ئایزایا بەرلین
وەرگێڕانی: ئەکبەر حەسەن
هەمیشە دەوترێت من تا ئەو پلەیە ئازادم کە ڕێگە بە دەستتێوەردانی تاکێک یاخود گروپێک لە چالاکییەکانم نەدەم. ئازادیی سیاسی بەم مانایە، بەسادەیی واتە ئەو بوارەی کە تاک دەتوانێت بەبێ هیچ تەگەرە و کۆت و بەندێک کە ئەوانی دیکە بەسەریدا دەیسەپێنن، کاری تێدا بکات . من ئازادنیم، ئەگەر ئەوانی دیکە لە کردنی کارێکدا رێگەم لێبگرن. بەلای کەمەوە ئەگەر ئازادییەکەم تا کەمترین رادە بەرتەسک کرایەوە. ئەو کاتە دەشێت بە کەسێکی زۆرلێکراو یان کۆیلە وەسف بکرێم. زاراوەی زۆرلێکردن، هەموو لایەنەکانی ناتوانین ناگرێتە خۆی، ئەگەر ووتم ناتوانم لەبەرزی دە پێ لەهەوادا بازبدەم، یاخود ناتوانم بخوێنمەوە، چونکە نابینام، یان ناتوانم لاپەڕە سەختەکانی نووسینەکانی هێگڵ تێبگەم، ئەوا نا ئاساییە بڵێم تا ئەو ڕادەیە کۆیلەم یاخود ناچار کراوم، ناچارکردن، دەستوەردانێکی مەبەستدارانەی کۆمەڵێک کەسە لەو بوارەدا کە تیایدا دەتوانم بە شێوازێکی تر و بە پێچەوانەی ئەوانەوە هەڵسوکەوت بکەم، مرۆڤ ئازادییە سیاسییەکەی یاخود سەربەخۆییەکەی لەدەست نادات، تەنیا لەو دۆخەدا نەبێت، کە خەڵکانی دیکە رێگەی دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی لێدەگرن.
لەهەمانکاتیشدا بەتەنیا نەتوانینی دەستەبەرکردنی ئامانجێک، واتای لەدەستدانی ئازادی سیاسی نییە. روونکردنەوەی ئەمە، بەکارهێنانی زاراوە و دەربڕینی هاوچەرخی وەک (سەربەخۆیی ئابووری) و پێچەوانەکەشی (پاشکەوتەیی ئابووری) دەبێت.
بەشێوەیەکی زۆر قایلکەر گفتوگۆی ئەوە کراوە کە ئەگەر مرۆڤێک تا ئەو رادەیە هەژار بێت کە نەتوانێت ئەو شتانە بەدەست بهێنێت، کە لە ڕووی یاساوە قەدەغەنین (وەک پارچە نانێک یاخود گەشتکردن بە جیهاندا یان بەرزکردنەوەی سکاڵایەک لە دادگا) بێبەشبوونی ئەو کەسە لە ئازادی تا ئەو رادەیە دەبێت کە ئەو بیەوێت شتێک بکات و یاسا ئەو شتەی لێ قەدەغە بکات، ئەگەر دۆخی هەژاری، وەک بارودۆخی نەخۆشی بێت کە رێگەی کڕینی نانت لێدەگرێت( وەک ئەو دۆخەی کە منی تێدام)، یان دۆخی دانی خەرجی گەشتکردن بە جیهاندا، یاخود بەرزکردنەوەی سکاڵایەکی یاسایی بۆ بەردەمی دادوەران، هەروەک ئەوەی رێگەی راکردن لە کەسانی شەل دەگرێت، ئەوا ئەم نەتوانینە مانای نەبوونی ئازادیی نییە، لانی کەم ئازادی سیاسی، ئەوەی کەوام لێدەکات هەست بکەم قوربانی ناچارکردن یان کۆیلەکردنم، بڕوابوونمە بەوەی کە هۆکاری نەتوانینم لەبەدەستهێنانی شتێکدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەوانی دیکە رێگەم لێدەگرن
( من نەک کەسانی دیکە) لەبەدەستهێنانی سەرمایەی پێویست بۆ دابینکردنی ئەو شتانەی کە دەمەوێن، بە دەربڕینێکی دیکە، بەکارهێنانی ئەم زاراوەیە، پشت بە تیۆرێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری دیاریکراو دەبەستێت کە هۆکارەکانی هەژاری و لاوازیم دیاریدەکات، ئەگەر کەموکورتییە مادییەکانمان بەگۆی کەموکورتیی توانا عەقڵی و جەستەییەکانمەوە بێت، ئەو ئەو کاتە بانگەشەی ئەوە دەکەم کە ئازادییەکەم زەوت کراوە (وباسی هەژاریم ناکەم). ئەمەش تەنها ئەو کاتە دەبێت ئەگەر ئەم تیۆرە یاخود ئەم لۆجیکەم قەبوڵکرد.
ئەگەر وا بیرم کردەوە ئەو دۆخەی ئەو نەتوانایی و هەژارییەی کە تیایدام، بەهۆی رێوشوێنێکی ستەمکارانە و نادادپەروەرانەوەیە، ئەو کاتە دەڵێم کۆیلەکردن و چەوساندنەوەی ئابوورییە، وەک رۆسۆ وتویەتی (سروشتی شتەکان شێتمان ناکەن، بەڵکو نیازە خراپەکان وامان لێدەکەن شێت بین). من پێم وایە پێوەری چەوساندنەوە ئەو رێگایەیە کە کەسانی دیکە (بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بە مەبەست یان بێ مەبەست بێت) بۆ تێکشاندنی ئارەزووەکانم بەکاریدەهێنن، ئازادبوون بەم مانایە واتە دەستوەرنەدانی ئەوانی دیکە لە کاروبارە تایبەتەکانم. هەتا بواری دەستێوەرنەدان فراوان بێت، بواری ئازادیم زیاد دەبێت.
ئەمە ئەوە بوو فەیلەسوفە سیاسیە کلاسیکییەکان لە ئینگلتەرا، لەبەکارهێنانی وشەکەدا مەبەستیان بوو. بەڵام جیاواز بوون لەڕادەی ئەو بوارەدا، کە تاک تیایدا ئازاد بوو. گریمانی ئەوەیانکرد دەبێت ئازادی سنوردار بێت، چونکە ئەگەر وانەبێت، ئەوا لە ئەنجامدا کەشێک دەخوڵقێنێت کە تاکەکان دەکەونە دۆخی پێکدادانێکی بێ سنورەوە لەگەڵ یەکتریدا کە دەبێتە هۆی فەوزای کۆمەڵایەتی و تاک ناتوانێت کەمترین پێویستییەکانی پڕبکاتەوە یاخود بەهێزەکان ئازادیی لاوازەکان سەرکوت دەکەن و دەیانجەوسێننەوە. لەبەر ئەوەی بیرمەندان دەرکیان بەوە دەکرد کە ئامانج و چالاکیە مرۆییەکان بەشێوەیەکی خۆرسک و سروشتی لەگەڵ یەکدیدا ناگونجێن، هەروەها لەبەر ئەوەش ( سەرەڕای جیاوازیی ئایدیۆلۆجیاکانیان) گرنگییەکی لە رادەبەدەر دەدەن بە ئامانجیەکانی دیکەی وەک دادپەروەری و خۆشگوزەرانی و رۆشنبیریی و ئاسایش و پلە جیاوازەکانی یەکسانی، ئەوان ئامادەی کەمکردنەوەی ئازادی بوون لە پێناو بەهاکانی دیکەدا، رەنگە خودی ئازادی لە نێو ئەم بەهایانەدا بووبێت، بەمانایەکی دیکە(خنکاندنی ئازادی لە پێناوی ئازادیدا). بەبێ ئەمە ئەستەمبوو ئەو هەماهەنگی و گونجانە بهێنرێتە کایەوە، کە ئارەزوویان دەکرد. لە ئەنجامی ئەمەدا، ئەم بیرمەندانە گریمانەی ئەوەیان کرد پێویستە بە یاسا بواری کردەی ئازادی تاک دیاری بکرێت، هەر وەک بانگەشەکەرانی ئازادی وەک (لۆک)و(میل)لە ئینگلتەرا و (کۆنستانت) و (تۆکڤێل) لە فەرەنسا گریمانەی زەرورەتی هەبوونی لەمپەری بواریان کرد، کە تاک تیایدا چێژ لە ئازادییە تاکەکەسییەکەی وەربگرێت بەبێ ئەوەی سنوری ببەزێنرێت لەبەر هەر هۆیەک بێت، ئەگەرنا ئەوا تاک خۆی لە بوارێکی بەرتەسکدا دەبینێتەوە رێگە بەکەمترین پەرەپێدانی توانا سروشتییەکانی نادات، تەنیا ئەمەش دەبێت بەرێگر لەبەردەم گەڕانی بەردەوام بەدوای ئامانجە جیاوازەکانیدا، کە بەلای تاکەوە گرنگ و دادوەرانە و چاک و پیرۆزە. کەواتە پێویستە سنورێک دابنرێت لە نێوان بواری ژیانی تاکەکەسی و بواری دەسەڵاتی گشتیدا. دیاریکردن و چەسپاندنی ئەم سنورانەش پێویستی بە گفتوگۆ و تەنانەت سازشکردنیش هەیە. بەشێوەیەکی گشتی، لە نێو تاکەکاندا ئامانج و ئارەزوی بەیەکداچوو هەیە، چالاکیی هیچ تاکێک ئەوەندەش تایبەت نییە کە کاریگەری لەسەر ئەوانی دیکە دانەنێت و چالاکییەکانیان دیاری نەکات. ئازادی بۆ گورگ یەکسانە بە لەناوچوونی مەڕ. ئازادی بۆ هەندێک، واتە لەناوبردنی ئازادیی ئەوانی دیکە و فشارخستنە سەریان. ئازادی لای بەرێوەبەری قوتابخانەیەک، یان ڕاگری کۆلێجێک لە زانکۆی ئۆکسفۆرد جیاوازە لە ئازادی لەلای جوتیارێکی میسری، ئەم پێشنیازە هێزی خۆی لە کۆلەکەیەکی راستەقینە و گرنگەوە وەردەگرێت. بەڵام وەک دەربڕینێکی سیاسی بۆش دەمێنێتەوە. بەخشینی مافە سیاسییەکان و رێگرتن لە دەستێوەردانی دەوڵەت لە ژیانی ئەو تاکانەی کە بێبەرگن، نەخوێندەوارن و بەدەست بەدخۆراکی و نەخۆشییەوە دەناڵێنن، جۆرێکە لە گاڵتەکردن بە بارودۆخی گوزەرانیان، چونکە ئەوان پێش ئەوەی لە ئازادی و رێگای سود لێ وەرگرتنی تێبگەن، پێویستیان بە چاودێری تەندروستی و فێرکردن هەیە. ئازادی بۆ ئەم کەسانە، کە ناتوانن سودی لێببینن، مانای چییە؟ بەهای ئازادی چییە ئەگەر بارودۆخێکی گونجاو بۆ سود لێوەرگرتنی بە شێوەیەکی تەواو دەستەبەر نەبێت؟ لێرەدا چەند پێشینەیەکی گرنگ هەن، وەک ئەوەی یەکێک لە بیرمەندە رادیکاڵەکانی روسیا ئاماژەی بۆ دەکات لە هەندێک بارودۆخدا جوتێک پێڵاو لە هەموو کارەکانی شکسپیر گرنگترە. ئازادی تاکەکەسی پێویستی یاخود خواستێکی بنچینەیی هەموو تاکەکان نییە وەک یەک، هاوکات مانای خۆلادان لە شکست و تێکشکان نییە، جا ئیتر هەر جۆرێک بن، چونکە ئەمە مانای وشەکە بەجۆرێک گەورە دەکات، کە مانای ڕاستەقینەکەی ناگەیەنێت، واتە یان لێوانلێو دەبێت لە مانا، یان بەتاڵ دەبێت لێی، جوتیارێکی میسری ئەوەندەی پێویستی بە پۆشاک و چاودێری تەندروستی هەیە، پێویستی بە ئازادی نییە، بەڵام لانی کەمی ئازادی کە ئەمڕۆ پێویستی پێییەتی و ئەوپەڕی ئازادی کە سبەینێ پێویستی پێدەبێت. جۆرێک نییە لەو ئازادییە کە تایبەت بێت بە ئەو، بەڵکو لەو ئازادییە دەچێت کە پرۆفیسۆر و هونەرمەند و میلیاردێران بەهرەمەندن لێی. من پێم وایە ئەوەی کە ویژادانی لیبڕاڵییە خۆر ئاواییەکان دەهەژێنێ، ئەوە نییە ئەو ئازادییەی کە خەڵک دەیانەوێت، بەگوێرەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان جیاوازە، بەڵکو ئەوەیە ئەو کەمینەیەی کە ئازادن، بەقۆرخکردن بەدەستیان هێناوەلانیکەم بە تێپەڕاندنی زۆرینە بەدەستیان هێناو، ئەوان وادەبینن کە ئازادی تاکەکەسی ئامانجی سەرەکی هەموو خەڵکە، لەبەر ئەوە نابێت هەندێک کەس لەسەر حیسابی ئەوانیتر ببن بە خاوەن ئازادی، یەکسانی لە ئازادیدا، واتە من بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ خەڵک نەکەم کە خودی خۆم نامەوێت مامەڵەم لەگەڵدا بکرێت، واتە چاکەی ئەو کەسانە بدەمەوە کە ئازادی و خۆشگوزەرانی ئابوورییان بۆ دەستەبەر کردووم و بواری خۆرۆشنبیرکردنم بۆ دەرەخسێنن، ئەمەش واتە دادپەروەری لە سادەترین و گشتیترین مانایدا. ئەمە بنەمای لیبراڵیزمە، ئازادی تەنیا ئامانجی تاک نییە، دەتوانم بە هەمان شێوەی رەخنەگری رووسی(بیلینسکی) بڵێم ئەگەر ئەوانی دیکە لە ئازادی بێبەشکران و براکانم بە کۆتکراوی لە دۆخی هەژاری و گەندەڵیدا مانەوە، ئەوا ئازادیم بۆ خۆم ناوێت و بەتەواوی رەتی دەکەمەوە. وام پێباشرە تا ناکۆتا لە چارەنووسی براکانمدا بەشداربم، هیچ شتێک بە تێکەڵاوبوون و ئاڵۆزبونی زاراوەکان بەدەست نایەت. لەپێناو خۆلادان لە نایەکسانی، ئامادەم هەموو ئازادی خۆم یاخود بەشێکی بکەم بە قوربانی لە پێناوی دادپەروەری و یەکسانیدا. ئەوەش بەهۆی خۆشەویستیم بۆ هاورێکانم و رۆڵەکانی رەگەزەکەم. دەبێت هەست بە گوناه و ئازاری ویژدان بکەم، ئەگەر هاتوو ئامادەی ئەم قوربانیدانە نەبووم ئەگەر پێویست بوو بیکەم. قوربانی دان زیادەیەک نییە لەوەی قوربانی کراوە. بەشێوەیەکی تایبەتیش ئازادی. هەرچەندە پێویستی مەعنەوی( یاخود قەرەبووکردنەوەی) ئازادی گەورە بێت، هێشتا شتەکان ئاڵوگۆڕ ناکرێن بە غەیری خۆیان: ئازادی هەر ئازادییە و ناشێت مانای دادپەروەری یان یەکسانی، شارستانییەت، ویژدان یان بەختەوەری بدات، ئەگەر ئازادی من یان چینە کۆمەڵایەتییەکەم یاخود ئازادی گەلەکەم لەسەر حسابی بەدبەختیی ئەوانی دیکە بەدەست بێت، ئەوا ئەو سیستمەی کە رێگە بەم ئازادییە دەدات، سیستەمێکی ستەمکار و نائەخلاقییە. بەڵام ئەگەر لە پێناوی کەمکردنەوەی نەنگی و شورەیی نایەکسانیدا ئازادی خۆمم کەمکردەوە و لەدەستم دا، بەم کەمکردنەوەیەش ئازادی تاکەکەسی ئەوانی دی بەشێوەیەکی بەرجەستە زیادنەبێت. ئەو کاتە ئەنجامەکەی لەدەستدانی تەواوی ئازادی دەبێت. دەشێت بە کەڵک و سوودی دادپەروەری یان بەختەوەری یاخود ئاشتی قەرەبووی زیان بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زیان هەر زیانە.
ئەوە راستە کە ئازادی هەندێک کەس پێویستی بە کەمکردنەوەی ئازادی ئەوانی دیکەیە، بەڵام بەپێی چ بنەمایەک ئەمە دەبێت؟ ئەگەر ئازادی شتێکی پیرۆز و بەهایەکی دەستلێنەدراو بێت، ئەوا بنەمایەکی لەو جۆرە بوونی نابێت. کەواتە دەبێت ئەم بەها و بنەما دژبەیەکانە بەشێوەیەکی کردەیی و بەهەر جۆرێک بێت،، بێنە کایەوە، نەک لەبەر ئەو هۆیانەی کە دەتوانرێت بەروونی دیاری بکرێن، بەڵکو لەبەر ئەوەی فۆرمی رێسا و حوکمی گشتی وەردەگرن. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە چارەسەرێکی کردەیی هەبێت.
فەیلەسوفەکان، بە تێڕوانینێکی گەشبینانەوە دەربارەی سروشتی مرۆیی و باوەڕ، پێیان وایە گونجان و هەماهەنگی لە ئامانجە مرۆییەکاندا(جۆن لۆک و ئادەم سمیس) لە هەندێ حاڵەتیشدا هەماهەنگی کۆمەڵایەتی (ج.س.میل) وەستان لەسەر قەبارەی بواری ئازادیی تایبەتی تاکەکەسی، کە نابێت دەوڵەت و هەر دەسەڵاتێکی دیکە سنوری ببەزێن.
هۆبز و هەموو ئەو کۆنزەرڤاتیڤانەی کە لەگەڵیدا هاوران، پێیان، وایە بۆئەوەی رێگەی یەکدی تێکشکاندن لە خەڵک و گۆڕینی کۆمەڵگا بۆ جەنگەڵ بگێڕێت، پێویستە یاساکانی پاراستن دابنرێن، کە سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئارامی کۆمەڵگا زامن دەکەن. هۆبز دەیویست رووبەری کۆنترۆڵی ناوەندیی بەرفراوان بکات و ئازادی تاک کەمبکاتەوە. بەڵام هەردوو لایەن هاوڕان لەسەر ئەوەی کە پێویستە لایەنێک لە ژیانی تاک لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی بێت و سەربەخۆبێت. بەزاندنی ئەم سنورە، هەرچەند بەرتەسکیش بێت، جۆرێکە لە ستەمکاری. (بنیامین کۆنستانت) کە لە پەرۆشترین خوازیارانی ئازادی و تایبەتمەندی تاکەکەسی و بەرگریکارانێتی، لەو کاتەدا کە هێشتا دیکتاتۆرییەتی جاکۆبی لەبیرنەکردبوو، بانگەشەی بۆ زەرورەتی دابینکردنی ئازادی ئایین و بیروڕادەبڕین و مافی خاوەندارێتی لە هەر سنوربەزاندێکی توندوتیژانە کرد. هەر یەک لە(جیفرسۆن،بێک. پین، میل) لیستێکیان لە هەموو شیوەکانی ئازادی تاکەکەسی خستەروو. لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆ و ململانێ بۆ وەستاندنی دەسەڵات لەسنوری خۆیدا هەمیشە خاڵی جەوهەرییە. ئەگەر ویستمان رێگە لە سەرکوتکردن و نکۆڵیکردن لە سروشتمان بگرین، دەبێت پاریزگاری لە کەمترین بوار بکەین، کە تاک تیایدا خاوەنی ئازادی کەسێتییە. ئێمە ناتوانین بە شێوەیەکی تەواو ئازاد بین، لەبەر ئەوە پێویستە بەشێک لە ئازادییەکەمان بکەین بە قوربانی بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بەشەکەی تر بکەین. خۆبەدەستەوەدانی خودیی تەواو، واتە شکستخواردنی تەواو. کەواتە دەبێت کەمترین سنوری ئازادی چەند بێت؟ وەڵامەکە ئەمەیە: ئەوەندەی کە تاک نەتوانێت دەستبەرداری بێت. بەبێ ئەوەی سروشتی مرۆڤایەتی خراپ بکات. ئەی ئەم جەوهەرە چییە؟ تایبەتمەندییە پێوانەییەکان کە پێویستی پێیانە. چین؟ ئەم بابەتە گفتوگۆیەکی بێکۆتایی هەڵدەگرێت و هەمیشە واش دەمێنێتەوە. ئەو بنەما یاخود ئەو رێسایەی کە بەهۆیەوە ئاستی دەستێوەرنەدان دیاری دەکرێت، هەرچی بێت، بنەما یاسا سروشتییەکان بێت یان مافە سروشتییەکان، بنەما سوود خوازییەکان، یان بڕیارە ناچارییە رەهاکان یان گرێبەستی کۆمەڵایەتی، یان بیرۆکەیەکی گشتی، یان هەر چەمکێک کە تاکەکان بتوانن بەهۆیەوە بەڵگە و ئاماژەکانیان روون بکەنەوە و پاساوی بۆ بهێننەوە، ئازادی بەم مانایە واتە (ئازادبوون لە..) دەگەیەنێت، واتە نەبوونی دەستتێوەردانی ئەوانی تر لەناو ئەو سنوورانەی کە هەرچەند بگۆڕێن، هێشتا هەر مایەی دانپیانان و ناسینەوەن. یەکێک لە بەرگریکارە بەناوبانگەکانی ئازادی دەڵێت ((تەنیا ئازادی کە مانای وشەکەی بەسەردا زۆر پراکتیزە دەبێت، ئازادیمانە لە تێکۆشان لە پێناو دەستەبەرکردنی ئەو چاکەیەی کە هەوڵی بۆ دەدەین)). ئەگەر مەسەلەکە بەمشێوەیە بێت، ئایا شتێک هەیە زۆرلێکردن و ناچارکردن پاساو بدات؟(میل) هیچ گومانێکی لەوە نییە مادام دادپەروەری پێویستی کردووە کە هەر تاکێک خاوەنی کەمترین ئازادی بێت، ئەوا دەبێت فشار بخرێتە سەر ئەوانی دیکە- ئەگەر پێویستی کرد، هێز بەکاربهێنرێ- بۆ رێگرتن لێیان لە داماڵینی هەر تاکێک لە ئازادییەکەی ئەرکی یاسا رێگرتنە لەم جۆرە پێکدادانە: ئەگەر نا، وەک ئەوەی(لاساڵ) بەسوکایەتییەوە ئاماژەی بۆ کردووە. ئەرکی دەوڵەت و دەسەلاتەکەی بۆ پاسەوانی شەو و پۆلیسی هاتوچۆ کورت دەبێتەوە.
چی وایکردووە پاراستنی ئازادی تاکەکەسی لای(میل) شێکی پیرۆز بێت؟ (میل) لە وتارە بەناوبانگەکەیدا راشکاوانە دەڵێت: ((هیچ بوارێک بۆ پێشکەوتنی شارستانییەت نییە، ئەگەر لێنەگەڕێین خەڵک ئازادانە بژین، بەو شیوەیەی کە خۆیان دەیانەوێت)) و هیچ بوارێک بۆ داهێنان، رەسەنایەتی، بلیمەتی هزریی و ئازایەتیی ئەدەبیی لە ئارادا نابێت. توانا ئاساییە بەرتەسکەکان کۆمەڵگا وێران دەکەن و هەرگیز یارمەتی پێشکەوتنی نادەن. قورسیی عورفەکان هەموو شتێکی بەهادار و هەمەجۆر وێران دەکەن، هۆکارەکەشی پەیوەستبوونی بەردەوامی مرۆڤە بە یەکچەشنییەوە، کە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی مرۆڤی کەمتوانا و ئاسۆتەسک و بیرتەسک و کۆتکراو وگرنگن. سەلماندنی خود لای بتپەرستێک (نامەسیحییەک) بەهەمان رادەی نکۆلیکردن لە خود لای مەسیحییەک گرنگە. ئەو هەڵانەی کە دەشێت مرۆڤ بیانکات، سەرەڕای وریاکردنەوە و ئامۆژگاریکردنی، کەمتر لەسەری دەکەوێت لەچاو ئەو خراپەیەدا کە دەرئەنجامی ئەوەیە رێگە بە ئەوانی دیکە دەدات ناچاری بکەن ئەو شتانە بکات کە بە چاکی دەزان بۆی. بەرگریکردن لە تاک، دەکەوێتە چوارچێوەی ئامانجە(نێگەتیڤەکانەوە) بۆ پاراستنی تاک لە دەستێوەردان. هەڕەشەکردن لە تاک بە چەوساندنەوەی ئەگەر ژیانێک نەژی کە مافی هەڵبژاردنی ئامانجەکانی نەبێت، لە دەرچەیەک زیاتر هیچی تیا نەبێت، جا ئەگەر لە پشت دەرچەکەوە ئەگەری بردنەوە و سەرکەوتن هەبێت یان نا- هەرچەند ئامانجی ئەم دیاریکردنەش جوامێرانە بێت- هەڵەیەکە بەرامبەر بە مرۆڤایەتییەکەی و مافی ژیانکردنی بەو شیوازەی کە خۆی دەیەوێت. ئەمە ئەو ئازادیەیە، کە لیبراڵەکان لە جیهاندا بڕوایان پێیەتی هەر لە رۆژگاری ئیراسمۆسەوە( یاخود وەک ئەوەی هەندێک کەس دەیدەنە پاڵ ئۆگام) هەتا رۆژگاری ئەمڕۆمان. داواکردنی مافە مەدەنییەکان و ئازادی تاکەکەسی و نارەزایی دەربڕین دژی چەوساندنەوە، ملکەچکردنی تاک، سڕکردنی کۆمەڵایەتی و چاووڕاوی رێکخراو، هەموو ئەمانە لەو چەمکەوە سەرچاوەدەگرن، کە جەخت لەسەر گرنگی تاک و ماناکانی دەکەن. دەشێت تێبینی سێ حەقیقەت دەربارەی تاک وگرنگی تاک بکرێت:
یەکەم/ میل دوو بیرۆکەی جیاواز تێکەڵ دەکات. یەک: زۆرلێکردن کە دەبێتە هۆی تێکشکاندنی ئامانج و ئارەزووەکان یاخود چەپاندنیان، ئەگەر ئامانجی پرۆسەی زۆرلێکردن رێگرتن بێت لەو خراپانەی کە لە خودی پرۆسەی زۆرلێکردن گەورەترن، ئەوا دەستێوەرنەدان( کە پێچەوانەی پرۆسەی زۆرلێکردنە) کەڵک و سودی هەیە، گەرچی خاوەنی دەسکەوت قازنجێکی دیایکراویش بێت، ئەمەش چەمکی نێگەتیڤی ئازادییە لە شێوە باوەکەیدا. بیرۆکەی دووەم ئەوەیە کە پێویستە تاکەکان هەوڵی کەشفکردنی حەقیقەت بدەن، یاخود هەوڵ بدەن پەرە بە کەسێتییەکی دیاریکراو بدەن، کە هەڵگری ئەو سیفەتانە بێت، کە(میل) پەسەندیان دەکات، ئەوەش کەسێتییەکە کەخاوەنی کۆمەڵێک سیفەتی وەک رەسەنی، ویستی رەخنەیی، خەیاڵسازی، سەربەخۆییەو تا رادەی سەیری دژی گونجان و هاوشێوەییە... دەشێت ئەم حەقیقەتە و ئەم جۆرە کە سێتییانە لە بارودۆخە گونجاوەکانی ئازادیدا بدۆزرێنەوە. ئەم دوو بیرۆکەیە لیبراڵین، لەگەڵ ئەوەشدا هاوشێوە و لێکچوو نین. هەوڵدان بۆ پێکەوە بەستنیان لەباشترین دۆخدا کارێکی ئەزموونگەرانەیە. پێویستمان بە بەڵگە هێنانەوە نییە ئەگەر بڵێین لە هەرشوێنێکدا دۆگمان باوەڕی ئازاد تێکبشکێنێت، ئەوا لەو شوێنەدا حەقیقەت و ئازادیی دەربڕین گەشەناکەن. بەڵام مێژوو ئەوەمان پیشان دەدات(هەروەک جەیمس ستیڤن لە وتارەکەیدا ((ئازادی،برایەتی،یەکسانی)) بەتوندی هێرش دەکاتە سەر میل و باسی دەکات) کە سەقامگیری و حەقیقەت دۆستی و تاکگەرایی توندڕەو لانی کەم بە زۆری لەو کۆمەڵگایانەدا گەشە دەکەن، کە سیستەمێکی پەروەردەکردنی بەهێزیان هەیە وەک پیوریتانی کاڵڤینی لە سکۆتلەندا و نیوئینگلاندی ئەمریکا، یاخود لە سایەی سیستەمێکی سەربازیدا، بەهەمان شێوەی ئەو کۆمەڵگایانەی کە زیاتر لێبوردە و ببێباکن. ئەگەر مەسەلەکە بەم شێوەیە بێت، ئەوا پێشنیارەکانی(میل) کە ئاماژە دەکەن بۆ ئەوەی کە ئازادی مەرجی گەشەکردن و گەشانەوەی توانا مرۆییەکانە، شکستخواردوو و ناڕاستن. ئەگەر رووبە رووبوونەوەی ئەم دوو ئامانجە سەلمێنرا، ئەوا(میل) رووبەرووی تەنگ و چەڵەمەیەکی تووند دەبێتەوە جگە لە کێشەکانی دیکە کە دەرەنجامی پارادۆسکی تیۆرەکانێتی لەگەڵ سوودگەرایی دۆگمادا، تەنانەت لایەنە ئینسانییەکەشی.
ئەم تیۆرە تا رادەیەک هاوچەرخە، کەوا بێت، وەک دەردەکەوێت، بوونی هەر گفتوگۆیەک دەربارەی ئازادی تاکەکەسی وەک ئامانجێکی سیاسی(بەراورد بە حەقیقەتەکەی) لە جیهانی کۆندا دەگمەنە. پێشتر کۆندرۆسییە ئاماژەی بۆ نائامادەیی بیرۆکەی مافە تاکەکەسییەکان لە یاساکانی یۆنان و رۆماندا کردووە. هەمان دۆخ بە نیسبەت شارستانێتە کۆنەکانی وەک شارستانێتی جولەکە و چینیش راستە. هەیمەنەی ئەم بیرۆکەیە دۆخێکی ئاوارتەیە و تەنانەت لە مێژووی نوێی خۆرئاواشدا رێسا نییە. ئازادی بەم مانایە دەنگێک نییە جەماوەری مرۆیی پاڵ بنێت بۆ پێکەوەکارکردن لە پێناو بەدەستهێنانی ئەم جۆرە مافانەدا. ئارەزووکردنی تاک بۆ چێژ وەرگرتن لە ئازادییەکەی بەبێ دەستدرێژکردنە سەر ئەوانی دیکە، یاخود بەبێ ئەوەی ئەوان سنوری ئەم ببەزێنن، ئاماژەیەکی شارستانییە لەسەر هەردوو ئاستی تاکەکەسی و دەستەجەمعی، تایبەتمەندێتی لە بواری پەیوەندییە تاکە کەسییەکان و دانانی وەک شتێکی پیرۆز، پشت بە چەمکی ئازادی دەبەستێت، کە سەرەڕای ئەوەی رەگێکی ئایینی هەیە، بەڵام لە شیوە پەرەسەندووکەیدا هێندەی سەردەمی رێنسانس یاخود چاکسازی کۆن نییە، لەناوچونیش ئاماژەیە بۆ مەرگی شارستانییەک، بۆ کۆتایی دیدگایەکی ئەخلاقی بە تەواوی.
تایبەتمەندی سێیەمی ئازادی گرنگییەکی گەورەی هەیە، ئازادی بەم مانایە لەگەڵ ئۆتۆکراتی یاخود نەبوونی ئۆتۆنۆمیدا ناتەبا نییە، ئازادی بەم مانایە، واتە ناوچەی کۆنترۆڵکراو نەک سەرچاوەکەی، وەک چۆن لەوانەیە دیموکراتی هاووڵاتی لە چەندین ماف بێبەش بکات رێگای دەدات لە سایەی سیستەمێکی دیکەدا چێژی لێببینێت. دەشێت و وێنای ستەمکارێکی لیبراڵ بکرێت، کە رێژەیەکی زۆری ئازادی تاکەکەسی بە رۆڵەکانی گەلەکەی دەدات، ئەو ستەمکارەی کە رێگا بە ڕۆڵەکانی دەدات لە بوارێکی بەرفراواندا چێژ لە ئازادی ببینن، پێدەچێت دادپەروەر نەبێت و هاندەری نایەکسانییەکی بەهێز بێت و هیچ گرنگیێک بە سیستەم یان فەزیڵەت یاخود مەعریفە نەدات. ئەگەر بەبێ چەپاندنی ئازادیی تاکەکان ئەوەی کرد، یاخود ئەگەر چەپاندنەکە کەمتر بێت لەوەی کە سیستەمەکانی دیکە مومارەسەی دەکەن، ئەوا لەگەڵ سیفەتەکانی(میل)دا دەگونجێت.
ئازادی بەم تێگەیشتنە لە ڕووی لۆجیکییەوە پەیوەست نییە بە دیموکراتی یاخود ئۆتۆنۆمییەوە. لەوانەیە بەشێوەیەکی گشتی ئۆتۆنۆمی زامنێکی باشتر بێت بۆ پاراستنی ئازادییە مەدەنییەکان لە سیستەمە حکومڕانییەکانی دیکە. بەرگریکەرانی بنەمای ئازادی بەرگرییان لە ئۆتۆنۆمی کردووە. بەڵام لێرەدا بە پێویست پەیوەندییەکی نییە لە نێوان ئازادی تاک و سیستەمی دیموکراتیدا. وەڵامدانەوەی پرسیارێکی حوکمم دەکات؟
بەشوەیەکی لۆجیکی لە وەڵامی پرسیاری ئاستی دەستێوەردانی دەوڵەتی حوکمڕان لە کاروبارەکانم چەندە؟ جیاوازە. جیاوازی نێوان دوو چەمکی(پۆزەتیڤ)و(نێگەتڤ ی ئازادی، جیاوازییە لە ناوەڕۆکی وەڵامی ئەم دوو پرسیارەدا. چەمکی ئازادی پۆزەتیڤ بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە روون نابێتەوە من ئازادم لەوەی کێ بم یان چی بکەم؟ بەڵکو بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە روون دەبێتەوە کێ حوکمم دەکات؟ کێ بڕیار دەدات من چیم و چی نیم؟ کێ ئەبم و چی ئەکەم؟ پەیوەندی نێوان دیموکراتی و ئازادی تاکەکەسی لەوە ئاڵۆزترە کە بانگەشەکەران و پشتگیریکەرانی وێنای دەکەن. ئارەزووکردنی تاک لە بریاردان لەسەر کاروبارە تایبەتییەکانی و بەڕێوەبردنیان، یاخود هاوبەشیکردن لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی ژیانی و ئاراسکردنی ئارەزوویەکی قوڵە، وەک ئارەزووی بەدەستهێنانی بواری کاری ئازاد. لەوانەیە لەڕووی مێژووییەوە لەوەش کۆنتر بێت، بەڵام ئارەزووکردن نییە لە هەمان شت جیاوازییەکە بە پلەیەک گەورەیە، کە دەبێتە هۆی پێکدادنی ئەو ئایدۆلۆجیایانەی کە جیهانەکەمان مۆنۆپۆل دەکەن، ئەم ئازادییە- بە تێگەیشتنە پۆزەتیڤییەکەی-مانای(ئازادبوون لە)نییە، بەڵکو(ئازادبوونە بۆ) بۆگوزەراندنی تەرزی ژیانێکی دیاریکراو،کە لایەنگران بۆ چەمکی نێگەتیڤی دروست دەکەن، کە هەندێ جار هیچ نییە جگە لە دەمامکێک بۆ شاردنەوەی ستەمکارییەکی وەحشییانە.
پەراوێزەکان:
-بەدڵنیایەوە مەبەستم حەقیقەتی گفتوگۆ نییە.
-هاڤیلتۆس ئەم خاڵەی روون کردۆتەوە و دەڵێت: تاکی ئازاد ئەو کەسەیە کە نەبەستراوەتەوە بە ئاسنەوە. زیندانیەک نییە لە ژینداندا، وەک کۆیلەیەک لە سزا ناترسێت، نەتوانینی هەڵفڕین وەک هەڵۆ، یاخود مەلەکردن وەک نەهەنگ، مانای لەدەستدانی ئازادی نییە.
-بێگومان تێگەیشتنی مارکسیانە بۆ یاسا کۆمەڵایەتییەکان، لایەنە ناسراوەکەی تیۆرەکەیەتی، بەڵام لەهەمانکاتدا رەگەزێکی گرنگە لە هەندێک بیرو باوەڕی مەسیحی و سودخوازی و هەموو بیروباوەڕە سۆسیالیستەکاندا.
-هۆبز دەڵێت: ((مرۆڤی ئازاد ئەو تاکەیە کە دەتوانێت هەرچیەکی بوێت، بەبێ کۆت و مەرج بیکات))، ((یاساکۆتە، تەنانەت ئەگەر بتوانێت لەکۆتی قورستر لە کۆتی یاسا بتپارێزێت، وەک هەندێک لەیاسا قورسەکانی عورفەکان کە ئازادی گەمارۆ دەدەن، هەروەها یاسا ستەمکارییە هەڕەمەکیەکان و ئاژاوە و بێ سەروبەرەیی)). بێنتامیش هەمان شتی وتووە.
-ئەمە روونکردنەوەیەکی دیکەیە بۆ ویستی سروشتی لای زۆرینەی ئەو بیرمەندانەی کە بڕوایان وایە پێویستە شتە باشەکان بە توندی بەیەکەوە پەیوەست بن، یاخود بەلای کەمەوە لە دۆخی هامۆنی و گونجاندا بن. مێژووی فکر بەهەمان شێوەی مێژووی گەلان پڕاوپڕە لە نمونەی رەگەزە دژیەک و جیاوازەکان، کە لە سیستەمێکی ستەمکاردا یاخود بە هۆی ترس لە دوژمنێکی هاوبەش، دەچنە هاوپەیمانێتییەکی ناسروشتیەوە لەگەڵ یەکدا. بەڵام ململانێی لایەنە هاوپەیمانەکان پاش رەوینەوەی مەترسیەکە دەست پێدەکات، کە دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی سیستەمە ستەمکارەکە، ئەمەش بە زۆری لەبەرژەوەندی مرۆڤدایە.
-بگەڕێرەوە بۆ گفتوگۆ نایابەکەی(مایکڵ ڤیل) بەناونیشانی(( چەند وانەیەک لە مێژووی فەلسەفەی حەق)) کە سەرەتاکانی بیرۆکەی مافە خودییەکان Leqons this to ire de la philosophies due droid
دەگێڕیتەوە بۆ (ئۆگام)
-باوەڕی مەسیحیەت(هەروەها جولەکە و ئیسلامیش) بەدەسەڵاتی رەهای یاسا ئاسمانی و سروشتیەکان، هاوکات بەیەکسانی لەبەردەم خوادا، جیاوازە لە باوەڕهێنان بە ئازادی کە ژیان بۆ تاک زامن دەکات وەک ئەوەی خۆی ئارەزووی دەکات.
-جێگەی گفتوگۆیە کە بەهرەمەندان و داهێنەران و کەمینەکان پروسیا لەسەردەمی(فرەدرکی مەزندا) یان لە نەمسا لەسەردەمی(جۆزیفی دووەمدا) کەمتر تووشی چەوساندنەوە دەبوونەوە و فشاری دامەزراوە و عورفەکان نەدەکەوتە سەریان، وەک ئەوەی لە دیموکراسیەتی پێشین یان هاوچەرخدا هەیە.
-هەندێک جار و لەبارودۆجێکی تایبەتدا سەختە رادەی(ئازادی نێگەتیڤ) مەزەندە بکرێت. لەیەکەم تەماشاکردندا وا دەردەکەوێت شتێکە، پشت بە توانای هەڵبژاردن لە نێوان دووشتدا دەبەستێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو هەڵبژاردنەکان بە هەمان رادە ئازادانە نین، یاخود هەر ئازادانە نین. ئەگەر لە سایەی حوکمەتێکی دیکتاتۆریدا بەهەڕەشەکردن یان ئازاردان یاخود ترسی لەدەستدانی کارەکەم، خیانەتم لە هاوڕێکەم کرد، ئەوکاتە دەتوانین بڵێین بە ئازادی تەواوەوە ئەو کارەم نەکردوە و هەڵمنەبژاردووە، لەگەڵ ئەوەشدا من سەرپشک بووم و دەمتوانی لە بری خیانەتکردن لە هاوڕێکەم ئەوە هەڵبژێرم زیندانی بکرێم یان ئازار بدرێم یاخود بکوژرێم. بەتەنیا بوونی ئەڵتەرناتیڤی دیکە بەس نییە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکەم بەمانای ئاسایی وشەی ئازادی ئازادانە بێت، وەک دەردەکەوێت، رادەی ئازادییەکەم لەسەر چەند شتێک وەستاوە:- ١تا چەند ئەگەرەکان لەبەردەممدا کراوەن ( هەرچەندە شێوازی دەرکردنیان شێوازێکی سۆزدارییە) ناکرێت وەک ژماردنی سێو تەماشای ئەگەرەکان بکەین چونکە کیانێکی سەربەخۆیان نییە کە بکرێت بە ئاسانی بژمێردرێن.-٢ بڕی ئاسانی یان سەختی بەواقیعیکردنی ئەم ئەگەرانە.-٣ گرنگی ئەم ئەگەرانە لە شێوازی ژیانمدا لە کاتی بەراوردکردنیان بەیەکدیدا بە لەبەر چاوگرتنی کەسێتی و بارودۆخم.-٤ توانای کرانەوە و داخرانی ئەگەرەکان لە ئەنجامی چالاکییە خۆویستەکانی مرۆڤدا.-٥ چ باهایەک بەم ئەگەرە جیاوازانە دەبەخشرێت، نەک تانیا لەلایەن تاکەوە بەڵکو، لەلایەن رای گشتی ئەو کۆمەڵگایەش کە تاک تیایدا دەژی. دەبیت هەموو ئەم ئەگەرانە یەک بخرێن بۆ ئەوەی بگەین بە دەرەنجامێک، کە دەشێت بەپێی پێویست ورد نەبێت. رەنگە چەند شێوەیەکی نالەباری ئازادی هەبن، کەنەتوانرێت بە تەنیا پێوەرێک پێوانە بکرێن، لەسەروو ئەمەشەوە، بەنیسبەت هەندێک لە کۆمەڵگاکانەوە رووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیار دەبینەوە، کەلەڕووی لۆجیکەوە بێمانان، وەک: ئایا رێکخستنێکی لەم شیوەیە ئازادیی(ا) زیاد دەکات زیاتر لە ئازادیی (ب،ج،د) پێکەوە؟ لە ڕاستیدا لەسەروەختی پراکتیزەکردنی پێوەرە سود خوازییەکاندا ئەم جۆرە کێشانە سەر هەڵدەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا مادام خوازیاری پێوەرێکی ورد نین، ئەو کاتە دەتوانین هۆکارێکی شەرعی بێنینەوە بۆ ئەم قسەیەمان: بەشێوەیەکی گشتی، هاووڵاتییە ئاساییەکانی پادشای سوید ئازادییەکی زیاتریان هەیە لە هاووڵاتیی ئاسایی لە ئیسپانیا یان لە ئەلبانیا. پێوێستە هەموو نمونەکان وەک بەشی تەواو، بەیەکدی بەراورد بکرێن. هەرچەندە ئەو میتودەکەی کە لە بەراورد کردنەکاندا بەکاری دەهێنین و راستگۆیی ئەنجامەکانیش سەخت بن، یاخود دەرفەتی شیکردنەوە و روونکردنەوەیان نەبێت، بەڵام ئاڵۆزی چەمکەکان و فرەیی پێوەرەکان سیفەتێکی تایبەتی هەمان بابەتن، نەک خەوشێک لەو میتودەی کەلە پێوانەکردندا بەکاری دەهێنین، یاخود نەتوانین بێت لەفکری ورد دا.