چەند قسە لەسەر راپەڕین و رۆژەکانی بکرێت، هێشتا کەمە، شایەتحاڵەکانی ئەو رۆژانە زۆرن، سەدان هەزارن! ژمارەیەکی زۆریان لە نێو رووداوەکاندا بوون و ئەوانی تریش بینەری ئەو رۆژانە بوون، بەداخیشەوە هەندێکیشیان ماڵئاوایی یەکجارەکییان لێکردووین، بۆیە هەندێک بیانەوێت بە ئەی ئایش خۆیان بکەنە پاڵەوانی ئەو مێژووە مەزنە، بۆیان ناکرێت و ناچێتە سەر.
باسکردنی رۆژانی راپەڕین و یادگارییەکانی بە راستگۆیی و دوور لە هەڵبەستن و خەیاڵبازی، دەبنە بەڵگەی مێژوویی بۆ دوا رۆژ و سوودی زۆری دەبێت بۆ رێگری لە چەواشەکاری.
رۆژی 18-3-1991، هەفتەیەک دەبوو هەردوو پەخشەکەی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان، 41 مەتری و 75 مەترییەکە، لە گردی عەلی ناجی لە سلێمانی جێگیرببوو، ئێستای ماڵی سەرکردەی کۆچکردوو هەڤاڵ جەبار فەرمان. رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانی ئێزگەیان دەکرد، هەندێکیان دۆست و برادەر بۆ دیدار، هەندێکی تریان بۆ بڵاوکردنەوەی بانگەواز و ئاگاداری کە لە حزبەکانی تری کوردستان بوون، چونکە ئەوانەی خۆمان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە جیهازی بێتەل وەردەگیران کە ئەوسا برای ئازیزم کاک سەربەست ئەحمەد فەتاح عەدەد جیهاز بوو. نیوەڕۆ بوو، برایانی پێشمەرگە، یەکێکیان هاتە ژوورەوە و بە بەندەی گوت: پێشمەرگەیەکی لە دەرەوەیە دەڵێت: یەکێکم بۆ بانگ بکە ئیشم پێیانە. منیش خێرا چوومە دەرەوە، بینیم رەحمەتی کە بەرپرسێکی بوو، چاک و چۆنیمان کرد و وتم: فەرموو، وتی: ئەمە ئێزگەی بەرەی کوردستانی نییە؟ وتم: فەرقی نییە.
وتی: ئەم ئاگادارییەمان بۆ بڵاوبکەنەوە، برادەرانی یەکێتی هەموو لە دەوری کەرکوکن، من پێشمەرگەکانی خۆمانم بۆ کۆنابنەوە تا بچین بۆ کەرکوک!
رۆژی 19-3-1991، کاک فەرهاد سەنگاویی بێژەری دیارە ناسراوی ئێزگە، گەیشتبووە بارەگای ئێزگە ، چونکە پێشتر لە هەندەران بوو گەڕابوەوە تا بەشداریی ئەو رۆژە مێژووییانە بکات.
رۆژانی راپەڕین هەر سێ بێژەری لێهاتوو کاک باست حەمە غەریب و کاک چیا و کاک زێرەڤان، ئەرکی خوێندنەوەی هەواڵ و بانگەوازیان بە کوردی لە ئەستۆگرتبوو، خوێندنەوەی عەرەبیش لە ئەستۆی کاک عەباس بەدری و ئازاد چالاک و عەبدولمەجید زەنگەنە و بەندە بوو.
بیرمە کاک فەرهاد لە ژوورێکی بیناکە، ژمارەیەک چالاکیی رۆژانی پێشووی راپەڕین و ئاگاداریی پێبوو، خەریکی خویندنەوەیان بوو وەک جاران تا دەنگی ئامادە بکاتەوە 19-3، بروسکەیەکی رەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا گەیشت دەڵێت: ئەمشەو بەهیچ شێوەیەک نابێ ئێزگە بوەستێت، دەنا بەرپرس دەبن.
بەهەرحاڵ ئەو شەوە دەقە بە دەقە هەواڵی میحوەرەکانی رزگارکردنی کەرکوک دەگەیشت. ئاسمان رووناک ببوەوە و بروسکەیەکی کاک نەوشیروان گەیشت دەڵێت: کەرکوک رزگارکراوە، بەڵام تا ئێوارە رایمەگەێنن و لەگەڵ کردنەوەی ئاگری نەورۆز بڵاویبکەنەوە. هەرواش بوو، رەحمەتی کاک قادری حاجی عەلی کە ئەوسا بەرپرسی راگەیاندن بوو، بە کاک ئازاد چالاکی وت کە بەرپرسی ئێزگە بوو: ئەو بروسکەیەی کاک نەوشیروان جێبەجێ بکەن.
نزیک ئێوارە، بەر لەکردنەوەی ئاگری نەورۆز، دەقی هەواڵی رزگارکردنی کەرکوک بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی ئامادە کرابوو. گردی عەلی ناجی بەناوەکەیا دیارە، لە بەرزییە، لەوێوە سەیرمان دەکرد، لەگەڵ بەرزبوونەوەی دووکەڵی ئاگری نەورۆز لە چەند لایەکەوە، ئێزگە فووی پیاکرد و بە دەنگە زوڵاڵەکەی کاک فەرهاد سەنگاوی، گرنگترین و مێژووییترین هەواڵی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان خوێندرایەوە کە هەواڵی رزگارکردنی کەرکوک بوو.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵ، جاران گوتەنی، تەقەی خۆشی ئاسمانی سلێمانی کرد بەدەنووکی کەو، بۆ شار و شارۆچکەکانی تری کوردستانیش هەروابوو. دوای ئەویش، رەحمەتی، کاک عەباس بەدری، بە عەرەبییە رەوانەکەی و دەنگە پڕەکەی، هەواڵەکەی خوێندەوە و دواتریش هەموو بێژەرەکان ئەو شەرەفەیان پێبڕا کە ئەو هەواڵە بخوێننەوە. ئەو ئێوارەیە، لە سلێمانی و سەرجەم شارەکانی کوردستان بە کەرکوکیشەوە، نەورۆز و بەهار و کەرکوکی رزگارکراو، ئاوێتەی یەکبوون و بوونە ئاوازێکی جاویدانی کە بۆ هەتاهەتایی، بۆ هەموو کورد، شانازییەکی ئەزەلییە وەک ئاگرەکەی بابە گوڕگوڕ لە ناخماندا کڵپەسێنە.