حوسنی موبارەک لە میسر گیرا و درایە دادگا، موعەمەر قەزافی لە لیبیا دوای ئەوەی لەلایەن هەرزەکارێکەوە لە کاتی گیرانیدا بەر زللە درا، دواتر کوشتیان و لاشەکەیان رادەکێشا، زەینەل عابدین بن عەلی، تونسی بەجێهێشت و نەیتوانی بگەڕێتەوە بۆی، عومەر بەشیری سودان، گیرا و خرایە کونجی زیندانەوە و دەیان تۆمەتی درایە پاڵ.
سەدامە فاشیستەکەی لای خۆشمان لە کونێکدا گیرا و دوای زیندانیکردن و دادگایی کردنی، لە سێدارە درا.
ئەمانە چارەنووسی هەریەک لەو سەرۆکە دیکتاتۆر و تاکڕەو و گەندەڵانەیە کە ساڵانێک حکومڕانییان کرد و وڵاتەکە و خەڵکەکەیان بەرەو نەهامەتییەکی زۆر و هەژاریی و بێکاریی بردووە.
بەشار ئەسەدی سوریاش کە ماوەی 24 ساڵ درێژە پێدەری حکومڕانیی بەعسییەکان بوو کە لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە، لەسەردەستی حافز ئەسەد سەرۆکایەتی دەکرا.
دوای نەمانی ئەم، بەشاری کوڕی هەر بە زۆر رێکارە یاساییەکانیان بۆ تەرتیب کرد و کردیانە سەرۆک، ئەمیش ئەو ئاوەی باوکی رشتبووی، پێی لێدەخشاند و لەسەری دەڕۆی، تا دەهات دەنگی ناڕەزایی زیاتر سەرتاسەری سوریای دەگرتەوە، وەڵامی سکاڵاکان و دۆخی ئابووری و ناسنامەی کوردی نەدەدایەوە و زیاتر نێگەتیفانە مامەڵەی دەکرد لەگەڵ گەلانی سوریا، هەر بۆیە لە ساڵی 2011 و سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیدا، سوریا بووە ئاگر و دەیان رێکخراوی جۆراوجۆری تیادا دروست بوو، هەموویان بە بیروبۆچوونی جیاوازیانەوە لە دژی رژێمی بەعس دەجەنگان.
مانەوەی دۆخەکە و خۆڕاگریی رژێمی بەعسی سوریا و هاوکارییکردنی دەرەکی بۆی، وایکرد بمێنێتەوە و لەگەڵیشیدا سەدان شار و گوندی وێران ببن، دواتریش بووە ناوەندی سەرهەڵدانی گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستی بە ناوی داعش و بەرەی نوسرە و دواهەمینیشیان هەیئەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتی محەمەد جۆلانی بە رەگەز سعودی کە خۆشی یەکێک لە دامەزرێنەرانی داعش بوو لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی.
" باشترین هەنگاوی حکومڕانیی دوای ئەسەد، ئەوەیە کە لەگەڵ بەهێزترین و چەسپاوترین پێکهاتەی سوریادا کە کوردە، رێکبکەون و دەرگای پێکەوەکارکردن و بەشداریکردنیان بکەنەوە لە حکومڕانیی سوریادا، نەک هەر لە رۆژئاوا"
جیاوازیی رژێمی بەعسی عیراق لەگەڵ سوریا
لە کوشتن و بڕین و ماڵوێرانی کۆمەڵگەی عیراقی و سوریدا، ئەو دوو رژێمە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبوو، هەردوو دروستکەری کێشە و قەیران و ماڵوێرانی و سەرکوتکردن بوون، بەڵام شێوازی روخاندنییان جیاوازە، دەکرێت ئەوەی کە پێیدەڵێن ئۆپۆزسیۆن بەسەرپەرشتی هەیئەی تەحریری شام و ئەوانەش کە جووڵێنەریان بوون و بە بەرچاوی ئەمریکا و بە پشتگیریی راستەوخۆی تورکیا و سەرۆکی ئەو وڵاتە، دۆخی وڵاتانی دیکەیان وەرگرتبێت وەک ئەزموون، بۆیە بەبێ وێرانکردنی دیمەشقی پایتەخت، سەرۆکی ئەو وڵاتەیان ناچار کرد دەسەڵات جێبهێڵێت و بەشێوەیەکی ئارام و لەسەرخۆ هەنگاو بنێن بۆ وەرگرتنی دەسەڵات.
ئەمە لەگەڵ ئەوەی بۆ ماوەی کەمتر لە هەفتەیەک لە رێگەی شەڕەوە لە باکووری سوریاوە بەرەو خوار هاتن و چەندین پێکدادان و شەڕی قورس روویدا تا توانییان بگەنە ئەم ئەنجامە.
ئەوەی گرنگ بوو بۆ سەرکەوتنی ئەم هەڵکشانە چەکدارییە، هاوکاریی و راپەڕینی خەڵکی سوریا بوو کە رژێم نەیتوانی خۆی لەبەر بگرێت و ورەیانی روخاند، بەتایبەتی لە قۆڵی خوارەوە و لە درعا و سوەیداوە.
ئێستاش دەبینین لە شەقامەکانی ناو دیمەشق خەڵک سەرقاڵی ئاهەنگ گێڕانن و شەڕ و پێکدادان نەما و نابینرێت.
جیاوازیی نێوان داعش و هەیئەی تەحریری شام
داعش بە ناوەکەیدا خۆی ناساند کە دەیانەوێت سنووری دەسەڵات و چالاکییان لە ناو عیراق و شام بێت، ئەمەش وایکرد ببنە مەترسی بۆ هەموو ناوچەکە، چونکە ئاسایی نییە سنووری نێودەوڵەتیی دوو وڵات تێکەڵ بکەیت و بتەوێت دەوڵەتێکی ئیسلامیی لەو چەشنەی تیادا دابمەزرێنیت، هەر بۆیەش جیهان بە گشتی هاوڕا بوون لەسەر روبەڕوبوونەوەیان و لەناو بردنیان. ئەم هەیئەی تەحریری شامە، راستە وەک بیر نزیکن لە داعشییەکانەوە، بەڵام زیاتر وەک رێکخراوێکی سیاسی خۆیان پیشان دەدەن و ئامانجیشیان نەمانی رژێمی بەعسی سوریا بووە و پلانی بڵاوکردنەوەی جووڵانەوە سەربازییەکەیان نییە، بەوەشدا کە لە رۆژی 06-12-2024 نامەیەکیان ئاراستەی سەفارەتەکانی وڵاتان کرد لە دیمەشق کە لەجێی خۆیان بمێنن و ئەمان نایانەوێت ئاژاوە و بێسەروبەریی دروست بکەن لە سوریا، بەڵکو دەیانەوێت ئەو رژێمە ناچار بکەن کۆڵ بدات، دەردەکەوێت کە لە پلانیاندا وەرگرتنی حکومڕانییەکی مەدەنیانەیە، بەڵام ناتوانن بە تەنها ببنە حکومڕان، چونکە وەک مەزهەب و نەتەوە، رێگریی دروست دەبێت لەبەر دەمیان، بەتایبەتی ئەوا نزیک بە 60 ساڵ دەبێت ئەو رژێمە لەلایەن ئەو بنەماڵەیەوە بەڕێوەدەچێت کە عەلەوین و سەر بە مەزهەبی شیعەن، خەڵکی حمس و دیمەشقیش زۆریان سەر بەم مەزهەبەن.
ئەگەر سەدام لەگەڵ کورد رێککەوتنی بکردایە
کورد هێندە کارتێکی بەهێز بوو لەکاتی راپەڕین و کاتی رووخاندنی رژێمی بەعسیش، ئەمریکا و هاوپەیمانانی پشتیان پێبەست، بە جۆرێک کە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوەڕاست و باشووری عیراق هێزەکانی هاوپەیمانی بێئەوەی سەربازێکیان بریندار ببێت لەشکرکێشییان کرد.
دەکرا سەدام لەو ماوەیەی نێوان راپەڕینی 1991 و پێش 2003 کە کاتی رووخانییەتی، لەگەڵ کورد رێککەوتنی بکردایە و بە رەسمی کوردی بناساندایە وەک ئەوەی کە هەن، بەمەش دەکرێت بڵێین دوور نەبوو کە خۆشی بمێنێتەوە لەسەر حکوم، بەڵام نەیکرد و کوردیش زیاتر بوونە هاوپەیمان و دۆستی ئەمریکا و هاوپەیمانانی و تا ئەمڕۆش کارتێکی بەهێزن لە ناوچەکە.
خەڵکی سوریا هەمان هەڵە نەکەنەوە
سوریا تا دوێنێ پڕ بوو لە فرە لەشکری جیاوازی وڵاتان، دەکرێت یەکەم هەنگاوی ئەوانەی دەبنە جێگرەوەی ئەسەد، بیر لە کۆکردنەوەی خۆیان بکەنەوە، یەکخستنی ناوماڵی کۆمەڵگەی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانەوە و دەرکردنی سوپای بێگانە بە هەموو شێوەکانی، دەنا دوور نییە دیسانەوە ئەم وڵاتە ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردەنەوەی ناکۆکییەکان و ببێتەوە گۆمی خوێن، چونکە دەبێت ئەوەمان لە بیر بێت، ئیسرائیل لە قازانجی نییە سوریایەکی دەوڵەتداریی بەهێز دروست ببێت.
باشترین هەنگاوی حکومڕانیی دوای ئەسەد ئەوەیە کە لەگەڵ بەهێزترین و چەسپاوترین پێکهاتەی سوریا کە کوردە رێککبکەون و دەرگای پێکەوەکارکردن و بەشداریکردنیان بکەنەوە لە حکومڕانیی سوریادا نەک هەر لە رۆژئاوا، ئەگەر ئەمە نەکەن ئەوا رۆژئاوا و ئەو ئیدارە خۆسەرییە هەر بەشێکی جیاواز و دابڕاو دەبێت لە دیمەشق، بۆیە هەموو ئەوانەی دەیانەوێت سوریایەکی یەکگرتوویان هەبێت، دەبێت لە دەستخستنە ناودەستی کوردەوە دەست پێبکەن، پێشموایە ئەمریکا و هاوپەیمانانیشی بەمە رازین و پێشوازیی لێدەکەن، ئیتر نابێت گوێبدەنە هەموو خواست و مەرجێکی وڵاتانی ئیقلیمی، بەتایبەتی تورکیا کە هەمیشە لە دژی ئەوەن ئەو ئیدارەیەی رۆژئاوا لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە.
سەرچاوە؛ کوردستانی نوێ.
بابەتی زیاتر