هەڵبژاردن بریتی یە لە ئامرازێكی ڕەوای ممارەسەكردنی دەسەڵات و سیمایەكی گرنگی دیموكراسی لە هەموو ووڵاتێكدا ، لەهەمان كاتدا یەكێكە لە مافە سیاسی و كەسییەكانی هەموو كەسێك كە شیاوێتی یاسایی هەبێت .
پرۆسەی هەڵبژاردن دابەش دەبێت بۆ چەند قۆناغێك ، وەكو ( قۆناغی ئامادەكارییە لۆجستیەكانی هەڵبژاردن و رێكخستنی تۆماری دەنگدەران، قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن ، قۆناغی بێدەنگی هەڵبژاردن ، قۆناغی دەنگدان و جیاكردنەوەی دەنگەكان ، قۆناغی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان ).
سەركەوتن لە قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن دا بەشێكی گرنگی سەركەتنە لە هەڵبژاردن دا و كاریگەری ئەرێنی ئەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
بەشێوەیەكی گشتی شەش بنەمای زانستی هەن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی سەركەوتوو كە پسپۆرانی بواری یاسا و هەڵبژاردن لەسەری كۆكن ، ئەوانیش:
((1- ئامادەكرنی پلانێكی نوسراو بۆ بانگەشە پشت بەست بە توێژینەوەیەكی زانستی پێشوەخت ، 2-دیاریكردنی ژمارەی دەنگی پێویست بۆ بردنەو بەدەستهێنانی كورسی ، 3-بەئامانجكردنی دەنگدەران ، 4-دانانی گوتاری بانگەشە ، 5-پێشخستنی پلانی بانگەشە ، 6- جێبەجێكردنی پلان )) .
لەم نوسینەدا هەوڵدەدەین بەكورتی تیشكیك بخەینەسەر هەریەكێك لەو بنەمایانە :
یەكەم / ئامادەكرنی پلانێكی نوسراو بۆ بانگەشە پشت بەست بە توێژینەوەیەكی زانستی پێشوەخت:
داڕشتنی پلان لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی كۆڵەكەی سەركەوتنە ، بۆیە كارێكی نازانستیە كە بەشداربوانی پرۆسەی هەڵبژاردن گرنگی نادەن بە توێژینەوەی زانستی لە هەڵبژاردندا.
بەشێوەیەكی گشتی ئەو توێژینەوەیە دەبێت چەند تەوەرێك لەخۆبگرێت وەكو (( یاساو ڕێساكانی هەڵبژاردن ، تایبەتمەندی دەنگدەران ، تایبەتمەندی بازنەی هەڵبژاردن ، هەڵبژاردنی ڕابردوو ، هۆكارەسەرەكییە كاریگەرەكان لەهەڵبژاردندا ، كاندیدەكان و ڕكابەرەكانیان )) ، هەریەك لەم تەوەرانە باسكردنی تایبەتی دەوێ و لێرەدا دەرفەتی درێژە پێدانمان نییە .
دووەم/ دیاریكردنی ژمارەی دەنگی پێویست بۆ بردنەوە :
دیاریكردنی ژمارەی دەنگی پێویست بۆ بردنەوە خۆی بۆ خۆی ئامانجێكی سەرەكیە كە دەبێت لەبەرچاوبگیرێت، ئەمە هۆكارێكی سەرەكی بردنەوەی هەڵبژاردنە ، بۆ نموونە: كاندیدێك پێویستی بە 5 هەزار دەنگ هەیە بۆ بەدەست هێنانی كورسیەك لێرەدا دەبێت كار بۆ 8 هەزار دەنگ بكات ، ئەمەش بۆ مسۆگەركردنی نرخی كورسیەك كە 5 هەزارە لەم نمونەیەدا .
سێیەم / بەئامانجكردنی دەنگدەران :
مەبەست لەم خاڵە ئەوەیە كە پێویستە ژمارەی ئەو دەنگدەرانە دیاری بكەین كە پێویستە دەنگەكانیان مسۆگەربكەین ، شوێن و چۆنیەتی پەیوەندیكردنیان دیاری بكەین، گرنگی بەئامانجكردن ئەوەیە كە دەبێتە هۆی بەفیڕۆنەدانی كات و پارە و رەگەزی مرۆیی ، لەهەمان كاتدا هۆكارە بۆ پێشخستنی پەیامی بانگەشە بۆ قەناعەتپێكردنی دەنگدەران .
لە ڕاستی دا دوو شێواز هەیە بۆ بەئامانجكردنی دەنگدەر، ئەوانیش بەئامانجكردنی جوگرافی و بەئامانجكردنی دیموگرافییە .
بەئامانج كردنی جوگرافی بریتی یە لە دیاریكردنی دەنگدەرانی لایەنگر ( المۆیدین) لەسەربنەمای شوێنی نیشتەجێبوون، واتە دەبێت كیانی سیاسی یان كاندید بزانێت دەنگدەرەكانی لەكوێن ، ئەمە دیاری بكات و كاری لەسەر بكات، گرنگی ئەم جۆرە بەئامانجكردنە ئەوەیە كە وادەكات كات و پارە و فكتەری مرۆیی لەو شوێنانەدا بەفیرۆ نەرێت كە دەنگدەری لایەنگر بێلایەنی تێدا نییە یاخود زۆر كەمە، بەڵكو ڕێنیشاندەر دەبێت بۆ كاركردن لەو شوێنانەی كە دەنگی تۆی تێدایە ، بەمەش كات و پارە و توانای كادرەكانت بۆ دەگەرێتەوە.
مەبەست لە بەئامانجكردنی دیمۆگرافی ئەوەیە كە دەنگدەران دابەشبكرێن و پۆلێن بكرێن لەسەر بنەمای ( تەمەن – ڕەگەز – پیشە – ئاستی بژێوی – دین .....)) ، وە سوودی ئەم پۆلێنكارییەی دەنگدەران ئەوەیە كە بەئاسانی دەتوانرێت كاریگەری لەسەر دەنگدەران دروست بكرێت و پەیامەكان هەڵقڵاوی ناخی دەنگدەران دەبن، چونكە هەریەك لەم كۆمەڵانە كە سیفاتی هاوبەش و هاوشێوەیان هەیە زۆرجار كێشەو پێداویستیەكانیان هاوشێوەن و ئەمەش كارئاسانی دەكات بۆ قەوارەی سیاسی و كاندید كە بەرنامەی بانگەشەی هاوتەریب بكات لەگەڵ كێشەو پێداویستییەكانی هەر توێژێك لە توێژەكانی كۆمەڵگا، دواجار بە سوود و بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر دەشكێتەوە .
چوارەم / گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن :
گوتاری هەڵبژاردن بەهێزترین ئامرازی بانگەشەی هەڵبژاردنە، پێویستە كورت و مانادار بێت، گوتاری كاریگەر ئەوەیە كە لە یەك خولەك زیاتر نەبێت ، بەشێوەیەكی گشتی دەبێت ئەم خەسڵەتانە لە گوتاری بانگەشەدا پەیڕەوبكرێت:
• دەبێت ڕوون بێت و دەنگدەری ئاسایی بەئاسانی لێی تێبگات.
• دەبێت یەكگرتووبێت و دژیەكی لە نێوان وتەكاندا نەبێت .
• دەبێت جیاوازبێت لە گوتاری لایەنە ڕكابەرەكان.
• ڕاستی و ڕاستگۆی تێدابێت و بەڵێنێك نەدرێت توانای جێبەجێكردنی نەبێت .
• دەبێت هاوتەریب بێت لەگەڵ پێداویستی گشتی دەنگدەراندا .
پێنجەم/ پێشخستنی پلانی بانگەشە:
بەرنامەو پلانی بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێت پێش دەستپێكردنی بانگەشە دابنرێت ، بەڵام هەندێك جار لەكاتی بانگەشەدا گوێبیستی كێشەو پێویستیەكی دەنگدەران دەبیت كە لە كارنامەو بەرنامەكاندا گرنگی پێنەدراوە ، جا دەكرێت بەهۆی بیرچوونەوەوە گرنگی پێنەدرابێت یاخود كێشەو پێویستییەكی نوێ هاتبێتە ئاراوە ، لێرەدا ئەوەی پێویستە لەسەر قەوارەی سیاسی یاخود كاندید ئەوەیە كە ئەم بابەتە بەهەند وەبگرێت و لەبەرنامەی هەڵبژاردندا جێكەی بكاتەوە و چارەسەری دروستی بۆ دابنێت .
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە دەبێت قەوارە سیاسییەكانی بەشداربووی هەڵبژاردن هەموو كاتێك ئامادەبن بۆ هەر گۆڕانكارییەكی پێویست لەبەرنامە و پلانی هەڵمەتی هەڵبژاردندا .
شەشەم / جێبەجێكردنی پلانی بانگەشە :
جێبەجێكردنی پلانی بانگەشە كە پێشتر ئامادەكراوە و نوسراوە پێویستی بە دروستكردنی چەندین تیمە، دەبێت تیمەكان بەسەر بازنەكان و ناوچەكاندا دابەش بكرێت و پاشان لەلایەن تیمێكی باڵاوە چاودێری جێبەجێكردنی پلانەكە بكرێت .
لە جێبەجێ كردنی پلانی بانگەشەدا نابێت هەوڵ بدرێت ( %100) ی دەنگەكان یان زۆر زیاتر لە قەبارەی قەوارەی سیاسی و كاندید بەدەست بێت، چونكە ئەمە كارێكی مەحاڵە و تەنها كات وپارە و ڕەگەزەكانی تر بەفیڕۆدەچن ، دەبێت بزانیت كە تۆی كاندید یان قەوارەی سیاسی تاكە بژاردەی سیاسی نیت، بەڵكو بەردەوام لایەنگر و دژت هەیە .
لەكۆتایی دا دەڵێین پێویستە لەسەر قەوارە و كاندیدە بەشدابووەكانی هەڵبژاردن لەگەڵ بڵاوكردنەوەی كارنامەی هەڵبژاردندا فۆكەس بخەنە سەر گرنگی بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردندا ، چونكە كارنامە و پلانی هەڵبژاردن بۆ دەنگدەران دانراون، بۆیە بایكۆتی دەنگدەران بە زیانی تۆ ( قەوارەی سیاسی – كاندید ) دەشكێتەوە ، لەهەمان كاتدا تاكو ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردن دا زۆرتربێت ئەو هەڵبژاردنە زیاتر دیموكراسی و شەرعی تر دەبێت لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا .