چەمکی پرۆلیتاریا لە فەلسەفەی مارکسیزمدا
ئامادەکار: میهران عەبدوڵڵا محەمەد
پرۆلیتاریا زاراوەیەکە لە فەلسەفەی مارکسیزم و تیۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئاماژەیە بۆ چینێکی کۆمەڵایەتی، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کرێکاران یان ئەو کەسانە پێکهاتووە کەوا خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی (وەک کارگە و زەوی و ئامێرەکان) نین. هەروەها هێزی کاری خۆیان دەفرۆشن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان و کارەکانیشیان بەندە بە خاوەن سەرمایەکانەوە.
پاشخانی مێژوویی:
زاراوەی پرۆلیتاریا لە سەردەمی ڕۆمای کۆنەوە کەوتووەتەوە، ئاماژەیە بۆ چینێکی دانیشتووان، کە تاکە موڵک و ماڵی ئەوان منداڵەکانیان بووە (ئەوکاتە بە "پڕۆلێس" ناسراون) و هەر بۆیەش نەیانتوانیوە ببنە خاوەنی زەوی یان موڵک و ماڵی دیکە. بەڵام لە دونیای مۆدێرندا ئەم دەستەواژەیە ئاماژەیە بۆ چینی کرێکاری پیشەسازی، کە لەژێر هەلومەرجی سەرمایەداریدا دەژین.
چەمکی پرۆلیتاریا لە مارکسیزمدا:
کارل مارکس و فریدریش ئێنگڵس ئەم دەستەواژەیەیان بەکارهێناوە بۆ وەسفکردنی چینێک لە مرۆڤەکان کە لە سیستەمی ئابووری سەرمایەداریدا، کارەکانیان بە توێژی بۆرژوازی  و سەرمایەدارەکان دەفرۆشن و ناتوانن لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا خاوەندارێتی بەرهەمەکان بکەن. بە واتایەکی تر پرۆلیتاریا چینێکە، کە خاوەنی هیچ ئامرازێکی بەرهەمهێنان نین و تەنها بە کارکردن بۆ ئەوانی تر (کە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانن) دەژین.
تایبەتمەندییەکانی پرۆلیتاریا:
١. نەبوونی خاوەندارێتی لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان: پرۆلیتاریاکان ئەوانەن کە بەهۆی نەبوونی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە، ناتوانن بە تەنهایی خۆیان بەرهەم بهێنن و بەندن بە فرۆشتنی هێزی کاری خۆیانەوە.
٢. پشتبەستن بە حەقدەست و کرێی کار: پرۆلیتاریا بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی، ناچارە هێزی کاری خۆی بە سەرمایەدارەکان و بورژوازەکان بفرۆشێت.
٣.لاوازی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی: لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، پرۆلیتاریا بە گشتی لە پێگەیەکی ئابووری و سیاسی لاوازتردایە، چونکە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا دەسەڵاتی ئابووری و بڕیاردانیان نییە.
٤ .کرداری بەکۆمەڵ و هۆشیاری چینایەتی: مارکس و ئێنگڵس پێیان وابوو پرۆلیتاریا وردە وردە هۆشی چینایەتی بەدەست دەهێنێت. ئەم هۆشیارییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کاربکەن بۆ گۆڕینی ئەو سیستەمە ئابووری و کۆمەڵایەتیەی وا بووەتە هۆی ئیستغلالکردنیان.

مارکس و شۆڕشی پرۆلیتاریا:
کارل مارکس و فریدریش ئێنگڵس لە "مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست" دا لەساڵی (١٨٤٨) جەختیان لەوە کردووەتەوە؛ لە سیستەمی سەرمایەداریدا ململانێی سەرەکی کۆمەڵگە لەنێوان بۆرژوازی و سەرمایەدارەکان لەلایەک و پرۆلیتاریا (کرێکاران) لەلایەکی ترەوە دایە. مارکس پێی وابوو ئەم ململانێیە دواجار دەبێتە هۆی شۆڕشێک، کە تیایدا پرۆلیتاریا دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرێت و سیستەمی سەرمایەداری دەڕوخێنێت. ئەم شۆڕشە دەتوانێت ببێتە هۆی بەدیهاتنی کۆمەڵگەیەکی بێ چینە کۆمەڵایەتییەکان (کۆمۆنیزم).

جیاوازی نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازی:
-  بۆرژوازی: ئەو چینە کۆمەڵایەتییەیە کە خاوەنی زەوی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانە. بەمشێوەیە کاری ئەوانی دیکە لە بەرژەوەندی خۆی بەکار دێنێت. سەرمایەدار و خاوەن کارگە و زەوی و کۆمپانیا لە هەناوی چینی بۆرژوازیەوە دێنەئاراوە.
- پرۆلیتاریا: چینێکە خاوەنی هیچ ئامرازێکی بەرهەمهێنان نییە و بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانی خۆی، هێزی کاری خۆی بە بۆرژوازی دەفرۆشێت. هەروەها بەهۆی زەوتکردنی بەرهەمەکەی و ئیستغلالکردنییەوە، نامۆ دەبێت.

پرۆلیتاریا و شۆڕش:
بە بڕوای مارکس، پرۆلیتاریا بە هۆی ئەو ئیستغلال و چەوساندنەوەی کە لە لایەن بۆرژوازییەوە ئەزموونی دەکات، سەرەتا نامۆ دەبێت و پاشان وردە وردە هۆشیاری چینایەتی بەدەست دەهێنێت. لە کۆتاییدا ناچار دەبێت شۆڕشێک بۆ ڕووخاندنی سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی بێ چینایەتی (کۆمۆنیزم) دەستپێبکات. لەم کۆمەڵگەیەدا ئامرازی بەرهەمهێنان دەکەوێتە بەردەستی کۆمەڵگە و بەرهەمهێنان لەسەر بنەمای پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت نەک قازانجی کەسی.

ڕەخنە و گفتوگۆی هاوچەرخ:
لە سەدەکانی دواتردا زۆرێک لە تیۆریستەکان و چالاکانی سیاسی، مشتومڕیان لەسەر بیرۆکەکانی مارکس سەبارەت بە پرۆلیتاریا و شۆڕش کردووە. بۆ نموونە:
- لە سیستمە سۆسیالیستییەکاندا: دوای شۆڕشەکانی وەک شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 لە ڕووسیا، کە بەڵێنی سەرهەڵدانی پرۆلیتاریای دا بۆ سەر دەسەڵات، زۆرێک لە وڵاتان هەوڵیاندا بیرۆکە مارکسیستییەکان جێبەجێ بکەن، بەڵام لە کردەوەدا ئەنجامێکی جیاوازیان هێنایە کایەوە. لەم وڵاتانەدا بیرۆکەی مارکسیستی بە کردەوە گۆڕا بۆ دیکتاتۆری حزبی و حکومەتی تاک حزبی و ڕەخنەی زۆریش لە چۆنیەتی جێبەجێکردنیان گیرا.

سەرچاوە سەرەکییەکانی فەلسەفەی مارکسیزم:
1. کارل مارکس و فریدریش ئێنگڵس لەساڵی 1848 دا کتێبی "مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست" یان نووسی. ئەم بەرهەمە یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمی فەلسەفەی مارکسیزم، کە تیایدا کارل مارکس و ئێنگڵس بۆ یەکەمجار و بە وردی باسیان لە چینە کۆمەڵایەتییەکان (لەوانەش پرۆلیتاریا و بۆرژوازی) کرد و بیرۆکەی خۆیان سەبارەت بە شۆڕش و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان خستەڕوو. لەم کتێبەدا مارکس و ئێنگڵس لەپاڵ بابەت و شتەکانی تردا، داوا لە پرۆلیتاریا دەکەن هەنگاوی کرداری بنێن بۆ ڕزگاربوون لە چەوسانەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی.

پڕۆلیتاریا و نووسەرانی سەرەکی مارکسیزم:
 کارل مارکس (Karl Marx) 
مارکس دامەزرێنەری فەلسەفەی مارکسیزمە و شیکاری قووڵی چینە کۆمەڵایەتییەکان و مێژوو و ئابووری سیاسی و سیستەمی بەرهەمهێنانی پێشکەش کردووە. چەمکی پرۆلیتاریای وەک چینێک ناساند، کە هێزی کاری خۆیان بە سەرمایەدارەکان دەفرۆشن و هیچ خاوەندارێتییەکی لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا نییە.
 فریدریش ئێنگڵس (Friedrich Engels) 
ئێنگڵس هاوکارێکی نزیکی مارکس بووە و پەرەی بە چەندین بابەتی مارکسیزم داوە. بە تایبەتی لە بەرهەمەکانی خۆی وەک: (مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست) بە هاوکاری مارکس و لە کتێبی (دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا) لەسەر بارودۆخی پرۆلیتاریا لە وڵاتانی پیشەسازی و شیکردنەوەی بارودۆخی ژیانی چینی کرێکاردا چالاک بوو.
کارل مارکس و فریدریش ئێنگڵس لە کتێبی "ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی"دا (The German Ideology)  وەک یەکێکە لە بەرهەمە سەرەتاییەکانی فەلسەفەکەیان، ئایدۆلۆژیای فەلسەفی و مێژوویی بە تەواوی شی دەکەنەوە. ئەم کتێبە بە تایبەتی ڕەخنەیە لە فەلسەفە و سیستمە ئایدۆلۆژییەکانی ئەو سەردەمە و بۆچوونەکانی فەیلەسووفی ئەڵمانی ولهێلم فریدریش هیگڵ دەداتە بەر نەشتەری رەخنە.
لە کتێب و فەلسەفەکەیاندا، مارکس و ئێنگڵس ڕوونی دەکەنەوە کە چینە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت پرۆلیتاریا، نەک تەنها لە سیستەمی ئابووریدا، بەڵکو لە بەرهەمهێنانی ئایدۆلۆژیای کۆمەڵایەتی و کولتووریشدا ڕۆڵ دەگێڕن. بە تایبەتی ئەم کتێبە ئاماژەیە بۆ چەمکی ماتریالیزمی مێژوویی کە بەپێی ئەو چەمکە مێژووی مرۆڤایەتی تا ڕادەیەکی زۆر بە ململانێی چینایەتی لە قاڵب دەدرێت.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە پرۆلیتاریا وەک هێزێکی کاری ئیستغلالکار و قوربانی سیستەمی سەرمایەداری دەناسێنرێت. مارکس ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن چینی کرێکار لە ژێر فشاردایە بۆ بەرهەمهێنان و کارکردن لە کارگەکاندا، هەروەها چۆن ئەو بەهای بەرهەمهێنانەی کە کرێکاران دروستی دەکەن لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە خۆبەدەستەوە دەگیرێت.
٣. لیۆن ترۆتسکی  (Leon Trotsky): لە کتێبی مێژووی شۆڕشی ڕووسیا" (History of the Russian Revolution). بە وردی باس لە ڕووداوەکانی شۆڕشی ڕووسیا لەساڵی ١٩١٧ دەکات. ترۆتسکی کە یەکێک لە سەرکردە سەرەکییەکانی شۆڕشی بەلشەفییەکان بووە، لەم کتێبەدا بەدواداچوون بۆ ڕۆڵی پرۆلیتاریا و کرێکاران لە شۆڕشدا دەکات و روانینێکی وردی پێشهاتەکانی ئەو سەردەمە دەخاتەڕوو. هەروەها باسی ئەو کێشە و ئاڵنگاریانە دەکات، کە شۆڕش ڕووبەڕووی بووەوتەوە. ئەم کتێبە وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی و شیکاریی لەسەر شۆڕشی ڕووسیا ناسراوە و لەلایەن زۆرێک لە بیرمەندان و مێژوونووسانی مارکسییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.
هەروەها لە کتێبی: " بەرگری لە شۆڕشی هەمیشەیی"  (The Permanent Revolution) ترۆتسکی باس لە چەمکی "شۆڕشی هەمیشەیی" کردووە. ئەو پێی وابوو شۆڕشە سۆسیالیستییەکان ناتوانرێت لە یەک وڵاتدا قەتیس بکرێن و دەبێت لە ئاستی جیهانیدا بڵاوببنەوە بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن. ڕەخنەی لە ستالینیزم و سیاسەتەکانی حزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەت لە سەردەمی ستالین گرت. هەر لەو سۆنگەیەوە ئەم کتێبە بناغەی یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی تیۆری شۆڕشی مارکسیستی بوو.
٤. دەیڤید هارڤی (David Harvey) لە کتێبی: "پێشەکییەک بۆ ڕەخنە لە ئابووری مارکس"یدا (A Companion to Marx's Capital) ڕێنماییەکی گشتگیر بۆ تێگەیشتن لە "سەرمایە"ی مارکس دەخاتەڕوو. هارڤی لەم کتێبەدا چەمکە جۆراوجۆرەکانی مارکس باس دەکات و لە چوارچێوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی هاوچەرخدا شییان دەکاتەوە.
٥. ئەنتۆنیۆ گرامشی  (Antonio Gramsci) : لە کتێبی "دەفتەرەکانی زیندان"دا (Prison Notebooks) ڕۆڵی ئایدۆلۆژیا لە کۆمەڵگەدا و کاریگەرییەکانی لەسەر پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان شی دەکاتەوە. ئەو چەمکی "هیژمۆنی" پێشنیار دەکات، کە بە واتای هەژموونی کولتووری و ئایدیۆلۆژی چینە دەسەڵاتدارەکان بەسەر چینە ژێردەستەکاندا دێت. هەروەها گرامشی شیکاری بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئیتالیا و گرنگی خەباتی کولتووری بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەکات.
٦. ژان پۆڵ سارتەر لە کتێبی "ئێگزیستانسیالیزم مرۆڤگەراییە"دا (Existentialism Is a Humanism) باسی فەلسەفەی بوونگەرایی خۆی دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە مرۆڤ ئازادە لەسەر بنەمای ئیرادەی خۆی بڕیار بدات و هەڵبژێرێت. سارتەر بەتایبەت لە بەرهەمەکانیدا مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکات، جەخت لەسەر بەرپرسیارێتی تاک دەکاتەوە لە هەڵبژاردنە کۆمەڵایەتییەکاندا. بە تایبەتی گرنگی بە ڕۆڵی پرۆلیتاریا دەدات لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved