1. بەپێی هەموو پێودانگ و بەڵگەنامە و سەرچاوە مێژووییەكان، شاری كەركوك شوێنی نیشتەجێبوون و ژیار و شارستانییەتی یەكێك لە ڕەگەزە كۆنەكانی گەلی ئێستای كوردستانە، تەنانەت پایتەختی دەوڵەتی (گۆتی) بووە و قەڵای نوزی هەم لەلایەن ئەوانەوە دروستكراوە، هەم پایتەختیان بووە.

2.  بەدرێژایی تەواوی قۆناغە مێژووییەكانی چەندین سەدەی ڕابردوو، شارەكە هەم ئاوەدان بووە، هەم مەڵبەندێكی گرینگی ستراتیژی و ئابووری بووە، هەم وەك ڕێگایەكی گرینگی بازرگانی هەم وەك جوگرافیا ناوەندێكی كاریگەری فەرمانڕەوایەتیكردن بووە، ئەم گرینگییە لە سەردەمی دەسەڵاتدارییە یەك لە دوای یەكە ئیسلامییەكانی پازدە سەدەی ڕابردووش بە هەمان شێوە بووە.

3. له دوو سەدەی ڕابردوودا بە دیاریكراوی دوای هەژموونی كۆڵۆنیالیزمی و ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی، شارەكە نەك هەر بایەخی جیۆپۆلەتیكی خۆی لە دەست نەدا، بەڵكو ناوی چووە نێو سەدان بەڵگەنامەی مێژوویی دام و دەزگا سیاسی و بازرگانی و هەواڵگرییەكانی بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ڕووسیای قەیسەرییەوە، تایبەت دوای ڕاكێشانی هێڵی ئاسنینی بەغداد - بەرلین بە ناوچەكەدا و پێویستی زۆری دەوڵەتانی بەرهەمهێن بە كەرەستەی خاو بۆ بەگەڕخستنی كارگە زەبەلاحەكانی ئەورووپی بەتایبەت بەهۆی شۆڕشی پیشەسازی و پێشبڕكێی خۆپڕچەككردنەوە، تەماع و چنگۆڵەی كۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالزم وەكو تەونێك تاڵەكانی بە دەوری زەویدا بەخێرایی دەسووڕایەوە، تایبەت بە دەوری ئەو شوێنانەی كە پێویستی ماددەی خاوی بۆ بەگەڕخستنی كارگەكان پڕ دەكردەوە.

4. دۆزینەوەی نەوت و بوونی بە پێویستییەكی جیهانی جارێكی دیكە  شاری كەركوكی كردەوە به ئامانجی زلهێزەكان، تایبەت بەریتانیا و فەڕەنسا، دواتریش ئەڵمانیا و ڕووسیا، لە پاشاندا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەجۆرێك نەخشەی بیرە نەوتەكانی كەركوك پێش 100 ساڵ لەلایەن بەریتانییەكانەوە دیزاین كراوە، لێرەوە شاری كەركوك چووە سەر ئەو نەخشە جیهانییە كە دەستلێهەڵگرتنی ئەستەم بوو، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەستەمتریش دەبێت و تا ئێستاش بەریتانییەكان خاوەندارێتییكردنی شارەكە بە بەشێك لە ستراتیژی خۆیانی دەزانن، دەستوەردانی ڕاستەوخۆی بەریتانیا و ئەمریكا لە چەند ساڵی ڕابردوودا دوای گرێبەست لەگەڵ ڕۆزنەفتی ڕووسی بەڵگەی ئەوە بوو.

5. بەئامانجگرتن و بەمەرجگرتنی باشووری كوردستان، (كوردستانی باشوور، كوردستانی عێراق)، بە گوزارشتی (باكووری عێراق) لەلایەن یەكەم مەلیكی عێراق دوای 1921 لە ژێر ناوی (ویلایەتی موسڵدا) دروست بریتییە لە دەوڵەمەندی شاری كەركوك، كە وەك (سەر) بۆ دەوڵەتی داتاشرای عێراق لێكیداوەتەوە، دەوڵەمەندی عێراق و لە نێویشیدا شارەكە فاكتەرێكی بەهێزی مانەوەی ئینتیدابی بەریتانیا بوو تا ساڵی 1958 لە عێراقدا.

6. لەلایەكی دیكەوە كەركوك وەك شارێكی ڕەسەنی گەلی كوردستان، لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەمیشە جێگەی ناكۆكی بووە لە نێوان  شۆڕشی گەلی كوردستان و حكومەتە یەكلەدوای یەكەكانی عێراق و ئینتیدابی بەریتانیدا تاكو (شۆڕش - كودەتا)ی 14ـی تەمووزی 1958 بەردەوام بوو، لەو ڕێكەوتە بەدواوە شاری كەركوك بووە باسی گەرمی شۆڕشی كوردستان و دانوستانەكانی نێوان كورد و عەرەب (دەوڵەت)، لە 1958-1963 شیوعییەكان و لە 1963-1968 ئەفسەرانی نەتەوەیی و دواتریش لە 1968-2003 لە سایەی ئایدۆژیای حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی بەردەوام بوو، لە ئۆتۆنۆمی دواتریش دانوستانی 1984 و نەخشەی ڕاپەڕینی 1991 شارەكە مەرج و جێبایەخی شۆڕشی گەلی كوردستان بووە، لەو ماوەیەشدا سنووری پارێزگای كەركوكی زۆرینە كورد دووچاری پاكتای ڕەگەزی و نەژادی و جینۆساید و ئەنفال و ڕاگواستن و بەعەرەبكردن و بەبەعسیكردن بوویەوە. بەشێكی زۆری گوند و شارەدێ و شارۆچكەی لێ دابڕا، بەئامانجی دەستكاریكردنی سەرژمێری شارەكە و لەدەستدانی زۆرینەی ڕەهای كورد. چونكە لە تەواوی سەرژمێرییەكانی سەد ساڵی ڕابردوودا كورد هەمیشە زۆرینە بووە، بە كۆتا دوو هەڵبژادنی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای دوای 2003شەوە.

7. دوای 2003 لە بری هەردوو ئاڕاستەی (كورد - عەرەب)، لێرەوە چوار ڕەوت ململانێ لەسەر كەركوك دەكەن ئەوانیش:
- پارتە كوردییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.
-  فیدڕالیزمی دەوڵەتی (بەحاكمییەتی شیعی).
- ناسیۆنالزمی پەڕگیری عەرەبی سوونی بەعسی، (لە ناوەڕاستی عێراقدا).
- ناسیۆنالیزمی توركی- توركمانی، بەدەسیسەی توركیا، تێیدا جەبهەی توركمانی بەگەڕخستووە.

8. بەپێی هەموو پێوەرەكانی مێژوو، ململانێكە درێژە دەكێشێت، شارەكە هەمیشە لە زیاندا بووە و بەم میكانیزمە زیانی دیكەش دەكات.
ئایا یەكدی سڕینەوە چارەسەری كێشەی شارەكە دەكات؟
نەخێر لەبەر ئەوەی هیچ لایەك توانای ئەم كارەیان نییە و هەرگیز نابێتە چارەسەر.
- بۆ نموونە بەعس بەدرێژایی 35 ساڵ سەرەڕای بەكارهێنانی هەموو ئاگر و ئاسنی خۆی، كەچی لە توانەوەی كورد سەركەوتوو نەبوو، دواجار دەسەڵاتی لە هەموو عێراق و لە شارەكە لە دەستدا.
- كورد لە 2003 - 2017 سەرەڕای بوونی دەسەڵاتی ڕەها لە شارەكەدا، كەچی لە توانەوەی ئەوانەی دیكەدا سەركەوتوو نەبوو، دەسەڵاتی لە شارەكەدا لە دەستدا.
- عەرەبی سووننە جارێكی دیكە لە 2017 - 2024 سەرەڕای بەبەكارهێنانی هەموو دەسەڵاتێك و پەنابردنە بەر هەموو میكانیزمێك كەچی دەسەڵاتی لە شارەكەدا لە دەستدا.

ئەنجامی هاوكێشەی دوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ڕوونە و ئەنجامەكەشی بریتی بوو لە دانانی پارێزگارێكی شەرعی كورد لە پشكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ شارەكە.

9. چارەسەر چییە؟
خەباتی ناسیۆنالیزم و یەكدی سڕینەوە و زەقكردنەوەی جیاوازی ڕەگەزی چیدیكە لەسەر ئاستی وێنە گەورەكە و لەسەر ئاستی شارەكەش  قبوڵكراو نییە و ئەنجامەكەشی بەپێی پەند و وانەی مێژوو دیارە چی دەبێت،

10. چی بكرێت؟
لە ئێستا پۆستی پارێزگاری شارەكە لەلایەن كوردێك لە پشكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەڕێوەدەبرێت، بۆ ئەوەی وەكو خوودی پارێزگار و وەكو ئیدارەكەی كورد لە شارەكە، هەروەها بۆ هەڵبژاردنی داهاووش جارێكی دیكە كورد و خوودی حزبەكەی پارێزگاریش سەركەوتوو بێت، پێویستە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان چەندین ڕێگا و ڕێكار و میكانیزم و تاكتیك و ستراتیژێك بگرێته بەر، كە گرنگترینیان بریتییە لەمانەی خوارەوە:

✔ بە پێوەری سڕینەوەی ئەوانەی دیكە واتە تەواوی پێكهاتەكان بیر نەكاتەوە و سیاسەت نەكات.
✔ پەیڕەوی لە سیستەمێكی هاوسەنگی پاداشت و سزا بكات لە نێوان فەرمانبەران و كاربەدەستانی شارەكە بە هەمووی پێكهاتەكانییەوە.
✔ پەیڕەوی لە سیستەمێكی هاوسەنگی ئاوەدانكردنەوەی بێجیاوازی بكات لە سەرجەم گەڕەك و شارۆچكە شارەدێ و گوندەكانی سنووری پارێزگاكەدا.
✔ پێویستە بانگەوازی ئاشتەوایی و ئاشتكردنەوەی نێوان سەرجەم پێكهاتەكان ڕابگەیەنێت.
✔ پێویسته بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكان و ڕێكخراوە مەدەنییەكانی شارەكەدا زۆرترین چالاكی و كۆڕ و سیمینار و دیدار و پانێڵ و كۆنفڕاس و فێستیڤاڵی لەپێناو ئاشتی و پێكەوژیان و یەكدی قبوڵكردن، بۆ كاڵكردنەوەی توندوتیژی و كەمكردنەوەی جیاوازییەكان ئەنجام بدات.
✔ پێویستە جوڵانەوەیەكی ئاوەدانی بە پێوەرێكی هاوسەنگ لە كۆی ئەو داهاتانەی كە هەیە لە شارەكەدا بگرێتەر، بەجۆرێك دوای تەواوبوونی ئەم خولەی پارێزگای هەست بە گۆڕانكاری گەورە و دادپەروەریی بەرچاو بكرێت.
✔ پێویستە پارێزگار هەرچی زووە ڕێگر بێت لەو زیادەڕەوییە، كە سیمای شاری بە گەڕەكە نوێیەكانیشەوە تێكداوە.
✔ پێویستە هەرچی زووە مۆڵەتی   كۆمپانیا قۆرخكارەكان هەڵبوەشێنرێتەوە، كە دەستیان لە بیناقاقای شارەكە گیركردووە.
✔ پێویستە سزای ئەو كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانە بدرێت كە كەمتەرخەم و گەندەڵ بوون لەو پڕۆژانەی پێیان دراوە.
✔ پێویستە هەرچی زووە كار بۆ پاككردنەوەی ژینگەی شارەكە بكرێت.
✔  پێویسته كار بۆ دروستكرنی ماستەرپلانی شارەكە بكرێت.
✔ پێویستە كار بۆ دروستكردنی شەقامێكی 100 مەتری بكرێت بە دەوری سەنتەری شاری كەركوكدا.
✔ پێویسته كار بۆ دروستكردنی پشتێنەیەكی سەوزایی بكرێت بە دەوری شارەكەدا.
✔ پێویستە سیستەمێكی ئاودێری گرنگ بۆ ناوچە كشتوكاییەكانی سنووری پارێزگاكە دابمەزرێنرێت.
✔ پێویستە كار بۆ زیادكردنی داهاتی شارەكە بكرێت لە بودجەی پترۆدولار و بخرێتەوە خزمەتی شارەكە.
✔ پێویسته بە یاسا ڕێگە بگیرێت لە هێنانی ماڵی عەرەب بۆ شارەكە.
✔ پێویسته كار بكرێت بۆ گواستنەوەی موچەی تەواوی فەرمانبەرانی شارەكە بۆ سەر ناوەند.
✔ پێویستە سیمای بەسەربازگەكردنی شارەكە نەهێڵرێت و بدرێتە دەست پۆلیسی محەلی.
✔ پێویستە بە دادپەروەری ژمارەیەك خوێندنگەی هاوچەرخ لە سنووری پارێزگاكە دابمەزرێنرێت.
‌✔ پێویسته ژمارەیەك نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستی بە دادپەروەریی دابمەزرێنرێن.
✔ پێویسته سەنتەرێكی ئاشتی بۆ پێكەوەژیان دابمەزرێت.
✔ پێویسته سیستەمێكی گرنگی هاتووچۆ و ژمارەیەك ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس بە هاوسەنگی دروست بكرێن.
✔ پێویستە دادپەروەریی لە دامەزراندنی دەچووانی سەرجەم پێكهاتەكان بێتە كایەوە،
✔ پێویسته وەبەرهێنەران ناچار بكرێن پڕۆژەی ستراتیژی بۆ شارەكە ئەنجام بدەن.
✔ پێویسته كار بۆ بنبڕكردنی دیاردەی ڕەشوە و بەرتیل لە فەرمانگەكانی شارەكەدا بكرێت كە تا بیناقاقای شارەكە هاتووە.
✔ پێویستە سایلۆی كەركوك بە دادپەروەریی گەنمی جوتیارانی سنووری پارێزگاكە وەربگرێت.
✔ پێویستە دابەشكردنی پۆستە كارگێڕییەكانی شارەكە بەپێی قەبارە و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
✔ پێویستە سیمایەكی شارستانیانە بدرێت بە بازگەكانی سنووری پارێزگای كەركوك.
✔ پێویستە زنجیرەیەك پارك و شاری یاری و شوێنی پشوودان بۆ هاووڵاتییانی شارەكە بە دادپەروەریی دروست بكرێن.

11. ئەمە چی لێ سەوز دەبێت؟
‌➤ وێنەی حكومڕانی كورد لە شارەكە بەبەرچاوی هاوپەیمانان و ڕێكخراوە نێوەدەوڵەتییەكانەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گەشاوە دەكات.
➤ وێنەی حكومڕانی كورد لەسەر ئاستی دەوڵەتی عێراق و حكومەت و پەرلەمان و دادگای فیدڕاڵی باشتر دەكات.
➤ وێنەی حكومڕانی كورد لەلای پێكهاتەكانی شارەكە جوان دەكات.
➤ ئەم سیاسەتە گەرەنتی بردنەوەیەكی دیكە دەكات بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگا لە شارەكە.
➤ سەرنجی پێكهاتەكانی دیكه بەلای دەنگدان بە دەنگدان بە ئیدارەی شارەكە ڕادەكێشێت تاكو ئەم ئیدارەیە بۆ جارێكی دیكە هەڵبژێرنەوە.
➤ دەستوەردانی هەرێمی لە شارەكە بێكاریگەر دەكات.
➤ هێزی نەژادی و ڕەگەزی ڕەوتە ناسیۆنالیستەكانی عەرەب و توركمان لاواز دەكات.

* خوێندكاری دكتۆرا
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved