بەشداریی بەردەوامی قوباد تاڵەبانی لە كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی، تەنها بەشدارییەكی پرۆتۆكۆڵی نییە و نوێنەرایەتییەكی ئاسایی نییە، بەڵكو گوزارشت و هێمایە بۆ داڕشتنی دیپلۆماسیەتێكی مۆدێرن و هاوچەرخ، كە تیایدا ئابووری و سیاسەت و ئاسایش و تەكنۆلۆژیا پێكەوە گرێدەدرێن. لەم سەكۆ جیهانییەدا، قوباد تاڵەبانی، وەك ئەندازیارێكی پەیوەندییەكان، توانیویەتی سنوورە تەقلیدییەكانی دیپلۆماسیەت تێپەڕێنێت و پرسی كورد لە ناوچەیەكی جێناكۆكەوە بگۆڕێت بۆ هاوبەشێكی ستراتیژی لە بوارەكانی وزە، ژینگە و تەكنەلۆژیادا، ئەم جووڵە دیپلۆماسییەی لە لووتكەی دێڵفی خۆی بەرجەستەكرد، نیشانەی تێگەیشتنێكی قووڵە بۆ هاوكێشە نوێیەكانی جیهان، كە تیایدا هەرێمی كوردستان لەڕێگەی لۆژیكی ئابووری و دیالۆگی كراوەوە، پێگەی خۆی لە نەخشەی سیاسیی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر و جێگیرتر دەكات.
ئەوەی لە (11)یەمین كۆڕبەندەكەدا بەدیدەكرا، جووڵەی دیپلۆماسیانەی قوباد تاڵەبانی بوو، كە هەڵگری تەنها دیپلۆماسیەتی ئابووری و پتەوكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان نەبوو لەگەڵ وڵاتی خانەخوێ (یۆنان) و بەشداربووانی دیكە، بەڵكو توانی لەڕێگەی پانێڵێكی رەسمییەوە و لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەدا، جووڵەیەكی فراوانی دیپلۆماسی لەگەڵ كەسایەتییە دیارەكانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بكات و پەیامی (سیاسی، ئەمنی، تەندروستی، ژینگەیی، گەشتوگوزار، تەكنەلۆژی و.. هتد) بگەیەنێتە لایەنە پەیوەندیدارەكان و بەرسڤی لایەنە پەیوەندیدارەكانیش لەسەر ئەو بوارانە بۆ هەرێمی كوردستان بەدەستبهێنێت، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتی یۆنان، كە پێگەی پەیوەندییە هەمەجۆرەكانی لەگەڵ هەرێم، دەگاتە ئاستێكی فراوانتر و بەهێزتر. 
لەو كۆڕبەندەدا، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، توانی لەچوارچێوەی دیپلۆماسیەتێكی فرەڕەهەند و هاوسەنگدا، سەرنجی بەشداربووان بۆ هەرێمی كوردستان رابكێشێت لەسەر بنەمای هاوسەنگكردنی پەیوەندییەكان لەپێناوی:
-راكێشانی وەبەرهێنەران بۆ هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی كەرتی بازرگانی و دروستكردنی پەیوەندییەكی هاوسەنگی ئابووری.
-زیاتر ناساندنی هەرێم وەك هاوبەشێكی سەرەكی لە بواری ئابووری و نەوت و گاز و بوارەكانی دیكەدا.
-ناساندنی وێنەی باشی هەرێم بە جیهان و فەراهەمكردنی متمانەی نێودەوڵەتی لەسەر هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشە ئابووری و ئەمنییەكانی ناوچەكە لەڕێگەی دانوستانەوە.
-گەیاندنی پەیامی ئاشتیی هەرێمی كوردستان و بێلایەنی بەرامبەر بە جەنگی ئەمریكا و ئێران و پشتگیریكردن لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا.
-سوودوەرگرتن لە ئەزموونی حوكمڕانی لە وڵاتی یۆنان و بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدانی زنجیرەیەك دیدار لەگەڵ بەرپرسە سەرەكییەكانی ئەو وڵاتە لەوانە: (جێگری سەرۆك وەزیرانی یۆنان، وەزیری دەرەوە، وەزیری وزە و ژینگە، وەزیری حكومڕانیی ئەلیكترۆنی و زیرەكی دەستكرد، وەزیری تەندروستی) و چەند بەرپرسێكی دیكە.
دیدگای قوباد تاڵەبانی لە دێڵفی، جەختكردنەوە بوو لەسەر ئەو راستییەی، كە ئارامیی ناوچەكە بەستراوەتەوە بە سەقامگیریی ناوخۆی هەرێم و هێزی دامەزراوەكانی، لەم چوارچێوەیەشدا، یەكێتی وەك كارەكتەرێكی ستراتیژی و میانڕەو، نەك تەنها وەك پارێزەری هاوسەنگییە سیاسییەكان، بەڵكو وەك بزوێنەری چاكسازی و دیالۆگی نیشتمانی دەردەكەوێت، كە ئامانجی سەرەكی؛ دوورخستنەوەی هەرێمە لە ناوچەیەكی پڕ لە ململانێوە بۆ سەنتەرێكی گەشەسەندووی ئابووری و سیاسی، كە جێگەی متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت.
ئەم پێگەیەی یەكێتی لەسەر ئاستی عیراق، رەنگدانەوەی ئەو راستییەیە، كە هێزە سیاسییە جیاوازەكان، چ لە بەغدا و چ لە ناوچەكانی تری عیراق، یەكێتی وەك زمانێكی هاوبەش و نیوەندگیرێكی ژیر دەبینن، ئەم رێزگرتنەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە یەكێتی توانیویەتی لە قەیرانە قووڵەكاندا وەك جەمسەرێكی هێمن كێشەكان بەرەو دیالۆگ ببات، نەك پێكدادان و بەردەوام پارێزگاری لەو بنەما نیشتمانیانە كردووە كە بەرژەوەندییە باڵاكان دەپارێزن، ئەمەش وایكردووە دیدگای یەكێتی ببێتە مەرجەعێكی سیاسیی گرنگ بۆ هەر جۆرە رێككەوتن و سەقامگیرییەك لە تەواوی عیراقدا.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved