و قەیرانێکی بەردەوام و عیراق دووچاری گێژاوی ئابووری و سیاسیی و ئەمنی دەکاتەوە.
-5 لە سەرژمێرییەکەوە ئەوە دەرکەوت، کە ژمارەی خێزانەکانی سەرجەم عیراق گەیشتۆتە(8,898,588 ملیۆن خێزان)، رێژەی ئەو خێزانانەی کە لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبرێن دەگاتە(88,67 %)، لە کاتێکدا رێژەی ئەو خێزانانەی لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن
(11,33 %)، واتا ئێستا لە عیراقدا زیاتر لە 10 %ی خێزانەکان ژنان دەیانبەن بەڕێوە، ئەم رێژە بەرزەش بۆ وڵاتێکی وەک عیراق هۆکارگەلێکی وەک لە دەستدانی پیاوان و کۆچیان بۆ دەرەوەی عیراق لە پشتەوەیە.
تەوەرەی خانووبەرەو نیشتەجێبوون
لەسەرژمێرییەکەوە دەرکەوت کە دۆخی شوێنی نیشتەجێبوون بەم شێوەیەیە:
-1 ژمارەی یەکەی نیشتەجێبوون بە خانو و شوقەوە گەیشتۆتە(8,037,221 یەکە).
-2 لە سەرژمێرییەکەوە دەرکەوت 92,1 %ی دانیشتوانی عیراق لە نێو خانوودا دەژین، لە کاتێکدا تەنها 6,6 %ی دانیشتوانی عیراق لە نێو شوقەدا دەژین، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت هێشتا دانیشتوانی عیراق پەیوەستی خانوون و رێژەیەکی کەمیان ئارەزووی نیشتەجێبوون دەکەن لە شوقەدا، هەروەها ئەو راستیەش بە دەرکەوت 0,4 %ی دانیشتوانی عیراق لە خانووی قوڕدا دەژین لە نێو شار و گوندەکاندا و رێژەی 0,9 % لە شوێنی جۆراوجۆردا دەژین.
مەترسییەکان و ژمارەی دانیشتوان لە ئایندەدا لە ئەنجامە بەراییەکانەوە، ئەوە بە دەرکەوت
70,3 %ی دانیشتوانی عیراق نیشتەجێبووی نێوەندی شارەکانن، ئەم هۆکارە دەبێتە گەورەترین خاڵی لاوازی لە بوونیادی جەستەی عیراقدا و خودی عیراق دەبێتە وڵاتێکی چۆڵکراوی بە بیابان بوو، بەمەش چەندین کێشەی دیمۆگرافی و ئابووری و سیاسی لە نێو شارەکانی عیراقدا دێتەکایەوە و حکومەتی عیراق توانای چارەسەرکردنی نامێنێت، هەروەها وەک دەرئەنجامەکان ئاماژەی پێ دەکەن، ئێستا رێژەی لە 60 %ی دانیشتوان ئەوانەن کە تەمەنیان لە نێوان(سەرو 15ساڵ_64 ساڵدایە) واتا ئەوانەن کە لە بازاڕی کاردان و داوای کار و دامەزراندن دەکەن و لە نێو شارەکاندا کەڵەکە بوون، ئابووری عیراقیش ئابوورییەکی(بەرخۆرە) و زیاتر لە 90 %ی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، و ئەگەر نرخی نەوت گۆڕانێکی نزمبوونەوەی گەورەی بەخۆوەبینی ئەوا ئەوەندەی دیکە کێشە و قەیران بۆ ئابووریی عیراق دێتە ئاراوە. هەروەها ئەگەر ئێستا ژمارەی دانیشتوانی عیراق گەیشتبێتە(45,407,890کەس)، ئەوا بە گوێرەی خەمڵاندن، ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2030 دەگاتە(51,211,700 کەس)، دۆخی دیمۆگرافی و ئابووریی عیراقیش بەو خەسڵەتە مەترسیدارانەوە پێشوازی لەم ژمارە گەورەیەی دانیشتوانی عیراق دەکات، بەمەش زیادبوونی دانیشتوانی عیراق هاوتەریب نابێت لەگەڵ گەشەسەندنی ئابووری و دابەشبوونی دانیشتوان بەسەر شار و گونددا و، هەر زیادبونێک لە دانیشتوان گرفت و قەیرانەکانی عیراق زیاتر دەکات.
سەرچاوەکان
-1 پ. د. جەزا تۆفیق تالیب، سەرژمێرییە گشتییەکانی دانیشتوان لە عیراقدا، رۆژنامەی کوردستانی نوێ(دۆسێ)، ژمارە(9226)، 7/8/2024.
*پسپۆڕی جیۆسیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی