خویندنەوەی ڕەوتی چەپی ئێران لە ساڵەکانی (١٩٠٥) – (١٩٤١)
دکتۆر :ئیسماعیل مەحموودی
ڕووداوی سەرهەڵدانی چەپ لە مێژووی ئێراندا لەڕیزی گرنگترین ڕووداوەکانی میژووی هاوچەرخی ئێرانە. یەکەم هەوڵ بۆ دروستکردنی حزب لە ئێران، کاریگەری لە گوتاری ڕۆشنبیری و ڕاکێشانی ڕۆشنبیران بەرەو لای گوتاری چەپ، دەستپێکردنی شەڕی چەکدارانەی دژ بە دەسەڵاتی ناوەندی، تیرۆرکردنی هەزاران مرۆڤ بە بیانوی دژایەتی لەگەڵ چەپ و هەروەها لە سێدارەدانی هەزاران مرۆڤ بە بیانووی کۆمۆنیست بوون، بەشێکە لە کاریگەرییەکانی سەرهەڵدانی بزاڤی چەپە لە ئێراندا.
ئەم وتارە دەیەوێت باس لە سەرهەڵدانی بزاڤی چەپ لە ئێران و زەمییینەکانی سەرهەڵدانی بکات و پاشانیش باس لە مێژووی یەکەم حزب و تاقمە چەپەکانی ئێران بکات.
ئەم وتارە پێیوایە کەش و هەوای سیاسی ئازەربایجان و بەگشتی ناوچەی قەفقازو هەروەها ئامادەبوونی بەرچاوی کرێکارانی ئێرانی لە قەفقازو بەتایبەت لە شاری باکۆ. ناوەندی کۆماری ئازەربایجان – و دۆخی نالەباری ژیانی کرێکاران، لە سەرهەڵدانی بزاڤی چەپ لە ئێراندا، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە.
بە کورتی ئەم وتارە دەیەوێت مێژووی (٣٦) ساڵ لە ڕەوتی چەپی ئێران واتە ساڵەکانی نێوان (١٩٠٥). ساڵی دامەزراندنی حزبی ئێجتێماعییونی عامییون (سۆسیال دیموکرات) بۆ ساڵی (١٩٤١) واتە دامەزراندنی حزبی توودە، بخاتە بەرباس و لێکۆڵینەوە.
وشە سەرەکییەکان
چەپ، ئێران، قەفقاز، ئێجتێماعییونی عامییون (سۆسیال دیموکرات)، حزبی کۆمۆنیستی ئێران.
پێشەکی:
زاراوەی (چەپ) لە کەلتووری سیاسی ئێران، بەکارهێنانێکی دوو لایەنی هەبووە، یەکەم بە شێوازێکی بەربڵاو ئاماژە بەو گروپ و تاقم و هێزە سیاسیانە دەکات کەوا خاوەن بۆچوونی مارکسی بوون، ئەم گروپانە بەشێکی بەربڵاو لە سۆسیال دیموکراتەکانی بەشدار لە شۆڕشی مەشروتییەت (١٩٠٥) تا چەپە دیموکراتەکانی ئەم ساڵانەی دوایی دەگرێتەبەر. دووهەم، بۆ ئەو تاقم و دەستە مارکسی، لێنینی یان کۆمۆنیستیانە بەکار دەهێنن کە لایەنگری خەباتی شۆڕشگێڕانەو پێکهێنانی دەوڵەتێکی سۆسیالیستی بە لاسایکردنەوە لە سۆڤییەت یان هەر وڵاتێکی دیکەی کۆمۆنیستی بوون.
مەبەست لە زاراوەی چەپ لەم وتارە، مانای یەکەمە، واتە هەڵگری ئەو گروپ و تاقم و هێزە سیاسیانەیە کەوا خاوەن بۆچوونی مارکسی بوون، ئەم گروپانە بریتین لە سۆسیال دیموکراتەکانی بەشدار لە شۆڕشی مەشروتییەت (١٩٠٥) ئێران و حزبی ئێجتێماعییونی عامییون (سۆسیال دیموکرات) واتە یەکەم حزبی سۆسیال دیموکراتی ئێران و هەروەها حزبی کۆمۆنیستی ئێران.
مێژووی پێکهێنان دروستبوونی حزب و تاقم و گروپی سەر بە چەپ لە ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێکهێنان و دروست بوونی حزب و گروپی سۆسیال دیموکرات و کۆمۆنیست لە وڵاتی ڕوسیاو قەفقاز. پاش پێکهێنانی ڕێکخراوی (هێممەت) لە کۆتایی ساڵی (١٩٠٤)، بارودۆخ بۆ سەرهەڵدان و دروستبوونی حزب و تاقم و گروپی سەر بە چەپ لە ئێراندا ئامادە بوو. لەساڵی (١٩٠٥) بە یارمەتی و کاریگەری ڕێکخراوی (هێممەت) کۆمیتەی سۆسیال دیموکرات یان حزبی ئێجتێماعییونی عامییون (سۆسیال دیموکرات) لە (باکۆ) ناوەندی ئازەربایجان دامەزراو توانی لە ماوەیەکی کورتدا دەست بە چالاکی سیاسی لە بەشێک لە شارەکانی ئێران بکات و بە واتایەکیتر ناوەندی چالاکی بگوازێتەوە بۆ ناوخۆی وڵات.
حزبی ئێجتێماعییونی عامییون (سۆسیال دیموکرات) لە ساڵانی (١٩٠٥) بۆ (١٩١٢) یەکێک لە هەڵسوڕاوانی تا ڕادەیەک دیاری گۆرەپانی سیاسی ئێران بوو. بەشداری لە شۆڕشی مەشروتییەت، دروستکردنی گروپی تیرۆر، پەرەپێدانی ئەندێشەی چەپ و بە گوتارکردنی داخوازیەکانی چینی کەم دەسەڵات و جوتیار و کرێکار، بەشێک لە کاریگەرییەکانی حزبی ئێجتێماعییونی عامییون (سۆسیال دیموکرات) لە کەش و هەوای سیاسی ئێران بووە.
پاش (٧) ساڵ ڕاگەیاندنی کۆتایی حزبی ئێجتێماعییونی عامییون (سۆسیال دیموکرات)، واتە لەساڵی (١٩١٧) ژمارەیەک کرێکاری ئێرانی دانیشتووی باکۆ، حزبی (عەدالەت) یان، هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەری (٩١٧)سۆڤیەت لەشاری باکۆی ئازەربایجان دامەزراند، کە لەڕاستیدا بناغەی دامەزراندی یەکەم حزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو، کە دواتر دامەزراندی لە بەندەر ئەزەلی ئێران ڕاگەیەندرا.
پاش چەند ساڵ چالاکی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕووبەروبەنەوەی لەگەڵ زۆر کێشەی ناوخۆیی، ڕەزا شاه، لەساڵی (١٩٣١) یاسایەکی دژ بە ئامانجە کۆمۆنیستییەکان دەرکرد، دەرئەنجامی ئەم یاسایە، گرتنی زۆربەی ئەندامانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەروەها کۆتایی چالاکی حزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو.
پرسیار لە چۆنییەتی ئەندیۆشەی چەپ و سەرهەڵدانی حزبە چەپەکان و بە گشتی خوێندنەوەی ڕەوتی چەپ لە ئێرانی نێوان ساڵەکانی (١٩٠٥) بۆ (١٩٤١)، مەبەستی سەرەکی ئەم وتارەیە. بە واتایەکی دیکە ئەم وتارە ڕەوتی چەپ لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بۆ ١٩٤١ واتە دامەزراندنی حزبی توودە، ئەخاتە بەر باس و خوێندنەوە.
١-هەلومەرجی دامەزراندنی یەکەم حزبی سۆسیال دیموکراتی ئێران (ئێجتێماعییونی عامییون):
بەرهەمی چاکسازی ساڵی (١٨٦١)ی ڕوسیا، گەشەسەندنی سەرمایەداری و پیشەسازی ڕوسیا بەستێنی بۆ کارو چالاکی گروپە مارکسی و کرێکارییەکانی ناوخۆی ڕوسیا ڕەخساند بەشێوەیەک کەوا لەساڵی (١٨٩٥) گروپی (یەکێتی خەبات بۆ ئازادی چینی کرێکار) بە هاریکاری و بەشداری (لینین) پێکهات و ئەم گروپە بووە هاندەری دانیشتن و کۆبوونەوەی بەردەوامی گروپ و تاقمە سۆسیالەکانی ڕوسیا. ئەنجامی ئەم دانیشتن و کۆبونەوانە، کۆبونەوەی گشتی ساڵی (١٨٩٥) گروپی (یەکێتی خەبات بۆ ئازادی چینی کرێکار) بە هاریکاری و بەشداری (لینین) پێکهات و ئەم گروپە بووە هاندەری دانیشتن و کۆبونەوەی بەردەوامی گروپ و تاقمە سۆسیالیستەکانی ڕوسیا. ئەنجامی ئەم دانیشتن و کۆبونەوانە، کۆبونەوەی گشتی ساڵی (١٨٩٥) بوو، کە بۆ یەکەمجار هەموو گروپە سۆسیال دیموکراتەکانی ڕوسیا لە شاری (مینێسکی) ڕوسیای کۆکردەوەو یەکێتی خۆیان ڕاگەیاند و بۆ ڕاگەیاندنی ئامانج و داخوازی و ئەندێشەکانیان بڕیاریان دا بە دەرکردنی ڕۆژنامەی (ئیسکرا) لەوڵاتی ئاڵمان، ئەمە کۆبونەوەو هەروەها چالاکی نوسەرانی گۆڤاری ئیسکرا، زەمینەی بۆ پێکهێنانی حزبی سۆسیال دیموکراتی ڕوسیا لە شاری (بروکسلی) بەلژیکاو یەکگرتنی چەپەکانی ڕوسیای ڕەخساندو بەرهەمی چالاکی سیاسی و تەنانەت سەربازی حزبە سۆسیال دیموکراتیەکانی ڕوسیا، شۆڕشی ئۆکتۆبەری (١٩١٧)و پێکهێنانی حکومەتی کۆمۆنیستی سۆڤییەت بوو.
لەڕەوتی چالاکی چەپەکانی ڕوسیاو دەرەوەی وڵات، ناوچەی قەفقاز ڕۆڵی پردی پەیوەندی نێوان ئەندامانی چەپی ناوخۆی ڕوسیاو دەرەوەی ڕوسیای ئەگێڕا، بەڵگەکان پیشاندەری ئەوەن لە تەورێز، لە ساڵانی نێوان (١٩٠٠) بۆ (١٩٠١) کەسانێک هەبوون، کە لەگەڵ حزبی سۆسیال دیموکراتی ڕوسیا پەیوەندییان هەبووە، ئەو نامانەی کە لەلایەن لینین و کروپێسکایای هاوسەری بەجێماوە، پیشاندەری ئەوەن کە ئەوان ڕۆژنامەی نهێنی (ئیسکرا)یان لەڕێگەی بەرلین. تەورێزەوە بۆ باکۆ دەنارد .
جیا لەوەی کەوا قەفقاز ڕۆڵی پردی پەیوەندی نێوان ئەندامانی چەپی ناوخۆی ڕوسیاو دەرەوەی ئەگێڕا، گەشەسەندنەکانی سەرمایەداری لە ساڵەکانی کۆتایی سەدەی (١٩)ە ڕوسیا، قەفقازیشی گرتەوە، بەشێوەیەک کە بەهۆی وەبەرهێنانی نەوت و خەڵوزی بەرد، قەفقاز بووە یەکێک لە سەنتەرە ئابووری و پیشەسازییەکانی ئیمپراتۆریای ڕوسیا.
ئاکامی گەشەسەندنی ئابوری و پیشەسازی قەفقاز، گەشەسەندنی شارنشینی و کۆچی کرێکاران بەرەو قەفقازو بە تایبەت باکۆو کۆبونەوەی چالاکانی کرێکاری لە باکۆ بوو، وە ئەم کارە خۆی لە خۆیدا هەلومەرجی بۆ کاروباری حزبی ڕەخساندو لە ساڵی (١٨٩٦) لە باکۆ، یەکەم تاقمی سۆسیال دیموکرات دەستی بەکار کرد و لە سەرەتای سەدەی ئێسکراچییەکان (چەپەکانی لایەنگری لینین) لە شارەکانی باکۆو تێفلیس (ناوەندی گورجستان) دەستیان بە چالاکی کرد و بەگشتی گروپە سۆسیال دیموکراتەکان لە ساڵی (١٩٠٣)کۆمیتەی یەکێتی قەفقازیان پێکهێناو نوێنەریان نارد بۆ کۆنگرەی دامەزراندنی حزبی سۆسیال دیموکراتی ڕوسیا لە بەلژیکا.
پاش ماوەیەک، پرس و جیاوازی ڕەگەزی و قەومی و ئایینی، هێدی هێدی بۆچوونی جیاوازی لەنێوان ئەندامانی کۆمیتەی یەکێتی قەفقاز دروستکردو بەرەو دروستکردنی ڕێکخراوەو حزبی سەربەخۆ هانیدان. نموونەیان دروستبوون و دامەزراندنی حزبی (هێممەت) لە ساڵی (١٩٠٣)و لە شاری باکۆ بوو. ڕێکخراوە یان حزبی (هێممەت)، لەساڵی (١٩٠٣) لەسەر دەستی گروپێک ڕۆشنبیری تورک دامەزرا. جیا لەوەی سۆسیال دیموکراتەکانی ناوچەکە لەگەڵیان هاریکاریان دەکرد. دامەزرێنەران و ڕێبەرانی هێممەت، لەژێر کاریگەری سۆسیالیزمدا بوون هەڵبەت ناکرێت بە تەواوەتی بڵێین ئەوان مارکسیزم بوون. زیاتر لەوەی کە ملکەچی ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت بن، لەبیری خەبات و شۆڕش و گۆڕانی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگای خۆیان واتە قەفقاز بوون ئەندامانی حزبی هێممەت لە ئۆکتۆبەری (١٩٠٤) ڕۆژنامەی نهێنی (هێممەت)یان بە زمانی تورکی بڵاوکردەوەو پاش ٦ ژمارە لەلایەن پۆلیسەوە داخرا، ئەندامانی هێممەت نزیکەی (١٠٠٠) کەس بەراورد دەکەن کە لەم (١٠٠٠)کەسە، نزیکەی (٢٥٠) کەسی پەنابەری ئێرانی بوون. بێگومان پاش چاکسازی پیشەسازی لە ڕوسیا، بەشێک لە هێزی کار لە ناوچەی قەفقازو بە تایبەت باکۆ، ئێرانییەکان بوون.
سەرژمێری ساڵی (١٩٠٤) پیشاندەری ئەوەیە کە نزیکەی (٧١٤٠٧) پەنابەرو کرێکاری ئێرانی لە سنوری ئێرانەوە بەرەو ڕوسیا تێپەڕیون، ئەمە بێجگە لەو پەنابەرو کرێکارانە بووە کە بەشێوەی نهێنی و نایاسایی هاتبوونەتە خاکی ڕوسیا، بۆ وێنە خاتوو (بەلوا) باس لە (٣٠٠) هەزار کرێکاری ئێرانی دەکات، کە لەساڵی (١٩٠٥) لە ڕوسیادا بوون، کەواتە نزیکەی (٢٣٠) هەزار کەس بەشیوەی نهێنی و نایاسایی لەوڵاتی ڕوسیا بوون.
بەگشتی کەش وهەوای قەفقاز، ئامادەبوونی کرێکارانی ئێرانی لە قەفقاز، دۆخی خراپی کرێکارانی ئێرانی و بەشداری لە مانگرتنەکانی ساڵەکانی (١٩٠٤) و (١٩٠٥) بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئابوری قەفقاز و لە هەمووی گرنگتر، شارەزابوون بە داخوازییەکانی مافی کرێکاری و بەواتایەکی دیکە ئاشنا بوون بە وانە مارکسییەکان و بیرۆکەی پاراستنی کرێکارانی ئێرانی دەرەوەی وڵات و نیشتەجێ لە قەفقاز زەمینەی بۆ چالاکی و کاری حزبی و بەگشتی بۆ دامەزراندنی حزبی سەر بە باڵی چەپ لە ئێراندا ڕەخساند.
٢- دامەزراندنی یەکەم حزبی سۆشیال دیموکراتی ئێران (ئێجتێماعییونی عامییون)
لەساڵی (١٩٠٥) هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ڕوسیاو دەستپێکردنی بزاڤی مەشرووتیەتخوازی و بەواتایەکیتر شۆڕشی مەشرووتیەت لە ئێراندا، سیانزە کەسایەتی ئێرانی کە بریتی بوون لە چەندین بازرگان، چالاکی کرێکاری، پەنابەری ئێرانی، روناکبیرو ئەندامانی حزبە چەپەکانی ڕوسیا، یەکەم حزبی سۆسیال دیموکراتی ئێرانیان لەشاری باکۆ، دامەزراند و ڕایانگەیاند بۆ ئەم حزبە ناوی (ئێجتێماعییونی عامییون) یان هەڵبژارد کە لە ڕاستیدا وەرگێڕانی فارسی (سۆسیال دیموکرات) بیانی بوو. شایانی ئاماژەیە تەنیا یەک کەس لەم سیانزە کەسە هاووڵاتی ئێرانی نەبوو. نەریمانوف خەڵکی ئازەربایجانی ڕوسیاو ئەندامی حزبی بەلشەفیکی ڕوسیا بوو و پلەی بەرپرسی یەکەمی ئێجتێماعییونی عامییون هەبوو.
دامەزرێنەرانی ئێجتێماعییونی عامییون (سۆسیال دیموکرات) پاش چەند مانگ دامەزراندنی حزب لە دیسەمبەری (١٩٠٦) پرۆگرامی حزبییان لە سێ هەزار نوسخەدا بڵاوکردەوەو کورتەی ئامانجەکانیان ڕاگەیاند کە بریتی بوون لە دابەشکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، کەمکردنەوەی سەعاتی کار بۆ (٨) کاتژمێر، دابینکردنی خانوو بۆ هەژارەکان، کردنەوەی خوێندنگا بۆ چەوساوەکان، دابینکردنی ئازادی بیروڕا دەربڕین، ئازادی ئایین، ئازادی کۆبونەوەو .... .
پاش دامەزراندنی ئێجتێماعییونی عامییون بەهۆی شۆڕشی مەشرووتیەت لە ئێراندا بارودۆخ بۆ گەڕانەوەی کرێکارو پەنابەرە ئێرانییەکانی نیشتەجێی قەفقاز بۆ ناوخۆی ئێران ساز بوو. بە واتایەکی دیکە شۆڕشی مەشترووتیەت بووە هۆی گەڕانەوەی کرێکاران و پەنابەرانی ئێرانی و بە تایبەت ئەندامانی ئێجتێماعییونی عامییون بۆ ناوخۆی وڵات. پاش گەڕانەوە، ئەندامانی ئێجتێماعییونی عامییون لە ماوەیەکی کورتدا لە شارەکانی تاران، تەورێز، رەشت، ئەنزەلی، ورمێ، ئەسفەهان و مەشهەد نووسینگەیان کردەوەو دەستیان بە چالاکی حزبی و پەرەپێدانی بیرۆکەی چەپ لە وڵاتدا کرد.
لقی تارانی ئێجتێماعییونی عامییون بە بەشداری کەسایەتییە سیاسیە ناودارەکانی پایتەخت و هەروەها ئەنجومەنە تازە سازکراوو دامەزراوەکانی سەردەمی مەشرووتیەت و بەتایبەت بەشداری حەیدەر عەمو ئوخلی ئەندامی حزبی سۆسیال دیموکراتی قەفقازو سیاسەتمەدارانی ناودارو ناسراوی ئێرانی، وەک ئەندامانی (ئەنجومەنی میللی) زۆر چالاک و بەهێز بوو تەنانەت لە بنەمای دەسەڵات و بەتایبەت لە یەکەم خولی پەرلەمانی ئێران لە ساڵی (١٩٠٦) بەشداری چالاکانەیان هەبوو.
پاش ئەوە یەکەمین خولی پەرلەمانی ئێران لە (١٩٠٦) کرایەوە، موزەفەرەدین شاه، پاشای ئێران بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردو موحەمەد عەلی شای کوڕی بوو بە شای ئێران. زێدەڕەوی مەشرووتەخوازان و سەرهەڵدانی بێ ئاکامی شەڕە قسەو گەشەسەندنی توندڕەوی لە لایەکەوەو سروشتی دکتاتۆرانەی شای تازە لە لایەکیترەوە بووە هۆی خراپکردنی پەرلەمان و کوشتن و گرتن و دەرکردنی ڕۆشنبیران و مەشرووتیەتخوازان و بەگشتی ئاڵۆزبوونی کەش و هەوای سیاسی ئێران و لەم بارودۆخەدا بەشێک لە ئەندامانی ئێجتێماعییونی عامییون لەباتی کاری حزبی و پروپاگەندەی بیرۆکەی چەپ، دەستیاندایە دروستکردنی ڕێکخراوی نهێنی بە مەبەستی تیرۆری نەیارانی مەشرووتیەت و بەشداری لە شۆڕشی مەشرووتیەت .
دەزگای (نهێنی) و (کۆمیتەی نهێنی) کە لەژێر دەستی (بەشی نهێنی) حزبی ئێجتێماعییونی عامییون بوو هەروەها (لیژنەی تۆقاندن) کە لەژێر دەستی کۆمیتەی نهێنی دابوو، ئەرکی تیرۆری نەیارانی مەشرووتیەت بوو لە ڕیزی ئەو ڕێکخراوە نهێنیانە بوون کە لقی تارانی حزبی ئێجتێماعییونی عامییون پێکیهێنا بەمەبەستی کوشتن و تۆقاندن. تیرۆری ئەمین سوڵتان کەسی دووهەمی حکومەتی قاجارو بەناوبانگترین نەیاری مەشرووتییەت کاری ئەم لیژنەیە بوو، حەیدەر عەمو ئوخلی (بەرپرسی پێشووی گەیاندنی کارەبا بۆ گەڕەکەکانی تاران و تیرۆریستی تۆقێنەری سەردەمی مەشرووتییەت) بەرپرسی (لیژنەی تۆقاندن) و تیرۆر بوو، جێی ئاماژەیە جگە لە تاران لە شارەکانی تری ئێران وەک تەورێز، رەشت، ئەنزەلی،.... ئێجتێماعییونی عامییون چالاک بوون، دانانی ڕۆژنامە، دژایەتی لەگەڵ نەیارانی مەشرووتییەت و بەشداری لە شۆڕشی مەشرووتییەت بەشێک لە چالاکییەکانی ئەندامانی ئێجتێماعییونی عامییون لە دەرەوەی تاران بوو. ئەگەرچی لقەکانی ئێجتێماعییونی عامییون قەت نەیانتوانی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تارانداو بە واتاییەکی دیکە لەنێوان لقەکانی تردا دروستبکەن، بەڵام لە دروستکردنی ڕێکخراوەو هەروەها بەشداری لە مەشرووتییەت ڕۆڵی دیاریان هەبێت.
خاڵی گرنگ لەم نێوانەدا ئەوەیە کە کەش و هەوای شۆڕش و پشێوی سەردەمی مەشرووتیەت، بەرپرسان و دامەزرێنەرانی حزبی ئێجتێماعییونی عامییونی لە ئامانج و دروشمە سەرەکییەکانی خۆی واتە دابەشکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، کەمکردنەوەی سەعاتی کار بۆ (٨) سەعات، دابینکردنی خانوو بۆ هەژارەکان ، کردنەوەی خوێندنگا بۆ چەوساوەکان، دابینکردنی ئازادی بیروڕا دەربڕین، ئازادی ئایین، ئازادی کۆبونەوە... دورخستنەوەو تەنانەت فەرامۆشیان کرد کە ئێجتێماعییونی عامییون لەسەر بنەمایەکی سۆسیال دیموکرات دامەزراوە. ئەڵبەت شایانی ئاماژەیە ئەندامانی ئەرمەنی تەورێزی ئێجتێماعییونی عامییون وەک (ئارشاویر چەلێنگریان) و (تێگرانی دەروێش) کە لە ئەندێشەی مارکسی خاوەن ڕاو بۆچوون بوون لە تەورێز خەریکی بڵاوکردنەوەی وتار بە زمانی ئەڵمانی و فەرەنسی و رووسی لە گۆڤارە بەناوبانگەکانی دونیای چەپ بوون و هەروەها لەگەڵ تیۆردانەرانی بەناوبانگی رووس وەک (کائوتێسکی) و (پولخانەف) خەریکی باسکردن سەبارەت بە شۆڕشی مەشرووتییەت و ئەرکی چەپەکانی ئێران لە رەوتی شۆڕشدا لەڕێگەی نووسینی نامەوە بۆ یەکتر بوو. نامەکان ووتارەکانی ئارشاویر چەلێنگریان و تێگرانی دەروێش پیشاندەری بۆچوونی ئارمانخوازانەی چەپەکانی ئێران و کەم بایەخی بە واقعی سونەتی و ئایینی ئێرانی ئەو سەردەمەیە.
٣- دەرئەنجام و چارەنووسی حزبی ئێجتێماعییونی عامییون
حزبی ئێجتێماعییونی عامییون، پاش نزیک بە (٥) ساڵ چالاکی، کۆمیتەی ناوەندی حزب، لە ساڵی (١٩١٢) بە ڕاگەیاندنێکی فەرمی لە ڕۆژنامەی (ئێران نو (ئێرانی نوێ) کۆتایی چالاکی خۆی ڕاگەیاندو لەو ڕاگەیاندنەدا سەرەتا پاش ئاماژە بە هەوڵی حزب لە دابینکردنی (بنەمای ئازادی و مەشرووتییەت بۆ ئێران) ڕایدەگەیاند: (لەم ساتەوەختەدا کە ئاواتەکانی ئێجتێماعییونی عامییون بە ئاکام گەیشتووەو زەمیینەی عەدالەت و مەشرووتییەت دابینکراوە، مەخابن هەندێک لە ئەندامانی حزب، حزب خراپ بەکاردێنن و خەریکی گەندەڵین و هێشتا نازانن کە خراپ بەکارهێنانی حزب چەند ئاکامی نالەباری بۆ کۆمەڵگای ئێران هەیە. لێرەوە ئەم کارانە دەبێتە هۆی زەرەر بۆ سەربەخۆیی ئێران و هەروەها بیروڕای مەشرووتییەتخوازان. ڕاگرتنی چالاکی هەموو لقەکانی حزبی ئێجتێماعییونی عامییون (سۆسیال دیموکرات) بە فەرمی ڕادەگەیەنین ...
حزبی ئێجتێماعییونی عامییون (سۆسیال دیموکرات) تەنیا ڕێکخراوەیەکی سیاسی بوو کەوا لە سەردەمێکی پڕ لە کارەساتی خولی یەکەمی پەرلەمانی ئێران
دامەزراو گرنگتر لەوە لە وڵاتێک دامەزرا کە خاوەنی هیچ چەشنە ئەزموونێکی سیاسی نەبوو، ئەگەرچی ئەندامانی ئێجتێماعییونی عامییون، بەگشتی تەبا نەبوون و خاوەنی بیروڕای زۆر جیاواز بوون، بەڵام بە گشتی هەموویان، خوازیاری پێشکەوتنی وڵات، دابینکردنی یەکسانی کۆمەڵایەتی و باشترکردنی بارودۆخی ژیانی چینی کەم دەست و هەژار بوون، ئێجتێماعییونی عامییون، ئەگەرچی نەیتوانی بگاتە ئاستی حزبێکی یەکدەست و خاوەن دیسپلین، بەڵام نابێت نکۆڵی لەم ڕاستیەش بکرێت ئەم حزبە زۆر کەسی فێری خەباتی سیاسی کرد، بە تایبەت ئەوانەی کەوا خاوەن ئاوات و ئارمان بوون و پاش جەنگی دووهەمی جیهانی دووبارە گەڕانەوە گۆڕەپانی سیاسی ئێران .
بەگشتی حزبی ئێجتێماعییونی عامییون وەک یەکەم حزبی سەر بە چەپ و هەروەها یەکەم حزبی دامەزراو لە ئێراندا بەهۆی کەش و هەوای ئەو دەمەی ئێران و هەروەها سەردەمی مەشرووتییەت کە هەموو حزب و گروپە سیاسیەکانی سەرقاڵی خۆی کردبوو، بە واتایەکیتر یاساخوازی، پەرلەمانخوازی و پاشایەتی مەشرووتە، گوتاری زاڵی گۆڕەپانی سیاسەتی ئێران بوو،نەیتوانی بگاتە ئامانجە سەرەتاییەکانی خۆی و لە ڕاستیدا لەو سەردەمە ئەگەری کاریگەری گوتاری چەپ لە سیاسەتی ئێراندا زۆر کەمڕەنگ بوو. بەڵام ناکرێت نکۆڵی لەم ڕاستیە بکرێت کە هەلومەرجی بۆ کاری حزبی و بە تایبەت بۆ دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕۆڵی کاراو سەرەکی و دیاریان هەبووە.
٤- دامەزراندنی یەکەم حزبی کۆمۆنیستی ئێران
حەوت ساڵ پاش ڕاگەیاندنی کۆتایی حزبی ئێجتێماعییونی عامییون (سۆسیال دیموکرات)، واتە لە ساڵی (١٩١٧) ژمارەیەک ئێرانی دانیشتووی باکۆ، حزبی (عەدالەت)یان، هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی سۆڤیەت (حکومەتی کۆمۆنیستی لە ڕوسیا)، پێکهێنا، کە دواتر بووە بنەمای دامەزراندنی یەکەم حزبی کۆمۆنیستی ئێران.
سۆسیال دیموکراتەکانی ئێران، پاش شکستی شۆڕشی مەشرووتییەت و لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانی (١٨.١٩١٤) هاوڕێ لەگەڵ ئەندامانی پێشووی ناوەوەی وڵات و دەرەوەی وڵات و هەروەها کرێکارانی ئێرانی نەوتی باکۆ بە سەرۆکایەتی ئەسەدوڵای خەفارزادە لە دامەزراندی حزبی (عەدالەت) پێشەنگ بوون. بە واتایەکیتر حزبی عەدالەت بەرهەمی هەوڵی ئەندامانی پێشووی سۆسیال دیموکراتی ئێران واتە حزبی ئێجتێماعییونی عامییون بوو. ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حزب بریتی بوون لە حەیدەر عەمو ئوخڵی، کەریم نیک بین، ئاویتس سوڵتانزادە، پیشەوری و سەلاموڵای جاویدو بەرپرسی کۆمیتەی ناوەندی حزب خەفارزادە بوو. ئەسەدوڵا خەفارزادە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا کاتی کوشتنی، وەک بەرپرسی یەکەمی حزبی عەدالەت هەڵبژێردرا.
ناوەندی حزبی عەدالەت بە هاتنی ئاویتس سوڵتانزادە (ڕاوێژکاری لینین و تیۆردانەری بەناوبانگی چەپ و کۆمۆنیست) تا ڕادەیەک گەشایەوە، سوڵتانزادەو ئەندامانی کارای حزبی عەدالەت، لە مارسی ساڵی (١٩٢٠) کۆنفرانسی ناوچەیی حزبی (عەدالەتیان) بە بەشداری (٥٦٣٠) ئەندمی حزب، لە شاری تاشکەند (ناوەندی ئۆزبەکستان) بەڕێوەبردو ئەم کۆنفرانسە، زەمینەی بەڕێوەبردنی یەکەم کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانی ڕەخساند و یەکەم کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیستی ئێران لە مانگی ژوئنی هەمان ساڵداو لە شاری بەندەر ئەنزەلی (سەر بە پارێزگای گەیلان لە باکوری ئێران) بەڕێوەچوو .
لەم کۆنگرەیەدا ئاوتیس سوڵتانزادە وەک بەرپرسی یەکەمی حزب هەڵبژێردراو هەموو پرۆگرامەکانی حزب لەژێر کاریگەری ئەندێشەو بیروڕای ئەودا نووسرا .
لەم کۆنگرەیەدا ناوی حزبی عەدالەت بە فەرمی کرا بە حزبی کۆمۆنیستی ئێران، دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە بنەڕەتدا ژیانەوەی حزبی عەدالەت بە هەوڵی یەکێتی سۆڤییەت بوو.
لەم کۆنگرەیەدا چەند بابەتێکی سەرەکی وەک دۆخی ناوخۆو دەرەوەی ئێران، تەشکیلاتی حزب، بابەتی دەرەوەی لە ئێراندا، بڵاوکەرەکانی حزب، هەڵبژاردنی لقەکانی حزب، باس و تاووتوێ کراو بڕیارنامەیەک لە (٨)بەشدا دەرکرا.
دامەزران و ڕاگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی ئێران هاوکات بوو لەگەڵ بزاڤی جەنگەڵ بە ڕێبەرایەتی میرزا کوچەکخانی جەنگەڵی و ڕوخانی قاجارو بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەزاشای پەهلەوی لە ئێراندا. خاڵی گرنگ لەم نێوانەدا هەوڵی حزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ لاساییکردنەوە لە سۆڤیەت بۆ جێبەجێکردنی شۆڕشی کۆمۆنیستی لە ئێراندا بوو و ئەمە دوور بوو لە بەرچاوگرتنی واقعی کۆمەڵگای ئێران، کە کۆمەڵگایەکی سونەتی و ئایینی بوو. جیا لەم هەڵە ستراتیژیانەی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەڵەی بەرچاوو گرنگیان، هەوڵ بۆ بەشداری لە بزاڤی جەنگەڵ و هەوڵ بۆ دامەزراندنی کۆمارێکی کۆمۆنیستی لە گەیلان بوو.
پاش بەشداری حزبی کۆمۆنیستی ئێران لە بزاڤی جەنگەڵ بەهۆی جیاوازی بیروڕا، ئەندامانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران بەشدار لە بزاڤی جەنگەڵ و هەروەها ئەندامانی چەپی بزاڤی جەنگەڵ بە یارمەتی ئیحسانوڵاخانی دووسدار ئەندامی دەسەڵاتدار بزاڤی جەنگەڵ لە نەبوونی میرزا کوچەکخانی جەنگەڵی و بە فەرمانی سۆڤیەت دەوڵەتی (کۆمیتەی نەتەوەیی ئازادای ئێران) یان لە گەیلان پێکهێناو هێرشیانکردە سەر تاران و ئەم هێرشە بۆ حزبی کۆمۆنیستی ئێران زۆر گران تەواو بوو.
پاش چەند ساڵ دامەزراندنی حزب، بەهۆی بڕێک کاری تێکدەرانەو تاکڕەوانە تووشی کێشە بوو، لە یەکەمین (کۆنگرەی نەتەوە ڕۆژهەڵاتییەکان)ی باکۆ لە سپتامبەری (١٩٢٠) ئەم کێشەو گرفتانە خۆیان پیشانداو کەش و هەوای کۆنگرەی ئاڵۆز کردو هەروەها دژایەتی ستالین لەگەڵ بۆچوونەکانی ئاوتیس سوڵتانزادە بووە هۆی ئاڵوگۆڕ لە دەستەی سەرکردایەتی حزب بە شێوەیەک ٤ ڕۆژ پاش کۆنگرە لە کودەتایەکی حزبی و بە یارمەتی ستالین، سوڵتانزادەو (١١) کەس لە دەستەی سەرکردایەتی حزب لابران و لە حزب دەرکران.
ئەگەرچی ئەم بڕیارە لەلایەن دەستەی سەرکردایەتی و زۆرینەی حزب قبوڵنەکرا، بەڵام بووە هۆی دووبەرەکی و لەتبوون و بە واتایەکیتر دوو بەش بوونی حزب کۆمۆنیستی ئێران. ئەم دابەشبوونە ئەگەرچی بەرهەمی دەستێوەردانی سۆڤیەت بوو، بەڵام لە دەرەنجامدا بووە هۆی ناڕەزامەندی سۆڤیەت، بۆیە بەڕێنوێنی کۆمیتەی ناوەندی حزب کۆمۆنیستی سۆڤیەت، کودەتایەکی دیکە لە حزبی دوولەتکراوی حزب کۆمۆنیستی ئێران رویداو کۆمیتەیەکی ناوەندی سێهەم لە ساڵی (١٩٢١) پێکهات. ئەم دەستێوەردانەی سۆڤیەت ئاڵۆزییەکانی نێو حزبی چەندبەرابەر کرد، بۆیە ناچار بوو جارێکیتر دەستێوەردان بکات و ئەمجارە کومینتێنەرن (بەشی ڕۆژهەڵاتی نێونەتەوەیی حزبی کۆمۆنیست)، ئور جونیکدەزە (بەرپرسی کۆمۆنیستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)ی ڕاسپارد تا سێ کۆمیتەی حزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵوەشێنێتەوەو لە باتی ئەم سێ کۆمیتەیە، کۆمیتەیەکی ناوەندی بە بەشداری ئەندامانی هەر سێ کۆمیتە پێکبێنێت . بە پێکهێنانی کۆمیتەی ناوەندی نوێی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، جارێکیتر، ئاوتیس سوڵتانزادە بووە بە ئەندامی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەروەها بە نوێنەری حزب لە کۆمیینتەرنی گشتی حزبی کۆمۆنیستی هەڵبژێردرا.
دەرکردن و بڵاوکردنەوەی چەندین ڕۆژنامەو مانگنامەی وەک ڕۆژنامەی (حەقیقەت) بە سەرنووسەری (مەحەمەدی دەگان) بە دروشمی (ڕەنجدەرانی سەر زەوی یەکگرن)، ڕۆژنامەی (کار) پاش داخستنی حەقیقەت. ڕۆژنامەی (پێکان)، هەفتەنامەی (خەڵق)، مانگنامەی (جەرەقە)و هەروەها دامەزراندنی چەندین ڕێکخراوی وەک (جەماوەری کلتوور) لە شاری ڕەشت (ناوەندی پارێزگای گەیلان) (جەماوەری فەرهەخت) لە بەندەر ئەنزەلی، (ئەنجومەنی پەروەرەش) لە پارێزگای قەزوێن، (جەماوەری نەسوانی نیشتیمانپەروەر) لە تاران و دامەزراندنی (یەکێتی کرێکاریەکان) و بەڕێوەبردنی یەکەمین جەژنی کرێکاری لە ڕۆژی کرێکار، بەشێک لە چالاکییەکانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ ڕاکێشانی ڕای خەڵکی ئێران و هەروەها ئاشناکردنی خەڵک بە ئەندێشەی چەپ و پرۆگرامەکانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو. بەڵام دەسکەوتی ئەوتۆی نەبوو، چونکە حزب کەوتە بەر پەلامارو هەڕەشەی حکومەت.
بە واتایەکیتر، حزبی کۆمۆنیستی ئێران لە سەردەمی پەهلەوی یەکەم (١٩٢٥-١٩٤١) کەوتە ژێر زەبرو گوشاری زۆری حکومەتەوە. حزب ئەگەرچی نەیتوانی کۆنگرەی دووهەم لە ئێراندا بەڕێوەببات، بەڵام سەرەڕای گوشاری زۆری حکومەت. کۆنگرەی دووهەمی حزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ساڵی (١٩٢٧) بەڕێوەچوو هەڵبەت لەسەر جێگەی بەڕێوەبردنی کۆنگرە ڕای جیاواز هەیە. ئوکراین، ورمێ، ستالینگراد لەڕیزی ئەو شارانەیە کە شارەزایان پێیانوایە کۆنگرە لەوێ بەڕێوەچوو.
(هەڵوەشانەوەی پاشایەتی، دامەزراندنی حکومەتی کۆماری)، دروشمی سەرەکی کۆنگرەی دووهەمی حزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو. کۆنگرەی دووهەم بڕیاریدا بۆ گەیشتن بەم ئاواتە پێویستە حزب ئەم ئامانجانە بگرێتەبەر. (بەرگری لە سەربەخۆیی ئێران، دامەزراندنی کەسانی شۆڕشگێڕ. جێبەجێکردنی ئازادییەکان و پەسەندکردنی یاسای کار) .
زەینییەتی دژە کۆمۆنیستی ڕەزاشاو هەروەها دروشمی (هەڵوەشانەوەی پاشایەتی، دامەزراندنی حکومەتی کۆماری)، کۆنگرەی دووهەم بووە هۆی تووڕەبوونی زۆرتری ڕەزاشا بەشێوەیەک ڕەزاشا بە پەلە پەرلەمانی ئێرانی بە دەرکردنی یاسایەکی دژە کۆمۆنیستی ڕاسپاردو پەرلەمانیش لە ساڵی (١٩٣١) یاسایەکی بەم ناونیشانە دەرکرد (سزای بەشداری لە حزبی کۆمۆنیستی ئێران و چالاکی بە ئامانجی کۆمۆنیستی، ٣ بۆ ١٠ ساڵ زیندانییە).
ئەم یاسایە (کۆمۆنیستەکان بە یاسای ڕەش ناویان دەبرد، لێدان و زیندانی کردنی سەرجەم ڕێبەران و ئەندامانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و تەنانەت چەپە تازە پێگەیشتووەکانی وەک گروپی تەقی ئەرانی لێکەوتەوە بەگشتی ئەم یاسایە، کۆتایی چالاکی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و سەرجەم کۆمۆنیستەکان ئێران لە سەردەمی ڕەزاشای پەهلەوی یەکەم بوو.
شایانی ئاماژەیە بە دەرکردنی ڕەزاشاو هاتنی موحەمەد ڕەزاشا، زەمینەیەکی بۆ چالاکی چەپەکان جارێکی تر ڕەخساو ئەم جارە ئەندامانی ئازادکراوەی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و گروپی تەقی ئەرانی و سەرجەم چەپەکانی ئێران بە ڕاگەیاندنێک دامەزراندنی حزبی توودەیان کە حزبێکی چەپ بوو ڕاگەیاند و لاپەرەیەکی تازەو پڕ لە کارەسات لە مێژووی چەپی ئێران دەستی پێکرد.
ئەم بابەتە لە ژمارە(٩)ی گۆڤاری کەلتور وەرگیراوە