یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان قۆناغی یەكەمی بانگەشەی هەڵبژاردن بەپێی ئەو پلانەی كە پێشتر دارێژرابوو، بەشێوەیەكی سەركەوتووانە بەڕێكرد و پێی نایە ناو قۆناغی دووەم. لە قۆناغی یەكەمدا میدیای یەكێتیی وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی لە روماڵی سەنگین و گوتاری میانڕەو، خۆی دورە پەرێز گرت لە وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەت و تەشهیر و پەیامە چەواشەكارییانەی كە هەندێ لایەنی سیاسی خەون و خەیاڵی خۆیان لەسەری هەڵچنیەوە، بەپێچەوانەوە بنەما و پنتی سەرەكی كاركردنی راگەیاندن لەژێر رۆشنایی یەكەم پەیامی سەرۆك بافڵ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێكردو شیكردنەوە و خستنەڕووی رەهەندە هەمەجۆرەكانی سیاسەتی یەكێتی پلانی سەرەكی بوو، كە پەیامەكەی سەرۆك هەموو روانگە و سۆنگەكانی لە پێشكەشكردنی حكومڕانیەكی تەندروست و دەسەڵاتێكی چاكەخواز و دیدگای راست و دروستی یەكێتی بۆ داهاتوو خستبووەڕوو.
ـ قۆناغی دووەمی بانگەشەی یەكێتی بە ئەنجامدانی كەرنەڤاڵێكی جەماوەری فراوان و پێشكەشكردنی دووەمین وتار و پەیامی سەرۆكی یەكێتی بە ستایل و مۆدێلێكی نوێ دەستی پێكرد، كە پێشتر لە هەرێمی كوردستان ئەم مۆدێل و ستایلە خۆڕسك و هاوچەرخە بوونی نەبووە، هەرچەندە لەوانەیە ناوەڕۆكی پەیامەكە بە دڵی هەندێ لایەن نەبوبێت، بەڵام خستنەڕووی راستییەكان و راستگۆیی سەرۆك بافڵ لەگەڵ حزبەكەی خۆی و لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكان و دواجاریش لەگەڵ هەموو گەلی كوردستان، ئەو راستیە دەسەلمێنێ، كە ئەوە بە تەنها ووتار و پەیام نەبوو، بەڵكو نەخشەڕێگای داهاتووی كورد و بزوتنەوە سیاسیەكەی بوو، دروست وتاری سەرۆك بافڵ تاڵەبانی كە لە پێنج بەشدا پۆلێن دەكرێت، چەند رەهەندێكی كەسیی، سیاسیی، كۆمەڵایەتیی، حزبی، ئیداری و حكومڕانی، لەخۆدەگرێت. بەشی یەكەم تەرخانكرابوو بۆ دۆخی ناوخۆیی حزب و بەراوردكردنی دۆخی ئێستای یەكێتی بە قۆناغەكانی رابردوو، لەو هەڵسەنگاندنەدا ئەو راستییە سەلمێنرا، كە جاران بەهۆی كێشە ناوخۆییەكان و تەكەتولاتەوە، یەكێتی نەیدەتوانی سەركەوتن بە دەست بێنێت، بەڵام ئێستا یەكێتییەكی بەهێز لە گۆڕەپانی خەباتدایە و تەنها یەك بژاردە لەبەردەم قیادە و قاعیدەی یەكێتی هەیە، ئەویش تەنها و تەنها سەركەوتنە، ئەو سەركەوتنەش بەوە دەكرێت كە سیاسەتی یەكێتی وەك نەخشەرێگایەكی نوێ بە تەواوەتی پلان و سیاسەتی حكومڕانی هەرێم رەنگبداتەوە، ئەمەش كاتێ دێتەدی كە بتوانین سەرجەم چەوتیەكانی حكومڕانی لە هەرێم راست بكەینەوە و كۆتایی بە واقیعی تاڵی ئێستای هەرێمی كوردستان بێنین.
بەشی دووەمی وتارەكە پەیوەست بوو بە شكستی حكومڕانی و بەڕێوەبردنی وڵات كە لە ماوەی حەڤدە ساڵ و نیوی رابردوودا ساڵ لە دوای ساڵ دۆخی هەرێمی كوردستان و بژێوی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم خراپتر دەبێت و ئیدی ناكرێ لەمە زیاتر هەرێمی كوردستان و ئایندەی ئەم وڵاتە بكرێت بە قوربانی بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبی و كاتی ئەوە هاتووە، خەڵكی كوردستان بڕیاری خۆی بدات و بۆ ئەم هەنگاوە گرنگەش دوو بژاردە لەبەردەمیدایە، بژاردەی یەكەم ئەوەیە بەردەوامبوونە لەسەر هەمان سیاسەت و پشتگیریكردنە لە حكومڕانی پارتی، بژاردەی دووەمیش ئەوەیە كە دەرفەتێك بە یەكێتی بدەن و ئەمجارە پشتگیری لە یەكێتی بكەن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە جۆرەها قەیران و مەترسی دەرباز بكات و رەوشی ژیانی هێزی پێشمەرگە و فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم باشتر بكرێت و كۆتایی بە كێشەی مووچە بێنێت.
بەشێكی سێهەمی وتارەكە تایبەت بوو بە حزبە سیاسییەكانی دیكە و سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەمترین قسەی لەسەر ئەو هێزانە كرد، بۆچی چونكە ئەم هێزانە ناتوانن باری لاری هەرێمەكەمان راست بكەنەوە و پێیان ناكرێت، تەنانەت ناتوانن هەڵوێستێكی رۆشنیان هەبێت بەرامبەر بە پارتی، بۆیە هەموویان لە شاری سلێمانی و لە سایەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بە سودوەرگرتن لەو ئازادییەی كە بۆیان رەخساندووە، بۆ هەموو بابەتێك بە هاوسەنگی رەخنە لە یەكێتی و پارتی دەگرن.
بەشی چوارەمی پەیامەكە تایبەت بوو بە وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی كە پارتی بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو كەشە ئاڵۆز و پڕ مەترسییە ئەمنییەی كە لە سنوری پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر هاتووەتە كایەوە و دەیانەوێ پروسكی ئەو كەشە ئاڵۆزە بگاتە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و بۆ ئەو مەرامە بە بەردەوامی یەكێتی تەخوین دەكەن، سەرۆك بافڵ لەو بوارەدا پەردە لەسەر زۆر نهێنی هەڵماڵی و رایگەیاند كە دەبێ كۆتایی بەم دەسەڵاتە گەندەڵە بێنین بۆ ئەوەی پارتی لەمەودوا نەتوانێت بە ئارەزووی خۆی و لەپێناو بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبی دەستی ئەم وڵات و ئەو وڵاتە بگرێت و رایانكێشێتە ناو خاكی كوردستان و بەشێكی خاكی ئەم هەرێمە بە دیاری پێشكەشیان بكات، وەكو ئەوەی ئێستا لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆك دەگوزەرێت، بەشی پێنجەمی پەیامەكە تایبەت بوو بە ژنان و گەنجان و ئەو هاووڵاتیانەی كە تا ئێستا بڕیاریان نەداوە دەنگ بە چ لایەنێك بدەن و ئۆباڵی كۆچبەربوونی (750) حەوت سەد و پەنجا هەزار گەنجی ئەم وڵاتە بۆ دەرەوەی وڵات خستە ئەستۆی سەركردایەتی پارتی كە بەهۆی سیاسەتی شكستخواردووی ئەو حزبەدا، گەنجان وڵات بەجێ دێڵن و رێگای هەندەران دەگرنەبەر.
دواپەیامیش بۆ هەموو گەلی كوردستان بوو كە یەكێتی هێزە و تەنها بەو هێزە دەتوانین كۆتایی بە دۆخی ئێستای هەرێم بێنین و لەگەڵمان بن بۆ ئەوەی كۆتایی بە دەسەڵاتی تاكە حزبی بێنین و بەیەكەوە وڵات بەهێز بكەین و خزمەتی هاووڵاتیان بكەین بەبێ جیاوازی كە شایستەی خزمەتكردنن نەك سزادانیان.