دانانی قەییوم، بیانوویەکە بۆ رێگرییکردن لەوەی کەسێکی هەڵبژێردراوی دەنگی خەڵکی شارەکە نەبێتە بەرپرس، بەڵکو کەسێکی غەیرە کورد یان سەربە دەوڵەت دابنرێت وەک سەرۆکی شارەوانی
یەکێک لە فرتوفێڵەکان لای حکومڕانە نادیموکراسییەکان، لەوانەی تەنها بۆ رووکەش باوەڕیان پێیەتی یان لەژێر ئەو پەردەیەدا دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەون، ئەوەیە کە دەچنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، بەڵام کە بە دڵیان نەبوو کاری پێناکەن.
قەییوم واتا سەپاندنی کەسێک وەک بەرپرس بەسەر شوێنێکدا و دەسەڵات بە پشتیوانی و زەبری هێز دەیکات نەک بە ویست و دەنگی خەڵک.
لە چەند ساڵی رابردوودا، کورد لە باکوور دەچنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و رێژەی باشی کورسیی پەرلەمانی تورکیا بەدەستدێنن و زۆرێک لە شارەوانییەکانی شارە کورد نشینەکان دەبەنەوە و مافی خۆیانە کە یەکێک لە براوەکان وەک سەرۆکی شارەوانی دابنێن، بەڵام بەداخەوە دوای دەست بەکار بوونیان بە چەند هەفتە و مانگێک لادەبرێن و تۆمەتێکیش دەخرێتە پاڵیان کە زۆربەی پەیوەندیی هەیە بە بوونی پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە.
دانانی قەییوم، بیانوویەکە بۆ رێگرییکردن لەوەی کەسێکی هەڵبژێردراوی دەنگی خەڵکی شارەکە نەبێتە بەرپرس، بەڵکو کەسێکی غەیرە کورد یان ئەڵقەلەگوێی دەسەڵات بکرێتە قەییوم وەک سەرۆکی شارەوانی.
لەدوا رووداودا لە شاری دێرسیم و شارۆچکەی پلووری سەر بەو، هەردوو سەرۆک شارەوانییەکان لابراون لەبری ئەوان کەسێکی تر سەپێندراوە بەسەر شارەکەدا بە ناوی قەییوم کە خودی پارێزگاری شارەکەیە.
جەودەت کۆتاک هاوسەرۆکی شارەوانی دەرسیم بە تۆمەتی پەکەکە بوونی، لە دادگایەکی خێرای کتوپڕدا بە شەش ساڵ و چوار مانگ زیندانیکردن سزا دراو لە پۆستەکەشی دوور خرایەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو 40 ٪ ی دەنگی خەڵکی شارەکەی بەدەستهێناوە بۆ ئەو پۆستە.
جەودەت کۆتاک رۆژی شەممەی رابردوو لە بەردەم شارەوانی دەرسیم لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییدا کە لە دژی دانانی قەوییوم رێکخرا بوو، دیمەنی پێکدادانی جەندرمە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی لەگەڵ خۆپیشاندەران بە دیمەبنێکی فاشییانە وێناکرد.
هاوسەرۆکی دەم پارتیش، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، لەو خۆپیشاندانەدا بەهەمان شێوە، دەسەڵاتی تورکیای بە فاشیزم وەسف کرد، ئەمە لەکاتێکدا کە دەنگۆی پرۆسەی ئاشتییش هەیە لەگەڵ کورد لەسەر دەستی ئەم حزبە.
ئەکرەم ئیمام ئۆغلوش سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ، دانانی قەییومی بە زەوتکردنی ئیرادە و دەنگی خەڵک وەسف کرد، وتیشی دەسەڵات لەلایەکەوە باسی ئاشتی دەکات، بەڵام لە رێگەی قەییومەوە ستەم لە خەڵک دەکات.
ئەگەرچی بڕیاری راگرتنی خۆپیشاندان دراو قەدەغەی هاتووچۆ بۆ هەفتەیەک راگەیەندرا وەک رێگریی لە تەشەنەسەندنی خۆپیشاندان، بەڵام لە هەرشوێنێکی تری ئەو وڵاتە بە شێوەی جیاواز نارەزایی لە دژی سیاسەتی دانانی قەییوم بەردەوامە، چونکە ئەمە یەکەم جار و یەکەم سەرۆک شارەوانیی کورد نییە لاببرێت و قەییوم لە جێگەی دابنرێت.
ئەگەر دوو لایەنی ناکۆک کێشە و شەڕ لە نێوانیاندا بێت و بیانەوێت رایبگرن و رێچارەی ئاشتی بگرنەبەر، ئەوا دەبێت نیشانەکانی گرتنەبەری ئاشتی لە سەرەتاوە ببینرێت، بۆ نموونە راگرتنی شەڕ و هێرشنەکردنی راگەیاندن، ئەوجار چاوپێکەوتن و یەکتر بیبین، کەچی لە تورکیا لەگەڵ ئەوەش کە پرۆسەی ئاشتی بە گەرمی قسەی لەسەر دەکرێت، بەڵام رەفتارەکانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بەرامبەر کورد و سوور بوون لەسەر زەوتکردنی مافەکانیان بەردەوامە، بەجۆرێک سیاسییە کوردەکان زۆربەیان نەک باوەڕیان بەو جۆرە دەنگۆی ئاشتییە نییە، بەڵکو بەرامبەرەکەیان کە حزبی حکومڕانە بە فاشی وێنا دەکەن، جا لە حاڵەتێکی وادا دانوستانی نەتەوەیەکی بەشخوراو و ستەم لێکراو لەگەڵ لایەنێکی وەک دەڵێن (فاشی) دەکرێت و هیچی لێ شین دەبێت؟.