هەڵبژاردن میکانیزمێکی بنەڕەتی دیموکراتی نوێنەرایەتییە و پێوەرێکی گونجاوی نێودەوڵەتیە بۆ زامنکردنی ئازادی و دادپەروەریی، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت لەهەر وڵاتێکدا هەڵبژاردن ئەنجامدرا ئەو وڵاتە دیموکراتیە، پیادەکردنی دیموکراتی ئەوەیە کە تاک بەشداربێت لەگفتوگۆی گشتیدا بۆ بەدەستهێنانی مافە بەدەست نەهاتووەکان، چەمکی هەڵمەت هەرهەمان مانای هەڵمەتی جەنگی سەبازییه، بەڵام لە هەڵمەتی هەڵبژارندا چەکی دیموکراتی بەکاردەهێنرێت لەبری چەکی باروت، ئەمەش بەمەبەستی قایلکردنی بەرامبەر، لە هەڵمەتی سەربازیدا مەبەست کارتێکردن و شکاندنی نەیارە، بەڵام لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا هەوڵی لێکتێگەیشتن و کاری پێکەوەیی دەدرێت.
لە جیهاندا چەندین جۆر شێوازی بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردن هەیە هەوڵ دەدەین هەرهەفتەیەک بە یەکێک لەشێوازەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن ئاشناتان بکەین.
بەگشتی دووجۆر هەڵمەتی هەڵبژاردن هەیە:
1-هەڵمەتی هەڵبژاردنی یاسایی شەرعی
2-هەڵمەتی هەڵبژاردنی نایاسایی ناشەرعی
هەڵمەتی هەڵبژاردنی یاسایی بریتییە لەو هەڵمەتەی کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە کات و وادەی بۆ دەستنیشان دەکرێت.
هەڵمەتی هەڵبژاردنی نایاسایی چییە؟
ئەو هەڵمەتەیە کە پێش ئەوەی کۆمسیۆن وادەی بانگەشەو هەڵمەتەکە دەستنیشان بکات لەلایەن پارت وکاندیدەکانەوە دوور لەڕێنماییەکانی کۆمسیۆن دەست دەکەن بە بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردن کە ئەمەش سەرپێچییەو سزای یاسایی لەسەرە.
بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرکەوتوو چییە؟
بۆ ئەوەی بانگەشەو هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی سەرکەوتوو ئەنجام بدەیت پێویستە نەخشەو پلانێکی دروستی بۆ دابنێیت، بەم شێوەیە:
آ - توێژینەوە و دیاریکردنی ئامانج
ب - زانیاریت لەسەر دەنگدەران هەبێت و دەبێت بزانیت چەند دەنگ بەدەست دەهێنیت لەم پڕۆسەیەدا.
ج - ئاگاداری دۆخی ناوچەکە بیت و بەرچاو روونیت هەبێت لەسەر ئامار و جوگرافیای ناوچەکەو بازنەکانی هەڵبژاردن و ژمارەی دەنگدەران.
د - پلانی دروستت هەبێت بۆ پەیوەندیکردن بەدەنگدەرانەوە.
هـ - تیمی هەڵمەتەکەت پێویستە لەسەر ئاستی ستانداردبێت، واتە ئەو کەسانەی کە دەستنیشان دەکرێن سەرجەم مەرجەکانیان تێدابێت و دابەش بکرێن بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا.
و - ئەو ئامرازانە ئامادە دەکەیت کە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێ بەڕێوەدەبەیت.
ز - دوورکەوتنەوە لەبەریەککەوتن و رکابەری نادیموکراتی، چونکە توندوتیژی لێدەکەوێتەوە ئەمەش بەزیان بۆ تۆ و پارتەکەت دەگەڕێتەوە.
ح - کارکردن لەسەر دەنگدەری خۆڵەمێشی کە هێشتا بڕیاری نەداوە چۆن دەنگ دەدات.
ت - جێبەجێ کردنی رێساو رێنماییەکانی کۆمسیۆن و سەرپێچی نەکردن لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا.
ی - وتارەکانت با مانادار و دوورودرێژ نەبن و دەنگدەر بێزارنەکەن.
ک - پەیامی هەڵبژاردن پێویستە ئەم سێ رەهەندە لەخۆبگرێت (کورت، پوخت، مانادار) بێت.
ل - واز لەبەڵێنی گەورەو بێ کردار بهێنەو ئاگاداری تۆنی دەنگ و سەرنجی رێک پۆشیت بدە.
بابەتی زیاتر