بەڵێ کۆتایی بە زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە دەهێنین لە هەرێمی کوردستاندا، نەك هەر لە هەرێمدا، بەڵکو لە هەموو دەڤەرەکانی باشووری کوردستانیشدا.
بەڵێ کۆتایی بە چەوساندنەوەی ئابووری و تەماعکاری دارایی و هەڵلوەشینی داهاتی نەوتی و نانەوتی ئەم هەرێمە دەهێنین کە هەر کەس و لایەنێك لێی بەرپرسیار بێت.
بەڵێ کۆتایی بە برسێتی و بێ مووچەیی و نەداری و هەژاری و دەردەسەری و چەرمەسەرییەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانکراوان و تێکۆشەرە کۆچکردووەکان دەهێنین.
بەڵێ کۆتایی بە (بێ دەستووری لە هەرێمی کوردستان و بەکەمگرتنی دامودەزگا یاساییەکان و پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکانی میللەت) دەهێنین.
بەڵێ کۆتایی بە پەلکێشکردنی داگیرکەران و دوژمنان و نەیارانی گەلی کورد دەهێنین بۆ سەر سەروەریی خاکی کوردستان و کەرامەتی میللەتەکەمان.
بەڵێ کۆتایی بە ترس و تۆقاندن دەهێنین بەرامبەر بە هاووڵاتیان و خاوەندارانی فیکر و ویژدانی ئازاد و رەخنەگرانی سۆشیال میدیا و ماسمیدیا.
بەڵێ کۆتایی بە هەواڵە بەپەلەکانی هاتن و نەهاتنی مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی سەربازیی و مەدەنی دەهێنین و پێدانی مووچەی مانگانە دەهێنینەوە سەر رێڕەوی نەگۆڕی خۆی.
بەڵێ کۆتایی بە دروشمە بریقەدار و ناواقیعی و پۆپۆلیستییەکانی باوەڕی ناڕاستەقینەی کوردایەتی دەهێنین و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان دەکەین بە واقیع و لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق و نێودەوڵەتیش بەکردەوە، نەك بە قسە، بەڵکو گوفتارو کرداری بێوچانی لەسەر دەکەین.
بەڵێ کۆتایی بە ناعەدالەتی و بە کەمگرتنی مافی پێشمەرگە دێرینەکان و پارتیزانەکان و کەم ئەندامی سەنگەر و زیندانییە سیاسییەکان دەهێنین و یاساکانی (پاداشتکردن و رێزلێنانیان) زیندوودەکەینەوە کە چەندین ساڵە تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزە و نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڵێ کۆتایی بە ناعەدالەتیی جوگرافی و زۆنگەرێتی دەهێنین و هەرێمی کوردستان دەکەین بە یەك زۆن و یەك ئیدارەی راستەقینەی یەکگرتوو و دەبینە خزمەتکاری هەمووان بەبێ جیاوازیی نەتەوە و ئایین و ئینتیمای سیاسی.
بەڵێ کۆتایی بە قۆرخکردنی بازاڕ و سەندنی سەرانە و دانانی بەربەست دەهێنین لەبەردەم گەشەپێدانی ئابووری و چالاکییەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا.
بەڵێ کۆتایی بە بێکاریی و دەستکورتی دەهێنین لە رێگەی (بوژاندنەوەی کەرتی پرۆژە بچووکەکان و پێدانی قەرزی دوورمەودا بە گەنجان لە نێر و مێ و ئاسانکاریی ئیداریی دوور لە رۆتین بۆ دامەزراندنی ئەو پرۆژانە لەلایەك و لەلایەکی تریشەوە هەموارکردنی یاسای هاندانی وەبەرهێنان بەمەبەستی هێنانی سەرمایەی دەرەکی و بەگەڕخستنی لە بواری پیشەسازیی مامناوەند و گەورەدا و دابینکردنی زەمینەی گونجاویش بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەی ناوخۆ لە هەموو بوارەکانی ئابووری دا).
هەر لێرەشەوە کۆتایی دەهێنین بە بێکاریی خاوەن بڕوانامەکان و دەرچووانی کۆلێج و پەیمانگەکان و لە هەمان کاتدا کردنەوەی دەرگای گونجاوی دوور لە دروستکردنی بێکاریی رووپۆشکراو بۆ دامەزراندنیان لە جومگە جۆراوجۆرەکانی حکومەتدا.
بەڵێ کۆتایی بە بێ سەروبەری سیاسەتی گشتی ئابووری و دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەهێنین لە رێگەی پێداگرتن لەسەر:
*دروستکردنی ئەنجوومەنێکی نوێی داڕشتنی سیاسەتی ئابووری و چاودێری و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە بەوپەڕی تواناداری و توانانوێییەوە.
*دانانی پلانی دارایی ساڵانەی حکومەت کە خۆی لە پرۆژەیاسای بوجەی گشتیدا دەبینێتەوە و پاشان بە یاساکردنی ئەو پرۆژەیە لە پەرلەمانی کوردستاندا و دانانی (حساباتی ختامی) لە کۆتایی ساڵی داراییدا.
*رێکخستنەوەی باجەکان کە تێیدا عەدالەتی کۆمەڵایەتی رەچاوبکرێت و قورسایی سەرشانی چینە کەم دەرامەت و ناوەندییەکان کەم بکرێتەوە.
*دابینکردنی خەرجیی وەبەرهێنان بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی ژێرخانی ئابووریی هەرێم لە دروستکردن و چاککردنی رێگەوبانەکان و پردەکان و هەمەجۆرکردنی رێگەوبانەکان (زەمینی و ئاسمانی) بۆ گەشەپێدانی بواری پیشەسازی و بازرگانی و کشتوکاڵی و خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر کە گرنگترینیان بواری گەشتوگوزارە.
بەڵێ کۆتایی دەهێنین بە هەمووجۆرەکانی ناعەدالەتی (سیاسی، کۆمەڵگەیی، ئیداری، جوگرافی، ئابووریی و حوکمڕانی) لە هەرێمی کوردستاندا بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکان و حیزب و لایەنە سیاسەکانی دیکە.