پێشەکی
هەڵەیەکی میتۆدییە بە چاوی رۆژئاواییەکان و بە پێنووسی ئەوان چین بخوێنینەوە، چونکە مێژووییەکی پێنج هەزار ساڵە بە ویست و ئارەزووی نووسەر و بیریارێکی ئەوروپایی، یان ئەمریکای ناپێورێت. دنیای چینی دنیایەکی جیاوازە، ئەزموون و کۆمەڵگە و ناوەندێکی کۆمەڵایەتیی جیاوازە. ئەوان نە حەزیان بە هاوردەکردنی سیستمی کۆمەڵایەتییە و نە غەربزەدەن، نە باوەڕیشیان بە هەناردەکردنی ئەزموونی خۆیانە بۆ دەرەوەی خۆیان، بەڵکو باوەڕی تەواوەتییان بە سوودوەرگرتنە لە ئەزموونی یەکتری لە رێگەی هێزی نەرمەوە. جیاوازیی چین و رۆژئاواییەکان تەنیا جیاوازیی بەرژەوەندیی ئابووری و بازاڕی کار نییە، بەڵکو جیاوازییەکی قووڵی فەلسەفییە لەسەر ئەوەی کە دەوڵەتی چاک چییە؟ لە قوتابخانەی ئەوروپیدا، دەوڵەتی چاک ئەوەیە کە تاک لە دۆخی چاکی خۆیدا دەهێڵێتەوە، بەڵام لە قوتابخانەی ئاسیایی - چینیدا، دەوڵەتی چاک ئەوەیە کە دەستی کۆمەڵگە دەگرێت بەرەو ئامانجێکی بەکۆمەڵی درێژخایەن، تەنانەت ئەگەر ئەوەش پێویستی بە سنووردارکردنی ئارەزووە کورتخایەنەکانی تاکەکان ببێت.
شایەنی باسە ناکرێت بە پێوەرێکی رەها حوکم لەسەر ئەوە بدرێت کە کامەیان باشترە، بەڵام دەکرێت تێبگەین کە بۆچی چین لە ئاسیا و ئەفریقادا سەردەکەوێت؟ چونكە چین داوا لە کۆمەڵگەکانی جیهان ناکات بۆئەوەی گەشە بکەن دەستبەرداری کەلتوری بەکۆمەڵ و ترسی مێژووییان لە پاشاگەردانی ببن. ئەو پێیان دەڵێت دەتوانن دەوڵەمەند و بەهێز بن بە بێ ئەوەی ببنە ئەمریکایی، یان رۆژئاوایی و ئەم پەیامە، لە جیهانی پاش هەژموونی رۆژئاواییدا، زۆر سەرنجڕاکێشترە لەوەی کە رۆژئاوا بیری لێ دەکاتەوە. هاوکات دەستەبژێری چینی تەنیا یەک ئامانجیان هەیە، دووبارە دەرکەوتنەوەی وڵاتەکەیانە لەسەر ئاستی شانۆی جیهانی وەک یەکێک لە شارستانییەتە دێرینەکان و هاوشانی هێزە مەزنەکان. بۆ ئەم مەبەستە تەواوی چاکسازی، شۆڕش، جەنگ، جەنگی ناوخۆیی و گۆڕانکاریی، یان رێکخستنەوەی سیستمە سیاسی و ئابوورییەکان ئامرازن بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە. 
شی جێن بینگ دوای هەڵبژاردنی وەک سکرتێری گشتیی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کۆمۆنیستی چینی وتی: (گەلەکەمان پەرۆشییەکی گەورەی بۆ ژیان هەیە، هیواخوازن پەروەردەیەکی باشتر، ئیشوکاری جێگیرتر، داهاتێکی شایستە، دەستەبەری کۆمەڵایەتیی گونجاوتر، خزمەتگوزاریی پزیشکی باڵاتر، بارودۆخی ژیانی ئاسوودەتر و ژینگەیەکی جوانتر بەدەستبهێنن. ئەوان ئاواتەخوازن منداڵەکانیان بە باشترین شێوە گەورە ببن، کاری باشتر بکەن و ژیانێکی باشتر بژین. ئارەزووی خەڵک بۆ ژیانێکی باشتر هاوکاتە لەگەڵ هەوڵی ئێمە بۆ بەدیهێنانی تەواوی ئەم ئامانجانە). لە روانگەی سیاسییەوە، ئەم بیرۆکەیە دەسەڵات بە بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتییەوە دەبەستێتەوە؛ واتە حکومەت دەبێت هەوڵ بدات کێشە و گرفتەکانی خەڵک چارەسەر بکات.

فەلسەفەی دەسەڵات
کاتێک شانشینی (Zhou) لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین رووخا و چین چووە ناو سەردەمی دەوڵەتەجەنگییەکانەوە، ئەو کاتە تەنیا یەک پرسیاریان لەخۆیان کرد: چۆن کۆتایی بەو هەموو پشێوییە بهێنین؟ هاوکات کۆنفۆشیۆس بە وەڵامێکی ئەخلاقی هاتە پێشەوەو وتی: پشێوییەکە هۆکارەکەی داڕمانی ئەخلاقە. کۆمەڵگە وەک خێزانێکی گەورە وایە و دەوڵەتیش درێژکراوەی ئەو خێزانەیە. فەرمانڕەوا باوکە و هاووڵاتی و رەعیەتیش کوڕن. پەیوەندییەکە گرێبەستێکی نێوان کەسانی نامۆ و ئازاد نییە، وەک ئەوەی لە رۆژئاوا هەیە، بەڵکو پەیوەندییەکی پڕ لە ئەرک و بەرپرسیارێتیی هاوبەشە. پێویستە فەرمانڕەوا خاوەن رەوشت و بەزەیی بێت و فەرمانبەر، یان هاووڵاتیش گوێڕایەڵ و دڵسۆز بێت. چەمکی ناوەندیی لەم فەلسەفەیەدا بریتییە لە گۆنجان، چونکە سازان لێرەدا بە مانای نەبوونی ناکۆکی نایەت، بەڵکو بە مانای دانانی هەموو شتێکە لە شوێنی خۆی، هەروەک چۆن ئامێرەکان لە ئۆرکێسترایەکدا رێکدەخرێن. لە بەرامبەردا، قوتابخانەی یاسایی (Legalism) بە وەڵامێکی توندتر هات و وتی: (مرۆڤ بە سروشتی خۆی خراپەکارە و کۆنترۆڵکردنی تەنیا بە یاسای توند، سزای قورس و دەسەڵاتی رەها دەبێت). ئەم قوتابخانەیە بووە هۆی یەکخستنی چین.
 ئێستا دەوڵەتی چینیی هاوچەرخ، منداڵێکی رەوای ئەم دوو بیرۆکەیەیە. رۆحی خۆی لە کۆنفۆشیۆس وەرگرتووە و بەپیرۆزکردنی یەکێتی و یەکڕیزی، رێزگرتن لە پلەبەندیی دەسەڵات، زاڵکردنی کۆمەڵ بەسەر تاکدا، جیا لەوەش ئەو بیرۆکەیەی وەرگرتووە کە فەرمانڕەوا بەرپرسیارە لە رووی ئەخلاقییەوە لە ئاست خۆشگوزەرانیی گەل‌دا. هەروەها ئامرازەکانی لە قانوونگەراکان (Legalism) وەرگرتووە، کە بریتییە لە دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز، پارتێکی پێشەنگی رێکوپێک و دەزگایەکی کارگێڕیی کارا کە بێ دوودڵی یاسا جێبەجێ دەکات. لێرەشەوە چەمکی فەرمانی ئاسمانی (Tian Ming)  هاتە ئاراوە، کە لە بنەڕەتەوە جیاوازە لە چەمکی رەوایەتی لە رۆژئاوادا کە لای ئەوان رەوایەتی لە هەڵبژاردنەوە سەرچاوە دەگرێت، لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بەڵام لە چیندا، رەوایەتی لە ئەدا و بەرهەمەوە سەرچاوە دەگرێت، لە سەرەوە بۆ خوارەوە. ئاسمان مافی حوکمڕانی بە فەرمانڕەوا دەبەخشێت کە سێ شت بەدیبهێنێت: یەکێتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی گەل. کەواتە ئەگەر برسێتی، پاشاگەردانی و جەنگی ناوخۆیی بڵاوبوونەوە، ئەوا ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە فەرمانی ئاسمانی لەدەست داوە و مافی گەلە شۆڕش بکات. 
چەمکسازیی نوێ
چەمکی (هێکسی شێهووی) کۆمەڵگەی سازاو، لە ساڵی 2004 وەک ئامانجێکی ستراتیژیی پارتی کۆمۆنیستی چین لەژێر سەرپەرشتیی هۆ جینگتاودا وەک چەمکێک ناسێنرا، بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەو ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییە گەشەسەندووانەی کە لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی دوو دەیەی پێشووتر و زیادبوونی لێکەوتەکانی جیهانگیرییەوە سەرچاوەیان گرتبوو. ئەم چەمکە تاریفی بارودۆخێکی گونجانی کۆمەڵایەتی دەکرد، کە تێیدا تەواوی چین و توێژەکان پێکەوە هاوئاهەنگبن  و دژایەتییە بنەڕەتییەکانیان فەرامۆش بکەن.
لە گرنگترین پرەنسیپەکانی ئەم سیستمە ئەوەیە دەبێت جەخت لەسەر هۆکارە ئەرێنییەکان بکەنەوە و تەواوی هەوڵی خۆیان یەکبحەن تاوەکو کۆمەڵگەیەکی سازاوی سۆشیالیستی داهێنەر سەررێبخەن، لەم کۆمەڵگەیەدا بەرژوەندیی لایەنە جیاوازەکان لەبەرچاوبگیرێت و رێگە خۆشبکەن بۆ داهێنان لە سیستمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتیدا، کارایی جەماوەری لەژێر بارودۆخە نوێیەکەدا بەهێز و باشتر بکەن و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بپارێزن. جگە لەوەش چەمکی جیهانی سازاو سێ ئاست و سەرچاوەی هەیە. ئاستی یەکەم: کەلتوری نەریتیی چینە؛ ئاستی دووەم: گەشەسەندنی پرەنسیپە دیپلۆماسییە ئاشتیخوازەکانە و ئاستی سێیەم: راستەوخۆ لە قووڵبوونەوەی تێگەیشتن لە چەمکی کۆمەڵگەی گونجاوەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەم چەمکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت سیستمە کۆمەڵایەتییەکان و مۆدێلەکانی گەشەپێدانی جیاواز لە یەکترەوە فێر ببن.
چینییەکان هەمیشە بەخۆیاندا دەچنەوە، هەربۆیە بەردەوام داهێنان دەکەن، لەو کاتەی ئەم چەمکەیان داهێنا رەخنەی خۆیان کرد بەوەی کە دەیانگوت: (کۆمەڵگەکەمان گەلێک دژیەکی و هۆکاری نادیاری تێدایە، وەک جیاوازییەکی زۆر لە داهاتدا، یان کێشە بەردەوامەکانی بەردەم ناوچە گوندنشینەکان، جووتیاران و کەرتی کشتوکاڵ، لەدەستدانی زەویی کشتوکاڵی، پەستانی زۆر لە شوێنی کار و سیستمێکی ناتەواوی دەستەبەری کـــــۆمەڵایــــەتی). دواجار دەستەواژەیەکی پەیوەندییداری تری هۆ جینگتاو بەناوی (تێڕوانینی زانستی بۆ گەشەپێدان) چالاک کرایەوە. بەو واتایەی تەرکیزکردن لەسەر گەشەپێدانێک کە تەنیا خێرایی گەشەی ئابووری لەبەرچاو نەگرێت، بەڵکو ئاوڕ لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی جیاوازیی نێوان شار و گوندەکانیش بداتەوە. جگەلەوەی لەچوارچێوەی گەشەپێدانی بەردەوامدا رەچاوی سەرچاوە سروشتییەکان و رێگری لە تێکدانی ژینگە بکرێت، هەروەها مرۆڤسەنتری ببێتە بنەما و پێداویستی و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان وەک ئامانجی سەرەکیی گەشەپێدان لەبەرچاو بگیرێت.
کۆتایی
هەرچەندە رۆژئاواییەکان رەخنە لەم چەمکە دەگرن و لەو باوەڕەدان کە بووەتە دەستەواژەیەکی جێگرەوە بۆ سەقامگیری بە هەر نرخێک بێت، هەروەها پاساوهێنانەوەیە بۆ ئەو چاودێرییە توندەی لەسەر ئەنتەرنێت هەیە، بە جۆرێک کە دەستەواژەی کۆمەڵگەی گونجاو لە زمانی خەڵکیدا بووەتە هاواتای قەدەغەکردن، یان سڕینەوەی پۆست و کۆمێنتەکان. لە لایەکی ترەوە هەندێک لە توێژەران پێیان وایە کە ئەم سیستمە بە تەواوی سەرکەوتوو نەبووە لە نەهێشتنی ریشەی جیاوازییە ئــــــــــــــابوورییەکان، یان گەندەڵی، چونکە هێشتا تەنگژەکانی وەک قەیرانی خانووبەرە، قەرزەکان و جیاوازیی داهات لەنێوان دانیشتووانی شارە گەورەکان و گوندنشینەکاندا فشارێکی راستەقینە لەسەر شانۆی کۆمەڵایەتی پێکدێن، بەڵام کۆمەڵگەی سازاو روانگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە و ئامانج لێی بەهێزکردنی هاوسەنگی، دادپەروەری، سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە لە ناو کۆمەڵگەی چینیدا، لەگەڵ بەهێزکردنی پێکەوەژیانی گونجاو لەنێوان مرۆڤ و سروشت دروستدەکات و سنوورێک بۆ گرژییە کۆمەڵایەتییەکان دادەنێت، ئەم کۆمەڵگەیە پێش هەموو شت پێویستی بە گەشەپێدانە و لەم کارەشدا سەرکەوتوو بوون و باشترین سەقامگیریی کۆمەڵایەتییان بەدەستهێناوە.
* سوود لە کۆمەڵێک ماڵپەڕ وەرگیراوە لە نووسینی ئەم وتارەدا.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
به‌جیهانیبوونی میدیا
پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
به‌جیهانیبوونی میدیا
پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
بەجیهانیبوونی‌ جەنگ
پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
کەلتوری‌ خوێندنەوە
پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
مێژووی کۆچى ئەقڵەکان لە عیراق
پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
هێزی شاراوەی گەنج
پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
بۆچی مرۆڤ شه‌ڕ ده‌كات؟
پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
خێزانکوژی(Familicide)
پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
دادپەروەریی و ئاسایشی کۆمەڵایەتى

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved