قەیران تایبەت نییە بە کۆمەڵگە و سەردەم و شارستانییەتێکی دیاریکراوەوە، بەڵکو دۆخێکی ئاڵۆزە و بەرهەمی رەوڕەوەی گەشەسەندنی کۆمەڵگەکانە و لە سایەی هەژموونی سەرمایەداری بەسەر بنیاتی فیکری و دامەزراوەیی کۆمەڵگەدا لە برەودایە، چونکە ئەم سیستمە کۆی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیمانی داگیر کردووە.
قەیران بریتییە لە راگەیاندنی باری نائاسایی و گواستنەوەیە بەرەو دۆخێکی جیاواز دوای تەنگژە و ململانێ، هاوکات ماوەیەکە لە دڵەڕاوکێ و گومان؛ قۆناغێکە تێیدا ململانێ توند دەبێتەوە و راگوزەر و کتوپڕە. بەشێوەیەکی گشتی لە کوردی و فارسی و عەرەبیشدا ئەم وشەیە نزیکە لە واتای نەبوونی و قاتوقڕی، یان تەنگژەی ژیان، بەڵام لە زمانی ئینگلیزی و فەرەنسیدا، بە واتای دۆخی گواستنەوەی هەستیار، یان خاڵی وەرچەرخان دێت. لە رووی زاراوەوە دۆخێکە لە پەشێوی، یان مەترسیی راستەقینە، یان خاڵی وەرچەرخانە بەرەو باشتر، یان خراپتر، بۆیە لە هەناوی خۆیدا هەردوو ئەگەری دەرفەت، یان مەترسی لە یەک کاتدا هەڵگرتووە. جیا لەوەش، قەیران دەبێتە هۆی پەککەوتنی رووداوە رێکخراو و چاوەڕوانکراوەکان و تێکچوونی نەریت و باوەڕەکان، کە ئەمەش بە ناچاری پێویستی بە گۆڕانکاریی خێرا و دروستکردنی رەفتار و کۆمەڵە نەریتێکی نوێ هەیە کە لەگەڵ دۆخە لەناکاوەکەدا بگونجێن.
فەلسەفەی قەیران بوارێکی فراوان و ئاڵۆزە، کە تێیدا ئەم چەمکە وەک خاڵی دەستپێک بۆ رامانی قووڵ سەبارەت بە مرۆڤ، کۆمەڵگە و مێژوو بەکاردەهێنرێت. قەیران و لێکەوتەکانی، بابەتێکی دووبارەیە لای زۆرێک لەو فەیلەسووفانەی کە هەوڵیان داوە پەشێوییە گەورەکانی سەردەمی خۆیان تێبگەن و راڤە بکەن. چونکە قەیران ئەو ساتەیە کە خاڵی وەرچەرخان دەنوێنێت کاتێک جیهان دوودڵ دەردەکەوێت.
کۆمەڵناسی وا تەماشای قەیرانەکان دەکات کە رووداوێکی کاتی نین، بەڵکو بوونەتە دۆخێکی بەردەوام لە ژیانی کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا. بە بۆچوونی هەندێک لە کۆمەڵناسان، کۆمەڵگە لە قەیرانێک دەردەچێت و راستەوخۆ دەچێتە ناو قەیرانێکی ترەوە، وەک ئەوەی قەیرانەکان بووبنە بەشێکی سروشتی لە ژیانی رۆژانەمان
ئێدگار مۆران ناوی ناوە قەیرانناسی، کە لە رێگەیەوە هەوڵ دەدات لۆژیکێک بۆ قەیران بدۆزێتەوە و لە واتا ورد و درشتەکانی بکۆڵێتەوە. مۆران دەپرسێت قەیران چییە و وەڵام دەداتەوە کە بریتییە لە گەشەسەندنی پەشێوی و نەمانی دڵنیایی لە ناو سیستمێکدا؛ ئەو سەرنجمان بۆ ئەوە رادەکێشێت کە قەیران تەنیا وەک رووداوێکی وێرانکەر نەبینین، بەڵکو وەک ساتێکی یەکلاکەرەوە بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنەوە و گۆڕانکاری و وەرچەرخان بیبینین. لەو باوەڕەدایە هەرچەندە قەیران قووڵتر بێتەوە و درێژە بکێشێت، ئەوەندە زیاتر گەڕان بەدوای چارەسەری ریشەییتر و بنەڕەتیتردا دەورووژێنرێت. کەواتە، قەیران هەمیشە خەسڵەتی بەئاگاهاتنەوە و بووژانەوەی هەیە و قەیران ساتێکی تایبەتە بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە پەیوەندییمان لەگەڵ جیهان، لەگەڵ خۆمان و لەگەڵ ئەوانی تردا، هەروەها هانمان دەدات کە لە رووی ئەخلاقییەوە هۆشیار ببینەوە و بەرەو بەئاگاهێنانەوەی بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ بچین.
هانا ئارێنت لە توێژینەوەکانی سەبارەت بە مۆدێرنیتە، قەیران وەک دابڕانێکی پێویست دەبینێت کە تیشک دەخاتە سەر راستییە شاراوەکانی دۆخی مرۆییمان. ئارێنت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە قەیران تەنیا کارەسات نییە، بەڵکو دەرفەتێکیشە بۆ بیرکردنەوەی رەخنەگرانە تا لە سەرووی پووچیی رۆژانەوە بیربکەینەوە. ئەو هانمان دەدات کە قەیران لەئامێز بگرین وەک ساتێک بۆ بیرکردنەوەی قووڵ، کە تێیدا پەردە لەسەر وەڵامە ئامادەکراوەکان هەڵدەدرێتەوە و دەکرێت رەسەنایەتیی کاری مرۆیی تێدا لەدایک ببێتەوە.
کۆمەڵناسی وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ دۆخی قەیرانەکان سەری هەڵدا، ئەو کاتەی کۆمەڵگەی فەرەنسی بەدەست لێکەوتەکانی شۆڕشی فەرەنسییەوە داغان بووبوو. لەم سۆنگەیەوە کۆمەڵناسی وا تەماشای قەیرانەکان دەکات کە رووداوێکی کاتی نین، بەڵکو بوونەتە دۆخێکی بەردەوام لە ژیانی کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا. بە بۆچوونی هەندێک لە کۆمەڵناسان، کۆمەڵگە لە قەیرانێک دەردەچێت و راستەوخۆ دەچێتە ناو قەیرانێکی ترەوە، وەک ئەوەی قەیرانەکان بووبنە بەشێکی سروشتی لە ژیانی رۆژانەمان.
لە کتێبی (State of Crisis) کارلۆ بۆردۆنی و زیگمۆن باومان لەو باوەڕەدان ئەو قەیرانەی رووبەڕووی جیهانی رۆژاوا بووەتەوە، قەیرانێکی کاتی نییە، بەڵکو بە تەواوى نیشانەیەکی روونە بۆ گۆڕانکارییەکی قووڵ لە هەردوو سیستمی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، هەروەها کاریگەرییەکانی بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە. جگەلەوەش باومان و بۆردۆنی دەڵێن: کە ئەو قەیرانەی رووبەڕووی کۆمەڵگەکانی رۆژئاوا بووەتەوە، بنەماکەی لە زنجیرەیەیەکی زۆر قووڵتری گۆڕانکاریدایە کە بۆ سەردەمی کۆنتر دەگەڕێنەوە و کاریگەریی درێژخایەن بەرهەم دەهێنن. ئامانجی کۆتایی ئەم کتێبە شیکردنەوەیەکی رەسەن و نوێیە بۆ ئەو دۆخەی ئێستا کە کۆمەڵگەی رۆژاوا تێیدا دەژی و ئەمەش چەندان لایەنی جیاواز لەخۆ دەگرێت، لە قەیرانی دەوڵەتی مۆدێرنەوە تاوەکو دەگاتە دیموکراسیی لیبڕاڵی و لە کێشە ئابوورییەکانی لیبڕالیزمی نوێوە تاوەکو گۆڕانکاریی بەردەوامی دوور لە کۆمەڵگەی جەماوەری.
کۆمەڵناسی ئەڵمانی ئۆلریش بێک لە کتێبی کۆمەڵگەی مەترسی، یان سەرکێش روونی دەکاتەوە کە کۆمەڵگە هاوچەرخەکان تەنیا تووشی مەترسی نابن، بەڵکو خۆیان دروستی دەکەن بەهۆی پێشکەوتنی پیشەسازی و تەکنیکییەوە. پەتای سەردەمی نوێ، گۆڕانی کەشوهەوا و قەیرانە ئابوورییەکان تەنیا دەرئەنجامی رووداوی سروشتی نین، بەڵکو دەرئەنجامی دەستێوەردانەکانی ئینسانن و دروستکراون.
هۆکارەکانی قەیرانەکان فرەچەشنن و چەندان هۆکاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەن کە دەبنە هۆی دروستبوونی قەیران. قەیرانی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە دیاردە ئاڵۆزە دیارەکانی سەردەمی ئێستا، بەتایبەت لە سایەی هەژموونی سەرمایەداریدا. لەم چوارچێوەیەدا، عەبدوڵڵا ئۆجالان لە کتێبەکانیدا دەریخستووە کە ئەم قەیرانە تەنیا دەرکەوتەیەکی رووکەش نییە، بەڵکو دەرئەنجامێکی حەتمیی پێکهاتەی دەسەڵات و هەژموونە کە بە درێژایی سەدەکانی پێشوو لە گۆڕانکاریی شارستانی چەسپیون.
جیا لە هۆکاری کۆمەڵایەتی، لایەنی ئابووریش هۆکارە بۆ قەیران وەک هەژاری، بێکاری، نزمبوونەوەی ئاستی داهات، بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، قۆرخکردنی بژێوی و کاڵاکان، سەرەڕای ناسەقامگیریی بازاڕەکان و هەڵبەزودابەزی ئابووری. هەروەها لە رووی سیاسییەوە ململانێکان لەسەر دەسەڵات، شکست لە دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات، خۆپیشاندانەکان و ناکۆکییە دیپلۆماسی و سیاسییە نێودەوڵەتییەکان هۆکارن بۆ خوڵقاندنی قەیران. دواجار هۆکارە سروشتییەکانیش هەن، وەک بوومەلەرزە، گڕکانەکان، گەردەلوولەکان، زریانە بەفرینەکان و لافاوەکان، کە لەوانەیە ببنە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانگەلێک کە هەڕەشە لە توانای رێکخراوەکان و کۆمەڵگە دەکەن بۆ خۆڕاگری و بەردەوامبوون.
بەڕێوەبردنی قەیران پرۆسەیەکە کە بە وەڵامدانەوەی خێرا دەناسرێتەوە بەرانبەر بەو رووداوە چاوەڕواننەکراوانەی کە کاریگەرییان لەسەر دامەزراوەکان و کۆمەڵگە هەیە. حکومەتەکان و کۆمەڵە مەدەنییەکان و ئامرازەکانی راگەیاندن دەتوانن رۆڵی کاریگەریان هەبێت لە چارەسەرکردنی دۆخی نەخوازراو. قەیرانەکان لەوانەیە ببنە هۆی داڕمانی سیستمی حوکمڕانی لە دەوڵەتدا و پاشەکشەی متمانە لە نێوان سەرکردایەتی و گەل و لەنێوان بەرپرسان و خاوەن بڕیارەکاندا؛ ئەمەش زۆرێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە هان دەدات بۆ یاخیبوون لە یاساکانی دەوڵەت و وەستان لە پابەندبوون پێیانەوە، کە دەرگا دەکاتەوە لەبەردەم حاڵەتەکانی یاخیبوونی سیاسی و مەدەنی.
کەواتە: هەبوونی قەیران ئاساییە، بەڵام نەبوونی پلان بۆ رووبەڕووبوونەوەی و خراپیی ئیدارەدانی کێشەیە؛ بۆیە بەردەوامیی قەیرانەکان ئێمەی کردووە بە کۆمەڵگەی قەیران بە جۆرێک کە قەیران بووەتە بەشێک لە سروشتی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئێمە. تێگەیشتنێکی گشتیی هزری هەیە لەلایەن بیریارەکانەوە ئەویش ئەوەیە کە چیتر متمانەیان بە توانای دەوڵەت نییە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و نەخشەڕێگەی نوێ بۆ داهاتوو. لە جیهانێکی بەجیهانیبوودا، دەوڵەتەکان زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی خۆیان لەدەست داوە بۆ ئاراستەکردنی رووداوەکان. چونکە زۆرێک لە کێشەکان بە شێوازێکی جیهانی دروست دەبن، کەچی قەبارەی ئەو دەسەڵاتەی لەبەردەم دەوڵەتە نەتەوەییەکاندا هەیە بچووکە. هاوکات ئەم دابڕانەی نێوان دەسەڵات و خەڵک باوەڕی هاووڵاتییان بەوەی کە حکومەتەکان دەتوانن بەڵێنەکانیان بەجێ بهێنن، لاواز دەکات. بێ دەسەڵاتیی حکومەتەکان دەست لە دەست لەگەڵ زیادبوونی بێمتمانەیی و رەشبینیی هاووڵاتییاندا دەڕوات.
سەرچاوەکان:
• إدارة الأزمات في المجتمع المحلي. مجلة ديالى للبحوث الإنسانية، 2(104)، 439–460. https://djhr.uodiyala.edu.iq
• https://www.facebook.com/profile.php?id=100063577322595
• الأزمة بوصفها فرصة للانتقال إلى عالم جديد. مجلة المجلة. https://www.majalla.com/node/326857
• حالة الأزمة. العربي الجديد. https://diffah.alaraby.co.uk/diffah/books/2018/6/24/حالة-الأزمة
بابەتی زیاتر