ئامادەکرن: رێکەوت ئیسماعیل
هاوپەیمانییەکی سەربازی، ئەمنی، هەواڵگریی نێودەوڵەتییە. لەمڕۆدا ٣٢ وڵات تیایدا ئەندامن. ٢١ وڵاتی دیکە (لەوانەش عێراق) لە پرۆگرامەکانی (هاوبەشی لە پێناوی ئاشتیدا) و ١٥ وڵاتی دیکەش لە پرۆگرامەکانی (دیالۆگی بنیاتنەرانە)ی پەیمانی ناتۆ بەشدارن.
ناتۆ لە ساڵی ١٩٤٩دا لە واشنتۆن دروست کرا. بەهێزبوونی یەکێتیی سۆڤێت لە دوای جەنگی دووەمی جیهان هۆکاری سەرەکی کۆبوونەوەی ئەندامەکانی ئەوکاتەی دنیای سەرمایەداری بوو. ئەم هاوپەیمانییە سیستەمێکی بەرگیی هاوبەشیان دروست کردووە بۆ ئەوەی لە کاتی هەڕەشەکاندا پشتیوانی لە یەکتر بکەن (بەندی پێنجەم). سێ ئەندامی پەیمانی ناتۆ (ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا) ئەندامی هەمیشەیین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و مافی فیتۆیان هەیە. هەرسێ ئەو وڵاتە چەکی ئەتۆمیان هەیە.
بنکەی سەرەکی پەیمانی ناتۆ، هەروەها بنکەی سەرەکی ئۆپراسیۆنەکانی ناتۆ دەکەونە وڵاتی بروکسلی پایتەختی بەلجیکا.
توند بوونەوەی ململانێ لە نێوان هەردوو بلۆکی رۆژهەڵات (سۆڤێت و هاوپەیمانەکانی) و رۆژئاوا (ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی) بووە هۆکاری ئەوەی کە بلۆکی رۆژهەڵاتیش وەک پەرچەکردار بەرامبەر بە پەیمانی ناتۆ، پەیمانێکی تایبەت بە خۆیان بە ناوی (پەیمانی وارشۆ) لە ساڵی ١٩٥٥دا دروست بکەن، کە بنکەی سەرەکی پەیمانەکە دەکەوتە وارشۆی پایتەختی پۆڵەنداوە.
سەرەتاکانی دروست بوونی ناتۆ:
دەتوانین پەیمانی برۆکسل لە ١٧ی ئازاری ١٩٤٨ بە بناغەی دروستبوونی پەیمانی ناتۆ ناودێر بکەین. ئەو پەیمانە لە نێوان (بەلجیکا، هۆڵەندا، لوکسمبۆرگ، فەرەنسا، بەریتانیا) مۆرکرا. هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئەو هاوپەیمانیەش ئەو هەڕەشانە بوون کە لە رێگای یەکێتیی سۆڤێتەوە لەبەر دەرگای ئەو وڵاتانەدا بوو. لە دوای ئابلوقەی بەرلین ١٩٤٨ ئەو هەڕەشانە زیاتر برەویان سەند. بەڵام ئەو لایەنانە لە رووی سەربازییەوە لاواز بوون و پێکەوە نەیاندەتوانی پێش بە هەڕەشەکانی یەکێتیی سۆڤێت بگرن، بە تایبەت دوای ئەوەی لە چیکوسلۆڤاکیای پێشوو کودەتای ١٩٤٨ رویدا و کۆمۆنیستەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت. خۆرئاواییەکان لەوە دەترسان ئەو جۆرە کودەتایانە وڵاتانی دیکەش بگرێتەوە بە تایبەت لە ئیتالیا و تا ڕادەیەکیش لە هۆڵەندا کە پارتی کۆمۆنیست لەو وڵاتانە بەهێز بوو.
بۆ شۆپاندن و هەڵسەنگاندنی ئەو مەترسییانە، سەرکردە ئەوروپییەکان لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (جۆرج مارشاڵ) سەردانی واشنتۆنیان کرد و لە ئۆفیسی پەنتاگۆن کۆبوونەوە. پاش شۆپاندن و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە دروستکردنی پەیمانی ناتۆ خرایە نێو بەرنامەی کار و سەرۆکی ئەوسای ئەمەریکا هاری ترۆمان لە واشنتۆن لە ٤ی نیسانی ١٩٤٨ واژوی پەیمانەکەی کرد. جگە لە ئەندامانی پەیمانی برۆکسل هەر یەکە لە (ئەمەریکا، کەنەدا، پرتوگال، ئیتالیا، نەرویج، دانیمارک، ئایسلاند) بوونە ئەندام. بەم جۆرە دەستەی دامەزرێنەری ناتۆ سەرەتا خۆی لە ١٢ ئەندام دەبینییەوە.
شەڕی سارد و سەرەتای پێشبڕکێی چەک:
هیچ گومان لەوەدا نییە کە پەیمانی ناتۆ بەرهەمی شەڕی سارد بوو لەگەڵ بلۆکی رۆژهەڵات، بۆیە بە گەڕانەوەمان بۆ کرۆنۆلۆژیای روداوەکانی جەنگی سارد، بۆمان ئاشکرا دەبێت کە جار لە دوای جار و ماوە لە دوای ماوە پەیمانی ناتۆ زیاتر بەهێزکراوە و زیاتر لوتی خۆی ژەنیوە لە روداوەکان.
لە ساڵی ١٩٥٠ ئەمریکییەکان لەو باوەڕەدا بوون کە ململانێی کۆریا بە فەرمانی ستالین بووە بۆ ئەوەی کۆمۆنیزم فراوانتر بکەن. ئەوان وەک هەنگاوێکی ستراتیژی تەماشایان دەکرد، تەواوی سەرنجەکان لەسەر ئەوروپای رۆژئاوا نەمان، کە لە ئانوساتدا چاوەڕوانی ئەوە بوون سۆڤێت هێرشی بکاتە سەر. ئەمەریکا زۆر بە خێرایی دەستیدایە خۆپڕچەککردن. ژمارەی سەربازەکانی لە ١.٥٠٠.٠٠٠ سەربازەوە لە ساڵی ١٩٤٨، بەرزکردەوە بۆ ٣.٢١١.٠٠٠ لە ساڵی ١٩٥١ . خەرجییە سەربازییەکانیش بازی هەڵدا لە ١٤.٥٩٩ ملیۆن دۆلاری سالی ١٩٥٠ بۆ ٣٣.٣٩٨ ملیۆن لە ساڵی ١٩٥١ و ٤٧.٠٠٠ ملیۆن لە ساڵی ١٩٥٢.
پەیمانی ناتۆ زۆر بە خێرایی بایەخی بە پڕچەکبوون دەدا، چونکە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٢-١٩٥٤ لەو باوەڕەدابوون کە سۆڤێت هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوای ئەوروپا. ئەمەریکاش هێزەکانی خۆی لە ئەوروپا بەرزکردەوە لە دوو لەشکرەوە بۆ شەش لەشکر.
لێرەدا هەندێ روداو بە نمونە دەهێنینەوە:
جەنگی کۆریا:
ساڵی ١٩٥٠ جەنگی کۆریا بەرپا بوو. بەشی باکوری کۆریا لە ژێر هەژمونی یەکێتیی سۆڤێت بوو، بەشی باشوریشی لە رێگای رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لە ژێر هەژمونی ناڕاستەوخۆی ئەمەریکا بوو. رۆژی ٢٧ی تەمموزی ١٩٥٣ شەڕەکە وەستا. چین و یەکێتیی سۆڤێت لە لایەک و ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیشی لە لایەکی دیکە بەشێک بوون لەو شەڕە. لە کۆتایدا بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی جەنگی سارد وڵاتەکە کرا بە دوو کەرتەوە و هەتا ئەمڕۆش هەمان سنور بوونی هەیە.
ئۆپراسیۆنی گلادیۆ (Operation Gladio):
ئەم ئۆپراسیۆنە ناوی نهێنی بوو بۆ رێکخراوێکی نهێنی کە دواتر وەک دەوڵەتی قوڵ لە ناو وڵاتانی پەیمانی ناتۆ کاری دەکرد. سەرەتا گلادیۆ لە ئیتالیا دروست کرا، دواتر لقی لە ناو هەموو وڵاتانی ئەندام بۆ کرایەوە و راستەوخۆ ئەو لقانە گرێ درانەوە بە دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا و بەریتانیا.
کوبا:
لە ١٧ی شوباتی ١٩٥٩ شۆڕشگێڕی ناسیۆنالیستی چەپڕە و فیدل کاسترۆ (Fidel Castro) هاتە سەر دەسەڵات. ویستی وڵاتەکەی لە هەژاری رزگار بکات و پشتبەستنی ئابوریی وڵاتەکەی بە ئەمەریکا کەم بکاتەوە. مافیای فلۆریدای ئەمەریکا لە هاڤانای پایتەختی کۆبا جێگیر بوو. هاڤانا ببووە یەکێک لە بەناوبانگترین پایتەختەکانی دنیا. ساڵی ١٩٦٠ پیلانێک لە لایەن ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریکا و مافیاکان بە مەبەستی کوشتنی کاسترۆ جێبەجێکرا. هەوڵەکان سەریان نەگرت و چەندین جاری تریش هەوڵەکان شکستیان هێنا. لە ٣ی ک٢ی ١٩٦١ ئەمەریکا پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی خۆی لەگەڵ کوبا بڕی، هەزاران تەکنیکار و راوێژکاری سەربازی سۆڤێتیی رژانە ناو وڵاتەوە و دواتر لە ١٧ی نیسانی ١٩٦١ قەیرانی کوبا هاتە ئاراوە کە زۆری نەمابوو جەنگی ئەتۆمی هەڵگیرسێت. لە ١٤ی ت١ی ١٩٦٢، فڕۆکەیەکی سیخوڕی لە جۆری (U2) رەوانەی ئاسمانی کوبا کرا. ئەو وێنانەی کە چرکێندرابوون دەریانخست کە سۆڤێتییەکان سەرقاڵی بنیات نانی پێگەی هەڵدانی رۆکێتن لە کوبا. سۆڤێت نەخشەی ئەوەی دانابوو کە ٤٨ رۆکێتی کورت مەودا لە جۆری (SS3)، ٤٠ رۆکێتی مەودا ناوەند لە جۆری (SS-5) جێگیر بکات.
شەڕی ڤێتنام:
لە ساڵی ١٩٥٥ هەتا کەوتنی سایگۆن لە مانگی نیسانی ١٩٧٥ خایاندی. ئەمەریکا ئەو شەڕەی لە پێناوی ئەوەدا کرد کە رێگا لە هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان بگریت. ئەندامانی ناتۆ لەم شەڕەدا راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدار بوون. بەڵام چین و سۆڤێتیش بە هەمان شێوە لە شەڕدا بوون دژی ئەوان و پشتیوانی ڤێتنام بوون. شەڕ بێهودە بەردەوام بوو. قوربانییەکان لە هەردوو لا بە سەدان هەزار کەس بوون. لە ماوەی نێوان ١٩٦٦-١٩٦٧ دا، رایگشتی لە ئەمەریکا دژی جەنگ لە ڤێتنام لە هەڵکشاندا بوو. رۆژانە لە کەناڵەکانی تەلەفیزیۆنەوە وێنەی ترسناکی جەنگ پیشان دەدرا.
نیکسۆن لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی ت٢دا هەڵبژاردنەکانی بەڕێژەی ٦٥.٥٪ بردەوە، ئەمەش زیاتر بە بەڵێنی ئەوە بوو کە ئاشتییەکی خێرا لە ڤێتنام بەدەست بێنێت. بۆ ئەوەی ڤێتنامەکانیش بە چۆکدا بێنێت و ناچاریان بکات دان بە ڤێتنامی باشوردا بنێن وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەری، نیکسۆن فەرمانیدا ئەم جارەیان بە فڕۆکەی B52 بۆردومانی ڤێتنامی باکور بکات بە تایبەت لە هانۆی و شارە گەورەکان. نیکسۆن بە بۆردومانی نوێ کاردانەوەی نواند و ئابلوقەی خستە سەر هەموو بەندەرەکانی ڤێتنامی باکور. لە ماوەی تەنها شەش مانگدا ٤٠٠ هەزار تۆن بۆمبی کێشا بە ڤێتنامی باکوردا. بەشێکی زۆری ژێرخانی ئابوری وڵاتی وێران کرد.
لێکەوتەکانی جەنگی ڤێتنام بۆ ئەمەریکا گران کەوتەوە، بووە هۆکاری قەیرانێکی ئەخلاقی. ئەمەریکا یەکەمین تاڵاوی شکشتی سەربازیی نۆشت. سێ ملیۆن کەس لە ڤێتنام و هندی- چینی بوونە قوربانی. ٥٨ هەزار کوژراوی ئەمەریکی و ٣٠٠ هەزار بریندار و ١٤٠٠ سەربازی بێسەروشوێنی لێکەوتەوە. ٧.٦٠٠.٠٠٠ تۆن بۆمبا کێشرا بە ڤێتنامدا. ٣٠٠ ملیار دۆلار (لەوانەش هاوکاری فەرەنسییەکان) تێچوونی جەنگ؛ هەموو ئەوانە ئەنجامی پێچەوانەی بەخشی. لە ڤێتنام و لاۆس رژێمی کۆمۆنیستی هاتنە سەر دەسەڵات و لە ناو بازنەی هەژموونی سۆڤێتدا مانەوە. لە کەمبۆدیا حکومەتێکی کۆمۆنیستی سەرشێت بە پشتیوانی چین هاتە سەر دەسەڵات. سەدان هەزار سەربازی ئەمەریکی کە لە جەنگی ڤێتنام گەڕابوونەوە، لە بەردەم کەناڵەکانی میدیا ئەو جەنگەیان رسوا کرد.
پۆڵەندا:
بۆ پۆڵەندییەکان زۆر گرنگ بوو کە لە مانگی ت٢ی ١٩٧٨دا، کاردیناڵی دژە کۆمۆنیست کارۆڵ ڤۆیتیلا (Karol Wojtyla) ی بە رەچەڵەک پۆڵەندی وەک پاپای ڤاتیکان دەستنیشانکرا. لە ک٢ی ١٩٧٩ پاپای دژە کۆمۆنیست، بە نەشوەی سەرکەوتنەوە سەردانی نیشتمانی خۆی کرد.
هاوینی ١٩٨٠ لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت سەرهەڵدانێکی نوێ پۆڵەندای گرتەوە. لە ژێر سەرکردایەتی لیخ ڤاوێنسا (Lech Walesa) کرێکارانی کەرتی دروستکردنی پاپۆڕ لە "گدانسک" دەستیان بەسەر حەوزی (لینین- بۆ دروستکردنی پاپۆڕ) گرت. مانگرتن و خۆپیشاندانەکان تەشەنەی سەند، رژێم ناچار بوو دانوستان لەگەڵ ڤاوێنسا بکات. لە ٣٠ی ئابی ١٩٨٠ دوای میانگیری پاپا و پیاوانی ئایینی وڵات رژێم ناچار بوو سەندیکای هاوکاری سەربەخۆ (سۆڵیدارنۆشک) بە رەسمی بناسێت. ناتۆ بەو پەڕی توانای خۆیەوە دژی رژێمی کۆمۆنیستی پۆڵەندا لەسەر هێڵ بوو.
هێزە دژە کۆمۆنیستەکان لە بەهاری ١٩٨١دا خۆیان رێکخستبوو. سەرۆک رێگان لە رێگای بەڕێوبەری ئاژانسی (سی ئای ئەی) ە وە "ولیەم کاسی" و راوێژکارە تایبەتەکەی خۆی بۆ دۆسیەی پۆڵەندا "بریژنیسکی" راستەو خۆ پەیوەندی بە پاپا و ڤاوێنساوە هەبوو.
رایگشتی بە تەواوی ئامادەکرابوو بۆ دیموکراتیزە کردنی ئەوروپای رۆژهەڵات لە ١٩٨٩دا. هەر لە سەرەتای هەشتاکانەوە پۆڵەندییەکان بە هاوکاری کەنیسەی کاتۆلیکی و پاپا یۆحەننا پۆڵسی دووەم کەوتنە دژایەتییەکی سەرسەختانە لەگەڵ رژێم. ئەوان رۆڵی "بەفرماڵ"یان بینی و لە پشتەوە ناتۆ و ئامرازە هەواڵگرییەکانی بەوپەڕی توانای خۆیان کاریان کرد. زۆری نەخایاند دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بەکۆمەڵ ڕژانە سەر شەقامەکان و زۆر بە ئاسانی ڕژێمە گەندەڵە کۆمۆنیستەکانیان روخاند.
دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤێت لە بەهاری ١٩٩١، پەیمانی وارشۆ خۆبەخۆ لە مانگی تەمموزی هەمان ساڵدا هەڵوەشایەوە. پەیمانی ناتۆی ئەم دۆخەی بەهەل زانی و هەتا ساڵی ٢٠٠٤ بەشێکی زۆری لە ئەندامانی پەیمانی وارشۆی بردە ناو ناتۆ. روداوەکانی ١١ی سێپتێمبەری ٢٠٠١ بووە هۆی گرێدانەوە و بەهیزکردنی ناتۆ. بۆ یەکەمجار بوو لە مێژوودا ئەندامێکی ئەو پەیمانە (ئەمەریکا) راستەوخۆ هێرش بکرێتە سەری، بۆیە بە گوێرەی بەندی پێنج هەموو وڵاتانی ئەندام گەلەکۆمەیان کرد و هێرشیان کردە سەر ئەفغانستان و رژێمی تالیبانیان روخاند و دواتریش لە ٢٠٠٣ هێرشیان کردە سەر عێراق و رژێمی سەدام حسێنی دیکتاتۆریان لەناو برد. هەروەها لە روداوەکانی بەهاری عەرەبیدا لە ساڵی ٢٠١١ پەیمانی ناتۆ راستەوخۆ هێرشی کردە سەر لیبیا و لە سەروبەندی سەرهەڵدانی داعشدا لە ساڵی ٢٠١٥ راستەوخۆ لە عێراق و سوریا لە دژی ئەو رێکخراوە جەنگیان راگەیاند.
جەنگی روسیا و ئۆکرانیا:
دوای ئەوەی روسیا لە شوباتی ٢٠١٤ نیمچە دورگەی کرێمیا (قرم)ی خستە سەر روسیا و لە ژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیا دەریهێنا. گرژی و ئاڵۆزی کەوتە نێوان هەردوو لاوە. لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ روسیا بە یەکجاری هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و جەنگ بەرپا بوو. لەبەر ئەوەی ئۆکرانیا ئەندامی پەیمانی ناتۆ نەبوو، پەیمانی ناوبراو نەیتوانی راستەوخۆ بکەوێتە ناو شەڕەکەوە، بەڵام لە پشتی پەردەوە بە هەموو شێوەیەک بەشدار بوو.
هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا وای لە پەیمانی ناتۆ کرد کە پێداچوونەوە بە کۆی سیستەمە بەرگرییەکانی خۆیدا بکات بە تایبەت لە بەرەکانی رۆژهەڵاتەوە، بە جۆرێک لە رێچکەی جیوسیاسی تازەدا بگونجێت. لەو سۆنگەیەوە ژمارەی هێزەکانی ئاژنینی خێرا (Rapid deployment force) ی لە ٤٠ هەزارەوە بەرزکردەوە بۆ ٣٠٠ هەزار سەرباز. هەر لە سەروبەندی ئەو شەڕەدا هەریەکە لە سوید و فینلەندا بوونە ئەندامی پەیمانەکە.
پەیوەندی ناتۆ لەگەڵ روسیا و چین:
پەیمانی ناتۆ ساڵانە کۆبوونەوەی گشتی دەکات و ستراتیژی خۆی نوێ دەکاتەوە. بەڵگە نامەی چەمکی ستراتیژی پەیمانەکە (بڕوانە پێگەی رەسمیی پەیمانەکە North Atlantic Treaty Organization) هەندێ زاراوە و چەمک لە خۆ دەگرێت کە جێگای رامانە و ئامانجەکانی ئەو پەیمانە زیاتر روون دەکاتەوە. ئەم بەڵگەنامەیە پێناسە و تێگەیشتنی پەیمانەکە بۆ هەریەکە لە چین و روسیا دەخاتە ڕوو. بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠١٠ روسیا وەکو (هەڕەشەیەکی جددی و راستەوخۆیە بۆ سەر هاوپەیمانانی ناتۆ). سەبارەت بە چین لە رابووردوودا هیچ پێناسەیەکی لەو جۆرەی نەبوو، چونکە وەک هەڕەشە تەماشا نەدەکرا بۆ سەر پەیمانەکە بە تایبەت کە چین لە مێژووی خۆیدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا هەرگیز ئەوەندە خراپ نەبووە کە بچێتە خانەی دوژمنایەتییەوە.
لەمڕۆدا لە بەڵگەنامەکانی ناتۆدا چین وەکو هەڕەشەیەکی مەنهەجی بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپی و ئەتلەسی تەماشا دەکرێت، بە تایبەت لە بوارە ئابوری، سیبرانی و زنجیرەکانی بەرهەم و وزە. هەروەها لەو باوەڕەدان کە چین لە هەوڵی ئەوەدایە سیستەمی نێونەتەوەیی بگۆڕێت و سیستەمێکی تازە لەسەر دیدگای خۆی دروست بکات. لە دوای جەنگی روسیا و ئۆکرانیاوە دیدگای ناتۆ بۆ چین گۆڕانکاری ریشەیی بەسەردا هاتووە و لەو باوەڕەدان سێکوچکەی چین و روسیا و - ئێران ، کۆریا کار بۆ تێکشکاندنی رێساکانی سیستەمی نیودەوڵەتی دەکات.