نەتەوەیەكگرتووەكان رۆژی 15ی سێپتێمبەری ساڵی 2007ی دیاریكرد وەك رۆژی جیهانیی دیموكراسی، ئەم رۆژە وەكو رۆژی شۆڕشی دەسەڵاتی گەل، گەورەترین شانازی لەسەرتاسەری عیراق و ناوچەكە بەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەوێت، یەكێتی وەك تاكە هێزی سیاسیی عیراق و كوردستان، باوەڕێكی قووڵ و هێزێكی لەبننەهاتوو و خەباتێكی دوورودرێژی هەیە بۆ چەسپاندنی چەمكەكانی دیموكراسی.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هێزێكی داهێنەر و رچەشكێن ساڵی 1976 گەورەترین شۆڕشی چەكداریی هەڵگیرساند و دروشمەكەشی (چەسپاندنی دیموكراسی بۆ عیراق و بەدیهێنانی مافی چارەنووس بۆ گەلی كوردستان) بوو، بەكردەوەش هەردوو ئامانجەكەی بەدیهێنا.
یەكێتی وەك هێزی رەنجدەرانی بیروبازوو، لە هەموو هەنگاوەكانیدا، داهێنەرانە و بوێرانە هەنگاوی ناوە، لە شاخ ئەنجومەنی گوندەكانی دامەزراندووە، لەسەر ئاستی ناوچەكەشدا یەكەم هێزی سەربازیی شۆڕشگێڕ بووە، دوای راپەڕینی خەڵكی كورستان ساڵی 1991 لەپێناوی دامەزراندنی بنەماكانی دەوڵەتداری، هەنگاوی ناوە و دوای چەند مانگێك لەدوای راپەڕین، كۆنگرەی خۆی كردووە.
لە یەكەمین كۆنگرەیدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كاری سەرەكی و داهاتووی بووە، ئەو ئامانجانەشی كە لە راپۆرتی سیاسیی یەكەمین كۆنگرەی خۆیدا لە سەرەتای ساڵی 1992 چەسپاندبووی، بەكردەوە جێبەجێی كردووە، دوای چوار مانگ لە ئەنجامدانی كۆنگرە، داینەمۆی سەرەكی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمان بووە. هەروەها لە سەرۆكایەتیكردنی كابینەكانی حكومەتی هەرێمدا، لەسەردەمی كاك كۆسرەت و دكتۆر بەرهەم، هەردەم ژیان و گوزەران و پێشكەوتنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان سەنتەری گرنگیپێدان بوونە، لەدوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە 2003دا ئامانج و بەرنامە و هەوڵەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەناو دەستووری هەمیشەیی عیراقدا چەسپێنراوە و رەنگیداوەتەوە.
جاران سەرۆك مام جەلال و ئێستاش سەرۆك بافڵ، دەنگە دلێر و بوێرەكەی پارێزەری دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستانن لە بەغدا، بۆیە یەكێتی و دیموكراسی وەك ئاووهەوا دوو پێویستیی حەیاتین بۆ خەڵكی كوردستان و عیراق، وەك چۆن لە داستانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا، خەڵكی كەركوك و نەینەوا و دیالە و تكریت، متمانەیان بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دا، لە هەرێمی كوردستانیش بۆ كۆتاییهێنان بە تاكڕەوی و قورخكاری؛ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دووبارە بە دەنگی دلێری كۆمەڵانی خەڵك لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا ئەم داستانە تۆمار دەكاتەوە.
تایبەت بەکوردستانی نوێ
*ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
بابەتی زیاتر