پێشەکی:
گەورەبوونی حزبەکان و بچوکبوونەوەیان لە تورکیا شتێکی نامۆ نییە لە گۆڕەپانی سیاسی ئەو وڵاتەدا. حزبەکان یەک لە دوای یەک لە هەناوی یەکترەوە دێنە دەرێ و لەدایک دەبن، هەندێکیان دەمێننەوە و هەندێکیان دەپوکێنەوە. نمونەی ئەوەش زۆرن. لە هەناوی ئاک پارتیەوە حزبەکەی ئەحمەد داود ئۆغلۆ (ئاییندە- Gelecek Partisi) و عەلی باباجان (دێڤا –DEVA partisi) لە دایک بوون، بەڵام ئێستا دەنگ و رەنگێکی ئەوتۆیان نیە. لە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی مەهەپەوە، چەندین پارتی وەکو (یەکێتیی گەورە – BBP و پارتی باش IYI ) دروست بوون، کە بە هەرسێکیانەوە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیدا دەنگێکی ئەتۆ زۆریان نەهێنا بتوانن لە نەخشەی سیاسی ئایندەدا جێگای خۆیان پتەو بکەن. پارتی رێگای راست (Doĝru Yol)  ساڵی ١٩٨٣ وەک جێگرەوەی حزبی عەدالەت دروست بوو، حزبی عەدالەتیش خۆی بە جێگرەوەی پارتی دیموکراتی عەدنان مەندەریس دەزانی. پارتی رێگای راست رۆژگارێک بوو کە سەرۆک کۆماری وەکو سلێمان دەمیرل و سەرۆک وەزیرانی وەکو تانسوا چیلەری دەخستە ناو کایەی سیاسی، لە ئیستا لە کولەکەی تەڕیشا ناوی نەماوە. سەرهەڵدانەوەی فاتح ئەربەکان دیاردەیەکی جیاواز نیە لەو هەڵکشان و داکشانەی کە لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیادا رودەدەن، بەڵام لەم ساتەوەختەدا بە کۆمەڵیک نیشانە و سیمای جیاوازەوە دەبێت زیاتر لەسەری بوەستین.
هەمان هەڵکشان و داکشان زۆر بە توندی لە مێژووی سیاسی ئەربەکان و ئەردۆغانیشدا بوونی هەیە. زۆرێک لە ناوەندە توێژینەوە و سیاسییەکان ئەربەکان بە باوکی رۆحی ئەردۆغان ناودێر دەکەن، بەڵام لەو باوەڕەدان لە کۆتا رۆژانی تەمەنی سیاسیی خۆیدا ئەربەکان لە لایەن ئەو خوێندکارەی خۆیەوە خیانەتی لێکرا، هەر بۆیە ئەویش هەموو ئەو کەسە یاخی و جوداخوازانەی ناو حزبەکەی بە سیخوڕی زایۆنیزم لە قەڵەم دەدا.
ئەربەکان و ئەردۆگان:
ئەربەکان لە مێژووی تورکیادا شوێنێکی یەکجار گرنگ و کاریگەری بۆ خۆی گرتووە. ئەو یەکەم کەس بوو لە دوای هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی خەلافەت دەست بەرێت بۆ ئیسلامی سیاسی و ئەو تابووە گەورەیە بشکێنێت کە لە سەرەتای دروستبوونی کۆمارەوە وەکو تەوقێکی ئاسنین خرابووە گەردنیانەوە. بەمجۆرە یەکەم کەس دەبێت کە بتوانێت درز بخاتە نێو سیستەمی سیکولاریستی دەوڵەتەوە و بەم رۆژەی ئەمڕۆی بگەیەنێت. ساڵی ١٩٧٠ بەهرە مەند بە پشتیوانی بزوتنەوەی نورسی (سەعید نورسی) یەکەم حزبی سیاسی ئیسلامی بەناوی حزبی نیزامی میللی (Milli Nizam partisi) دامەزراند، ئەم حزبە تەنها نۆ مانگی بڕ کرد و داخرا، دوابەدوای ئەم لە ساڵی ١٩٧٢ ئەربەکان حزبی سەلامەتی میللی (Milli Selamet Partisi) دامەزراند. ئەم حزبە نوێیە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٧٣ی پەرلەمان بەشداری کرد و توانی ١١.٨٪ ی دەنگەکان مسۆگەر بکات و ٤٨ کورسی بەدەست بێنێت. ئەم سەرکەوتنە وایکرد بۆ یەکەمجار بتوانێت بەشداری حکومەت بێت و لەگەڵ جەهەپەدا کوالیسیۆنێکی دەسەڵات  دروست بکات. ئەم تێکەڵبوونەی لەگەڵ حکومەتی جەهەپە چەند سەرنجێک لە خۆ دەگرێت:
١- بۆ یەکەمجار بوو ئیسلامی سیاسی کردە دیفاکتۆ لە ناو دەسەڵات و لە رێگای یاساکانی وڵاتەوە دەستکەوتی زۆر گرنگی بۆ دەستەبەرکردن.
٢- بڕیاری داگیرکردنی قوبرس لە ساڵی ١٩٧٤ بڕیارێک بوو کە شان بە شانی ئەجەوید، ئەربەکانیش دەکاتە هاوبەشی ئەو بڕیارە گرنگ و مێژووییە.
٣- بەردەوام بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە دەبێت تورکیا لە خۆرئاوا و ئیسرائیل دوور بکەوێتەوە و رۆڵی میحوەری خۆی لە کۆکردنەوەی جیهانی ئیسلامی بگێڕێت.
ئەربەکان لە ساتەوەختی دروستکردنی یەکەم حزبی ئیسلامی هەتا کاتی مردنی، یەکێک بوو لەوانەی کە نەخشێکی بەرچاوی هەبوو لە نەخشەی سیاسی تورکیادا. لە کۆتایی هەفتاکانەوە ئەردۆگان بوو بە ئەندامی حزبی سەلامەتی میللی و وەک شوێنکەوتوویەکی گوێڕایەڵ بەیعەتی بە ئەربەکان دا. لە دوای کودەتای ئەیلولی ١٩٨٠ ئەم حزبەش داخرا. ساڵی ١٩٨٣ لە سایەی دەسەڵاتی تۆرکوت ئوزالدا، ئازادی دروستکردن و تۆمارکردنی پارتی سیاسی لە تورکیا کرایەوە. ئەربەکان دەستبەجێ لەگەڵ هاوڕێکانیدا حزبی رەفا (Refah Partisi)ی دروست کرد. ئەو حزبە دواتر لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٥دا ٢١٪ی دەنگەکانی هێناو ١٥٨ کورسی مسۆگەرکرد. پارتی رەفا بە کودەتای سپی لە شوباتی ١٩٩٧ لە حکومەت دەرکرا و دواتریش لە ١٩٩٨ قەدەغەکرا. ئەربەکان دواتر حزبی فەزیلە (Fazilet Partisi)ی دروستکرد، ئەویش قەدەغەکرا و خۆشی لە ٢٠٠٣دا خرایە زیندانەوە.
هەتا ساڵی ٢٠٠١ ئەردۆغان لەهەموو ئەو حزبانەدا لەگەڵ ئەربەکانی مامۆستای مایەوە. لەو ساڵەدا ئیتر بڕیاریدا پشت بکاتە مامۆستاکەیی و خۆی و هاوەڵەکانی پارتی دادو گەشەپێدانیان دروست کرد.
پاشماوەکانی ئەربەکان لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە لەناو حزبی سەعادەت (Saadet) درێژەیان بە رێبازەکەی ئەربەکاندا، هەتا ساڵی ٢٠١٨ کە ئیتر فاتیحی کوڕی ئەربەکان لەوان جیا بۆوە و پارتی (رەفای نوێ دووبارە) ی دروستکردەوە.
میراتییەکەی ئەربەکان بۆ فاتیحی کوڕی:
فاتح ئەربەکان کۆلێژی ئەندازیاری لە تورکیا خوێندبوو. بۆ خوێندنی ماستەر لە بەریتانیا بوو، بەهۆی مردنی باوکیەوە (٢٧ی شوباتی ٢٠١١) گەڕایەوە بۆ تورکیا و نەیتوانی لەوێ خوێندنەکەی تەواو بکات. فاتیح لەسەر دەستی باوکی هەر لە منداڵییەوە پەروەردەیەکی ئیسلامی کۆنزەرڤاتیڤی وەرگرتبوو. بەهاو نەریتەکانی ئیسلامی بە نمونەی بەرزی رەوشت دەزانی و دژایەتی ئیسرائیل و زاینۆنیزم و کەلتوری خۆرئاواش بە پرۆگرامی سیاسی، بنەما فیکری و فەلسەفییەکانی دیدگای نەتەوە (میللی گوروش - Millî Görüş) بە بناغەی ستراتیژیی ئیسلامگەرایی.
ئەربەکانی فەرزەند بۆ ئەوە نەهاتە نێوگۆڕەپانی سیاسەت تاوەکو رێبازەکەی باوکی بەردەوام پێبدات، لە راستیدا ئەو برینێکی قوڵی لە جەستەی باوکیەوە بۆ بەجێ مابوو، برینەکەش ئەوە بوو کە پێگەی مەرجەعیەتی باڵای ئیسلامی کۆنزەرڤاتیڤ لە تورکیا بۆ باوکی (واتە بۆ خۆشی) وەربگرێتەوە.

ئەردۆغان چۆن توانی ئەربەکان راماڵێت؟
رەنگە ئەو پرسیارەی سەرەوە ئاڵۆزترین قۆناغی ئیسلامی سیاسی لە تورکیا دیاری بکات، کە نەک بۆ زۆر کەس شاراوە و پێچیدەیە، بەڵکو تێگەیشتن و وەڵامدانەوەشی دەبێتە کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگای ژورە تاریکەکانی بڕیاری سیاسی لە تورکیا. سەرەتا دەبێت ئەم چەند خاڵەی خوارەوە رۆشن بکەینەوە:
١- کودەتای ١٩٩٧ ئەربەکانی لە نەخشەی سیاسی خستە دەرەوەی گۆڕەپانەکە، لە بەرچی ئەردۆغانی کردە ئالتەرناتیڤ.
٢- بزوتنەوەی خزمەت و فەتحوڵا گولەن چ رۆڵێکیان گێڕا لە خستن و لاوازکردنی ئەربەکان؟
٣- ئایا ئەمەریکا و پەیمانی ناتۆ رۆڵیان هەبوو لە قەبەکردنی ئەردۆغان و ئاک پارتی؟
***
ساڵی ٢٠٠١ بۆ ئەمەریکا وەرچەرخانێکی نوێ بوو. کۆنزەرڤاتیڤە نوێیەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتبوو. خوازیاری ئەوە بوون بست بە بستی دنیا بازاڕی کراوە و ئازاد بێت لەبەردەم هەژموونی کۆمپانیاکانیاندا. هەر ئەو ساڵەش ئیسلامی سیاسی لەسەر سینییەکی زێڕین جوانترین دیاری پێشکەش کردن، ئەوە بوو لە ١١ی سێپتێمبەردا هێرشیان کردە سەر ئەمەریکا و جەنگی دژ بە تیرۆر هەڵایسا. ئەو جەنگە دەرفەتێکی لەبار بوو بۆ پێشخستنی پرۆژەی خۆرهەڵاتی ناوینی گەورە. لە پرۆژەکەدا رۆڵێکی مەزن بە تورکیا درا و ئەو رۆلەش لە ئاک پارتی و خودی ئەردۆغاندا بەرجەستە دەبوو کە تیایدا تورکیا وەک سەرکردەی پرۆژەکە لە ناوچەکەدا رۆڵی دەگێڕا. ئەردۆغانیش کە بانگەشەی فیکری عوسمانیزمی نوێیی دەکرد زۆر بەتەنگ ئەوە بوو کە خۆی وەک خەلیفەی تازەی موسڵمانان پیشان بدات. بەهاری عەرەبیش یاریدە دەر بوو بۆ ئەوەی زیاتر ئەم فیکرە جێبەجێ بکات.
ئەربەکان رێگر بوو لە بەردەم ئەو پرۆژانەدا بۆیە هێزە نێودەوڵەتییەکان لەو کاتەدا بە پەرۆش بوون بۆ خستنی ئەربەکان ئەوە بوو لە ٢٨ی شوباتی ١٩٩٧دا کودەتایان لە دژی کرد و حکومەتە کوالیستیۆنەکەی ئەربەکانیان لادا. بەمەش ئەردۆگان لە گەورەترین بەربەستی سیاسی رزگاری بوو راستەوخۆ حزبی داد و گەشەپیدانی دامەزراند. ئەردۆغان لە ساڵانی ١٩٩٤-١٩٩٨ سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبول بوو، بۆیە چاوەکانی ئەمەریکا و خۆرئاواییەکان زیاتر لەسەر ئەم بوو. دامەزراندنی حزبێکی تازەی لە دەرەوەی هەژمونی ئەربەکانی کەوتە ئەستۆ ئەوەبوو زنجیرەیەک  کۆبوونەوەی ئەنجامدا لە تورکیا و ئەمەریکا. لەو کاتەدا ئەمەریکا بە شوێن جێبەجێکردنی پرۆگرامەکەی خۆیەوە بوو بۆیە مەرجەکانی خۆیان بە ئەردۆگاندا بۆ پشتیوانی کردنی ئەویش بێ دوودڵی رازی بوو.
لە هەمان ئەو تەمەنەی ئێستای ئەردۆغاندا، ئەربەکان خرایە کونجی زیندان و تێکچوونی باری تەندروستیی نەبوایە هەتا دوارۆژەکانی ژیانی ئازاد نەدەکرا. لە دەرەوەی زیندانیش قوتابیە یاخی بووەکەی ئەربەکان توانی لاوەکانی ناو حزبە تازەکەی خۆی قایل بکات بە مەرجەکانی ئەمەریکا و لە نێوەندە سیاسی و میدیاییەکاندا بە دەموپلی خۆی و  توانای تایبەت و کاریزما توانی ئەوە بکاتە دیفاکتۆ. لێرەوە ئیتر ئەردۆگان بەخت یاری بوو لە نێوەندە  سیاسەکانی ئەمەریکا پەسەند کرا.
مەرجەکانی ئەمەریکا بۆ کەسێکی پراگماتیکی وەک ئەردۆغان (کە لەسەردەمی لاوێتیدا پسپۆڕ بووە لە گەمەی دووگۆڵی و شارەزای "پاس" پێدان و گۆڵکردن بوو) زۆر قورس نەبوون. بەرامبەر بە پێدانی رۆڵی میحوەری بەتورکیا دەبوو ئەمیش بە دڵ بە گیان لەگەڵ ئەمەریکا و پەیمانی ناتۆ کار بکات و بە هیچ جۆرێک توخنی ئیسرائیل نەکەوێت و لە دابینکردنی سەرچاوە نوێیەکانی وزەدا رۆڵی بەرچاوی هەبێت و بریکارێکی زیرەک بێت لە جیهانی ئیسلامی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و سیستەمی نێودەوڵەتی.
سەرەتا هەوڵیدا هەموو کادیرە لاوەکانی ناو رەفا بەلای خۆیدا رابکێشێ. تا ئەو رادەیەی بوو بە دوژمنێکی ئاشکرای نەجمەدین ئەربەکان کە هەموویانی وەک بەکرێگیراوانی زایۆنیزم ناو دەبرد. لەوەش زیاتر سودی لە تواناکانی بزوتنەوەی خزمەت بینی و فەتحولا گولەنی کردە مەرجەعی رۆحی خۆیی و موسڵمانەکانی تورکیا. بەمجۆرە ئاک پارتی زۆر بە قورسی خستە سەر تەختی شانۆ و نەیارەکانیشی کردە دەرەوەی گۆڕەپانەکە.

ئەربەکانی نوێ و رەفای نوێ:
هاوڕێکانی نەجمەدین ئەربەکان، ئەوانەی لە دەرەوەی زیندان مانەوە و پشتیان نەکردە مامۆستاکەی خۆیان لە ناو حزبی سەعادەت مانەوە، بەڵام هیچی ئەوتۆیان بۆ نەکرا و هەر بە دەرکراوی لە دەرەوەی گۆڕەپانەکەوە تەماشای یارییەکانی ئەردۆغانیان دەکرد. ساڵی ٢٠١٨ فاتح ئەربەکان ئەو دۆخەی رەتکردەوە و لەو حزبە هاتە دەرەوە و بڕیاریدا سەرلەنوێ رەفا دروست بکاتەوە (Yeniden Refah Partisi). لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا (٢٠٢٣) توانیان پتر لە یەک ملیۆن و نیو دەنگ مسۆگەر بکەن (٨.٢٪) و بۆ یەکەمجار بە شەش کورسییەوە بێنەوە نێو پەرلەمان. ئاستی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا (٢٠٢٤) زیاتر هەڵکشا و توانیان رێژەی (٦٪)ی دەنگەکان مسۆگەر بکەن.
بە تەماشا کردنی شێوازی مامەڵەی سیاسی فاتیح ئەربەکان، بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ناوبراو بەهەمان میتۆدەکەی خودی ئەردۆغان دەیەوێت لە کایەی سیاسی لاواز و پوچی بکاتەوە. دەرەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیش باشترین گەواهی ئەوەن. لە دوای ساڵی ٢٠٠١ کاتێک ئەربەکان کەلەپچە لە دەستەکانیدا بوون، ئەردۆغان لە دەرەوەی زیندان پشت ئەستور بە بنکەی جەماوەری ئەو دەنگی دەهێنا و جار لە دوای جار هەڵبژاردنەکانی دەبردەوە. لەم هەڵبژاردنەدا خەریکە دۆخەکە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە. هەموو ئەو شارەوانیانەی کە فاتیح ئەربەکان بۆ خۆی بردن پێشتر هەر هەموویان لە ژێر دەستی ئەردۆغان و ئاک پارتیدا بوون.
جیاوازییەکانی نێوان پارتی رەفای کۆن و سەعادەت و  فەزیلەت و تەنانەت پارتی رەفای نوێش لە نێوان یەکتریدا هێندە کەمن زۆر جار وەک فۆتۆکۆپی یەکتر دێنە بەرچاو. بە هەمان شێوە جیاوازی رەفای نوێ و  ئاک پارتی ئەوەندە کەمە کە ئەو پارتە لەهەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە حوزەیرانی ٢٠٢٣ هاوپەیمانی ئاک پارتی بوو. کەمی ئەو جیاوازیانە دەکرێت وەکو خاڵی بەهێز بۆ فاتیح ئەربەکان و وەک خاڵی لاواز بۆ ئەردۆغان و ئاک پارتی تەماشا بکرێت. لەمڕۆدا رەخنەی زۆر توند بەرۆکی ئاک پارتی گرتووە لەوانەش قەیرانی ئابوری، گەندەڵی یەکجار زۆر، گرانی، فەشەلی سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆ..تاد. هەروەها کەمبوونەوەی ژمارەی دۆست و هاوەڵەکانی ئەردۆغان و ئاک پارتیش تەواو ئەو حزبەی خستۆتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە دەکرێت لەمەودوا زۆر بە ئاسانی ئەندامان و لایەنگرانی ئاک پارتی بیر لەوە بکەنەوە فرسەتێک بە ئەربەکانی کوڕ بدەن و رۆحی ئەربەکانی باوکیش ئارام بکەنەوە.



 
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
رێکەوت ئیسماعیل ئیبراهیم
تورکیا و میساقی میللی
رێکەوت ئیسماعیل ئیبراهیم
گوگڵ و گەوجاندنی مرۆڤ

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved