ئامادەکردن:  دیجتاڵمیدیای بۆردی هۆشیاری

تۆرانیزم یاخود پانتورکیزم[1]  (Panturkisme) کە لە سەدەی نۆزدەدا، لە ژێر کاریگەری بزووتنەوە نەتەوەییەکانی ئەوروپا سەریهەڵدا، بریتییە لە ئایدیۆلۆژیای نەتەوەپەرستیی تورک، ئەو ئایدیۆلۆژیایەی بانگەوازی یەکخستنی هەموو نەتەوەی تورک زمان دەکات. جا ئەو ئایدیۆلۆژیایە لە چوارچێوەی کەلتوری یاخود سیاسیدا بێت.
لەگەڵ گەشەسەندنی هزری ناسیۆنالیستی لە ئەوروپا، تۆرانیزم زیاتر کەوتە ژێر کاریگەری و لاساییکردنەوەی ئەو رەوتە، ئەو کاریگەربوونە تەنها رەهەندە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانی نەدەگرتەوە، بەڵکو دەپەڕییەوە بۆ زمان و وێژەو هونەریش. سەدەی نۆزدە سەدەی سەرهەڵدان وململانێی پانەکان بوو (پانسلاڤیزم، پانتورکیزم، پانهێلینیزم، پانعەرەبیزم، پان ئەرمەنیزم، پانئێرانیزم، پانجەرمانیزم). پان تورکیزم وەک پەرچەکردارێکی پانسلاڤیزم هاتە مەیدان، زۆرێک لە زاراوەکانیشی هەر لەو   وەرگیرابوون. بیرمەندانی ئەو رەوتە لەو باوەڕەدا بوون کە هەموو تورکانی ئەنادۆڵی، ئازەربایجانی،تورکمان، ئۆزبەک، قەرقیز، تاتار. ئەو بەشانەن کە پێکەوەگرێدانیان هێزێکی گەورەی تورکی دەخولقێنێ، باشتر دەتوانێ رکەبەری دراوسێکەی باکوری بکا. سەرەتای هۆشیاری نەتەوایەتی لەناو گروپە تورک نەژادەکانی روسیا هۆکارێکی گرنگ بووە لە پەیدابوونی پانتورکیزم لە کۆتایی خولەکانی ئیمپراتۆریای عوسمانیدا، لە ئەنجامدا  رایگشتی لە کۆماری تورکیادا زۆرتر لەبەر کاریگەری  گلەیی گروپە تورک نەژادەکانی دەرەوەی تورکیا وروژاوە. هەلوەشاندنەوەی یەکیتی سۆڤیەت بووە هۆی دروست بوونەوەی پەێوەندی راستەوخۆی نێوان تورکەکانی تورکیا و خەڵکانی تورک نەژادی کۆمارەکانی پێشووی سۆڤیەت
لەبەر ئەوە بە تەواوەتی روونە کە بۆچی یەکەمین رێبەرانی پانتورکیزم تاتارەکان بوون. تاتارەکان بەر لە هەمووان کەوتبوونە بەر گوشاری مەسیحیبوون و بەروسی کردن. لە دوو ناوچەی روسیادا تۆرانییەت بەهێزبوو ئەوانیش تاتارستان و ناوچەکانی قەفقاسیا بوون.
دەسەڵاتی روسەکان مەسیحی بوون و ناسنامەی روسیان هەبووە، واتە سیاسەتی مەسیحیکردن وروسکردن (سلاڤی کردن) وایکردووە تورک نەژادەکان موسڵمان بوون و تورکبوونی خۆیان خەست بکەنەوە.
پانتورکیزم زۆرترلەبەر کاریگەری گۆڕانی ناسیۆنالیزمی ئەوروپی کۆتایی سەدەی نۆزدە خولقاوە. شکستی تورکەکان لە شەڕی 1877/1878 بەرامبەر بە روسەکان زیاتر هانی دان بەرەو ئەوە بچن.

ئیسماعیل گاسپەرینسکی لە تورکیا بە گاسپرالی دەناسرا (1851-1914)، بە یەکێک لە کەسایەتییە هەرە پێشەنگەکانی ئەم ئادیۆلۆژیایە ناسراوە. تاتارێکە لە گاسپرانی کرێمیا (قرم) لەدایک بووە. لە بوارەکانی زمان و فێرکردن و رۆژنامەوانیدا شارەزابووە. لە روسیاو فەرەنسا و تورکیا، خوێندبووی. ساڵی 1883 بڵاوکراوەی تەرجومانی دەرکرد. یەکەم شت گاسپرالی کاری بۆ دروستکردنی زمانی هاوبەشی تورکی بوو لە نیوان تورک نەژادەکان (لیسانی عمومی). تەرجومان ئەو کاتە لەم کارەیدا زۆر سەرکەوتوو بوو، تیراژی لە ساڵی 1880 گەیشتە 5 هەزار دانە و لە ئاسیای ناوەڕاست و تورکستانی رۆژهەڵاتیش دەفرۆشرا. گاسپرینسکی پانتورکیزم بەمجۆرە پێناسە دەکات (هەوڵدان بۆ یەکخستنی هەموو نەتەوە تورکەکان لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتی سەربەخۆ یان لە دەوڵەتێکی فیدرالیدا، تەنانەت ئەو ناوچە تورکانەی کە تا ئێستا داگیرکراون).
یوسف ئاقچۆرا، یەکێکی ترە لە پێشەنگەکانی ئەم بوارە، لە بڵاوکراوەی (قازان مخبری ــ پەیامنێری قازان) دەربارەی تورکگەرایی راشکاوانەتربوو. کەسێکی زۆر چالاک بوو لە سێ کۆنگرەدا بەشداری کردبوو. یوسف ئاقچۆرا عوسمانیزم و ئیسلامگەرایی رەت دەکردەوە، تورکگەرایی وەک تەنها بواری واقعی ستایش دەکرد. بۆ یەکەمجار ناسیۆنالیزم وەک جێگرەوەیەکی گونجاوی عوسمانیزم بەهۆی ئەمەوە خرایەڕوو.
تۆرانییەکانی تاتارستان و قەفقاسیا دوای شۆشی 1905 داوای جیابوونەوەیان لە روسیا دەکرد و لە ساڵی 1916 یەکەمین یاخیبوونیان لە دژی روسەکان ئەنجامدا. سەرجەمی یاخیبوونەکان بە راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، دەوڵەتی عوسمانی لە پشتیان بووە. ئیسماعیل ئەنوەر پاشا سەرکردەی سوپای عوسمانییەکان لە خۆرهەڵات نەخشەی ئەوەی دانابوو، کە هەموو ناوچە تورکییەکان بخاتە چنگی دەوڵەتی عوسمانی، شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917ی بەهەلزانی و چەندین ناوچەی خستە ژێر رکێفی خۆی، بە تایبەتیش کە جەنگی یەکەمی جیهان لەوپەڕی تەشەنەسەندنی خۆیدا بوو. ئیسماعیل ئەنوەر پاشا بەنیاز بوو دەوڵەتێکی نوێی عوسمانی بەناوی تورکستان دروستبکات و سەمەرقەند بکاتە پایتەختەکەی، بەڵام بەتەواوی شکستی خوارد و لە نزیک دووشەمبێی پایتەختی تاجیکستان بە دەستی سوپای سور لە ساڵی 1922 کوژرا. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر کۆمۆنیستەکان زۆر دژی تۆرانییەکان بوون. لە ساڵی 1921 لە دەیەمین کۆنگرەی حزبی کۆمۆنستی سۆڤێت بە ئاشکرا پانتورکیزم و پانئیسلامی وەک رەوتی لادەر ناودێرکران. سۆڤێت لەدژی تۆرانیزم هەنگاوی زیاتری گرتەبەر، بە داڕشتنەوەی سنوری یەکە ئیداریەکان زەبری زۆری لێدان، وەکو تاکتیک تۆرانییەکان هەندێ جار رەنگی کۆمۆنیستی و مارکسیان بە جوڵانەوەکانی خۆیان دەدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە لێپرسراوان لە مەترسی (کۆمۆنیزمی تۆرانی) بترسن و زیاتر بیخنە تارگێتەوە.
علی حسین زادە (1864-1941) تاتاری، کەسێکی تری ناوداری ئەو بوارە بوو. ساڵی 1907 لە بڵاوکراوەی خۆیدا بەناوی فیوچات (رۆشنگەری)، ئامانجەکانی ناسیۆنالیزمی تورکی لە سێگۆشەی (تورک گەرایی، ئیسلامگەرایی، ئەوروپاگەرایی) پێناسە دەکرد. لە بواری نوسین و ئەدەب و مێژوودا، تۆرانییەکان زۆر چالاک بوون. نەجیب عاسم 1861 -1935  کتێبی پێشەکییەک بۆ مێژوی ئاسیا، تورکەکان و مەغۆلەکانی (لیۆن کاهۆن)ی لە فەرەنسی کردە تورکی و چەند بەشێکی لەسەر تۆرانیزم خستە سەری. شەمسەدین سامی 1805- 1904  فەرهەنگی بەناوبانگی تورکی نوسی. کتێبێکی تربەناوی (ئامانجەکانی پانتورکیزم) کە  نوسەرەکەی دیار نییە، بۆ قوتابیان دانرا و داخوازی زاڵبوونی زمانی تورکیی دەکرد، نەک عەرەبی لە ئیمپراتۆریای عوسمانی. محمد ئەمین یوردای شاعیر (1869-1944)  بە هۆنراوەکانی خۆی بەشداری لە خزمەتکردنی ئەم رەوتە کرد. هۆنراوەی ئەی تورک هەستە لەخەوی نوسی، کە تیایدا هاتووە: (ئەی تورک نەژادەکان ئەی رۆڵەی ئاسن و ئاگر ئەی دامەزرێنەری هەزار وڵات ئەی خاوەنی هەزار تاج).
لە راستیدا دوو هۆکاری گرنگ هەبوون بۆ ئەوەی بیروباوەڕی پانتورکیزم و تۆرانیزم تەشەنە بکات. یەکەمیان چەوساندنەوەی موسڵمانە تورک زمانەکانی ژێر دەستەی روسیا و دواتریش یەکێتی سۆڤێت. دووەمیش بوونی دانیشتوانێکی زۆری تورک زمان بوو لەنێو ئەو جوگرافیایەدا. بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی 1897ی روسیا ژمارەی ئەمانە نزیکەی 13 ملیۆن کەس بوون لە کۆی 125 ملیۆن دانیشتوانی روسیا. ژمارەی ئەم دانیشتوانە بەردەوام لە زیاد بووندا بوو، لە سەرژمێری ساڵی 1979 ی یەکێتی سۆڤێت نزیکەی (43.772.000) موسڵمان لە سۆڤێتدا دەژیان، کە لە ناویاندا 37.203.000 تورکنەژاد بوون. ئەم گروپانە بریتیبوون لە ئۆزبەک، قۆزاق، تاتار، ئازەر، تورکمان، قەرقیز، باشقیر، و حەوت گروپی گچکەش کە هەریەکەیان لە 300 هەزار کەمتر نەبوون.

تۆرانیزم و کوردستانی سور:
بە درێژایی مێژوو کوردستانی سور بەشێکی دانەبڕاو بووە لە کوردستانێکی پەرتەوازەی بێ ناسنامە. ساڵی 951 ز، کاتێک دەوڵەتی شەدادی دامەزرا، بەشی هەرە زۆری ناوچەکە لەژێر دەسەڵاتی کوردا بوو. شەری عوسمانی و روسەکان لە ساڵی 1800-1827 بووە هۆکاری ئەوەی بەشێک لە کوردستان بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی روسەکانەوە، کە ئیتر لەوەو پاش هەر بەو شێوەیە مایەوە. بەدرێژایی ئەو ماوەیە هەتا سەروبەندی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە نێوان دەسەڵاتی تورکمانە ئازەریەکان و روسەکان و ئەرمەنەکان، کوردستانی سور لە ململانێ و کێشەدا بوو. لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، ڤلادیمیر لینین سەرکردەی شۆڕشەکە و یەکەم سەرۆکی یەکێتی سۆڤێت، لە رۆژی 17ی نۆڤێمبەری 1921 نامەیەکی ئاراستەی وەزیری دەرەوەی ئازەربیجان (نەریمان نەریمانۆڤ) کرد، کە خۆی کوردی ناوچەکە بوو و تیایدا داوای لێکرد  هاوکاری کوردەکانی قەوقاز بکات و لە نێوان هەردوو دەوڵەتی ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ناوچەی لاچین دەوڵەتێکی کوردی وەکو لەمپەرێک دروست بکات و کۆتایی بەشەڕی نێوان ئەو دوو لایەنە بێنێت. لینین لە نامەکەیدا فەرمان دەکات بە (بەخشینی 40 ملیۆن رۆبڵ بۆ ئەوانەی کە توشی برسێتی و نەهامەتی بوون لە ناوچەکانی بۆڤۆلجیا و کوردستان). دواتریش هەر بە فەرمانی لینین، سوپای یازدەی سور کە لەناوچەکەدا جێگرکرابوو، بڕیاریدا مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکانی ئەو ناوچەیە دەستەبەر بکات، لە بەر ئەوەشە کە ناوچەکە بە کوردستانی سور ناوی دەبرێت. لە 7ی گەلاوێژی 1923 حکومەت و پارتی کۆمۆنیستی ئازەربیجان بەگوێرەی یاسا مافی ئۆتۆنۆمیان چەسپاند. ناوچەی ئۆتۆنۆم 6210 کیلۆمەتری چوارگۆشەی دەگرتەوەو شاری لاچین پایتەختی بوو، هەروەها حسێن حاجیێف کرا بە سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئەو دەسەڵاتە. لە ساڵی 1926 ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە نزیکەی 250 هەزار کەس مەزەندەکراوە.
هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەو هەرێمە ئۆتۆنۆمە، تۆرانییەکانی ئازەربیجان و قەوقاز نیگەران بوون. بەشێکی بەرچاو لەوان کە بە کۆمۆنیستە تۆرانییەکان ناسراوبوون، لەناو پارتی کۆمۆنیستدا بە رۆژەڤ و بەرنامەی خۆیان کاریان دەکرد، لە سەروهەمووشیانەوە جەعفەر باگیرۆف سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی پارتی کۆمۆنیست. بێگومان ئەم هەڵوێستە راستەوخۆ پەیوەست بوو بە دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکیا و رابەرەکەی مستەفا کەمال، کە بەردەوام داوای لە ئازەرییەکان و یەکێتی سۆڤێت دەکرد ئەو ناوچە ئۆتۆنۆمە هەڵوەشێننەوە، چونکە لە داهاتوودا دەبێتە درێژکراوەی ئەتنی بۆ کوردەکانی ناوخۆی تورکیا. سەرەنجام لە کۆنگرەی هاوبەشی کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤێت، لەسەر فشاری ئازەربیجان و رەزامەندی راستەوخۆی جۆزیف ستالین، لە مانگی ئاپرلی 1929 ناوچەکە هەڵوەشێنرایەوە. هەندێ سەرچاوەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن مستەفا کەمال بە تایبەتی داوای لە ستالین کردووە ئەو ناوچەیە هەڵوەشێنێتەوە چونکە، لە داهاتوودا دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا، ستالینیش بۆ راکێشانی سۆزی تۆرانی و مستەفا کەمال بەوە قایل بووە. شایانی باسە لەو قۆناغەدا تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی سۆڤێت زۆر پتەوتر بوو بە بەراورد لەگەڵ هەر دەوڵەتێکی دیکەی رۆژئاوا. پێدەچێت کوردەکای ئازەربایجان لەناو دامەزراوەی حزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان بەهێز بووبێتن و لایەنگری باشیان هەبووبێت، چونکە دواترو لە ساڵی 1930دا، سەرلەنوێ بڕیاری پێکهێنانەوەی ناوچەی کوردستان دراو شاری لاچین کرایەوە بە پایتەختی[2].
دوا بەدوای ئەم بڕیارە تۆرانییەکان و تورکیا بەردەوام بوون لە فشارەکانی خۆیان و کارێکیان کرد کە بڕیارەکە جێبەجێ نەکرێت. دیارە لاوازی و پەرتەوازەیی کورد لە لایەک و هەستی فراوانخوازی ئەرمەنییەکان لە لایەکی دیکە، هۆکارێکی تر بوون بۆ پوچەڵبوونەوەی ئەو بڕیارە. بۆ دواجار و لە سەروبەندی هەڵوەشاندنەوەی سۆڤێت وەکیل مستەفاییف هەوڵی دامەزراندنەوەی کوردستانی سوری دا، بەڵام دووبارە ئەرمەنی و ئازەرییەکان رێگر بوون و سەرەنجام وەکیل مستەفاییڤ کۆچی کرد بۆ ئیتالیا و لە تاراوگە سەری نایەوە.

تۆرانیزم لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا:
لە بیست و پێنج ساڵی سەرەتای سەدەی بیستەمدا چەند کەسێک هەوڵیاندا لێکدانەوە بۆ تۆرانیزم و  پانتورکیزم بکەن و بە سیستەماتیکی بکەن. یەکەمین کەس کە لە رووی میتۆدەوە لە مەسەلەکەی کۆڵییەوە زیاگوگ ئاڵپ بوو. هەندێ لە شوێنکەوتووانی بە مامۆستای پانتورکیزمیان لە تورکیا دەزانی. سەرەتا یەکێک لە لێپرسراوانی تورکیای لاو بوو[3] لە ساڵی (1908-1918) ئەندامی ئەنجومەنی  ناوەندی کۆمیتەی تیتحاد و تەرەقی بوو، پاشان یەکێک بوو لە لایەنگرانی مستەفا کەمال و بزوتنەوەکەی. لەکۆمەڵە شعرێکا بەناوی قزل ئاڵما (سێوی سور) یاخود سێوی زێڕین کە زاراوەیەکی وەرگیراوە لە ئەفسانە کۆنەکانی تورک، بانگەوازی ئاشکرای بۆ پانتورکیزم کردووە. لە شعری (تۆران) دەڵێت (بۆ تورکان نیشتمان نە تورکیایە نە تورکستان نیشتمان وڵاتێکی گەورە و نەمرە ... تۆران) زۆربەی وتارەکانی باسی لەناو بردنی روسیا و شکۆمەندیی ناسیۆنالیزمی تورکی دەکرد. لە کێتبەکەی خۆیدا ساڵیک بەر لەمردنی بەناوی بنەماکانی تورکیزم دید و بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی پانتورکیزم و ناسیۆنالیزمەوە دەربڕیوە.
سەرەتای سەدەی بیستەم، قۆناغێکی پڕ نەهامەتی بوو بۆ تۆرانییەکان، لە لایەک شۆڕشی بەلشەفیکی روسیا سەرکەوت و یەکێتی سۆڤێت دامەزرا، لەلایەکی تریشەوە ئیمپراتۆریای عوسمانی کە بە پیاوە نەخۆشەکە ناوی دەرکردبوو، لەناوچوو. لەجەنگی یەکەمی جیهاندا دەوڵەتی عوسمانی هاوپەیمان بوو لەگەڵ ئەڵمانیا. هۆکاری ئەم هاوپەیمانییەش لە خۆڕا نەبوو، بەڵکو تۆرانییەکان لەو باوەڕەدا بوون ئەگەر لەگەڵ ئەڵمانەکاندا پێکەوە شەڕی روسیا بکەن، ئەوە خەونی لە مێژینەیان دێتەدی. بەسەرکەوتنی هاوپەیمانەکان لەشەڕدا ئیمپراتۆریای عوسمانی لەبەریەک هەڵوەشاوەو پانتاییەکی یەکجار زۆری دەسەڵاتی خۆی لەدەستدا. پەیمانی سیڤەر لە ساڵی 1920 دووا بزمار بوو لە تابوتی ئیمپراتۆریای عوسمانی دراو تۆرانییەکان و نەتەوە پەرستەکانی تورکیای خستە بەردەم کاردانەوەیەکی زۆر و لە ئاکامدا جەنگی سەربەخۆیی تورکیا بە رابەرایەتی مستەفا کەمال هەڵگیرسا. پەیماننامەی لۆزان لە مانگی گەلاوێژی 1923 کۆتایی بەهەموو ئاڵۆزییەکانی تورکیا هێنا و سەرەنجام لە ئۆکتۆبەری 1923 کۆماری تورکیا دروستکرا.

تۆرانیزم و کۆماری تورکیا:
کۆماری نوێ دەوڵەتێک بوو لەسەر بنەمای سکیولاریزم دامەزرا، هەموو بنەما و پاشخانەکانی خەلافەتی رەتکردەوە. بەشی هەرە  زۆری فکری تۆرانییەکان لەسەر بنەمای یەکێتی ئیسلامی (ئایین)، یەکێتی تورکی (خوێن)، یەکێتی عوسمانی (جوگرافیا) دامەزرابوو. دوای دروستبوونی کۆمار فەلسەفەی سیاسی وڵات گۆڕانکاری بەسەردا هات و بنەماکانی تۆرانیزم کەوتە بەر دەم واقعێکی نوێ، کە دەبوو خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێت، بۆیە لە قۆناغی نوێدا تۆرانیزم ناسیۆنالیزم و رەگەز پەرستی کردە بنەمای سەرەکی کارەکانی. دەوڵەتی نوێ لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا، بە تەواوی لە دژی تۆرانیزمی کلاسیک هەنگاوی دەنا، بەڵام لە هەناوی خۆیدا زۆر بە توندی لەگەڵ بنەمای ناسیۆنالیزم و رەگەزپەرستی بەتەواوی هاوجوت دەبوو. لە سەردەمی ئەتاتورکدا ئاماژەکردن بۆ جیهانی تورکی قەدەغە بوو. دەوڵەتی نوێ بەچاوێکی خراپ دەیڕوانییە ئەو چەمکە، چونکە لەو باوەڕەدا بوو هەر جۆرە ئاماژەکردنێک بۆ ئەو پرسە دەبێتە هاندەرێک بۆ بزوتنەوە تۆرانی و پانتورکیستەکان و عوسمانگەراکان. مستەفا کەمال هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ هێشتنەوەو پاراستنی ناوچەی دڵ(Hartland) بوو لە پاشماوەی ئیمپراتۆریای عوسمانیی داڕماو، هیچ ئاسۆیەکی بۆ دەرەوەی ئەو ناوچەیە نەهێشتەوەو ئاسیای ناوەڕاستی پشتگوێخست، هەموو تواناکانی خۆی بۆ ناوچەی ئەنادۆڵ خستەگەڕو تورکیای ئەمڕۆی دروستکرد.
تۆرانییەکان لە قۆناغی نوێدا زیاتر بەرەو کاری نهێنی و مۆدێرن هەنگاویان دەنا. یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە گرنگەکانی ئەم قۆناغەش ئەوە بوو کە ئاراستەی تۆرانیزم بە پێچەوانەی جارانەوە کەوتەوە. تۆرانیزم پێشتر کە زیاتر ئەندێشەی تورکەکانی دەرەوەی سنورەکانی تورکیا بوو، لەمڕۆدا بە تەواوی لەناو سنورەکانی کۆماردا کاری دەکرد و رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر خۆی دەخستە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت. لەو دیو سنورەکانیشەوە بە تایبەت لە نێو یەکێتی سۆڤێت، تۆرانیزم بە تەواوی کپ کرابوو، دەتوانین بێژین تۆرانیزم لە قۆناغی چەقبەستنی خۆیدا بوو.
لە ناوخۆی تورکیادا ئۆجاقەکان (سەنتەرەکان) دروستکران، ئۆجاقەکان زیاتر وەک رێکخستنی نهێنی کاریان دەکرد و رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبوون. ساڵی 1930 لە ناوخۆی تورکیا 257 ئۆجاق هەبوو کە ئەندامەکانی 32 هەزار کەس بوون. سەرۆکی ئەو دەمەی تورکیا عیسمەت ئینونو کە پاش ئەتاتورک هاتبووە سەرکار، لە وتەیەکی خۆیدا ئاماژە بۆ مەترسییەکانی ئەم رەوتە دەکات و بەهەڕەشەیان ناو دەبات بۆ سەر ئایندەی کۆماری تورکیا و پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئاسایشی ناوخۆی وڵات. بۆیە دواتر و لە رۆژی 3ی مانگی مەی 1944 بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکانی تۆرانییەکان لەناو دامەزراوەی دەوڵەت کە 23 کەس بوون دەستگیر کران.

تۆرانیزم لە سەروبەندی جەنگی دووەمی جیهانیدا:
دەتوانین جەنگی دووەمی جیهانی بە یەکێک لە قۆناغە جیاکەرەوەکانی فکری تۆرانیزم ئەژمار بکەین. لەم قۆناغەدا توند بوونەوەی ململانێکان لە خزمەت تۆرانییەکاندا کەوتەوە. بزوتنەوەی چەپ لە تورکیا بە پشتیوانی یەکێتی سۆڤێت رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر برەوی دەسەند و سەرهەڵدان و یاخیبوونەکانی کوردیش هەڕەشەی جدی و ناوبەناویان بۆ کۆمار دروست دەکرد. ئەم دوو رەگەزەی ململانێ هۆکاری راستەوخۆ بوون بۆ ئەوەی کە تۆرانییەکان بتوانن بەردەوام دوژمنی راستەقینە بۆ خۆیان بدۆزنەوە، بۆیە تا دەهات زیاتر خۆیان سیستەماتیک دەکرد. ساڵی 1946 بڕیاری فرە حزبی لە تورکیا پەسەند کرا. ساڵی 1948 یەکەم بزوتنەوەی سیاسی و حزبیی فاشستەکانی تورکیا بەناوی پارتی گەل (Millet Partisi) راگەیەندرا. مارشاڵ فەوزی چەقماق کرا بە سەرۆکی فەخریی ئەو پارتە و عوسمان بلوک باشی کرا بە سەرۆک و بەرپرسی یەکەمی پارتەکە. ساڵی 1954 ئەم پارتە لە لایەن حکومەتی عەدنان مەندەریسەوە داخرا، بۆیە دواتر ئەم پارتە لەگەڵ تورکەشچییەکاندا پارتی کۆماری نەتەوەیی جوتیاران (I Koylu partisi-CKMPçCumhuriyet) یان دروستکرد. بەرپرسی ئەم پارتە سەرکردەیەکی تۆرانییەکان بوو بە ناوی کۆلۆنێل ئالپ ئارسلان تورکەش و دوای چەندین گۆڕانکاری و رووداو، لە کۆتایی شەستەکاندا ئەم پارتە گۆڕا بۆ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی مەهەپە (Miliyetçi Hareket Partisi) کە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە.
لێرەدا گرنگە ئاماژە بە خاڵێکی وەرچەرخان بکەین لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە، کە ململانێ لە نێوان بلۆکی خۆرهەڵات و خۆرئاوا زۆر بە توندی بووە هۆی سەرهەڵدان و بەهێزبوونەوەی تۆرانییەکان. ساڵی 1952 لە پێناو پاراستنی سنوری رۆژهەڵاتی ئەوروپا، تورکیا کرا بە ئەندامی پەیمانی ناتۆ، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی کە تۆرانییەکان بتوانن لە ژێر پاساوی دژایەتی سۆڤێت و راگرتنی شاڵاوی کۆمۆنیزم بە توندی جێگەی خۆیان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بچەسپێنن، وێرای ئەوەش حزبی سیاسییان بۆ خۆیان دروست کرد و بەردەوام پێ بەپێی روداوەکان هەنگاویان دەنا. هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤێت و دروستبوونی پێنج کۆماری سەربەخۆی تورکی زمان کە رووبەڕەکەیان 1.542.000 میلی چوارگۆشە بوو هەروەها 56 ملیۆن دانیشتوانیان هەبوو، فاکتەرێکی گرنگ بوون بۆ بووژاندنەوەی فکری تۆرانیزم لە تەواوی کۆمارە تازە سەربەخۆکانی سۆڤێتی جاران. تێڕوانینی پانتورکیزمانە سەبارەت بە رۆلی تورکیا وەک برای گەورە وەک نەزمێکی نوێ تۆرانیزم پەیڕەوی کرا، لەم قۆناغەدا باس لە پێکهێنانی تورکیای مەزن و پرۆژەی دامەزراندنی وەزارەتی جهیانی تورک و زیندووکردنەوەی تورکیا وەک ئیمپراتۆریا باسی دەکرا.
تۆرانیزم لە مێژوودا جێگەی نیگەرانیی روسیا بووە. لە مڕۆدا کە روسیا تا ڕادەیەکی باش هەستاوەتە سەر پێیەکانی خۆی و سیاسەتەکانی فلادمیر پۆتن کار بۆ گێڕانەوەی رۆڵی جەمسەرگیری روسیا دەکات. روسیا لە رووی جیوپۆلەتیکەوە هەوڵ دەدات هەژموونی تەواوی خۆی لە قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست بپارێزێت، لێسەندنەوەی نیمچە دورگەی کرێمیا و دابڕینی لە ئۆکرانیاو لکاندنەوەی بە روسیاوە، باشترین بەڵگەیە، وێرای ئەوەش روسیا کۆ لە هیچ هەڵمەتێکی سەربازی و داگیرکردنێکیش ناکاتەوە ئەگەر پرسەکە هەڕەشەبێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، وەک ئەوەی لە چاچانستان و ئۆکرانیا ئەنجامیدا. بۆیە تورکیاش و کۆمارە موسڵمانەکانیش ناخوازن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ روسیا بە تەواوی تێکبدەن. هەژموونی بەهێزی روسیا بەسەر کۆمارە موسڵمانەکانەوە هەمیشە توانیویەتی پەیوەندی ئەوان لەگەڵ تورکیا بەرتەسک بکاتەوە، بەمجۆرە خەونی تۆرانیزم و پانتورکیزم لە فەرهەنگی سیاسی ئەمڕۆدا تەنها وەک خەونێک دەمێنێتەوەو نایەتە دی.


[1]-لە نێوان تۆرانیزم و پانتورکیزمدا وێکچوون و تێکەڵاوی هەیە. تۆرانیزم زیاتر لایەنی ئایدیۆلۆژیی پانتورکیزم دەگرێتەوە.  تۆران ناوچەیەکی خەیاڵیی جوگرافییە کە لە کۆندا دەسەڵاتدارانی تورکستان و ئوبەک و تاتار و مەنگۆل بۆ پانتایی جوگرافیی خۆیان بەکاریانهێناوە. لە دوای سەرهەڵدانی  ناسیۆنالیزم، تۆرانیزم گەشەی کردووە بۆ پانتورکیزم. لەمڕۆدا تۆرانیزم و پانتورکیزم وێرای جیاوازییەکانیان بە یەک مەبەست بەکار دێن.


[2] لە دوای هەرەسی کۆماری مەهاباد، حزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان رۆڵیکی زۆر گرنگی گێڕا لە جاڕدانی دەوڵەتی کوردی لە تاراوگە. ئەم دەوڵەتە کە سۆڤێت  دروستی کرد و هیوایەکی زۆری لەسەر هەڵچنیبوو، لە لایەن مەلا مستەفاوە راستەوخۆ لەبار برا.  
٣-کۆمەڵەی تورکیای لاو (گنج تورکلار) سەرەتا بزوتنەوەیەکی ریفۆرمخواز بوو کە خویندکارانی سەرباز لە ساڵی 1889 لە دژی سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم دروستیانکرد،  دواترو لە دروست بوونی رێکخراوی ئیتحاد و ترقی لە ساڵی 1908 زوربەی ئەندامەکانی تەڤلی بوون.


 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved