دەمەوێت باسی نەبوونی ئینتیمای نیشتمانی یا خوود لاوازیی ئینتیمای نیشتیمانی لای تاکی کورد بکەم، کە هەر وڵات و هەرێمێک تاکەکانی ئینتیمایان بۆی نەبوو، ئەو وڵاتە بەرەو داروخان و لەناوچوون دەچێت، چونکە هەر تاکەکان دەتوانن وڵاتەکەیان بەرەوپێشەوە بەرن، یان لە حاڵەتی دواکەوتووییدا بیهێڵنەوە.

ئەوەی مەبەستمە زیاتر لەسەر بدوێم، هەرێمی کوردستانە، گەر کەمێک بگەڕێنەوە دواوە، لە دوای راپەڕینی 1991، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هاتن پەرلەمان و حکومەتیان دروستکرد، بە گیان و بەوپەری توانای خۆیانەوە کاریان بۆ سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە نوێیە کرد، کە ئەزموونی حکومی کوردی بوو، تاکەکانی ئەم هەرێمە ئامادەبوون بە مووچەیەکی کەمی چەند مانگی، تەنانەت ئامادەبوون بێ مووچەش دەوام بکەن بۆ ئەوەی حکومەت و دام و دەزگانی حکومەت بکەونە سەرپێی خۆیان چونکە حکومەتی ئەوکاتی عیراق دام و دەزگا حکومییەکانی لە هەرێم کشاندبوویەوە. لێرەوە ئومێدێک هەبوو تاکی کورد لە سایەی حکومرانی کوردیدا کەمێک بحەسێتەوە، لە چەوساندنەوەی رژێمی بەعس رزگاری بێت، تەنانەت ئەو کات دەسەڵاتدار و هاووڵاتی لەڕووی بارودۆخی ژیانەوە هاوشیوە بوون، ئەمەش ئەوەندەی تر تاکەکانی ئەم هەرێمەی هاندا حکومەت و خاکی خۆیان خۆش بوێت و خزمەتی بکەن، بەڵام بەرە بەرە لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە، بە تایبەتی لە دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییان کەوتنە دۆخێکی ناهەموار و بەشێک لە تاکەکانی ئەم هەرێمەی ناچار کرد بۆ دەرەوەی وڵات کۆچ بکەن، چونکە هاووڵاتییان بۆیان دەرکەوت ئەو حکومەتەی ئەوان خەباتیان بۆ کرد، ئەوە نەبوو ئەوان دەیان ویست، هەر لە بێ خزمەتگوزاری، بێ مووچەیی، بێکاری و...هتد، کۆمەڵگە بەرەو چینایەتی رۆشت، چینێک سوودمەند بوو لە خێر و بێری ئەم هەرێمە، چینێکیش مەحروم بوو لێی، لەمەشەوە بەشێک لە تاکەکان ئینتیمایان بۆ نیشتیمانی خۆیان نەما یاخوود بەرەو لاوازی چوو.

ئەرکی کاربەدەستانی ئەم هەرێمەیە لەگەڵ هاووڵاتییان ئاشتببنەوە و خزمەتی هاووڵاتییانی خۆیان بکەن، چونکە هەموو وڵاتانی دونیا پاڵپشتیت لێ بکەن، پاڵپشتی گەلەکەی خۆت لەدەست بدەیت، هیچ بەهایەکی نییە، ماندووکردنی هاووڵاتییانی ئەم هەرێمە بابەس بێت، با چیتر فەرمانبەران بێ مووچە نەبن، گەنجەکان بێکار نەبن، ناچار بەکۆچ کردنیان مەکەن، هاووڵاتییان بێ ئاو کارەبا مەکەن.

ماوەتەوە بڵێم هەموو تاکێک خاکی خۆی خۆش دەوێت، ئینتیمای بۆ نیشتمانەکەی هەیە، بەڵام بە مەرجێک حکومەتیش مافە سەرەتاییەکانی بۆ دابین بکات، تاک لە وڵاتەکەی خۆیدا هەست بەبوونی خۆی بکات، ئینجا بزانە ئەوکات گەنجێک لەباتی ئەوەی رێگەی کۆچ بگرێتەبەر، نایەت خزمەتی وڵاتەکەی خۆی بکات و بەرەوپێشی بەرێت.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved