ئەربەکان لە شوباتی ٢٠١١ مرد و گولەن لە ٢٠/١٠/٢٠٢٤ . ئەم دوو کەسایەتییە ئیسلامییە، لەگەڵ ئەردۆگان دۆستایەتی و دوژمنایەتی کۆیان دەکاتەوە. خاڵی هاوبەشی ئەو دوو کەسایەتییە ئەوەیە کە هەردوکیان لە لایەن ئەردۆغانەوە کران بە پەیژە و بە سەریاندا سەرکەوت و دواتر بوون بە دوژمنی. ئەو رۆژگارەی ئەردۆگان (بە پشتیوانی ئەمەریکا) بەرە و لوتکەی دەسەڵات هەنگاوی دەنا، ئەربەکان لە کونجی زینداندا بوو، هەتا لە پەلوپۆ نەکەوت ئازاد نەکرا. فەتحوڵا گولەنیش دوای ئەوەی لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا لە لایەن ئەمەریکاوە لە چەنگی دامەزراوەی سەربازی رزگار کرا، دوا رۆژەکانی خۆی لە تاراوگەی پەنسلڤانیا بەسەر برد و وەک تیرۆرستێکی کودەتاچی لە نێوەدا یاساییەکانی تورکیای ئەردۆغانیدا داواکراو بوو. ئەردۆغان وەک سیاسییەکی پراگماتیک، ماکیاڤیلیستانە سودی لەم دوو کەسایەتییە بینی، کە هەردوکیان دوژمنێکی ئایدیۆلۆژی سەرسەختی یەکتر بوون.

ئەربەکان:

ئەربەکان لە مێژووی تورکیادا نەخشێکی دیار و بەرچاوی هەبووە. ئەو یەکەم کەس بوو لە دوای هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی خەلافەت دەست بەرێت بۆ ئیسلامی سیاسی و ئەو تابووە گەورەیە بشکێنێت کە لە سەرەتای دروستبوونی کۆمارەوە وەکو تەوقێکی ئاسنین لە گەردنیان ئاڵابوو. بەمجۆرە یەکەم کەس دەبێت کە بتوانێت درز بخاتە نێو سیستەمی لایستەی دەوڵەتەوە و بەم رۆژەی ئەمڕۆی بگەیەنێت. ساڵی ١٩٧٠ بەهرە مەند بە پشتیوانی بزوتنەوەی نورسی (سەعید نورسی) یەکەم حزبی سیاسی ئیسلامی بەناوی حزبی نیزامی میللی (Milli Nizam partisi) دامەزراند، ئەم حزبە تەنها نۆ مانگی بڕ کرد و داخرا، دوابەدوای ئەم لە ساڵی ١٩٧٢ ئەربەکان حزبی سەلامەتی میللی (Milli Selamet Partisi) دامەزراند. ئەم حزبە نوێیە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٧٣ی پەرلەمان بەشداری کرد و توانی ١١.٨٪ ی دەنگەکان مسۆگەر بکات و ٤٨ کورسی بەدەست بێنێت. ئەم سەرکەوتنە وایکرد بۆ یەکەمجار بتوانێت بەشداری حکومەت بێت و لەگەڵ جەهەپەدا کوالیسیۆنێکی دەسەڵات  دروست بکات. ئەربەکان لە ساتەوەختی دروستکردنی یەکەم حزبی ئیسلامی هەتا کاتی مردنی، یەکێک بوو لەوانەی کە نەخشێکی بەرچاوی هەبوو لە نەخشەی سیاسی تورکیادا. لە کۆتایی هەفتاکانەوە ئەردۆگان بوو بە ئەندامی حزبی سەلامەتی میللی و وەک شوێنکەوتوویەکی گوێڕایەڵ بەیعەتی بە ئەربەکان دا.

لە دوای کودەتای ئەیلولی ١٩٨٠ حزبەکەی ئەربەکان داخرا. ساڵی ١٩٨٣ لە سایەی دەسەڵاتی تۆرکوت ئوزالدا، ئازادی دروستکردن و تۆمارکردنی پارتی سیاسی لە تورکیا کرایەوە. ئەربەکان دەستبەجێ لەگەڵ هاوڕێکانیدا حزبی رەفا (Refah Partisi)ی دروست کرد. ئەو حزبە دواتر لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٥دا ٢١٪ی دەنگەکانی هێناو ١٥٨ کورسی مسۆگەرکرد. پارتی رەفا بە کودەتای سپی لە شوباتی ١٩٩٧ لە حکومەت دەرکرا و دواتریش لە ١٩٩٨ قەدەغەکرا. ئەربەکان دواتر حزبی فەزیلە (Fazilet Partisi)ی دروستکرد، ئەویش قەدەغەکرا و خۆشی لە ٢٠٠٣دا خرایە زیندانەوە.

هەتا ساڵی ٢٠٠١ ئەردۆغان لەهەموو ئەو حزبانەدا لەگەڵ ئەربەکانی مامۆستای مایەوە. لەو ساڵەدا ئیتر بڕیاریدا پشت بکاتە مامۆستاکەی و خۆی و هاوەڵەکانی پارتی دادو گەشەپێدانیان دروست کرد.

پاشماوەکانی ئەربەکان لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە لەناو حزبی سەعادەت (Saadet) درێژەیان بە رێبازەکەی ئەربەکاندا، هەتا ساڵی ٢٠١٨ کە ئیتر فاتیحی کوڕی ئەربەکان لەوان جیا بۆوە و پارتی (رەفای نوێ دووبارە) ی دروستکردەوە و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا لە مارتی ٢٠٢٤ تۆڵەی خۆیان لە ئاک پارتی کردەوە و رێژەی ٦٪ دەنگەکانیان مسۆگەر کرد.

سەرەتا هەوڵیدا هەموو کادیرە لاوەکانی ناو رەفا بەلای خۆیدا رابکێشێ. تا ئەو رادەیەی بوو بە دوژمنێکی ئاشکرای نەجمەدین ئەربەکان کە هەموویانی وەک بەکرێگیراوانی زایۆنیزم ناو دەبرد. لەوەش زیاتر سودی لە تواناکانی بزوتنەوەی خزمەت بینی و فەتحولا گولەنی کردە مەرجەعی رۆحی خۆیی و موسڵمانەکانی تورکیا. بەمجۆرە ئاک پارتی زۆر بە قورسی خستە سەر تەختی شانۆ و نەیارەکانیشی کردە دەرەوەی گۆڕەپانەکە.

فەتحوڵا گولەن (فەتۆ):

ئەگەر نەجمەدین ئەربەکان بە باوکی ئیسلامی سیاسی لە تورکیا ئەژمار بکەین، ئەوە فەتحوڵاگولەن بە باوک یان شێخی ئیسلامی کۆمەڵایەتی دەژمێردرێت، کە نەرمونیانی و دوورکەوتنەوە لە دەمارگیری و ئاڵوزی و گرژی پەیڕەو دەکات، ئەمەش کرۆکی سەرەکی ململانێی نێوان هەموو شەبەنگە جیاوازەکانی ئیسلامی سیاسی پێکەوە، لەگەڵ گروپی فەتحوڵاییەکانە.  لێرەدا پێویست دەکات کەمێک بگەڕینەوە بۆ پاشەوە بۆ ئەوەی بتوانین باشتر خوێندنەوەیەکی زانستی بۆ  هەردوو شەبەنگە ئیسلامییەکە پێشکەش بکەین.

بێگومان ئیسلامی سیاسی لە تورکیا ماوەیەکی کەم نییە سەریهەڵداوە، ساڵی ١٩٦٩ کاتێک ئەربەکان کتیبێکی وەک مانیفێستی ئیسلامی بەناوی (میللی گوروش- دیدگای نەتەوەیی) دەکرد، ئەم گرایشە تۆختر خۆی نواند. لەم کتێبەدا ئەربەکان تێزەکانی خۆی وەک رابەرێکی ئیسلامی سیاسی دەخاتەڕوو، هەروەها ناوی کتێبەکەشی بوو بە ناوی رەوتێکی ئیسلامی کە هەتا ئەمڕۆ بەناوی میللی گوروش بوونی هەیە و بەیەكێک لە باڵە سیاسیەکانی  ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی دەناسرێت، کە بە ئاشکرا دژ بە گروپی فەتحوڵایین. ئەربەکان ساڵێک پاش بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە بۆ یەکەمجار پارتێکی سیاسی ئیسلامی بەناوی پارتی سەلامەتی میللی دروستکرد (وەک پێشتر باسمان کرد) و هەتا کاتی مردنی لە فێبیروەی ٢٠١١ بەردەوام بوو لە سەر رێبازەکەی خۆی. 

دامەزراوەی سەربازی تورکیا تەنها رۆڵی تەماشاکەری نەدەبینی، بەڵکو ستراتیژی خۆی هەبوو (لە چوارچێوەی پەیمانی ناتۆ و جەنگی سارد دژی کۆمۆنیزم)، چونکە دەوڵەت رەوتە ئیسلامیەکانی بە باشترین ئامراز دەزانی بەرامبەر بە چەپ و کۆمۆنیستەکان، کە لەو ماوەیەدا لە تورکیادا بە تەواوەتی بەهێز ببون. شانبەشانی بزوتنەوەکانی ئیسلامی سیاسی و ئەربەکان، بزوتنەوەیەکی دیکە هەبوو کە پێدەچوو دروستکراوی دەزگای سی ئای ئەی یاخود مۆساد بێت، ئەویش بزوتنەوەکەی فەتحوڵاگولەن بوو، کەهەتا ئەمڕۆش لەناوخۆی تورکیادا ئەو گومانەی لەسەر نەڕەویوەتەوە. خانەکانی روناکی یاخود (ماڵەکانی روناکی) ئەو تەکیەو نزرگایانە بوون کە بزوتنەوەی فەتحوڵا گولەن لە سەرتاسەری وڵاتدا، هەر لە سەرەتای هەفتاکانەوە، دروستیکردن. ئەم تەکێیانەش هۆکارێکی زۆر گرنگ بوون بۆ سەرگەرمکردنی خەڵکی تورکیا بە خواداپەرستی و دوورخستنەوەیان لە بێباوەڕی و کۆمۆنیزم. دامەزراوەی سەربازی تاکە لایەن نەبوو کە فەتحوڵاییەکانی بەکار دەهێنا، بەڵکو بە پێچەوانەشەوە، فەتحوڵاییەکان گەمەیەکی زۆر باشیان لەگەڵ سوپادا دەکرد. ئەو خودی خۆی لە دژی ئیسلامی سیاسی لەبەرژەوەندی دەوڵەتی تورکیا ئەوەی لەدەستهات لە دژی ئەربەکان و پارتە سیاسیەکانی ئەنجامیدا. بەڵام لەملاشەوە، لە بەرژەوەندی خۆی کاری دەکرد، بۆ نمونە لە پاش کودەتای ساڵی ١٩٨٠ بۆ لێدانی چەپەکان توانی زۆر بە وردی دامەزراوەی سەربازی غافڵگیربکات و سیخناخی بکات لە پیاوەکانی خۆی و توانی نەوە لە دوای نەوە کەسانی ئیماندار و خاوەن پلەو پایە بخاتە نێو جومگە جیاوازەکانی دەوڵەتەوە. فەتۆ چەند جارێکی کەم لەلایەن سوپاوە دەستگیرکراوە، بە تایبەت لە پاش کودەتای ١٩٦٠ و ١٩٧١ چونکە ئەو لە کۆتایدا وەک کەسێکی ئیسلامی  کە هەڕەشەیە بۆ سەر بنەماکانی دەوڵەت و کەمالیزم تەماشا دەکرا. لە پاش هەرەسی بلۆکی خۆرهەڵات، دامەزراوەی سەربازی تورکیا، خوازیاری ئەوە بوو سنورێک بۆ ئەم سەلەفییە دانێنن و بە تۆمەتێکی ئامادەکراو سزای لە سێدارەدان یاخود زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا بسەپێنن، بەڵام ئەمەریکا پلانی دیکەی جیاوازی هەبوو لە دامەزراوەی سەربازی، بۆیە سەرەنجام پاش تۆمەتبارکردنی لە ساڵی ١٩٩٩ لە تورکیا دیارنەماو  لەماوە چاوتروکاندنێکدا گەیەنرایە پەنسلڤانیا. چیرۆکی دیارنەمانی فەتحوڵا لە تورکیا جێگای گومانە بۆ هەموو نێوەندە سیاسی و ئیسلامییەکانی تورکیا و جیهان، نەک تەنها ئەم چیرۆکە بەڵکو مانەوەی فەتحوڵاگولەن لە ئەمەریکا  بۆماوەی ١٠ ساڵی رەبەق، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەو دۆکیومێنت و تەنانەت پاسپۆرت و ناسنامەیەکی تورکی و ئەمەریکی هەبێت جێگای گومانە، ناکرێت کەسێک بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی لەو جۆرە هەبێت یاخود هیچ تایتڵ و ستاتۆیەکی قانونی هەبێت لە ئەمەریکا پاڵ بداتەوەو بەبێ کێشە دانیشێت، ئەگەر لایەنێکی نهێنی و بەهێزی دیاریکراو لە پشتی نەبێت، کە دیارە ئەو لایەنەش جگە لە موساد یان سی ئای ئەی هیچ کەسێکی دیکە نیە.

ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی کۆمەڵایەتی:-

ئەوەی ئەمەریکای هاندابوو کە نەک پشتیوانی بزوتنەوەکەی فەتحوڵا بکات بەڵکو هاوکاریشی بکات و لە چنگی زەبرو زەفەرپێبردنی سوپاو دەوڵەت بیپارێزێت ئەو جیاوازییە مەزنە بوو لە نێوان بزوتنەوەکەی فەتحوڵاگولەن و بزوتنەوەو رەوتەکانی دیکەی ئسیلامیدا. فەتحوڵا گولەن بە درێژایی تەمەنی خۆی و بزوتنەوەکەی ئایدۆلۆژیاو هزرو بۆچوونی جیاوازی هەبووە لەسەراپای بزوتنەوەکانی دیکە، بگرە لەوەش زیاتر خوێندنەوەو راڤەکردنی گولەن بۆ قورئان و دەقە ئاینییەکان، تەواو جیاواز بووە لە هەموو رەوتە ئیسلامیەکانی تورکیا و ناوچەکە. هەروەها لە هیچ ئەدەبیاتێکی ئەم بزوتنەوەیەدا مەسەلەی حاکمیەت بۆ خوداو فەرزەکانی شەریعەت وەک قوتابخانە جیهادی و سەلەفی و ئیخوانیەکان باسی  نەکراوە بەڵکو بە پێچەوانەوە لەو باوەڕەدان کە زۆربەی یاساو رێساکانی شەریعەت تایبەتن بە ژیانی تاکەکەسی مرۆڤەکانەوەو تەنها بەشێکی زۆر کەمی ئەو یاسا شەرعیانە تایبەتن بە دەوڵەت و بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە بۆیە پێویست بەوە ناکات کە شەریعەت لە ژیانی گشتیدا بسەپێنرێت، هەروەها  دیموکراسیەت بە باشترین رێگا چارە دەزانن بۆبەڕێوەبردنی وڵات. فەلسەفەو بنەمای کاری رەوتەکەی فەتحوڵاگولەن( کەخۆی نزیکەی ٦٠ کتێبی هەیە) بە پێچەوانەی هەموو رەوتەکانی دیکەوە وەک باسمانکرد، کاری سیاسی زۆر بە هەند وەرناگرێت و لە حزبایەتی و ململانێ سیاسیەکان خۆی تاڕادەیەکی زۆر بە دوور دەگرێت، هۆکاری راستەوخۆی ئەمەش ئەوەیە کە ئەوان زیاتر وەک رێبازی سۆفیگەرایی و خێرۆمەندی کار لەسەر ئاینی ئیسلام دەکەن. لەکن رەوتەکەی فەتحوڵاگولەن سێ دوژمنی سەرەکی هەیە کە دەبێت لەناو ببرێن:-

یەکەم :- نەزانی یاخود نەخوێندەواری: بۆ بەگژاچوونەوەی نەخوێندەواری و بڵاوکردنەوەی هزرو بۆچوونەکانی خۆی لە رێگای قوتابخانەو زانکۆکانەوە ، ئەم بزوتنەوەیە  لە ١٦٠ وڵاتدا قوتابخانەو زانکۆی دروست کردووە.

دووەم:- پەرتەوازەیی: دووبەرەکی و پەرتەوازەیی و یەکنەگرتن بە خاڵی لاوازی نێو کۆمەڵگە ئیسلامیەکان دەزانێت ، بۆ نزیکردنەوەی گەلان و نەتەوەکان لە یەکتر و تواندنەوەی هەندێکیان لە بۆتەی تورکیادا، ئەم بزوتنەوەیە  لە ١٠٠ دەوڵەتی دنیا، چەندین کۆمەڵەو مونتەدای گفتوگۆی گەلانی دروستکردووە.

سێیەم هەژاری: لە رێگای پرۆژە ئابورییەکانەوە ئەم رەوتە هەول دەدات رێژەی هەژاری کەم بکاتەوە، بە کردنەوەی پرۆژەی خێرخوازی لە دەیان وڵاتدا، وێرای ئەوەش هەموو سەرمایەدارو خاوەن کارەکانی نزیک لە خۆی کۆدەکاتەوەو لەم بوارەدا بە گەڕیان دەخات.
هەموو ئەم خەسڵەتانەی فەتحولاهیەکان، دەبنە هۆکاری ئەوەی کە ئەم بزوتنەوەیە زیاتر وەک بزوتنەوەیەکی ئیسلامی سەلەفی؛ کۆمەڵایەتی نەک ئیسلامی سیاسی تەماشا بکرێت، ئەم رەوتە لە جیاتی کاری سیاسی بزوتنەوەی خزمەت یاخود ( خزمەت حەرەکەسی) بەناو هەموو تورکیادا بڵاوکردۆتەوە کە  بنەماکانی رەوشت و ئارامی و پێکەوەژیان و تەبایی بڵاو دەکاتەوە. هەروەک ئاشکرایە فەتحوڵا گولەن بۆ بەدیهینانی ئامانجەکانی خۆی  بایەخی زۆری بە دوو ئامرازداوە، کە ئەوانیش پەروەردە و میدیان، لەم رێگایەوە ئەو سەرکردایەتی سوپایەک لە موریدەکانی خۆی دەکات  کە بە سەدان هەزارکەس مەزەندە کراون و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ئەمانەی بەگەڕ خستووە، سامانێکی زۆر لە کۆمەڵە خێرخوازەکان و بواری پەروەردە و بەکارهێناوە تا بتوانێت نەوەیەک لە ئەفسەرو پۆلیس و دادوەرو داوەرو میدیاکارو رۆژنامەنوس و کەناڵی تەلەفیزیۆنی پێگەیەنێت و بیانخنێتە نێو جومگە جیاوازەکانی دەوڵەتەوە،ئەمەش وایکردووە کە زۆرێک لە وڵاتانی خۆر ئاوایی نەک دژایەتی نەکەن بەڵکو لەگەڵیشیدا بن و ئاسانکاری پێشکەش بکەن. بە تایبەت ئەم بزوتنەوەیە هەرگیز خۆی بە دوژمنی  خۆرئاوا نەزانیوەو رێگای بەخۆی نەداوە کە رەخنە لە ئیسرائیل بگیرێت و بەربەرەکانێی بکرێت لەلایەن وڵاتە ئیسلامیەکانەوە.

پەیوەندی نێوان پارتی دادو گەشەپێدان لەگەڵ بزوتنەوەی گولەن:-

جیاوازی نێوان ئەم دوو رەوتە ئیسلامیە، بەهێندی جیاوازی نێوان شیعەو سونە دەبێت لە ئیسلامدا، ئەم جیاوازییە تەنها جیاوازی نیە لە روئیا و هزرو تێگەشتن بۆ سیاسەت و دەسەڵات، بەڵکو جیاوازیشە لە بونیادی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هەردوولا.

بزوتنەوەی فەتحولاهی هیچ کات لە هەوڵی ئەوەدا نەبووە کە دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوە بگرێت، هێندەی لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە کۆنترۆڵی کۆمەڵگە و ژینگە کۆمەڵایەتییەکە بکات. بێگومان ئەم ژینگە گونجاوەش تەنها لەژێر سایەی دەسەڵاتێکی ئیسلامیدا دەبێت. فەتحوڵا بەم هەنگاوەی دەخوازێت بە بەردێک سێ کێشکان بکوژێت. لە لایەک ئەگەر هاوکاری حزبێکی ئیسلامی بکات بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە بگرێت ئەوە لە ژێرەوە لە سێبەری ئەم حزبەدا خۆی بە کەماڵی ئیسراحەت کارەکانی خۆی دەکات. لە لایەکی دیکەوە ئەم دەتوانێت هەردوو نەیارەکەی خۆی واتە دەوڵەت و حزبی ئیسلامی لەگەڵ یەکتر سەرقاڵ بکات و هەردوولایان بەیەکتر لاواز بکات، خۆشی لەملاوە لە بنەوە کارکردن  لەسەر بنەما ئەخلاقی وکۆمەڵایەتی وسایکۆلۆژییەکانی کۆمەڵگەی تورکیا  بۆ خۆی قۆرخ بکات، چونکە هەردوو نەیارەکەی تەنها سەرگەرمی کارو بەرژەوەندی سیاسی خۆیان دەبن کە لەبنەڕەتا ئەم کاری بەوە نیە. لە لایەکی دیکەشەوە فەتحوڵاییەکان بەهۆی ئەم هەنگاوە هاوسەنگی سیاسی رادەگرن و وادەکەن هەمیشە هەردوولا چاویان لە دەستی ئەم بێت و قسەی کۆتایی دەسەڵات و هێز بەدەست خودی فەتحوڵاوە بێت.

لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە لە ساڵی ٢٠٠٢ فەتحوڵا گولەن زۆر بە گەرمی پشتیوانی لە پارتی دادوگەشەپێدان و خودی رەجەب تەیب ئەردۆگان کرد بۆ ئەوەی  لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنێکی باش بەدەست بێنێت، بەڵام لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا کە ئەردۆگان دەنگی زیاتری هێناو نزیکەی نیوەی دەنگدەرانی تورکیا متمانەیان بە پارتەکەی بەخشی، ئەردۆگان کەوتە دنیایەکی دیکەو بڕیاریدا کە ئیتر مانگی هەنگوینی لەگەڵ فەتحوڵاییەکان کۆتایی بێنێت. ئەردۆغان پێشتر شیمانەی ئەوەی کردبوو، بە توندی کاری کردبوو بۆ لاوازکردن و بێدەسەڵاتکردنی دامەزراوەی سەربازی و نەتوانن زەفەری پێبەرن. بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٤ بەولاوە ئیتر هەردوولا کەوتنە بەرەی بەرامبەر بەیەکترەوە و بوون بە دوژمن. ترۆپکی ئەم دوژمنایەتییەش بریتی بوو لە نمایشی کودەتای سەربازی لە تەموزی ٢٠١٦ و تۆمەتبارکردنی فەتحوڵا گولەن. دەتوانین هۆکارە راستەوخۆکانی دوورکەوتنەوەی ئەردۆگان و فەتحوڵاگولەن، لە چەند خاڵێکدا کورت بکەینەوە، کە خودی ئەم خاڵانە راستەوخۆ پەیوەندی بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو بەرژەوەندی راستەوخۆی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە هەبوو لەو قۆناغەدا.

یەکەم- ئیسرائیل

فەتحوڵاییەکان هەرگیز ئەوە ناشرانەوە کە ئەوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی بە خۆلگەی هەڵسوڕان و مەجالی حەیەوی خۆیان نازانن، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوان کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست و قەوقازو بەلقان بە مەجالی تورکیا دەزانن. فەتحوڵاییەکان خۆیان تەنها بە نوێنەری موسڵمانی تورک دەزانن و خۆیان لە دونیای عەرەبی و ئیسلامی دەرەوەی تورکیا و تورک زمانەکان دوورەپەرێز دەگرن. لەگەڵ ئەوەدا نین کە تورکیا خۆی بکات بە دەمڕاستی ئیسلامیەکانی دیکەی دەرەوەی مەجال و خۆلگەی خۆیان بە تایبەت فەلەستینیەکان. لمۆزژەنینی ئەردۆگان لە مەسەلەی فەلەستین و خۆ نزیکردنەوەی لە بزوتنەوەی حەماس و رەوانەکردنی بەلەمی ئاشتی بۆ غەزە...تاد، هەموو ئەمانە بوونە هۆکاری ئەوەی کە لۆبی جولەکە لە ئەمەریکا وجیهاندا  بەجدی چاو بەهەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە ئەردۆگان بخشێننەوەو فەتحوڵا گولەنی لێهانبدەن. بەمجۆرە رەنگە بتوانین بێژین کە رێبازەکەی فەتحوڵاگولەن ئیسلامێکی ناسیۆنالیستی- تۆرانی پانتورکیستە، کە تۆرانیەکانی تورکیا هەمیشە پشتیوانییان کردووە، بەڵام رەوتەکەی ئەردۆگان نزیکترە لە قوتابخانەی ئیخوان و ئەهلی سونەو جماعه و ئیسلام لە کن وی بریتیە لە ئۆمەتێک کە نەتەوایەتی تێدا دەتوێتەوە و هەموو نەتەوەکان وەک براو لە یەک پلەدا دەبن، بەڵام فەتحوڵاییەکان نوێنەرایەتی تەنها ئیسلامی تورکی دەکەن و هەموو شتێک تەنانەت ئیسلامیش لە چاوی تورکیاوە دەبینن. 

دووەم- پرسی کورد:-

تێگەشتنی ئاکەپە بۆ مەسەلەی کورد، زۆر جیاواز نییە لە تێگەشتنی فەتحوڵاییەکان بۆ ئەو مەسەلەیە، لە کاتیکدا پارتی دادوگەشەپێدان بەهۆی بوونیان لە دەسەڵات  لەو باوەڕەدان کە پرسی کورد لە تورکیا پرسێکی ئەمنی و سەربازییە و دەکرێت لە چوارچێوەی یاساکانی تیرۆر یاخود سەرکوتی سیاسی و جەنگی سەربازی چارەسەر بکرێت، فەتحوڵاییەکان بە رەنگێکی دیکە و لە پێگەی خۆیانەوە  لەو باوەڕەدان کە ئەو پرسە زیاتر پرسێکی کۆمەڵایەتی و مرۆییە و بەدەستی بێگانە کراوەتە پرسێکی سیاسی. هەرچەندە جیاوازی لە دەربڕینی ئەم دوو بۆچوونەدا هەیە، بەڵام لە ناوەرۆکدا دەچنەوە سەر یەک سەرچاوە. 

لە گۆڕ هزری فەتحوڵاییەکان پرسی ئیسلام تایبەتە بە نەتەوەی تورکەوە، بە واتایەکی دیکە، نەتەوەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی تورکیا یاخود نەتەوەکانی نێو خۆلگەی بەرژەوەندییەکانی تورکیا، دەبێت موسڵمانێکی دڵسۆز و بە ئەمەک بن بۆ تورکیا، واتە دەبێت موسڵمانێکی دڵسۆزبن لە خزمەت تورکیا. زۆربەی جارەکان هەموو بزوتنەوەو پارتە سیاسیەکانی باکوری کوردستان لە ئەدەبیاتی خۆیاندا ئاماژەیان بۆ کردەوەی تواندنەوەی کورد یاخود خۆیان گوتەنی ( ئەسیمیلاسیۆن) داوە لە فەلسەفەی فەتحوڵاگولەندا کە خۆشی بە کوردێکی تواوەی نێو بۆتەی تورک هەژمار دەکەن. ئەم تۆمەتە لە خۆڕا نەهاتووە، بەڵکو فەتحوڵاگولەن خۆی بە راشکاوی لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی بۆ دەکات کە تورک وەک براگەورەی کورد بن و بتوانن نوێنەرایەتی کورد بکەن لە هەموو شوێنێک تەنانەت لە رێکخراوی یۆ ئێنیش، فەتۆ لە چەندین بۆنەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کورد بەدەست گرێ ی دەرونی (خۆبەکەم زانین)ەوە دەناڵێنێت و ئاستەمە بتوانێت خۆی لەو گرێ یە دەرباز بکات بۆیە باشتر وایە تورک وەک براگەورەی کورد رەفتار بکات و دەستی بگرێت. 

لێدوانه‌كانی فه‌تحوڵا گوله‌ن له‌ رۆژی ٢٣- ١٠- ٢٠١١

-له‌ به‌شێك له‌ لێدوانه‌كانیدا داوای ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یان هه‌زار ئه‌ندامی خۆیان ده‌بێت ئاراسته‌ی ناوچه‌كانی باشوری خۆرهه‌ڵات بكه‌ن، هه‌ر له‌ كارمه‌ندی ته‌ندروستیه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ مه‌لاو مامۆستا و پۆلیس و پیاوانی ئاسایش بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ رێگای ئه‌مانه‌ رێبازه‌كه‌ی خۆیان به‌ناو ئه‌و خه‌ڵكه‌دا بڵاوكه‌نه‌وه‌ و له‌ هه‌رچوارلاوه‌ ده‌وریان بته‌نن بچنه‌ نێو شاده‌مارو خوێن و دڵ و ئه‌قڵی كورده‌وه‌، ئه‌گه‌ر زووتر ئه‌و كاره‌مان بكردایه‌ ئه‌م گرفتانه‌ی ئیستامان ده‌مێك بوو ‌ ریشه‌ كێش كردبوو.

-له‌ بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی وته‌كانیدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ڵه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وان له‌ تواندنه‌وه‌ی ئه‌و میله‌ته‌ له‌ ناو خۆیاندا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان هه‌تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ ئیسلام وه‌ك وه‌سیله‌یه‌كی گرنگ به‌ ته‌واوی به‌كار بێنن، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت گرفتی سه‌ره‌كی ئه‌و میله‌ته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوا نانسن و نازانن قورئان و سونه‌ت چیه‌. 

لە پرسی باشوری کوردستان و حکومەتی هەرێمیشدا، بەهەمان شێوە فەتحوڵاییەکان هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نین کە تورکیا خۆی بکاتە دەروازیەک بۆ دروستبوون و سەربەخۆبوونی کوردستان، چونکە فەتحوڵاییەکان تەنها کوردێکی ئەسیمولاسی پاشکۆی ملکەچ و لاوازیان بۆ تورکیا دەوێت ، نەک کوردێک بەرامبەر بە تورک راوەستێت و لە ئامەد بوونی سەربەخۆی خۆی راگەیەنێت. هەر بۆیە هاوشان لەگەڵ ئەمەریکا لە دژی ئەوەن کە تورکیا هاندەربێت بۆ کوردەکانی باشور پترۆلی زیاتر رەوانەی بازاڕەکانی دەرەوە بکەن و تەواو لە ژێر چەپۆکی عێراقدا خۆیان دەرباز بکەن.

سێیەم- مەسەلەی بەهاری عەرەبی و ئێران:-

سیاسەتی پارتەکەی ئەردۆگان تەواو ناکۆک و ناتەبا بوو لە هەمبەر سیاسەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و ئێران وهەندێک وڵاتی دیکەی بەهاری عەرەبی. لە کاتێکدا بەرامبەر بە لیبیا  دووسیاسەتی دژ بەیەک پیادە کرا، بەرامبەر بە میسریش ئەردۆگان خۆی کردە هاوپەیمانی تەواوەتی لەگەڵ ئیخوانەکان و مورسی و پاشانیش بە ئاشکرا دوژمنایەتی کودەتا و دامەزراوەی سەربازی دەکرد لەمیسرو بنکەو بارەگاو هاوکاری پێشکەش بە ئیخوانەکان دەکرد. لە دۆزی سوریاشدا، تورکیا سیاسەتێکی تەواو دژ بە فەتحوڵاهی و ئەمەریکاو خۆرئاوا گرتەبەرو خۆی کرد بە لایەنێکی ئاشکرا لە ململانێ و تەنانەت دەرگا و سنوری خۆشی خستە سەر گازەرای پشت بۆ رێکخراوی قاعیدە و بەرەی نوسرە. هەروەها بە پێچەوانەی ئابلوقەی ئابوری هەموو دنیاوە دژ بە ئێران، ئاشکرا بوو کە تورکیا لە رێگای بانکی خەڵک (خەڵک بانکیسی) بەشدار بووە لە شکاندنی ئابلوقەی ئابوری سەر ئێران و بەردەوامە لەسەر ئەو کارە و پارەی نەختینەی قورس بۆ ئێران دابین دەکات.  

بە مردنی فەتحوڵا گولەن، ئەردۆگان یەکێکی تر لە دوژمنە سەرسەختەکانی خۆی دەخاتە ژێر خاک، خۆشی لە رووی تەندروستییەوە تەواو لاواز و ماندووە. جەهەپە لەمڕۆدا وەک هەڕەشەی جدی بەرامبەر بە ئاک پارتی و ئەردۆغان راوەستاوە، دەپرسین: تۆ بڵێی بەر لەوەی بمرێت ئەردۆغانیش لە کونجی زیندان توند نەکرێت؟ یاخود نەخێر موعەزەز و موکەڕەم ئەو رۆژانە تەواو دەکات و بەخت لەمەشدا یاری دەبێت؟
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
رێکەوت ئیسماعیل ئیبراهیم
تورکیا و میساقی میللی
رێکەوت ئیسماعیل ئیبراهیم
گوگڵ و گەوجاندنی مرۆڤ

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved