شاری سلێمانی له ساڵی 1784، لهلایهن ئیبراهیم پاشای بابانهوه ئاوهدانكراوهتهوه و بهناوی باوكییهوه سلێمان پاشا ناوی ناوه، ئەم شارە جگه لهوهی پایتهختی میرنشینی بابان بووە، لهههمان كاتدا مهڵبهندێكی بازرگانی و رۆشنبیری ئەو سەردەمەش بووە.
له ساڵی 1922 تا 1924 سلێمانی، پایتهختی دهوڵهتهكهی شێخ مەحموودی نەمر بووه. جگه لهوهی لانكهی رۆشنبیر و تێكۆشهران بووه، مهڵبهندی ههڵگیرسانی شۆڕش و ڕاپهڕینش بووه لهمێژووی كوردستاندا.
مەحموود پاشای بابان ساڵی 1781 بیری لەوە کردەوە ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی تر، بۆیە سەرای حکومەتی لە نزیک گوندی مەڵکەندی دروستکرد، دواتر ئیبراھیم پاشای بابان لە ساڵی 1783 فەرمانڕەوایی گرتە ئەستۆ و دەستیکرد بە دروستکردنی شارەکە، تا لە ساڵی 1784 کۆتایی ھات و بووە پایتەختی میرنشینەکانی بابان.
ئیبراھیم پاشا خۆی فەرمانڕەوای قەڵاچوالان بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەمیشە لەژێر هەڕەشە و مەترسیی ئێرانییەکاندا بووە، گوازتوویەتییەوە بۆ تەنیشت مەڵکەندی ئەوکات واتا ئەم دیوی چیای گۆیژە و ئەزمەڕ.
لەگەڵ دانانی بەردی بناغەی سلێمانی، لە ساڵی 1926-1928 جێگەیەکیان تەرخانکردووە بۆ شوێنی بەڕێوەبەرانی شار و ناویان ناوە سەرا.
ئەم سەرایە پێکھاتووە لە دوو نهۆم و 43 ژوور، چەندین جار نۆژەنکراوەتەوە تا ئێستا بۆ بەڕێوبەرایەتی فەرمانگەکانی شار بەکارهاتووە. پاشان تەرخانکراوە بۆ پێگەی ئیداری پۆلیس و قایمقامییەت.
گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی
گۆیژە: یەکەم گەڕەکی سلێمانییە لە کۆنی و گەورەییدا بە ناوی چیای گۆیژەوە ناونراوە و لەگەڵ دروستکردنی شارەکەدا دروستکراوە.
سابونکەران: یەکێکە لە گەڕەکە ھەرە کۆنەکانی سلێمانی ، لە سەرەتاوە پیشەی دانیشتوانی ئەم گەڕەکە بە دروستکردنی سابون ناسراو بوون.
دەرگەزێن: دووھەمین گەڕەکی کۆنی سلێمانییە دانیشتوانی ئەم گەڕەکە لە گەڕەکی دەرگازێنی شاری هەمەدانەوە ھاتوون. دوو گەڕەکی بچووکیش کە بریتین لە گەڕەکی سەرگۆل و گەڕەکی کارێزی دایکی پاشا بەستراونەتەوە بە گەڕەکی دەرگەزێنەوە.
کانێسکان: لە ناو جەرگەی شاری سلێمانیدایە و ناوچەکانی شێخان و بازاڕە بچکۆلە و گەڕەکی ژاڵە بییەکان دەگرێتەوە بە ناوەکەشیا دیارە کە کاتی خۆی ئاسکە کێوی زۆری تیابووە کە لە نزیک کانییەکە بینراون.
سەرشەقام: لە خوارووی شاری سلێمانییە و ئەو شەقامەی پیایدا تێدەپەڕێت، لە گەڕەکانی تری جیا دەکاتەوە. کاروانی قەڵاچوالان بۆ بەغدا بە کەلی سەرگرمەدا، بێرەدا تێپەڕیوە، گيريکەکانی ھۆمەرمەندان و شیوی قازی لەسەر ئەم گەڕەکەن.
جوولەکان: ئەم گەڕەکە سەرەتا لە قەڵاچوالانەوە ھاتوون و بە پیشەی خومچێتییەوە سەرقاڵ بوون. بەڵام لە دواییدا کاروباری بازرگانی کۆتاڵفرۆشی و عەتاری و زەڕەنگەری و گەلێک ئیش جۆراوجۆری تریان گرتۆتە دەست، زۆریان هەڵگری ئایینی جوولەکە بوون.
سەرچیمەن: کە قاوەخانەی سەرچیمەنیشى پێ دەووترێت یەکێکە لە گەڕەکە هەر کۆنەکانی شار و کەوتۆتە نێوان دەرگەزێن و سابوونکەران.
شێواز کەلتوورییەکەی خانووە دێرینەکانی ئەو گەڕەکە هەندێکیان هێشتا ماون. ناوی سەرچیمەن لەوەوە هاتووە کە چیمەن و مێرگی تیا بووە. ناوی قاوەخانەکەش ئاماژەیە بەو قاوەخانە کۆنە مێژووییەی کە کاتی خۆی لە گەڕەکەکەدا هەبووە. خاوەنەکەی حسە کەڕی ناوبووە و یەکێک بووە لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە ناسراوەکانی شار. ئێواران پیاوی گەڕەک چوونەتە ئەم قاوەخانەیە و لە بۆنە ئایینی و نیشتمانییەکاندا چالاکی تایبەتی تێدا کراوە.
مەڵکەندی ئێستا گەڕەکێکی گەورەی سلێمانییە، بەڵام ئەو کات خۆی گوندێکی ئاوەدان بووە لەپێش دامەزراندنی سلێمانی هەبووە
بەپێی زانیارییەکان، ئەم شارە بە 26 ساڵ دوای دامەزراندنی، ژمارەی دانیشتوانەکەی گەیشتۆتە 10 هەزار کەس، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بەشێوەیەکی خێرا گەشەی کردووە.
ئێستا بە كۆی گەرمیان و راپەڕین و پارێزگای هەڵەبجەوە، دانیشتوانەکەی خەمڵێنراوە بە زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو کەس.
كۆی گشتی رووبەرەکەشی 21071 كیلۆمەتر دووجایە.
سلێمانی ئێستا لە سەدان گەڕەک و هەزاران کۆڵان و شەقام پێکدێت و لە هەموو پارێزگاکانی عیراقەوە، تەنانەت لە وڵاتانی دراوسێوە رووی تێدەکەن بەمەبەستی گەشتیاری، تیاشیاندا بە هەزاران کەس هەن کە گرێبەستی کارکردنیان هەیە و ئیقامەنشینن.