وەرگێڕانی لە هۆڵەندییەوە: رێکەوت ئیسماعیل ئیبراهیم
گوگڵ وەک ماکینەیەکی گەڕان لەناو ئەنتەرنێت نەک تەنها جێگای یادگەی مرۆڤ (زاکیرە) دەگرێتەوە بەڵکو بەردەوام ئەوەش دیاری دەکات کە دەبێت لەناو زاکیرەماندا جێگیر بکرێت.
لانی کەم گوگڵ زاکیرەمان دەگۆڕێت، ئەمە ئەو دۆزینەوە گرنگەیە کە کۆمەڵە زانایەکی ئەمەریکا پێی گەیشتن. بێگومان گوگڵ نایەت کاسەی سەرمان هەڵبداتەوە و بەشەکانی ناو مێشکمان دەربێنێت و لە جیاتی ئەوە ماکینەی گەڕانی گوگڵ بخاتە شوێنی، بەڵام بە شێوەیەکی مەجازی ئەم کارە روودەدات.
بە بۆچونی ئەو توێژەرانە کە دەرەنجامەکانی خۆیان لە گۆڤاری (Science) بڵاو کردۆتەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو ئەنتەرنێت لە ناو مێشکماندا ئەرکێکی گرنگ بەجێ دەهێنێت، ئەویش توانای بیرخستنەوەیە، واتە ئەنتەرنێت جێگەی بیرکردنەوە بۆ ئێمە دەگرێتەوە و دەبێتە یادگەی دەرەکی مرۆڤ.
واتای چییە کە ئێمە هەتا دێ زیاتر پشت بە ماکینەکانی گەڕان بۆ سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی مەعریفە دەبەستین. ئایا ئەمە نیعمەتە یان نەفرەت؟ بە درێژایی مێژوو، مرۆڤ تەکنەلۆژیای بەرهەمهێناوە بۆ ئەوەی رزگاری بێت لە یادگەی خۆی. کاتێک نوسین و چاپکردن داهێنران، مرۆڤ پێویستی بەوە نەما کە چیرۆک و داستانەکان لەمێشکی خۆیدا بهێڵێتەوە و لە بەریان کات و دواتر بیانگێڕێتەوە، چونکە بە سادەیی هەر کاتێک بیەوێت، لە دەرەوەی مێشکی خۆی لە ناو دووتوێ ی (کتێبێکدا) دەگەڕێتەوە سەری. کاتێکیش ئامێری هەژماردن (کالکیولەیتەر) دروستکرا، ئیتر مرۆڤ پێویستی بەوە نەما بزانێت ٢ کەڕەتی ٢ دەکاتە چوار، چونکە لە جیاتی مێشک ئامێری هەژماردنەکە کارەکە دەکات. لە راستیدا پەنا بردنی مرۆڤ بۆ ئامێرە مادییەکانی دەرەوەی خۆی دیاردەیەکی زۆر کۆنە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت بە تەواوی شتێکی جیاوازە لە دیاردە کۆنەکان.
کارل مارکس یەکێک بوو لەوانەی کە زۆر زوو هۆشداری داوە لەو بارەوەو دەڵێت: سیستەمی سەرمایەداری مرۆڤ (کرێکار) توشی نامۆ بوون دەکات، بەشێوەیەک کە هەموو هەستەکانی خۆی لەدەست بدات. پیشەگەر بە پیشەکەی خۆی نامۆ دەکات، کرێکار لەسەر هێڵێكی بەرهەم دادەنرێت بەبێ ئەوەی بزانێت چی دەگوزرێت، مێشکی سڕ دەکرێت و تەنها هێزی ماسولکەکانی دەخرێتە کار، ئەوە بنەما و باوەڕی کەڵەکەکردنی سەرمایە و پارەیە کە سەرەنجام پرۆسەی نامۆبوونەکە دەکاتە سیستەم و نەزمێک بۆ ژیان کە فەلسەفەکەشی تەنها قازانجە و هیچی تر. ئەوەی لەمڕۆدا دەگوزەرێت بە گوێرەی تیۆرەکەی مارکس دینامیکێکی هاوشێوەیە بە پشت بەستنی یادگە بە دنیای دەرەوە (واتە بە پشت بەستن بە ماکینەکانی گەڕان وەکو گوگڵ و یاهو)، بەڵام ئەمجارەیان نامۆبونەکە پرۆلیتاریای ناو کارگەکان ناگرێتەوە، بەڵکو پرۆلیتاریای بەکاربەرانی مەعریفە دەگرێتەوە. ئەوەی ئەنتەرنێت و ماکینەکانی گەڕان و فەیسبوک و تویتەر پێشکەشی دەکەن نەزمێکی نوێیە بۆ ژیان، بریتیە لە شاڵاوێکی یەکجار زۆری زانیاری و دواتریش بەها و نەریت کە کۆمپانیا زەبەلاح و مڵتی ناسیۆناڵەکان پێشکەشی دەکەن و ئامانجەکەش دیسانەوە تەنها قازانجە.
تۆڕەکانی ئەنتەرنێت بە خۆیان و پرۆگرامەکانیانەوە لە خزمەتی بەکاربەرەکاندان و خواستەکانی ئەوان دابین دەکەن. تەکنیکی دابینکردنی خواستەکانیش تازە نیە، کاتی خۆی (کتێب و فیلم) یش هەمان ئەم کارەیان کردووە، بەڵام شێواز و قەبارە و ئاستی کاریگەریی گوگڵ تەواو جیاوازترە.
ئەوەی گوگڵ دەیکات تەواو جیاوازە لەوەی کتێب و رۆژنامە و فیلم دەیانکرد. لەسەر تۆڕەکانی ئەنتەرنێت مەعریفە بە تەواوی دەستکاری دەکرێت و شێواز و واتاو ئاستی کاریگەریی مەعریفەکە گۆڕانی بەسەردا دەهێنرێت، لێرەدا پرۆسەیەکی تر دێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە کە گوگڵ بە تەنها یادگەمان ئاڵگوگۆڕ ناکات، بەڵکو بە ئارەزووی خۆشی ئەوەی تێ دەئاخنێت کە خۆی دەخوازێت. لێرە بەدواوە ئیتر کەسی بەکار بەری مەعریفە پێویستی بە رەنجێکی زۆر نامێنێ بۆ ئەوەی دەستی بەو شتە بگات کە پێی دەگوترێت مەعریفە، چونکە تەنها یەک کلیک و یەک پەنجە بەسە بۆ ئەوەی گوگڵ خۆی بۆی دیاری بکات چی تەماشا بکات، لەمەو دوا ئیتر گوێ پێنەدان و فەرامۆشکردن دەبێتە نەزم و پەیڕەو. لێرەدا خاڵێکی گرنگ کە دەبێت بەهەند وەربگیرێت ئەوەیە، کە یەک دنیا زاراوە و تێگە و بابەت و شیکاری گرنگ هەیە لە لایەن تۆڕەکانی ئەنتەرنێتەوە قردێلەی سوریان لەسەرە و قەدەغەکراون، یاخود ئاسانتریش بڵێین، گوگڵ بە گوێرەی هەندێ یاسای نێودەوڵەتی؛ کە بەگشتی دەوڵەتانی خاوەن تۆڕەکان و سەرمایەدارانی مۆدرێنە دایدەڕێژن هەندێ مۆرک دەخاتە پاڵ هەندێ بابەت کە تەنها خواستی هەندێ لایەنی تایبەتە[1].
بیرکردنەوەی سەربەخۆ و رەخنەگرانە ئیتر کاڵ دەبێتەوە و دەمرێت، وەک ئەو بابۆڵەیەی کە بە دیلەڤەری دەگاتە دەستت و دەیخۆیت، بەبێ ئەوەی پرسیار لە خاوێنی و چۆنیەتی دروستکردنی بکەیت، ئاواش بابۆڵەکانی گوگڵ خۆی دەئاخنێتە ناو مێشک. گوگڵ و ئەنتەرنێت، فەیسبوک، توەیتەر و تیک تۆک لە جیاتی تۆ بیر دەکەنەوە و لە جیاتی تۆش بڕیار دەدەن، ئیتر تۆیەکی تەسلیم بوو بە گوگڵ بە هێواشی وەک ئەو نەخۆشەی پاڵی دەخەن بۆ نەشتەرگەری ئاوا بەنج دەبیت و گوگڵ نەشتەرگەریت تێدا دەکات.. لێرە بەدواوە مرۆڤ بوونی دەمێنێت؟ مرۆڤ بوون لە کوێدا دەبێت؟ ئەو ئاژەڵەی کە تەنها خۆی لە ناو هەموو بونەوەرەکانی دیکەدا بەوە دەناسرایەوە کە توانای بیر کردنەوی هەیە کەچی هێزی بیرکردنەوەی لێ سەندراوەتەوە! توانای بیرکردنەوەی لێزەوت دەکرێت.
گوگڵ بێ ئەقڵت دەکات!
ساڵی ٢٠٠٨ (نیکۆلاس کار)[2] لەمەڕ ئەنتەرنێت و گۆگڵ نائومێدییەکانی خۆی بڵاو کردەوە. ئەم تەکنەلۆژیایە هۆکاری مردنی مێشکی بوو، لێرەوە بوو ناونیشانی (ئایا گۆگڵ دەمانکاتە کەسێکی بێ ئەقڵ و گێل؟) ئەنتەر نێت چی بەسەر مێشکماندا دەهێنێت، کردە پرسیار. دوای خوێندنەوەی نوسینەکە هەستت بەوە دەکرد کە هەر جارێک دوای ئەوەی "نیکۆلاس کار" لە سەر گوگڵ شتێکی دەنوسی و بۆ زانیاری دەگەڕا راستەوخۆ چەند هەزار دانەیەک لە خانەکانی مێشکی دەمردن.
نیکۆلاس کار دەڵێت: بە درێژایی ساڵانی رابوردو بیرۆکەیەکی جاڕسکەر لە کەلـلەمی دابوو، ئەویش ئەوە بوو کە شتێک یاخود کەسێک هەوڵ دەدات دەستکاری مێشکم بکات، شانە و دەمارەکانی بگۆڕێت و سەرلەنوێ بە دڵی خۆی یادگەم داڕێژێتەوە. هەست ئەکەم ئیتر ئەقڵم وێڵ دەبێت، وەکو جاران کە بیرم دەکردەوە ناتوانم بەو جۆرە بیرکەمەوە کە راهاتبووم.
جاران زۆر ئاسان بوو سەرم داژەنم بەسەر کتێبێک یاخود نوسینێکی درێژ و شۆڕببمەوە بە ناواخنی مەبەست و دێڕەکانیدا، زۆر لام ئاسایی بوو چەند سەعاتێک بە ناو کۆپلە و وردەکارییەکانی ئەو کتێبە یان ئەو نوسینە بەسەر بەرم، کەچی ئێستا ناتوانم ئەوە بکەم. لە دوای خوێندنەوەی دوو سێ لاپەڕە تەرکیزم دەڕوات، هەست بە نائارامی و دڵەڕاوکە دەکەم خوا خوامە نوسینەکە تەواو بێت، دەپچڕێم خەیاڵم ئەڕوات و دەبێت چەند جارێک خەیاڵی خۆم راکێشمەوە ناو نوسینەکە.. ئەوەتای گوگڵ دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتەوە و کودەتای بەسەر ئەقڵمدا کردووە، ئیتر قوڵبوونەوەم لە خوێندنەوە و نوسیندا نەماوە، هەست ئەکەم قوڵ بوونەوەم لە ناو خوێندنەوە و نوسیندا، بووە بە ململانێیەکی سەخت لەگەڵ خۆمدا، نیوەم بووە بە دوژمنی نیوەکەی ترم. کار دەڵێت: ئیتر تەواو ناتوانم شتی درێژ بخوێنمەوە.
کار هەموو هەست و سۆزەکانی خۆی لەو بارەیەوە خستە سەر شەش لاپەڕە و نوسینی، کە تیایدا ئاماژەی بە دەربڕینەکانی مارسیل پروست و ئەفلاتون و نیچە کرد. ئەم نوسینەی کار ئاگری کردەوە و گۆڤاری زە ئەتلانتک (The Atlantic) لەسەر بەرگی پێشەوەی خۆی نوسیبووی گوگڵ چۆن بێ ئەقڵمان دەکات؟ هەرچەندە تا ئەو کاتە هیچ توێژینەوەیەک لەسەر ئەوە بوونی نەبوو کە بیسەلمێنێت گوگڵ یاخود ئەنتەرنێت کاریگەری زۆر هەیە لەسەر مێشک، یاخود لانی کەم ئاماژە بۆ ئەوە بکات کە گوگڵ دەمانگەوجێنێت.
کار بۆ ئەو نوسینەی پشتی بە هەست و سۆزی خۆیی و هەندێ لە هاوڕێکانی بەستبوو کە هەمان ئەندێشەیان هەبوو، وێرای پێشبینیی هەندێ لە فەیلەسوفەکان بەڵام ئەوەشی گوتبوو کە دەبێت چاوەڕوانی هەندێ توێژینەوە و تاقیکردنەوەی درێژخایەنی (دەرونی و مێشکی) بین، بۆ ئەوەی چۆنیەتی کاریگەری ئەنتەرنێت لەسەر مێشک بدۆزینەوە، بەڵام کار ناچار نەبوو ماوەیەکی زۆر درێژ چاوەڕوان بێت بۆ ئەوەی راستی و دروستی ئەو بۆچونە بسەلمێنێت، چونکە لەدوای سێ ساڵ گۆڤاری زانستی ساینز (Science) توێژینەوەیەکی بڵاو کردەوە و سەلماندی کە گوگڵ یادگەی مرۆڤ وێران دەکات. ئەم تێزە لە چەندین نوسیندا بڵاوکرایەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە، دواجار ئیترمێشک دێتە ژێر باری ئەوەی کە ئەنتەرنێت بە درێژکراوەی یادگە بزانێت. هەروەک چۆن زۆر جار دەست و قاچی دروستکراو (سەناعی) بە درێژکراوەی ئەندامی لەش تەماشا دەکرێن ئاواش گوگڵ و ئەنتەرنێت دەبنە درێژکراوە یاخود بەشێک لە مێشک، بەکورتی ئەگەر زانیارییەکان لە یادگەی دەرەوەی مرۆڤ (ئەنتەرنێت) هەڵگیرێن ئیتر بۆچی مێشک زانیارییەکان کۆکاتەوە و لای خۆی گلیان بداتەوە؟
دواتر فەیلەسوفی هۆڵەندی هانز شنیتزلەر Hans Schnitzler لە رۆژنامەی دی فۆلکس کرانت نوسینێکی بە ناوی (گوگڵ توانای مێشکی مرۆڤەکان دەدزێت) بڵاو کردەوە، لەم نوسینەدا شنیتزلەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەنتەرنێت و ماکینەکانی گەڕان تەنها شوێنی ئەقڵی مرۆڤ ناگرنەوە بەڵکو، بەردەوام و رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بڕیاری ئەوەش دەدەن کە چی بئاخننە ناو مێشکمانەوە. لەم نوسینەدا ناوبراو ئەو پرسیارە تێدەپەڕێنێت کە داخۆ راستە یان نا کە ئەنتەرنێت کاری خراپ دەکاتە سەر ئەقڵمان، بەڵکو هەنگاوێک واوەتر دەڕوات و دەڵێت ( کوا مرۆڤ، ئەو تاکە ئاژەڵەی کە دەیتوانی بیر بکاتەوە، لە کاتێکدا کە لەمڕۆماندا هێزی بیرکردنەوەی لێسەندراوەتەوە؟).
لە تاقیکردنەوەیەکی زانستیدا لەسەر کۆمەڵێک خۆبەخش داوا کرا هەر کەسێکیان ٤٠ پرسیار بنوسێتەوە بۆ نمونە (ئایا چاوی وشترمورغ گەورەترە یان مێشکی؟). نیوەی خۆبەخشەکان ئاگادارکرانەوە کە دواتر پرسیارەکان لەسەر تۆڕەکانی ئەنتەرنێت بۆیان تۆمار دەکرێت و دەمێنێتەوە. نیوەی تریشیان بە پێچەوانەوە ئاگادار کرانەوە، کە دواتر پرسیارەکان لەسەر ئەنتەرنێت دەسڕێنەوە. تاقیکردنەوەکە دەریخست، ئەو کەسانەی کە ئاگادار کرابوونەوە دەتوانن پرسیارەکان لەسەر ئەنتەرنێت دەستبخەنەوە، هیچ خۆیان ماندوو نەکردبوو بە هێشتنەوەی ئەو پرسیارە پڕوپوچانەوە لە مێشکی خۆیاندا، لە کاتێکدا نیوەکەی تر لەبەر ئەوەی دەیانزانی پرسیارەکان لە سەر ئەنتەرنێت نامێنێتەوەو دەسڕڕێنەوە، بەشی زۆری پرسیارەکانیان لە بیر مابوو!.
ئەم تاقیکردنەوەیە بڕبڕەی پشتی ژاوەژاوەکە بوو (گوگڵ یادگەت وێران دەکات). با بپرسین: جیاوازی چیە ئەگەر هەمان ئەو پرسیارانە لەسەر وەرەقەیەک بنوسین یان لە سەر لاپەڕەیەکی گوگڵ؟ ئایا وەرەقەکەش یادگەت وێران دەکات؟ بێگومان نا، چونکە یادگەی تۆ بەهۆی وەرەقەکە مامەڵە لەگەڵ گیانێکی مردوودا دەکات، بەڵام لەگەڵ گوگڵ مامەڵە لە گەڵ گیانێکی هەراش، دنیایەکی بێسنور دەکات، بێ سنورە لە مەعریفە، بێ سنورە لە سەرچاوەکان، هەروەک چۆن بێ سنوریشە لە گومان.
سەرنج:
ئەم وەرگێڕانە دوو بابەتی جیاوازن لە دوو سەرچاوەی جیاواز بەڵام لەبەر ئەوەی یەکتر تەواو دەکەن، بە گونجاوم زانی هەردوکیان وەربگێڕمە سەر زمانی شیرنی کوردیمان. ئەوەی خوارەوە سەرچاوەی وەرگێڕانەکەیە:
Google berooft mens van zijn denkkracht, Hans Schnitzler, De volkskrant, opinie&debat, 21 juli 2011, bld 24.
https://gerpost.com/artikelen-over-google-maken-je-dom/
[1] نمونەی ئەمەش تورکیایە کە هەموو شتێک لە دژی ئەردۆگان و ئاک پارتی بێت بە تیرۆر ناوی دەبات و تۆڕەکانی ئەنتەرنێت قەدەغەیان دەکات و گوگڵ بە تیرۆر ناودێریان دەکات و هەرکەسێکیش لەسەر پەکەکە، بزوتنەوەی چەپ، بزوتنەوەی خزمەت، هەرشتێ بڵاو بکاتەوە ئەکاونتەکەی دادەخرێت و سزا دەدرێت بە تۆمەتی پشتیوانی تیرۆر.. وەرگێڕ.
[2] نیکۆلاس کار،(Nicholas G. Carr) لە دایک بوی ١٩٥٩ ی ئەمەریکا. نوسەر و بیرمەندێکی دیاری ئەمەریکییە، چەندین کتێب و نوسینی هەیە لەسەر کاریگەری ئەنتەرنێت لەسەر مرۆڤ لە رەهەندە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی. لە دیارترین کتێبەکانی (کۆمپیتەر چی بەسەر مێشکماندا دەهێنێت؟ ٢٠١١) هەروەها کتێبی (سەرلەنوێ بەستنەوەی دنیا بەیەکەوە .. لە ئەدیسۆنەوە بۆ گۆگڵ – ٢٠٠٨).
بابەتی زیاتر