پێشەکی:
لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، دەوڵەتی عوسمانی کە بە پیاوە نەخۆشەکە ناوبانگی دەرکردبوو، تێکشکا. هاوپەیمانەکان بە زەبری هێزلە ئاگربەستی مودرۆسدا 25 مەرجی زۆر قورس و کوشندەیان بەسەر عوسمانییەکاندا سەپاند. بە گوێرەی ئەو مەرج و رێکەوتنانە، دەوڵەتی عوسمانی پانتاییەکی یەکجار زۆری لە قەلەمڕەوی خۆی لەدەستدا، کە بە رێژەی 80%ی خاکی ئیمپراتۆریاکە مەزەندە کراوە. ئەو مەرجانەی عوسمانییەکان پەسەندیانکرد، بۆ نوخبەی سیاسی و سەربازی و روناکبیران مایەی شۆک و رامان بوو. رێکەوتنەکە بۆ ئەو سەردەمە تەنها رێکەوتنێکی سیاسی و سەربازی نەبوو، بەڵکو زیاتر وەک رێکەوتنێکی داسەپاو دەهاتە بەرچاو کە دەوڵەتی عوسمانی تیایدا تەواو زەلیل و سەفیل کرابوو. بۆ لێکۆڵینەوە لەو پرسە نوخبەی سیاسی و سەربازی لە دەوڵەتی عوسمانی کەوتنە خۆ. کۆنگرەی ئەرزڕۆم لە مانگی ئۆگستۆسی 1919 و کۆنگرەی سیواس لەمانگی سێپتەمبەری هەمان ساڵدا گرێدران و لە دژی ئەو رێکەوتنە میساقی میللییان داڕشت . مستەفا کەمال رۆلی گرنگی گێڕا لە چەسپاندنی خاڵەکانی میساقی میللی. سەرەنجام لە دوا کۆبوونەوەی پەرلەمانی عوسمانیدا ئەو میساقە پەسەندکرا. دەتوانین ئەو میساقە وەک رەتکردنەوەی تەسلیم بوونی ئابڕوبەرانەی دەوڵەتی عوسمانی و ملکەچبوونی تورکیا ناوبەرین.
ئاگربەستی مودرۆس[1]:
ئاگربەست یاخود رێکەوتننامەی مودرۆس(Mudros) لە 30ی ئۆکتۆبەری 1918 لەبەندەری مودرۆسی دۆرگەی لیمنۆس (Lemnos)ی یونانی لەسەر پشتی پاپۆڕی (HMS Agamemnon) لە نێوان هاوپەیمانەکان و دەوڵەتی عوسمانی مۆرکرا. لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە وەزیری کاروباری دەریایی رەوف بەگ و لەلایەن ئینگلیزەکانیشەوە ئەدمیراڵ سومەرست ئارثر گۆف کالثۆرپ (Somerset Arthur Gough- Calthorpe) مۆرکرا. بەپێی ئەم رێکەوتنە، دەوڵەتی عوسمانی خۆبەدەستدانەوەی پەسەندکرد وهەموو چالاکییە سەربازییەکانی جەنگ دوانیوەڕۆی رۆژی دادێ راگیران . لەم رێکەوتنەدا دەوڵەتی عوسمانی 25 مەرجی بەسەردا سەپێنرا، کە نەدەکرا خۆی لە هیچ کام لەو خاڵانە لابدات. ئەو مەرجانەش ئەمانە بوون[2]:
داگیرکردنی تەنگەبەرەکانی دەردەنیل و بسفۆڕ و کردنەوەی تەواوەتی رێگا ئاویەکانی دەریای رەش.
پۆچەڵکردنەوەو هەڵگرتنەوەو لەناوبردنی هەموو ئەو مین و تۆڕبیدانەی کە لە ئاوەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا دانراون.
هەموو زانیارییەکانی تایبەت بە مین لە ئاوەکانی دەریای رەش بدات بە دەستەوە.
ئازادکردنی هەموو دیلەکانی هاوپەیمانەکان و ئەرمەنەکان بەبێ هیچ مەرج و بەندێک، کۆکردنەوەو رادەستکردنەوەیان لە ئەستەنبوڵ .
هەڵوەشاندنەوەی سوپای عوسمانی، جگە لە هێزەکانی ئاسایشی سنور و ناوخۆ.
دەبێت هەموو گەمی و کەشتییە جەنگییەکانی عوسمانی رادەستی هێزی هاوپەیمانان بکرێت.
لە هەر ناوچەیەکدا ئاژاوەو ناکۆکی هەبێت، هێزی هاوپەیمانان بۆی هەیە ناوچەکە داگیر بکات.
هەموو هێڵەکانی شەمەنەفەر دەبێت بخرێنە ژێر رکێفی هێزی هاوپەیمانان. هەروەها بەهەمان شێوەش هەموو کەشتییە بازرگانییەکانی دەوڵەتی عوسمانی دەخرێنە خزمەت هێزی هاوپەیمانان.
هێزەکانی هاوپەیمانان هەموو کەلوپەڵ و پێداویستیەکان بۆ وەگەڕخستنەوەی بەندەرو میناکان دابین بکەن.
هەموو تونێلەکانی تۆرۆس لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانان داگیر دەکرێن.
هەموو هێزەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە قەوقاز و ناوخۆی ئێران دەبێت پاشەکشە بکەن.
هەموو هێڵەکانی پەیوەندی و گواستنەوەو گەیاندن جگە لە هێلەکانی ئاسایشی ناوخۆی وڵات، هەمووی دەبێت بخرێتە ژێر دەستی هێزی هاوپەیمانان.
هێزەکانی هاوپەیمان رێگا نادەن هیچ جۆرە کەلوپەلێکی سەربازی و بازرگانی لەناوببرێت.
خەڵوز و نەوت و گیرۆسین، دەبێت لە ناوخۆی تورکیا لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمان بەکار بێن، نابێت ئەو مادانە رەوانەی دەرەوە بکرێن.
هەموو هێڵەکانی شەمەنەفەر راستەوخۆ دەخرێنە ژێر چاودیری پۆلیسی هاوپەیمانان.
دەبێت سوپای عوسمانی لە حجاز و عەسیر و یەمەن و سوریا و عێراق ، خۆیان رادەستی نزیکترین بنکەی هێزی هاوپەیمانان بکەن لەو شوێنانە.
هەموو ئەفسەرەکانی سوپای عوسمانی لە تەرابلس و بەنغازی دەبێت خۆیان رادەستی نزیکترین بنکەی سوپای ئیتالیا بکەن.
هەردوو بەندەری دەریایی لە تەرابلس و بەنغازی تەسلیم بە ئیتالیەکان دەکرێن.
هەموو هاوڵاتیانی ئەڵمانی و نەمساوی سڤیل و سەرباز، دەبێت لە ماوەی یەک مانگدا لەناو خاکی عوسمانیدا نەمێنن.
هەمووجۆرە فەرمانەکان بۆ رادەستکردنی کەلوپەلی سەربازی و هەڵوەشاندنەوەی سوپای عوسمانی دەبێت دەستبەجێ و راستەوخۆ دەربکرێن و جێبەجێش بکرێن.
نوێنەرێکی هاوپەیمانان لە هەر دامەزراوەیەکی دەوڵەت دادەنرێت و هەموو جۆرە زانیاریەکانیش دەبێت بخرێنە ژێر دەستی.
هەموو دیلەکانی سوپای عوسمانی لە ژێر دەستی هێزی هاوپەیمانەکان دەمێنێتەوە و ئازاد ناکرین.
دەوڵەتی عوسمانی و حکومەتی ناوەندی هەموو پەیوەندییەکانیان دەبڕن.
لەهەر هەرێمێکدا هەڕەشەیەک بۆسەر سەلامەتی و ئاسایشی هاوپەیمانان هەبێت، ئەو هەرێمە لەلایەن هیزەکانی هاوپەیمانان داگیر دەکرێت.
جەنگ لەنێوان سوپای عوسمانی و هیزەکانی هاوپەیمانان لە دوانیوەڕۆی رۆژی 31ی ئۆکتۆبەری 1918 بە کاتی ناوخۆ رادەگیرێت.
میساقی میللی:
وەک لە سەرەتادا باسمان کرد، ئەم شێوازە لە خۆبەدەستەوەدانی دەوڵەتی عوسمانی و لەدەستدانی پانتاییەکی یەکجار گەورە لە خاکی ئیمپراتۆریاکە، مایەی پەسەندکردن نەبوو. هەردوو دەستەبژێری سەربازی و سیاسی زۆر خێرا کەوتنە خۆیان بۆ ئەوەی بتوانن پێش بەم هەرەسە کوشندەیە بگرن، چونکە ترسی ئەوان لەوەدا بوو کە نەک ئیمپراتۆریای عوسمانی بەڵکو هەموو خاکی تورکیا لەدەست بدەن و لەسەر نەخشە بسڕێتەوە. ئەو ترسەش لە جێگای خۆیدا بوو، چونکە دواترو لە رۆژی 11ی ئاپرلی 1920 هاوپەیمانەکان پەرلەمانی عوسمانییان هەڵوەشاندەوە و لە رۆژی 10 ئۆگستۆسی هەمان ساڵی 1920 پەیمانی سیڤەر لەسەر بنەڕەتی رێکەوتنی مودرۆس بەسەر تورکیادا سەپێنرا، کە ئەگەر بێتو سەری بگرتایە نەخشەی ئەمڕۆی تورکیا نیوچارەکی ئەوەی ئێستاش نەدەبوو، جگە لەوەی کە دەوڵەتێکی کوردیش دەبووە دراوسێی. لەبەر ئەو هۆکارانەبوو کە دەستەبژێری ناوبراو جەنگی سەربەخۆییان بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک راگەیاند و ئامادە نەبوون بچنە ژێر باری ئەو هەموو نەهامەتییە. میساقی میللی یەکێک بوو، لەو پەرچەکردارانەی کە سوپا و نوخبەی سیاسی و روناکبیری لە تورکیا مۆریان کرد[3].
وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان بۆ کرد، تۆرانیەکانی تورکیا لە کۆنگرەی ئەرزڕۆم و سیواس لە مانگەکانی ئۆگستۆس و سێپتێمبەری 1919 کەوتنە خۆیان، بۆ رەتکردنەوەی سەپاندنی دیفاکتۆی مودرۆس بەسەر تورکیادا. لەو دوو کۆنگرەیەدا پەیماننامەیەک لە هەشت خاڵدا گەڵاڵەکراو لە دوا ساڵ و تەمەنی پەرلەمانی عوسمانی و لە رۆژی 28ی ژانیوەی 1920 خرایە بەر دەم و لە 12ی فێبریوەی هەمان ساڵدا پەسەند کرا. هاوپەیمانەکان لە دژی ئەم پەیمانە هەڵوێستیان نواند و لە 16 ی مارسی هەمان ساڵدا، ئەستەنبوڵ لە لایەن هێزەکانی ئینگلیز و فەرەنسا و ئیتالیا داگیرکرا.
داڕشتنی بەندەکانی میساقی میللی، چەند ساڵێکی پێچوو. لە 28 ژانیوەی 1920 لە ئەستەنبوڵ میساقەکە بەناوی (بەیان نامە میساق میللی) پەسەند کرا، دواتر لە کۆبوونەوەی ئەنکەرە دوو بەندی لادراو مایەوە شەش بەند. دەگوترێت ئەو دوو بەندەی کە لابراوە تایبەت بوون بە دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ و پشتوانیکردن لە رێکخراوی کۆمەڵەی گەلان. ئەوەی جێگای سەرنجە میساقی میللی لەهیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمی و نافەرمی ئەو دەمەدا تۆمار نەکراوە. ئەوەی کە هەیە دوای دروستبوونی دەوڵەتی تورکیا نوسراوەتەوە و هەتا ئەمڕۆش لە لایەن دەوڵەتی تورک و ناسیونالیست و تۆرانیەکانەوە وەک پەیمانی شەرەف تەماشا دەکرێت.
خاڵەکانی میساقی میللی ئەمانەی خوارەوەن[4]:
1-چارەنوسی ئەو ناوچانەی کە لەکاتی ئاگربەستی مودرۆسدا زۆرینەی دانیشتوانەکەی موسڵمان بوون، لە رێگای ریفراندۆم یەکلا دەکرێنەوە. ئەو ناوچانەشی کە داگیر نەکرابوون و زۆرینەی دانیشتوانەکەی تورکن ئەوا نیشتیمانی نەتەوەیی گەلی تورکە.
2- بارودۆخی ناوچەکانی کارس و ئەرزخان و باتوم دەبێت بە ریفراندۆم یەکلا بکرێنەوە.
3- خۆرئاوای ناوچەی تراکیا دەبێت بەدەنگدانی دانیشتوانەکەی چارەنوسی دیاری بکرێت.
4- ئاسایشی ئەستەنبول و مەرمەڕە دەبێت پارێزراو بن. تورکیا و وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش گواستنەوەو بازرگانیی ئازاد لە دەردەنیل و بۆسفۆڕ فەراهەم دەکەن.
5- مافی کەمینەکان پارێزراو دەبن بەو مەرجەی لە هەموو وڵاتانی دراوسێ مافی موسڵمانەکان پارێزراو بێت.
6- بۆ ئەوەی وڵاتمان لە هەموو بوارەکاندا پەرەبسێنێت، دەبێت سەربەخۆو ئازاد بێت و هەموو کۆت و بەندێکی سیاسی و یاسایی و دارایی لاببرێن.
ئەردۆگان و میساقی میللی:
ئەردۆگان لەمڕۆدا پەیڕەوی هزری عوسمانگەرایی نوێ دەکات. هەرچەندە هزری عوسمانگەرایی نوێ لە بنەڕەتا بۆ تۆرکۆت ئۆزال دەگەڕێتەوە و ناوبراو لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا وەک سەرۆک وەزیران و سەرۆکی کۆماریش، بانگەشەی ئەو هزرەی کردووەو لە چەندین بۆنەدا باسی داگیرکردنی ویلایەتی موسل و دروستکردنەوەی تورکیای گەورەی کردووە، بەڵام ئەردۆگان و ئاک پارتی وەک ئیسلامی سیاسی خۆیان بە خاوەنی خەلافەت دەزانن و بانگەشەی هزری عوسمانگەرایی نوێ دەکەن. ئەردۆگان لەمڕۆدا نایشارێتەوە کە دەیەوێت کۆتایی بەو سەد ساڵە پڕ لەنەهامەتیەی دروستکردنی کۆماری تورکیا بهێنێت و شکۆی نەتەوایەتی و ئایینی لە رێگای گەڕانەوەی سیستەمی خەلافەت بۆ نەتەوەکەی بگەڕێنێتەوە، ئەوەش بە زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریای عوسمانی لە بەرگێکی نوێدا.
روداوەکانی بەهاری عەرەبی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی بەرەو ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی برد. لە چەندین وڵاتدا ئاشوب و جەنگی ناوخۆی هەڵگیرساند سیفەتی سەرەکی ئەو جەنگانەش بریتین لە:
یەکەم-زاڵ بوونی رەهەندە ئایینی و مەزهەبی و مێژووییەکان تیایدا.
دووەم-جەنگی بە وەکالەتی وڵاتانی ئیقلیمی و نێو دەوڵەتی.
تورکیا ئەم روداوانەی بەهەل زانی، لەو باوەڕەدا بوو کاتی ئەوە هاتووە چەندە بتوانێت و لەو شوێنەی بۆی دەچێتە سەر، سنورەکانی خۆی بەرێتەوە بۆ پێش رێکەوتنی مودرۆس، بۆ ئەمەش میساقی میللی دەکاتە بەڵگە. لەم سۆنگەیەوە تورکیا راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە هەر شوێنێک لەو دەڤەرانەی ناومان بردن، چەندە توانیبێتی دەستوەردانی کردووە، بەڵام لە سێ شوێن کە دەوڵەت تیایدا لاوازەو سەرگەرمی شەڕی ناوخۆیە و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی نەخشەی جوگرافی ئەو شوێنانە لە گۆڕێدایە، تورکیا راستەوخۆ هێزی خۆی ناردووەو کار بۆ زیاتر هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەوڵەتانە دەکات، ئەوانیش لیبیا و سوریا و عێراقن. دواتریش کە جەنگ لە نێوان ئازەربیجان و ئەرمینیا لەسەر ناوچەی قەرەباغ هەڵگیرسا، تورکیا لەسەر بنەمای دوو وڵات و یەک نەتەوە، راستەوخۆ پشتیوانی خۆی بۆ ئازەربیجان راگەیاند.
لەو شوێنانەش کە شەڕو کوشتاری تێدا نیەو ناتوانێت هێز رەوانە بکات ئەوا ناڕاستەوخۆ دیسان لە شەڕی سیاسی و ئابوریدایە لەگەڵ نەیارەکانیدا، (یۆنان و میسرو ئێران و سعودیە) بە نمونە.
میساقی میللی و ویلایەتی موصل:
هەرچەندە ئینگلیزەکان لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1914 لە شاری بەسرەوە دابەزینە ناو خاکی عێراق، بەڵام بەر لە تەواوبوونی جەنگ نەیانتوانی هەموو عێراق داگیر بکەن و لە ئابی 1918 گەیشتنە نزیک شاری کەرکوک. بە گوێرەی ئاگربەستی مودرۆس، دەبوو هەموو هێزەکانی سوپای عوسمانی لە بەرەکانی جەنگ خۆیان رادەست بکەن و دەستبەجێ جەنگ کۆتایی بێت، بەڵام فەرمانڕەوای سەربازی ئەوکاتی ویلایەتی موسل لە سوپای عوسمانی رەتیکردەوە خۆی و سوپاکەی بەدەستەوە بدات، بە پاساوی ئەوەی کە ئەوان هەرگیز راستەوخۆ توشی شەڕ نەبوون لەگەڵ ئینگلیزەکان و کردەوەی سەربازی لەو دەڤەرەدا بوونی نەبووە. لە نۆڤێمبەری هەمان ساڵی 1918 بە ناچاری خۆی و سوپاکەی تەسلیم بە هێزەکانی ئینگلیز بوون. بەگوێرەی پەیمانی سیڤەر لە ساڵی 1920 عێراق خرایە ژێر مانداتی ئینگلیزو بە تەواوی لە دەوڵەتی عوسمانی و تورکیا جیا کرایەوە و ساڵی 1921 یش دەوڵەتی عێراق راگەیەنرا و فەیسەلی کوڕی حسێن کرا بە پادشای[5].
گرێ کوێرەی ویلایەتی موسل لە نێوان تورکیا و ئینگلیزەکان لەدوای کۆتایی دەوڵەتی عوسمانی و دروستبوونی کۆماری تورکیا، بەردەوامی هەبوو. تورکیا ئامادە نەبوو سەروەریی خاکی عێراق بسەلمێنێ و دەوڵەتی تازە دروستبوو بە رەسمی بناسێت، پاساوی بۆ ئەمەش ویلایەتی موسل بوو، چونکە ئەوان لەو باوەڕەدابوون کە ویلایەتی موسل بەشەڕ لەدەستنەدراوە ، بەڵکو لە دوای پاشەکشەی سوپای عوسمانی ئینگلیزەکان فرسەتیان هێناوەو داگیریان کردووە، دەنا ئەو ناوچەیە بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی تورکیا. دواجار لە ژێر هەڕەشەو گوشاری ئینگلیزەکان و پێدانی بەرتیل (بەخشینی بڕی 20 ملیۆن پاوەن بە قەرز بۆ تورکیاو کەمکردنەوەیەکی زۆری رێژەی قەرزەکانی دەوڵەتی عوسمانی) بەرامبەر رێژەی 10% نەوتی ویلایەتی موسڵ بۆ ماوەی 25 ساڵ، لە 5ی حوزەیرانی 1926 دەوڵەتی عێراقی بە فەرمی ناسی. عێراقیش لە نێوان ساڵەکانی 1931-1950 واتە بۆ ماوەی 20 ساڵ پابەندبوو بە رێکەوتنەکە، بەڵام لەو ساڵە بەدواوە هیچ بڕە نەوتێکی ئەو رێکەوتنەی بە تورکیا نەداوە. بوونی کەمینەی تورکمانی لە ناوچەکەدا (کەرکوک ، موسل، هەولێر) بیانووەکانی تورکیا تۆختر دەکاتەوە، جگە لەوەش ناوچەکانی ویلایەتی موسل لە رووی ئایینەوە زۆرینەی موسڵمانی سوننە مەزهەبن. بوونی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان (کورد و عەرەب وتورکمان و مەسیحی و ئێزدی وشەبک و سابئەی مەندائی...تاد) بونیادی کۆمەڵایەتی ناوچەکە لاوازتر دەکات، هەموو ئەو خاڵانەش لە بەرژەوەندی تورکیادان، بە تایبەت کە شەبەنگێکی فانەتیکی ئیسلامیی سوننەمەزهەبی جیهادی بەهێز لە ناوچەکەدا (بەتایبەت لە موسل و باشوری موسڵ) بوونی هەیە " یەکەم شانەی ئیخوان موسلیمین بە رابەرایەتی محەمەد مەحمود سەواف هەر لەو شارەدا بووە.
تورکیا و جێبەجێکردنی نەخشەی جوگرافیی میساقی میللی:
ئەردۆگان سیاسەتمەدارێکی پراگماتیکی مەکیاڤیلیستییە. بۆ جێبەجێکردنی نەخشەی میساقی میللی تەنها لە ناوچە پڕ ئاشوب و کێشەکان کار دەکات. ئەو ناوچانەی لە ناو سنوری میساقی میللیدان و بارودۆخی ئاسایش تیایاندا جێگیرە (بولگاریا، یۆنان، ئێران، سعودیە...تاد) خۆیانی لە قەرە نادات، یاخود جارێ چاوەڕوان دەکات.
سوریا:
لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە، تورکیا راستەوخۆ لە جەنگی سوریا بەشداریی هەیە. جگە لە هێزەکانی خۆی ئیدارەی زۆرینەی هەرە زۆری گروپە ئیسلامییە تیرۆرستەکانی داوە. ئەوەی جێگای مەترسی و سەرنجە ئەوەیە کە هەزاران تورکمانی ئیگۆری لە چینەوە بۆ ئەو مەبەستە هێناوەتە ناو سوریا و بە هێواشی لە ناوچە داگیرکراوەکانی وەک عفرین و گرێ سپی و سەری کانی نیشتەجێیان دەکات. جگە لەوەش بە نیازە هەموو ئاوارەکانی سوریا لە ناوچەیەکی ئارام لە باکوری سوریا نیشتەجێ بکات. ئامانجی تورکیا لەم کارەش ئەمەیە:
یەکەم- دیموگرافیای ناوچەکە دەگۆڕیت و کوردی تێدا پەرتەوازە دەکات و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە رێگری هەرە سەرەکین لە نەخشەکەی تورکیا، تەفروتونا دەکات.
دووەم- دیموگرافیای ناوچەکە بە تەواوی لە قازانجی خۆی دەشێوێنێت و پشتێنەیەکی ئەمنی لە ناوچەکەدا لە هێزە بەکرێگیراوەکانی خۆی دروست دەکات.
سێیەم- بە هێنانی تورکمانی ئیگۆر بوونی کەمینەیەکی تورکمانی دەکاتە واقع و رواڵەتێکی دیموگرافی نوێ دەداتە ناوچەکەو کورد دەکاتە کەمینەیەکی دەستەمۆی لاواز.
چوارەم- ئەگەر بۆی بکرێت، تاک لایەنە ریفراندۆمێک دەکات و ناوچەکە دەخاتەوە سەر تورکیا.
لیبیا:
لیبیاش بە گوێرەی ئاگربەستی مودرۆس لە عوسمانیەکان سەندرایەوە و رادەستی ئیتالیا کرا. بەهۆی داڕمانی دەسەڵاتی سەرهەنگ موعەمەر قەزافی و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، ژینگەیەکی لەبار بۆ تورکیا دروست بووە کە بتوانێت دەستوەردان (بەهاوکاری قەتەر) لەو وڵاتەش بکات. لیبیا بۆ تورکیا کۆمەڵێک خەسلەتی جیۆپۆلەتیکی گرنگی هەیە دەتوانێت رۆلی ئابوری و سیاسی و جوگرافی گرنگ بۆ تورکیا بگێڕێت. لە ئیستادا تورکیا لەرێگەی بریکارەکانی خۆیەوە لە گروپە ئیسلامیەکان و باسکی سەربازی ئەنەکەسە (پێشمەرگەی رۆژ)، هەزاران چەکداری بۆ پشتیوانی حکومەتی ویفاق بە ڕابەرایەتی (فائز سەراج ) ناردووە و بە توندی لە دژی هێزەکانی (خەلیفە حەفتەر) بەکاریان دێنێت. تورکیا جگە لە ناردنی چەک و هاوکاریی لوجستی و دارایی، چەندین بنکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشی لەو وڵاتە جێگیر کردووە.
عێراق:
تورکیا لەهەموو شوێنێک زیاتر فۆکسی خۆی خستۆتە سەر عێراق و ویلایەتی موسڵ. لە شەڕی کەنداوی یەکەم، کاتێک ئێران بۆ ناو خاکی عێراق لە پێشڕەویدا بوو، بە ئاشکرا و لە ساڵی 1986 تورکیا لە میدیاکانی خۆیەوە پرسی گەڕانەوەی ویلایەتی موسلی وروژاند. لە راپەڕینی بەهاری 1991 و دواتر شەڕی ناوخۆی کوردستان و رووداوەکانی 31ی ئاب و دواتریش لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراق و شەڕی ناوخۆی عێراق، بەردەوام ئەم پرسە لە ئەجیندای تورکیادا بووە، بەمجۆرە:
یەکەم- هەر لە ساڵی 1991 بەدواوە تورکیا بە نەخشە و پلانی وردەوە، کاری لەسەر تورکمانەکانی عێراق کردووە، لە بوارەکانی (ئابوری، سەربازی، رێکخستن، میدیایی، کەلتوری، هەواڵگری...تاد) کۆمەکی کردوون.
دووەم- بەردەوام کاریان کردووە لەسەر لاوازکردنی پێگەی کورد و رێگاگرتن لە هەر شتێک لە عێراقدا کە ببێتە مایەی بەهیزبوونی پێگەی کورد لە رووی دەستوری و یاساییەوە.
سێیەم- ئەردۆگان وحکومەتی ئاک پارتی راستەوخۆ لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ سوننەکانی عێراق، بە کۆنەبەعسیەکانیشەوە گرێداوە و لە خزمەت ئەجیندای خۆیان بەکاریان هێناون.
چوارەم- ئەگەرچی تورکیا لە میدیاکانی خۆیەوە لایەنگری یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات، بەڵام لە پراکتیکدا بۆ جێبەجێکردنی نەخشەکەی خۆی لە چوارچێوەی میساقی میللی، هەوڵی پارچەکردنی عێراقی داوە، بەتایبەت لە دوای روداوەکانی بەهاری عەرەبی.سەرهەڵدانی داعش و دەستبەسەراگرتنی موسل لە رێکەوتی 10-6-2014 و مانەوەی تیمی کونسڵخانەی تورکیا لەو شارە بە سەلامەتی و دواتریش پەرەسەندنی روداوەکان و هاوئاهەنگی نێوان تورکیا و گروپە تیرۆرستە جیاوازەکانی بەرەکانی شەڕ باشترین گەواهیدەرن.
پێنجەم- تورکیا لە پشتی پەردەوە هەمیشە وجودی مەیدانی گرنگی هەبووە، لە کەرکوک و موسل و هەولێر بە پلەی یەکەم و لە ناوچەکانی تری وەک سلێمانی و گەرمیان و باشور و ناوەڕاستی عێراق بە پلەی دووەم.
ئایا میساقی میللی لە خەونەوە دەبێتە واقع؟
ئەردۆگان گرەوی لەسەر ساڵی 2023 دەکرد. لەو کاتەدا سەد ساڵ بەسەر رێکەوتننامەی لۆزان تێپەڕیوە. هەرچەندە هیچ بڕگەیەک لە ناو پەیمانەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە ناکات کە ئەو پەیمانە تەنها بۆ سەد ساڵ بێت و دواتر کۆتایی بێت، بەڵام ئەردۆگان هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر ئەو پەیمانە، ئیتر تورکیا تاک لایەنە ئەو پەیمانە هەڵدەوەشێنێتەوەو دەگەڕێتەوە بۆ تورکیای پێش ئەو پەیمانە. میساقی میللی لێرەدا ئەڵتەرناتیڤی ئەردۆگانە، هەروەها پشتیوانی کوێرانەی مەهەپەش لە ئاک پارتی و ئەردۆگان لەسەر هەمان بنەڕەتە. ئەوەی عوسمانگەرا نوێیەکان کاری بۆ دەکەن ئەوەیە کە شکۆمەندی ئیمپراتۆریاکەیان زیندوو بکەنەوە و هەموو ئەو شوێنانەی لە سەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانیدا لە دەستیانداوە، بگەڕیننەوە نێو نەخشەی ئەمڕۆی تورکیا. ئەوەی ئەوان خەونی پێوە دەبینن بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی نەخشەی سیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دروستکردنی دیزانێکی نوێ بە خواستی خۆیان. ئەم کارە نەک بە دەوڵەتی ئەمڕۆی تورکیا ناکرێت بەڵکو بەرژەوەندی زۆرێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە ودەبێتە هەڕەشەی توندیش لە بەرژەوەندی دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیا، بۆیە ئەمە تەنها خەونی چۆلەکەیە و سەرەنجام بەجۆرێک دەکەوێتەوە کە نەک سەری ئاک پارتی بەڵکو سەری خودی ئەردۆگانیش بخوات.
https://blog.nationalarchives.gov.uk/milestones-peace-armistice-mudros/ [1]
بۆ دەقی تەواوی رێکەوتنەکەو خاڵەکان بە زمانی ئینگلیزی بڕوانە ئەم سەرچاوەیە :[2]
"Mudros Agreement: Armistice with Turkey (October 30, 1918)", volume 6, German History in Documents and Images, German Historical Institute, Washington, DC (www.germanhistorydocs.ghi-dc.org)
سەرنج: ئەم دەقە بەزمانی ئینگلیزی بەر لە سەدو دوو ساڵ نوسراوە، بۆیە وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی کەمێک ئاستەنگ دروست دەکات، بۆیە هەولمانداوە لەگەڵ زمانی ئەم سەردەمەدا بیگونجێنین. دەقی رێکەوتن و خاڵەکان لە روی ناوەرۆکە هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.
https://www.marefa.org [3]
بڕوانە دەقی تورکی میساقەکە لەم لینکەدا [4]
https://islamansiklopedisi.org.tr/misak-i-milli
هەروەها بڕوانە وێنە ئەرشیفیەکان بۆ دەقی بنەڕەتی بە زمانی تورکی- رێنوسی عەرەبی کە ئەو کاتە پەیڕەو کراوە.
http://alwatan.com/details/94840 [5]
هەروەها بڕوانە
https://kitabat.com/2019/09/18/192 /
بابەتی زیاتر