گیرانی موسڵ لەو ماوە کەمەدا و تێکشکانی سوپای عیراق و هەموو هێزە ئەمنییەکان، تا ئێستاش شیکاریی بۆ هۆکارەکانی دەکرێت، چونکە نەدەکرا ئەو داگیرکردنە کتوپڕە تەنها لە توانای داعشدا بووبێت و دەوڵەتێکی لە پشت نەبووبێت.
لەگەڵ گۆڕینی هەر سەرۆکێکی ئەمریکا رووداوێکیش دێتە پێش و جیهانی پێوە سەرقاڵ دەکرێت و دەیان سیناریۆی بۆ دادەڕێژرێت، لە راستیشدا دروستکەری سەرەکیی خودی ئەمریکایە.
ئێستا ئیسرائیل و ئەمریکا پێیان باشە کە بەرەی نوسرە لەماوەی 24 سەعاتدا زیاتر لە نیوەی حەلەبی گرتووە و سوپای سوریای ناچار بە کشانەوە کردووە، چونکە ئەوان قینیان لە ئەسەدە لەبەر ئەوەی ئەو دۆست و هاوپەیمانی روسیا و ئێرانە.
بەرەی نوسرە لە هەناوی قاعیدەوە هاتووە
بەرەی نوسرە تەواوکەر و درێژەپێدەری قاعیدەیە کە ئیتر بەدوایدا هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەش لە هەناوی ئەوەوە بە دوای یەکدا هاتن، بە داعشیشەوە.
ئەم رێکخراوە تیروریستی و توندڕەوە، (کە لای زۆربەی وڵاتان بە تیروریست ناوزەد کراوە، تەنها قەتەر نەبێت) لەساڵی 2011، لەسەروبەندی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوریادا سەریانهەڵدا و خۆیان راگەیاند و لەماوەیەکی کەمدا بوونە دیارترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار لە سوریا.
لە سەرەتای ساڵی 2012، بانگەوازیان بۆ خەڵکی سوریا کرد کە لەدەوریان کۆبێتەوە بۆ روخاندنی رژێمی سوریا.
ئەودەم هەندێک لە راپۆرتە هەواڵەکان دەیانووت کە ئەم رێکخراوە بە ناراستەوخۆ و رێگەی نهێنییەوە، هاوکاریی لە ئیسرائیل وەردەگرن تا لە دژی حکومەتەکەی ئەسەد بەکاریانبهێنن، ئێستاش ئەو دەنگۆیە هەر هەیە و ئەمە بە دەستی ئیسرائیل دەزانن.
ئێمە ئەزموونمان لە شۆڕشگێرییدا هەیە
ئێمە وەک کورد لە عیراق، نزیک بە 40 ساڵ لە شۆڕشی رەسمیدا بووین بەرامبەر حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق تا نەمانی رژێمی بەعس، بە درێژایی ئەو ساڵانە، سوودمان لە خراپیی پەیوەندیی عیراق لەگەڵ هەریەک لە سوریا و ئێران وەرگرتووە و بۆ ئێمە بوونەتە پشت و پەنا، بۆیە توانیومانە درێژەی پێبدەین، چونکە شۆڕش دژ بە حکومەتێک، دەبێت پەناگایەکیان هەبێت کە هانای بۆ بەرن و هاوکاریی لۆجستی بکرێن بۆ شۆڕشگێرەکانی وەک برینداربوون و نەخۆشکەوتن، لە پاڵیشیدا هاوکارییکردنیان بە خواردن و پێدوایستییەکانی دیکەی ژیان و راکردن لەدەستی دوژمن، دیارترینیان لە دوای ئەنفال بوو کە زۆرینەی پێشمەرگەی کوردستان روویان لە ئێران و سنوورەکان کرد.
ئێستا دەپرسین، ئایا بەرەی نوسرە دەتوانێت بێ هاوکاریی وڵاتێکی دراوسێ و نەیار لەگەڵ حکومەتی سوریا، درێژە بەو کارە چەکدارییە بدات و سوپایەکی چەند هەزاری هەبێت؟ بێگومان نەخێر، لەو نێوەندەشدا نەیارەکانی سوریا، تورکیا و ئیسرائیلن، چونکە حزبوڵڵای لوبنان رێگرییان لێدەکات کە بچنە خاکی ئەو وڵاتەوە، کەوابوو بەدووری نازانم کە یەک لەو دوانە هاوکاریی بەرەی نوسرە بکەن، کە ئێستا و دیسانەوە خستویانەتەوە جووڵە و داویانە بەسەر شاری ئیدلیب و حەلەبی سوریادا.
تورکیا پێی خۆشە ئەسەد لاواز بێت
تورکیا لە مێژە دەیەوێت لەگەڵ سوریا پەیوەندییەکانی ئارام بکاتەوە و رێککەوتنێک بکات لەگەڵی، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی جێبەجێکردنی مەرجی تورکیا لە دەسەڵاتی خودی سوریادا نییە، ئەوا هەروا ماونەتەوە، تورکیا دەیەوێت سوریا کێش بکات بۆ ئەوەی پێکەوە ئەوەی بنیاتنراوە لە رۆژئاوا، بیخنکێنن و لەباری بەرن، ئەوان بە هاوکاریی روسیا و ئەمانیش بە چرای سەوزی ئەمریکا، هەروەک ئەوەی کە ترەمپ کردی و لە 24 سەعاتدا عەفرینی دا بە تورکیا.
سوریا پڕە لە فرە هێزی جیاواز
سنووری پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلیب بە تورکیاوەیە، هەروەک چۆن داعش لەوێوە دەهات و دەچوو بۆ رەققە، دەکرێت شوێنی هاتن و چوونی نوسرەش هەر لەوێوە و بۆ ناو تورکیا بێت، ئەگەر بتوانن لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا کە ئەوانیش ئیسلامیی توندڕەون نزیک ببنەوە، ئیدی دوای ئەمە تورکیا بۆیان دەبێت پشت و پەنا.
لە سوریادا هێزی جۆراوجۆر هەیە، وڵاتێکی بچووکە، بەڵام لەشکری دوو زلهێزی جیهانیی تێدایە و هەردووکیشیان ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتن و مافی ڤیتۆیان هەیە، دوو هێزی گەورەی ئیقلیمییش واتا ئیران و تورکیا لەوێ رۆڵی راستەوخۆ و بەرچاویان هەیە، روسیا و ئێران بە خواستی حکومەتی سوریا لەوێن، بەڵام ئەمریکا و تورکیا داگیرکەرن.
ئەوەی لە دژی حکومەتی سوریا بکرێت، بەلای ئێرانەوە دەستی ئەمریکا و ئیسرائیلی تێدایە، ئەوەش بە پێچەوانەوە بێت دەڵێن ئێران کردوویەتی، لەم نێوەندەدا کورد لەوێ هاوپەیمانی ئەمریکا و دوژمنی تورکیایە، دەبێت چ هەڵوێستێکی هەبێت بەرامبەر ئەوەی نوسرە کردوویەتی لە دژی حکومەتی سوریا و داگیرکردنی حەلەب، چونکە بۆ کورد و نوسرەش، حکومەتی سوریا دوژمنی هاوبەشە، پێناچێت هەڵوێستی رۆژئاوا لەدەرەوەی بازنەی هەڵوێستی ئەمریکا بێت، چونکە تەنها هیوایان ئەوانە بیانپارێزن.
پێناچێت بەرەی نوسرە لەناو سوریا بترازێت بەرەو سنووری وڵاتانی تر، چونکە ئەمان هاوشێوەی داعش خۆیان نەناساندووە کە چالاکییان لە عیراق و شامدا بێت، بەڵکو خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆنی سوریا ناساندووە.
بابەتی زیاتر